یەك مووچەخۆری حكومەت لە هەمان كاتی دەوام چەند كاری جیاجیا دەكات

یەك مووچەخۆری حكومەت لە هەمان كاتی دەوام چەند كاری جیاجیا دەكات
هەموو خەڵك ماوەیەكە هەر بابەتی دوومووچەیی و سێ مووچەیی و بندیوار و ژمارەی زۆری پۆلیس و ئاسایش و هێزی چەكدار دەبیستن و دەبینن. ئەوەی خوێندەوار بێت، لە ڕۆژنامە و گۆڤار و فەیسبووك و پەیجەكان دەیخوێننەوە، نەخوێندەواریش بێت، هەر نەجاتی نابێ، چونكە لە تەلەفزیۆنەكان و ڕادیۆكانی دەبینێ و دەیبیستێ. سەرجەم بەرپرسانی حكومەت دەڵێن (٠٠٠، ٤٠٠، ١) یەك ملیۆن و چوار سەد هەزار كەس مووچەخۆرن، بەڵام گوایە نزیكی (٧٠٠٠٠٠) حەوت سەد هەزار كەس فەرمانبەر و ئیشكەری ڕاستەقینەن!
لەم بابەتەم مەبەستم نییە باسی بابەتی دوومووچەیی و سێ مووچەیی و بندیوار بكەم، بەڵام باسی بابەتێك دەكەم كە ئەویش هەر دەچێتە خانەی گەندەڵی و بێتوانایی دەزگاكانی حكومەت. ماوەیەك لەمەوبەر برادەرێك بۆی گێڕامەوە لە نزیك دێگەڵە لە كاتی گەڕانەوەی لە هەولێر بۆ كۆیە، لەو شوێنە ئۆتۆمبێلەكەی (عاتڵ) دەبێ و دەوەستێ. وتی زۆر پەشۆكا بووم ئۆتۆمبێلەكەم كاری نەدەكرد، بەڵام زۆری پێ نەچوو ئۆتۆمبیلێك هاتو لە تەكم ڕایگرت و شۆفیرەكەی وتی: چیت پێویستە، تا یارمەتیت بدەم؟ وتم: هیچی لێ نازانم، بەڵام كارناكات. ئەویش هات و هەندێكی سەیركردو دووجار سولفی لێ دا و وتی: كاكە زانیم چیەتی. وتم: چیەتی؟ وتی: تۆ (بەنزین)ت دەوێ، چونكە ئۆتۆمبیلەكەت بەنزینی تیا نەماوە. وتم: باشە چارە چییە و چی بكەین، هیچ بەنزین خانەمان لێ نزیك نییە؟ وتی من یەك جلیكانی (٢٠) لیتریم پێیە، بەڵام شتێكم خێر بدەیێ و ئەتدەمێ. ناچاربووم وتم باشە. چەند هەزارێكم خێر دایێ و بە خێرایی بەنزینەكەمان تێ كرد (بەڵام لە دڵی خۆمدا دەموت پیاوی ئازا ئاوایە هەر بەڕێگاوە بەنزین دەفرۆشێت). بەڵام دواتر هەر كاری نەكرد. وتم كاكە ئەوە بەنزینیشمان تێ كرد، هەركار ناكات، هەندێكی تر خەریكی بوو، وتی: وەڵلا كاكە ئەوە (عەقڵ)ـە، بۆیە دەبێ فیتەر ئەم ئۆتۆمبیلە ببینێ. دیسان من دڵگرانی دایگرتم و وتم: باشە چۆنی ڕابكێشم و چۆن بیگەنمە لای فیتەر لە كۆیە؟ وتی: وەڵلا من (حەبل) و شتم پێیە، پارەیەكم بدەیێ ڕایدەكێشم. منیش زۆر ناچار بووم بۆیە ڕێككەوتین كە بۆم ڕابكێشێ و بڕێك پارەم دایێ. دواتر لە ڕێگا زۆر خێرا لێی دەخوڕی و زۆری پەلە پەلی دەكرد، گوتم كاكە با تووشی ڕووداوێك نەبین، بۆچی وا خێرا دەڕۆی و دەتەوێ هێندە زوو بگەیتە كۆیە؟ لە وەڵامدا وتی: وەڵلا ڕاستییەكەی من هەندێك خوێندكارم هەیە، بە مانگانە گرتوویانم و ڕۆژانە دەیانبەم بۆ خوێندنگاو دەیانبەمەوە بۆ ماڵەوە، بۆیە دەمەوێ زوو بگەینەوە كۆیە، تاوەكو بەخێرایی ئەم كارە بكەم. منیش دوای ئەوەی داوام لێ كرد كە هیوادارم دوانەكەوین و زوو بگەینەوە كۆیە، بەم چەند دەقیقەیەش هیچ نابێ. لە دڵی خۆم دەموت (مرۆڤی چەند سەیر و بەتوانا هەیە، هەم بەنزین فرۆشە، هەم كرێنە، چونكە ئۆتۆمبیلەكەی ڕادەكێشام، هەم تاكسیە چونكە خوێندكارەكانی لە كۆیە چاوەڕوانیان دەكرد). كە گەیشتینە كۆیە و ئۆتۆمبیلەكەمی گەیاندە پیشەسازی و پێش ئەوەی خواحافیزی لێك بكەین، وتم: تۆ لە كوێ دەژی لەناو كۆیەی یاخود ناحیەكان و دەوروبەری؟ لە وەڵامدا وتی: من كارمەندی دەزگایەكی هێزەكانی ناوخۆم، شوكر بۆخوا مووچە و شتی باشم هەیە، ئەم تاكسیەش هی خۆمە. هەر بەڕاستی سەرم سوڕما. چونكە لە یەك كاتدا چەند كارێكی دەكرد. بەڵام چونكە وڵات بە دامەزراوەیی نەكراوە و ئیش و كار دابەش نەكراوە، دەزگاكانی حكومەت و بێهیز و لاواز كراون، ئەوەندەی قازانجی تاك لەبەرچاوە، قازانجی گشتی و هەیبەتی دامەزراوەكان حیسابی بۆ نەكراوە. شتی وا روو دەدات. بە دڵنیاییەوە ئەم چەند كارەی ئەو كەسە دەیكرد، دەبوایە یەك دوو كەس بەلانی كەم بیكەن، ئەگەر نەڵێم سێ چوار كەس. هەر بۆیەش گلەیی لە حكومەت دەكرێت و وڵات لەم جۆرە فەوزایە دەژی.

*سەرۆكی زانكۆی كۆیە
Top