چەند سەرنجێك لەسەر بنەماكانی ئەنجامدانی چاكسازی و بەڕێوەبردنی قەیران لە هەرێمی كوردستاندا

چەند سەرنجێك لەسەر بنەماكانی ئەنجامدانی چاكسازی و بەڕێوەبردنی قەیران لە هەرێمی كوردستاندا
لە ژمارەی رابردووی گوڵاندا بابەتێكی پەرلەمانتار د.فرسەت سۆفی بە ناونیشانی (بنەماكانی ئەنجامدانی چاكسازی و بەڕێوەبردنی قەیران لە هەرێمی كوردستاندا) بڵاوكراوەتەوە، سەرەتا بەر لە نووسینی سەرنجەكانم لە سەر ئەم بابەتە گرنگانە، حەز دەكەم دەستخۆشیی لە كاك فرسەت و هاوكارانی لە پەرلەماندا بكەم بۆ ئەو زەحمەتەی كە كێشاویانە و بۆ ئەو دڵسۆزییەیان كە دەریدەخەن و دەستخۆشییان لێ دەكەم بە رێگای خستنەڕووی سەرنجەكانم، بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی ئەم گفتوگۆ چارەنووسسازانە كە ئێستا وڵات پێویستی پێیانە. كاك فرسەت دەنووسێت: بۆ چارەسەریی قەیران دەبێ چاكسازیی بكرێت و بنەماكانی ئەو چاكسازییەش بریتین لە م خاڵانە كە پێویستن:
- زەمینەی گونجاوی سیاسی.
- پەرلەمانی چالاك.
- كەسی گەندەڵ نا، بەڵكو پاك بن.
- نابێ هیچ كەس و بابەتێك هێڵی سوور بێت.
- ئەوانەی بە سامانی گشتی دەوڵەمەند بوونە سزا بدرێن
- قۆرخكاریی نەمێنێت.
- دەستەڵاتی دادوەریی چالاك بكرێت.
- رێكخستنەوەی كەرتی نەوت و كارەبا و باج و وەزیفەی گشتی.
- دەبێ خەڵكی ئەكادیمی و پسپۆڕ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و راگەیاندن لەم پرۆسەیە رۆڵیان پێبدرێت.
- ملیاردێر و ملیۆنێرەكان بێنە سەر خەت، بە شێوەی قەرز یان بەخشین بەشێكی سەرمایەی خۆیان بخەنە گەڕ.
- نیوە زیاتر لە ستراكچەری حكومەت زیادەیە لە هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 19 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لێیە كە پێویست نین.
خاڵی یەكەمی سەرنجی من: ئەگەر سەیری هەر كام لەم پێشنیارانە بكەین، دەبینین وەك تاقە پێشنیار خۆی شتی چاك و بەجێیە، بەڵام كە گرێی دەدەینەوە بە كۆنتێكستی هەرێمەوە دەبینین كە زۆر ئەمما و ئەگەریان بۆ ساز دەبێ. بۆ نموونە لە پرۆسەی چاكسازییدا پێویستە پەرلەمانی وڵات وەك لایەنی یاسادانان چالاك بێت، ئەمە خۆی وەك پێشنیار دروست و بەجێیە، بەڵام كە سەیری بارودۆخی كوردستان دەكەین، دەزانین كە پەرلەمان لە چ حاڵێكدایە.
خاڵی دووەمی سەرنجی من: گشت ئەم پێشنیارانە وەك لە زۆرێك لە بەرنامەی ستراتیژیی و پلاندانان لە زۆرێك لە وڵاتان، بە تایبەت ئەوانەی لە دۆخی گەشەكردندان، تەواوكەری یەكترین و بۆ ئەوەی كە یەك لەو پێشنیارانە جێبەجێ بكرێت، دەبێ و مەرجە كە پێشنیارێكی تریش جێی خۆی گرتبێتەوە و بۆ ئەوەش مەرجە كە پێشنیار یان مەرجی سێیەم جێبەجێ بووبێت و .... هەروا ئەم دەبێ و دەبێ و دەبێیە بەردەوام دەبێت و لە كۆتاییشدا هیچیان ئەنجام نادرێن. ئەم راستییە هەم لە ئەزموونی زۆربەی وڵاتان و هەمیش لەئەزموونی لێكۆڵینەوەیەكی زۆری ئابوورییدا، دەركەوتووە. بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ كۆمپلیمێنتاریتی، بەو واتایە كە بۆ ئەوە كە شتێك بكەی، دەبێ شتێكی دیكە ئەنجام درابێ و بۆ ئەوەش دەبێ شتێكی سێیەم جێی خۆی گرتبێتەوە .
خاڵی سێیەمی سەرنجی من: لەبەر چاو نەگرتنی پرۆسەی سەردەستی ئەكیومولە كردن، كۆمكردنەوەی دەستەڵاتی دارایی و ئیداری و سیاسی و نیزامییە لەم قۆناخە مێژووییەی وڵاتی ئێمەدا، وەك گشت وڵاتانی دیكەی جیهان كە بەم پرۆسەیەدا تێدەپەڕن. بۆیە پێشنیاریی وەك : «كەسی گەندەڵ نا، بەڵكو پاك بن، نابێ هیچ كەس و بابەتێك هێڵی سوور بێت، ئەوانەی بە سامان گشتی دەوڵەمەند بوونە سزا بدرێن و قۆرخكاریی نەمێنێت « .تەنیا و تەنیا وەك دروشم بەجێن و دەنا لەبەر دەستڕۆیشتوویی دەستەڵاتی دیفاكتۆ لە ستراكچێریی گشتیی وڵاتی ئێمەدا و گەورەیی بەشی نافۆرماڵی ئابووریی لە ئابووریی كوردستاندا جێبەجێ كردنیان مومكین نین. ئەگەر ئەم پرۆسەیە لەبەر چاو نەگرین، ئەو كات ناتوانین هیچ روونكردنەوەیەكمان هەبێت بۆ شەڕی ناوخۆو بۆ حكومەتی پەنجا بە پەنجا و بۆ سەرنەگرتنی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ........تاد.
