رێز گرتن و بروسكەیەكی پێویست
January 21, 2016
وتار و بیروڕا
دوو ساڵی رابردوو بە گشتی بۆ هونەرمەندان دەتوانین بە ساڵی بێ بەرهەمی ناوببەین، هەرچەندە بە سوپاسەوە بەشێك لە هونەرمەندان خۆبەخشانە كاریان كرد و نەیانهێشت ئەو كاروانە بوەستێت، هەروەها ژمارەیەك هونەرمەندمان لە دەستدا و بۆ تا هەتایە ماڵئاواییان لێكردین كە دوایین حاجی مەكی (عەلیە فەندی) بوو. كۆچی دوایی كەسێك كە زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنی خۆی بۆ خزمەت كردنی هونەری كوردی و بزە خەندە خستنە سەر لێوانمان هەواڵێكی دڵتەزێنە بۆ هەموو لایەك، بروسكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەم بۆنە خەمناكەوە لە ناخەوە دڵخۆشی كردم كە كار بەدەستان و بەرپرسانی ئەم هەرێمە لە ناخۆشییەكانی هونەرمەندان و كەسوكاریاندا بەشداری دەكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا برینی من و دەیان هونەرمەندی ئەم وڵاتەی كولاندەوە، چونكە ئەگەر تەنیا كەسێكی بەرزی وەك حاجی مەكی بە نموونە بهێنینەوە، دەبینین ئەو هونەرمەندە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی تەرخان كردووە و تەنیا ئەوەندە بەسە كە یەكەم كەس بوو لەسەر ئەركی خۆی بیرۆكەی یەكەم فیلمی سینەمایی كوردی بەناوی (نێرگز بووكی كوردستان) كردە واقعێك كە رەنگە بۆ زۆرێك لە ئێمە خەون بوو، هەروەها لە قۆناغە سەخت و دژوارەكانی مێژووی كورد لەسەردەمی پێش هاتنی رژێمی بەعس و دوای هاتنی بەعس كە ناخۆشترین رۆژەكانی میللەتی كورد لە باشووری كوردستان دادەنرێت و تا رووخانی بەعس و ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێگومان لە سەردەمی شۆڕش و پارتیزانی و شەڕی شاخیشدا حەجی مەكی رۆڵی خۆی بینیوە و نەوەستاوە لە كار كردن.
ئەوەی بە لای ئێمەی هونەرمەندەوە گرنگ بوو حاجی مەكی و زۆر هونەرمەندی تریش دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی كوردی چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد برەو بە كارە هونەرییەكانی خۆیان بدەن، چونكە بازدانێك بوو لە قۆناغی دەربڕینی هەستی ناخی خۆیان بە هێما و رەمز و وشەی خوازراوەوە بۆ قۆناغ و سەردەمێكی نوێ كە بە ئاشكرا ناوی كوردستان و رەمز و سەركردە و وڵات و داگیركەران بهێنن دواتریش لە هونەری شۆڕشگێڕییەوە پڕژانە نێو بابەتی كۆمەڵایەتی و نیشاندانی ئێش و ئازارەكانی خەڵك و چارەسەر كردنی گرفتە كۆمەڵایەتییەكان و پێداویستیی ژیانی رۆژانەی خەڵك ئەمەش ئەركێكی سەرەكی هونەرمەندانە كە خەڵك خۆیان لە رێگای كارە هونەرییەكانیانەوە ببیننەوە و تا راددەیەكی زۆریش هونەرمەندان لەم ئەركەدا سەركەوتوو بوون.
هەمیشە هەندێك نازناو خراوەتە پاڵ كورد كە بە راستی مایەی نیگەرانی و تێڕامانێكی زۆرە و پێداچوونەوەیەكی وردی پێویستە وەك (خۆخۆر، بێگانەپەرست، مردووپەرست) و زۆر نازناوی دیكەش كە مرۆڤ رووی نییە باسیان بكات، ئەوەی زیاتر هونەرمەندان پێوەی دەناڵێنن بێگانەپەرستی و مردووپەرست. من نامەوێ كەس بێگانەپەرستی بە وشەیەكی وا لێك بداتەوە كە ئێمە حەز بكەین وڵاتمان داگیر بكرێت، یان بێگانە بەسەرماندا دەسەڵاتی هەبێت، چونكە هەمیشە كورد خەباتی كردووە دژی بێگانە، بەڵام ئەگەر ئێستا لە هەر گۆرانیبێژێكی ئەم وڵاتە بپرسی وەزعی گۆرانی و موزیك چۆنە؟ بێ یەك و دوو دەڵێ لەبەر هونەرمەندە تورك و عەرەب و فارسەكان كەس ئاگای لە ئێمە نەماوە و ئەگەر دوو وشەی سەقەتی كوردیش گۆرانییەك بڵێ ئەوا دەست بە سەما كردن دەكەین بۆیان ئا ئەوەیە بێگانە پەرستی.
كە هونەرمەندێك ماڵئاوایی هەمیشەییمان لێدەكات، ئیدی شاشەی تیڤی و لاپەڕەی رۆژنامەكان بە بروسكەی ماتەمینی و وشەی رێز كراو و پیاهەڵدانی ئەو هونەرمەندانە پڕ دەبێتەوە و بۆ چەند رۆژێك بە پانی و درێژی و وێنەی نوێ و كۆنی ئەو هونەرمەندانە هەموو میدیاكان داگیر دەكات، لە كاتێكدا ئەو هونەرمەندە كە چەند رۆژێك پێش ئەو وشانەی رەنگە لەسەر مەرگ بووبێت و هەموو ئەوانەی پێیان هەڵدەگوت دەیانزانی كە بارودۆخی چۆنە، بەڵام هەر بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات و بێگومان ئەمەش جۆرێكە لە جۆرە هەرە باوەكانی مردووپەرستی.
هونەرمەندی راستەقینەی ئەوەی لە دڵەوە كارەكەی خۆشدەوێت هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەك بێت كەلتوور نەتەوەكەیان بە جیهان نیشان بدەن لە هەمان كاتدا خزمەتێك پێشكەش بە گەل و وڵات بكەن و خەمەكانی خەڵك لە رێگای گۆرانی و و موزیك و دراما و فیلم و شانۆ و تابلۆكانیانەوە بخەنەروو و دەسەڵاتدارانی لێ ئاگادار بكەنەوە، ئەوەی ئاشكراشەوە هەر میللەتێك خاوەن كەلتوورێكی زیندوو نەبێت ژیانی خۆیشی دەكەوێتە مەترسی و هەڕەشەوە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران بە جددی بیر لە زیندوو كردنەوەی كەلتووری كوردی بكەنەوە و ئەگەر كەسانێك بە ناوی كەرتی تایبەتیشەوە هونەرمەندانی بیانی بهێننە كوردستان، دەبێ چەند مەرجێك دابنێن هەر كەسێك بە ئارەزووی خۆی نەچی كۆمەڵێك كەسی بیانی بە ناوی هونەرەوە بهێنی ئاهەنگ ساز بكەن و پارەی ئەم وڵاتە ببەنە دەرەوە، هەروەها دەبێ ماندوو بوونی هونەرمەندان ئەو كاتە لەبەرچاو بگیرێ كە زیندووە و خۆی هەست بكات كە خزمەتێكی پێشكەش كردووە، نەك دوای مردنی دنیای بۆ بڕازێننەوە.