چاكسازى و ڕيفۆرم دوو پرۆسەى گرنگن، نابێ لە جێبەجێكردنيان بترسين

چاكسازى و ڕيفۆرم دوو پرۆسەى گرنگن، نابێ لە جێبەجێكردنيان بترسين
ژيان بە گشتى زۆر بوارى هەيە، هەندێكيان زۆر گرنگن و هەندێكيان تەنيا پێويستين و هەندێك بواريان هەبوونى خراپ نييە؛ هەر يەكێك لەو بوارانەش بە پرۆسەيەكى دياريكراو و تايبەت ئەنجام دەدرێت و جێبەجێ دەكرێـت، بەڵام پرۆسەى گوزەران و ژيانى مرۆڤ لە (خێزانێك، گوندێك، شارێك، حكومەتێك) ناكرێت بە هەمان شێواز و بە بێ چاكسازى و ڕيفۆرم بۆ ماوەيەك بەردەوام بێت، ئەمەش لە بەر ئەوەى گۆڕان و گۆڕانكارييەكانى ژيان و حوكمڕانى حەتمەن پێويستى بە چاكسازى و بەخۆداچوونەوە و ڕيفۆرم هەيە، ئەمە لە كاتى ئاساييش پێويستە و دەبێ بكرێت.
هەر ميللەتێك نەيويست، يان نەيوێرا بير لە چاكتركردن و باشتركردن بكاتەوە، ئەوە گۆڕ بۆ خۆى هەڵدەكەنێ. جا كە وابێ چاكسازى و ڕيفۆرم ئەوەندە گرنگ و حەياتى بێ بۆ ژيانێكى ئاسايى و حوكمڕانييەكى دۆخى ئاسايى، چۆن ئێستا لە كوردستان كە تووشى چەندين قەيران و تەحەددى و شەڕ و نائارامى هاتووين، نەتوانين چاكسازى و ڕيفۆڕم بكەين. كەواتە با بێينە سەر بابەتى بۆ دەبێ نەترسين لە ئەنجامدانى ئەم پرۆسەيە، يان بۆ بترسين لە ئەنجامدانى پرۆسەى چاكسازى و ڕيفۆرم؟
سروشتى مرۆڤ وايە كەمتر حەزى لە گۆڕانكارى و گۆڕينى (الوضع السائد)ـە واتە مرۆڤ كە بۆ ماوەيەك لە سەر كردار و ڕەفتار و جۆرێك لە ژيان ڕاهات، زۆر بە ئەستەم دەتوانێ گۆڕانەكان قبووڵ بكات (بەتايبەتيش ئەگەر ئەو دۆخەى تيایدا دەژى دەستكەوتى باشترى تێدابێ بۆى و بە گۆڕانەكە ئەركى زياتر و دەستكەوتى كەمترى پێ بدرێت).
چاكسازى و ڕيفۆرم دەبێ بە پڕۆسەيەكى ديراسەكراو و پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام بدرێت، نابێ بە شێوازى هەڕەمەكى و بەيەك جار چەندين بوار بگرێتەوە. لە ئێستادا هەموو بەرپرسان و كاربەدەستانى ئەم وڵاتە گەيشتوونەتە ئەو بۆچوونەى كە ئەنجامدانى چاكسازى و ڕيفۆرمى (كارگێڕى، ئابوورى و دارايى) هيچ دواكەوتنێك قبووڵ ناكات، بەڵام لە ئەنجامدانى دەبێ سەرەتا لەو كارانە و لەو شتانەوە دەست پێ بكەين كە (زۆر زەق و پێش چاون و زۆربەى خەڵك پاڵپشتى دەكات و حكومەت بە ئاسانى دەتوانێ قەناعەت بە خەڵك بهێنێ كە ئەنجامدانى ئەم جۆرە چاكسازييە لە قازانجى گشتييە). بۆ نموونە بڕينى دوو مووچەيى، هيچ كەس ناتوانێ بڵێ حكومەت با ئەمە نەكات، بڕينى تەجاوزى سەر ئاو و كارەبا و وەرگرتنى پارەكەى بە (حەق و عەدالەت) هەموو خەڵك پشتيوانى دەكات؛ دەست بە سەرداگرتنى نەوتى قاچاغ و (فرۆشتنى سووتەمەنى قاچاغ) و بە كورتى بە شەفاف كردنى پرۆسەى مامەڵەى نەوت، دانانى باج و ڕسومات لەسەر كارگە و مۆڵ و ئوتێل و شوێنە گەشتيارييەكان و زيادكردنى باج لەسەر جگەرە و خواردنەوە و غەرامەكردنى سەرپێچيكارانى؛ ئەستاندنى تەواوى قەرزەكانى ئاو و كارەبا لە سەر مۆڵ و كارگە و ئوتێل و شوێنەكانى كە پێويست نين بۆ ژيانى گشتى خەڵك و هاووڵاتيان و وەرگرتنەوەى قەرزە جۆراوجۆرەكان لەسەر ئەو كەس و لايەن و دەوڵەمەندانە، دەبێتە باشترين هاوكار و پاڵپشت بۆ ئەنجامدانى چاكسازييەكانى تر و هەنگاوەكانى داهاتوو.