خاڵی چوارەمی سەرنجی من: راستیی ئەزموونی كوردستان دەریخستووە كە لاوازیی و نزمیی ئاستی كوالیتی هێزی كاری كوردستان رێگا نادات كە شتێك بە ناوی پسپۆر و ئاكادێمیسیەن و كۆمەڵگای مەدەنی نە بوونێكی راستەقینەیان هەبێ و نە ببنە خاوەن دەور لە پرۆسەی ریفۆرمدا؛، بۆیە نووسینی ئەم پێشنیارە: « دەبێ خەڵكی ئەكادیمی و پسپۆڕ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و راگەیاندن لەم پرۆسەیە رۆڵیان پێبدرێت،» تەنیا وەك كلێشەیەك دێتە بەرچاو، بۆ نموونە كۆمەڵگای مەدەنی بە بزاڤێكی كۆمەڵایەتی دەگوترێ كە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەكی تایبەتی بە پشتبەستن بە ناسنامە و پێناسەیەكی جیا لە وەی دەستەڵاتی فۆرمال بكات، لە وڵاتی ئێمەدا (ئێن جی ئۆ) كان زۆربەیان دەستی درێژكراوی حزبە دەستەڵاتدارەكانن و نوێنەرایەتی هیچ بەرژەوەندییەكی جیاوازتر ناكەن، بۆیە قسەكردن لە كۆمەڵگای مەدەنی بێ واتایە. لە لایەكی دیكەوە لاوازیی مێژوویی هێزی كار وای كردووە كە پسپۆر و ئاكادێمیسیەن خۆیان نەتوانن دەور بگێڕین تا بەو ئاستە كە لە هێندێك كاتدا بە ئاشكرا بێ هیوا بوونی حكوومەت لەمانە كە بتوانن وەڵامی گرفتێك بدەنەوە دەركەوتووە و زۆر بە هەڵەش حكوومەت رووی لە پسپۆری دەرەكی كردووە، بۆیە یەك لە ئەركەكانی ریفۆرم دەبێ بریتی بێ لە گەشەی هێز و توانای پسپۆرانی ناوخۆ تابتوانن دەور بگێڕین، جاری خۆیان گرفتن.
خاڵی پێنجەمی سەرنجی من: «ملیاردێر و میلیۆنێرەكان یان بە بەخشین یان بە قەرز بەشداریی پرۆسەی رێفۆرم بن» ئەگەر وایە كە لە وڵاتی ئێمەدا ملیاردێر و ملیۆنێر هەیە ئەو كات دەبێ دلمان خۆش بێ كە وڵاتی ئێمە توانایەكی تێدایە كە بتوانین هەنگاو بنێت بەرەو چارەسەری گرفتەكان بە دەستی خۆمان، ئەمەیان هەواڵێكی خۆشە، بەڵام نە بە رێگای قەرز تا پارەكانیان سەرف بكرێ و نە بە رێگای بەخشین تا بخۆین و تەواوی بكەین، بەڵكو رێگای دروست بریتییە لە تێگەیشتن لەو كۆسپانە كە لەبەر دەمیاندایە بۆ كار كردن، كە لە ئابوورییدا پێ دەڵێن – ئێكستێرنالیتیز- دەبێ ئێستا بە جیددی لە پرۆسەیەكی دیالۆگی راستەقینەدا لێیان حاڵی بین كە بۆ پارەكانیان وەكار ناخەن و گرفت چییە؟ ئەمە رێگای بووژاندنەوەی ئابوورییە و بەشدار كردنی ملیاردێر و ملیۆنێرەكانە.
خاڵی شەشەم و كۆتایی سەرنجی من: پێشنیار دەكرێت كە «نیوە زیاتر لە ستراكچەری حكومەت زیادەیە، لە هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 19 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لێیە كە پێویست نین» هاوبیریی تەواو هەیە كە كەرتی گشتی لە كوردستاندا، گەورەیە، پرۆداكتیڤیتی نزمە، پێویستە بچووك بكرێتەوە، گشت راپۆرتەكانی راند و بانكی نێودەوڵەتی و یوئێن ئەم قسەیەیان كردووە، بەڵام هێند گوتراوە كە وەك كلێشەیەكی بێ مانای لێ هاتووە و ئێستا بۆتە فۆرموولێكی نەگۆڕ لە هەر شوێنێك باسی ریفۆرم بكرێ هەموو كەس زوو دەڵێن دەبێ كەرتی گشتی بچووك بكرێتەوە و كەرتی تایبەت گەشەی پێبدرێت. بەڵام كەم راپۆرت هەیە بڵێت چۆن؟ بۆیە بە تایبەت لە كات و ساتی ئێستادا دەستكاریی ئەم ستراكچەرە تەنیا قەیران زیاد دەكات و نە ئەوەیە گرفتێك چارەسەر بكات، هەر كەم كردنەوەیەك لەم كەرتەدا دەبێ هەمئاهەنگ و هاوكات بێ لەگەڵ دۆزینەوەی هەلی تازەی كار و پرۆژەی تازەی بەرهەمهێنان، تاكو بتوانین ئەم هێزی كارەی كەرتی گشتی بگوازینەوە بۆ شۆینێكی بە بەرهەمهێنەرترەوە.
Top