ئەو عێراقەی بە (هەڵە) درووستكرا (ڕاست) ئەوەیە هەڵبوەشێتەوە

ئەو عێراقەی بە (هەڵە) درووستكرا (ڕاست) ئەوەیە هەڵبوەشێتەوە
هەرێمی كوردستان شوێنێكی ستراتیژیی و زۆر گرنگە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەر نەخشەی جیهان لە بەر زۆر هۆی جیاجیا و لە زۆر ڕووەوە، بۆ نموونە:
یەكەم:لە ڕووی سیاسییەوە ئەزموونێكی دیموكراسی تا ڕادەیەكی باش سەركەوتووە لە ناوچەكەدا.
دووەم: لە ڕووی ئابوورییەوە خاوەنی نەوت و غازو كانزای گرانبەها و رووبەری كشتوكاڵیی فراوانە بۆ ئایندە.
سێیەم: لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵگەیەكی كراوەی مەدەنی و پێشكەوتنخوازە.
چوارەم: لە ڕووی ئایینییەوە شوێنی پێكەوەژیان و قبووڵكردنی جیاوازەكان و كەلتووری لێبووردەییە.
پێنجەم: لە ڕووی سەربازییەوە پێشمەرگە وەك سیمبوڵ بۆ هێزێكی نیزامیی و خاوەن دیسپلینی سەربازی و وەك پشتیوانیش بۆ هاوپەیمانیی جیهانی تەماشا دەكرێت، بۆیە لەلایەن هاوپەیمانانی جیهانییەوە چەكی پێدەدرێت و مەشقیشی پێدەكرێت.
شەشەم: لە ڕووی جیۆپۆڵۆتیكیشەوە، هەرێمی كوردستان:
1- ناوەندێكی پێكەوەگرێدانی نێوان هەر چوار وڵاتی عێراق، ئێران، سووریا و توركیایە.
2- هێڵی ترانزێتە لە نێوان توركیا و ئەوروپا بەرەو عێراق و وڵاتانی كەنداو.
3- پێگەیەكە بۆ دامەزراندنی بنكەی هاریكاریی لۆجیستیی لەگەڵ هاوپەیمانانی جیهانیدا.
4- كاریگەریی ئەرێنیی و رۆڵی ئەكتیڤكردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی لە سەر پارچەكانی دیكەی كوردستان هەیە.
5- ڕێڕەوی زۆرێك لە سەرچاوە ئاوییەكانە لێرەوە بەرەو عێراق .
بۆیە ئەمڕۆ پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی خێراتر و باشتر بێتە سەر هێڵی كاراتركردنی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا لە ڕێگەی:
1- هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی خاوەن تایبەتمەندی و خاوەن كەلتووری پێكەوەژیانی جیاوازەكان بە ئاشتی و بە ئاراستەی سەربەخۆیی و بوون بەدەوڵەت.
2- هاندانی كۆمپانیاكان بۆ وەبەرهێنانی بیانیی زیاتر لە هەرێمدا.
3- رێنماییكردنی وڵاتانی دۆست بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكانیان لە كوردستان.
4- روانینە هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی جێگەی متمانە بۆ یارمەتیدانی سیاسەتی هاوپەیمانیی جیهانیی دژ بە تیرۆر لە ناوچەكەدا.
5- نرخاندنی ڕۆڵی گەلی كوردستان كە دوای دەیان ساڵ لە دابەشكردن و سووتاندنی خاك و وێرانكردنی گوند و كیمیابارانكردن و جینۆساید و ئەنفال و كۆڕەو و پەنابەریی و ئاوارەبوون، ئەمڕۆ توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت بۆ بنیادنانی ئەم هەرێمەی كە بۆتە نەوای ئارام بۆ چەندین ملیۆن مرۆڤی ئاوارە و پەنابەر.
6- روانینە هەرێمی كوردستان وەك خاوەن دۆزێكی سیاسیی ڕەوا بۆ بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس .
7- زانینی ئەو راستییەی كە ناسنامەی نیشتمانی، ناسنامەی ناسینەوەی وڵات و بەرهەمی كۆی ناسنامە نێوخۆییەكانی هەر وڵاتێكە و پێویستە مەرجەكانی ناسنامەی نیشتمانییش بێنەدی لە ڕووی داننان بە ڕەواییەتی ناسنامەی پێكهاتەكانی نێو وڵات.
8- زانینی ئەو راستییەش كە ئەمڕۆ لەم عێراقە پاشكەوتووەدا رێگری زۆر هەن لەبەردەم فرەناسنامەییدا، چونكە:
یەكەم: عێراق دەوڵەتێكە گەلی بۆ كۆكراوەتەوە، نەك گەلێكی یەكگرتووی هەبێت و دەوڵەتی بۆ درووستكرابێت.
دووەم: عێراق دەوڵەتە، بەڵام نیشتمان نییە، بۆیە بەردەوام نەوەكانی بەجێی دەهێڵن و كۆچی لێوە دەكەن .
سێیەم: لەعێراقدا قەیرانی هەمیشەیی هەیە كە قەیرانی حوكمە، نەك قەیرانی كاتی و حكوومی.
9- پەیبردن و بینینی ئەو دیمەنەی كە زامنكردنی دەستوورییانەی یەكسانی لە ماف و ئەرك لە نێوان پێكهاتەكانی خاوەن ناسنامەی جیاواز لەم عێراقەی ئەمڕۆدا بوونی نییە و عێراقی ئەمڕۆ ناڕوانێتە ناسنامە نێوخۆییە جیاوازەكان وەك سیمبوڵێك بۆ فرەچەشنی، بەڵكو وەك دژایەتیكردنی نێوانیان چاوی لێدەكات.
10- لە ڕووانگەی داماڵینی پیرۆزیی لە سنوورە دەستكردەكانی دوێنێ و هەبوونی مافی راپرسی لە سەر ئایندەی گشت پێكهاتەكان لەلایەن پێكهاتەكانی عێراق خۆیانەوە، پێویستە ئەو راستییە درك پێبكرێت كە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئێستاو ئایندەی ئەم عێراقە، هەر دابەشكردنەوەیەتی بۆ چەند دەوڵەتێك، وەك ئەو ئەزموونانەی لە زۆربەی وڵاتاندا بینیمان.
Top