ئەگەر لەگەڵ ئەو بابەتە چاكسازييانەى كە لەسەرەوە باسمان كردووە، بابەتى بڕينى ڕێژەيەك وەك (٣%)ى مووچەى گشت فەرمانبەران (وەك ئەوەى بەغدا -بە ناوى -حەشدى شەعبى- جێبەجێى دەكات)، لێرەش بۆ هێزەكانى پێشمەرگە دابين بكرێت، باوەڕم وايە هيچ گرفت دروست ناكات و خەڵكەكە بە ئاسايى وەرى دەگرێت، هەمووشمان قەرزارى پێشمەرگەين و دەتوانن ڕێژەيەكى لەوەش گەورەتر لەسەرجەم پلە باڵاكان ببڕن.. بۆيە ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو چاكسازى بكەين، ئەوە هيچ مەترسيەكى لێ ناكەوێتەوە و بە شێوەيەكى نەرم و لە سەرخۆ ئەنجام دەدرێت و دەستكەوتى باشيشى بۆ حكومەت دەبێ و داهات زياد دەكات و خەرجيش كەم دەكاتەوە، بەوەش خەڵك زياتر پاڵپشتى حكومەت دەكات؛ بەڵام خوانەخواستە ئەگەر وا بيربكرێتەوە كە يەكسەر دەست بۆ مووچە و دەرماڵەى فەرمانبەران و مامۆستايان ببرێت و دەست بە بڕين و كەمكردنەوەى بكرێت، ئەوە بە دڵنياييەوە ناڕەزاييەكى گەورەى لێ دەكەوێتەوە، چونكە (مووچە كەمەكان گيانێكيان لەو دەرماڵانەيە كە هەيانە لەبەر ئەوەى مووچەى بنەڕەتييان كەمە). خۆ ئەگەر خەڵكێكى زۆر دژايەتى حكومەت و بەرنامەى چاكسازى كرد، ئەوە مەترسييەكى گەورەى لێ دروست دەبێت كە لە لايەك چاكسازى و ڕيفۆرم ڕادەوەستێ و لەلایەكی دیكەش بارودۆخى حكومەت خراپ و خراپتر دەبێـت.
هەركاتێك حكومەت بە ڕێك و پێكى و لەگرنگ و گرنگترينەكان دەستى پێكرد و (دەستى بۆ ناعەدالەتى و نايەكسانى و گەندەڵكاران برد) و دواتر هاتە سەر شتە گشتييەكان، بەدڵنياييەوە متمانەى خەڵك بۆخۆى ڕادەكێشێ و بە پاڵپشتييەكى زۆرەوە دەست بۆ باقى هەنگاوەكانى تر دەبات. بەم شێوازە حكومەت دەتوانێ بارى لارى دارايى و كارگێڕى ڕاست بكاتەوە و تەنگژە و قەيرانەكان تێپەڕێنێ، بەم شێوەيەش ئاسان و ئاسانتر وردەكارى تريش پەيوەست بە (كەمكردنەوەى خەرجيش) دەدۆزێتەوە، خەڵك هاوكاریى حكومەت دەبێ لە بيركردنەوە و خەمخۆرى بۆ چارەسەركردنى، واتە دواى بڕينى ئەم هەنگاوانە، شتى ترى پەيوەستدار دەدۆزێتەوە و پسپۆڕ و خەمخۆرەكانى بوارى چاكسازى هاوكارى حكومەت دەبن لە دەستنيشان كردنيان.
داواكارم لە بەرپرسە باڵاكانى حكومەت لە بوارى چاكسازى و ڕاوێژكارەكانيان ئەم بابەتە بە هەند وەربگرن، چونكە ئەنجامنەدانى چاكسازى چەند خراپ و چەند زيانى هەيە، ئەنجامدانيشى بە بێ پلان و هەنگاو بە هەنگاو، زيانى هيچ لە ئەنجامنەدانى كەمتر نابێت.
بۆيە لە كۆتايى بابەتەكەدا دەڵێم: با چاكسازى و ڕيفۆرم دەست پێ بكەين و دواى نەخەين، بەڵام بە پلان و هەنگاوى ديراسەكراو.

*سەرۆكی زانكۆی كۆیە
Top