دەوڵەت پێویستە

دەوڵەت پێویستە
سه‌لام عه‌بدوڵڵا

زۆربەی زۆری بیرمەندان و لێکۆڵەرەوان و خاوەن پسپۆڕی و شارەزایان دان بەوەدا دەنێن کە دەوڵەت لە ژیانی نەتەوەدا گەلێک گرنگە و پێویستە و بە بایەخە چونکە بەبێ بوونی دەوڵەت کۆمەڵگە لە فەوزا و پشێویدا دەژی، چونکە ئەوکاتە هەریەکە و هەر لایەنە و چۆنی دەوێ وادەکات و لەسەر هیچ بابەتێکیش رێکناکەون، بۆیە پشێوی بەردەوام دەبێت و هیچ ئامانجێکیش نایەتەدی و ئەوانەی داوای بێ دەوڵەتی یان لەناوبردنی دەوڵەت دەکەن دەچنە خانەی ئەنارشیستەکان کە هەموو گەلێکی خاوەنهۆش خۆی لادەدات لێی.

هەموو ئەو نەتەوانەی کە گەیشتوونەتە پلەیەکی باڵای پێشکەوتن و شارستانییەت بەهۆی بوونی دەوڵەتەوە ئەو بەرەوپێشەوەچوونەیان ئەنجامداوە. دەوڵەت دەتوانێت پارێزگاری لە خاک و نەتەوە و بوونی خۆی بکات هەروەک پێویستە بۆ بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش و رێکخستنی وڵات، هەربۆیەش شارستانییە دیارەکانی مێژوو هەمووی لە ئەنجامی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتەکانەوە بوو و هیچ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتیش نەیتوانیوە رۆڵی کاریگەر لە مێژوودا ببینێت ئەگەر تراژدیا کارەساتبارەکانی ئەو نەتەوانەی لێدەربکەین کە ئەویش تەنها بۆتە مایەی بەزەیی و هیچیتر.

ئەمەش ئەو راستییە ناشارێتەوە کە بەهۆی دەوڵەتەوە دەیان تاوانی گەورە دەرهەق خەڵکان و گەلانی ژێردەستەکراو کە گەلی کورد یەکێک لە نموونەکانییەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا بوونی دەوڵەت هەمیشە ئەرێنی زیاتر بووە لە مێژوودا تا نەرێنی، چونکە دەوڵەت توانیویەتی ئابوورییەکی هاوبەش لەنێوان نەتەوەدا پەیدا بکات و بژێوی خەڵک بەرەو پێشەوە ببات، هەروەک بەهۆی دانانی یاسا و رێساوە دەتوانێت کۆمەڵگا سەقامگیر بکات و ئەمن و ئاسایش لە وڵاتدا دابین بکات.

بەڵام لەلای ئێمە لەهەمووی گرنگتر رۆڵی دەوڵەتە لە پاراستنی نەتەوەدا چونکە هەموو ئەو نەهامەتییانەی بە سەر گەلەکەماندا هاتووە و ئەو هەموو ماڵوێرانی و دەربەدەری و پێشنەکەوتنەوە هەر هەمووی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەوڵەت.

ئێستا کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە کورد لە باشووری کوردستان توانیویەتی دەوڵەتێکی دیفاکتۆ دابمەزرێنێ و وەک هەرێمێکی فیدراڵ لە نێو دەوڵەتی عێراق حسابی بۆ بکرێ، لەراستیدا لەماوەی ئەم چارەکە سەدەیەدا زۆر کاری مەزن بۆ گەلەکەمان کرا کە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ناتوانێت نادیدەی بگرێت، چونکە بەراوردی ساڵانی نەوەدەکان لەگەڵ ئەمڕۆدا قابیلی بەراورد نییە.

بەڵام تا ئێستا ئەم دەوڵەتە دیفاکتۆیە نەبووەتە دەوڵەتێکی فەرمی دانپێدانراو لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهانەوە هەرچەندە موعامەلەی دەوڵەتیشی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام چونکە تا ئێستا ئەو سیفەتە یاساییەی هەڵنەگرتووە، هەروەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق حسابی بۆ دەکرێت، بۆیە زۆر کار هەیە بۆ ئێمە ناکرێت بەتایبەتی لەمکاتی قەیرانەدا ئەویش بۆ نموونە وەرگرتنی قەرزە لە بانکی نێودەوڵەتی یان کڕینی پێداویستی جەنگە لە وڵاتان یان بەشداری کارایە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆیە ئیدی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گەر دەمانەوێت گەلەکەمان لە قەیران قوتار بکەین و بیگەیەنینە کەناری ئارامی. پێویستمان بە دەوڵەتە بۆیە دەبێت گوێ نەدەینە ناحەزانی نێوخۆ- کە بەداخەوە کەم نین- و دەرەوە و ئەو مافە سروشتییە مومارەسە بکەین و ئەو ئەرکە مێژووییە بە ئامانج بگەیەنین و گوێ نەدەینە بانگەشەکەرانی دژ بە دەوڵەت.
Top