بنەماكانی ئەنجامدانی چاكسازی و بەڕێوەبردنی قەیران لە هەرێمی كوردستان
January 28, 2016
وتار و بیروڕا
چاكسازی و ئیدارەدانی قەیرانی دارایی پێویستی بە زەمینەیەكی سیاسی لە بار هەیە، واتە گەر بمانەوێت لە كەشێكی لە بار چاكسازی بكەین، دەبێ پێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكان پێوەندییەكی باش بێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەشدار بێت لەو چاكسازییە و پرۆسەكەش دووربێت لە موزایەدە و دەستكەوتی كەسی و حزبی، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە كە هێزە سیاسییەكان پەلە بكەن لە چارەسەركردنی دۆخی سیاسی و بە لەبەر چاوگرتنی هەموو ئەو مەترسییانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەبێ هەر لایەك ئامادەیی بەشێك لە سازشی هەبێت.
پرۆسەی چاكسازی پێویستی بە پەرلەمان هەیە، دەستبردن بۆ چاكسازی لە باج و گومرگ و بە دامەزراوەییكردنی كەرتی نەوت و چەندین لایەنی دیكە بە بێ پەرلەمان ناكرێت، واتە كارابوونەوەی پەرلەمان یەكێكی دیكەیە لە بنەماكانی سەركەوتنی پرۆسەكە.
خاڵی هەرە گرنگ بۆ پرۆسەی چاكسازی ئەوەیە كە خەڵكی دڵسۆز و رابردووپاك رابسپێردرێن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و بەڕێوەبەردنی قەیرانەكە، چونكە چاكسازی بە خەڵكی گەندەڵ ناكرێت.
دەبێ بڕیارەكانی چاكسازی هەموو سێكتەر و كەس و لایەنێك بگرێتەوە، نابێ كەس حەسانەی هەبێت و نابێت هیچ بابەتێكیش هێڵی سوور بێت.
درووستكردنەوەی پردی متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت یەكێكی دیكەیە لە خاڵە گرنگەكان، ئەمەش بەوە دەكرێت كە لە بڕیارەكانی چاكسازی بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و مووچەخۆر لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت، دەستبكرێت بە پرۆسەی سزادانی ئەوانەی لە سەر حیسابی سامانی گشتی دەوڵەمەند بوون، داهاتەكان شەفافتر بكرێن و هەموو جۆرە نادادیەك لە دابەشكردنی سامان و پۆست و وەزیفەی گشتی پێداچوونەوەی بنەڕەتی پێدا بكرێت، قۆرخكاری نەمێنێت و بازرگانی لە بەرپرسە باڵاكان قەدەغە بكرێت، موڵك و ماڵی هەرێم پارێزراو بێت و نەهێڵدرێت چیدیكە زێدەڕۆیی بكرێتە سەر.
دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە چالاكتر و بە گوڕتر لە پرۆسەی چاكسازی بەشداری بكەن و رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن.
خەڵكی ئەكادیمی و پسپۆڕ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و راگەیاندن دەبێ لەم پرۆسەیە رۆڵیان پێبدرێت و زەمینەی بەشداری پێكردن و راوەرگرتنیان بۆ بڕەخسێندرێت.
پێویستمان بە نەخشە رێگەیەكی چاكسازی هەیە كە بریتی بێت لە پڕۆژەیەكی چاكسازی ستراتیژی و تیایدا بە شێوەیەكی زانستی هەنگاوەكانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێدا دیاری بكرێن. دەكرێت بۆ ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دنیا وەربگرین و تیایدا ئەولەوییەت و سەقفی زەمەنیش دیاری بكەین.
خاڵێكی دیكەی هەرە گرنگ بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازی ئەوەیە كە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت بە یەكەوەو بە هەماهەنگی تەواو پرۆسەكە بەڕێوەببەن و بۆ هەر هەنگاوێك تەنسیقی پێشوەختە گرێبدەن.
یەكێك لە هەنگاوە هەرە گرنگەكان ئەوەیە كە هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش بە تەواوی یەكبخرێنەوە و هەموو ئەو چاكسازییانەی پێویستن لە سەر ئاستی هێزە چەكدارەكان بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆكی هەرێم ئەنجام بدرێن.
رێكخستنەوەی كەرتی نەوت و كارەبا و باج و وەزیفەی گشتی لە پرۆسەی چاكسازی دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی خەرجی زۆر و بەدەستهێنانی داهاتی نوێ، بۆیە چاكسازی كردن لەم سێكتەرانە نابێ دوابخرێت و پێویستە بە شێوەیەكی شەفاف و روون ئەم لایەنە گرنگانە كاریان لە سەر بكرێت.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەش كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، وەك هەنگاوی خێرا حكومەت كۆمەڵێك هەنگاوی باشی ناوە و دەكرێت بەردەوامیش بێت لە وەرگرتنی بریارەكانی، راستە پرۆسەكە قورس و سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە بتوانین خۆمان رابگرین بەرامبەر ئەو رەشەبایەی بە ئاراستەی هەرێمەكەمان هەڵی كردووە، ئەمەش تەنیا پێویستی بە بوێری و ئیرادەی سیاسی و قوربانیدانی هەموو لایەك هەیە. بۆ نموونە ئێستا كاتی ئەوەیە ملیاردێر و ملیۆنێرەكان بە دۆلار بهێندرێنە سەر خەت، یان باشترە خۆیان بێنە سەر خەت و بە شێوەی قەرز، یان بەخشین بەشێكی سەرمایەی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ دەرچوون لەم قەیرانە. پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی كارەبا و داهاتی نەوت بە دڵنیایی كاریگەری زۆری دەبێت، پێداچوونەوە بە وەزیفەی گشتی و بندیوار و دووموچەیی داهاتی گەورە بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە، رێكخستنەوەی داهاتی گومرگەكان و باج و رسوماتەكان بۆ ئەم قۆناغە زۆر پێویستن، ئاماركردن و پێداچوونەوەی موڵكەكانی حكومەت لە شارەوانی و ئەوقاف و هەموو وەزارەتەكانی دیكە داهاتی زۆر بەرجەستە دەكات، پێداچوونەوە بە خەرجییە زۆرەكان و ئۆتۆمبێلی حكوومی و بینایەی بەكرێ، ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی لەگەڵ هاوڕێی پەرلەمانتارم گۆران ئازاد كردمان، نیوە زیاتر لە ستراكچەری حكومەت زیادەیە، پارێزگایەكی وەك بەسرە كە ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی هەرێمی كوردستانە، تەنیا سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی لێیە، كەچی لە هەرێمی كوردستان لە هەر پارێزگایەك زیاتر لە 19 بەڕێوەبەرایەتی گشتی لێیە، ئەمە جگە لەم هەموو دەستە و دامەزراوانەی دی كە بە هیچ شێوەیەك پێویست نین، بۆیە دەكرێت نیوەی هەیكەلیەتی ئەم حكومەتە كەم بكرێتەوە.