جێ پەنجەكانمان لە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی ون نابن

جێ پەنجەكانمان لە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی ون نابن
ئاوەڕدانەوەیەك بۆ مێژوو
لە گۆڕانكارییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، جیاواز لە گۆڕانكارییەكانی نیوەی یەكەم، كوردستان گۆڕانكاری جۆریی زۆری بەسەرداهات، شۆڕشی 11ی ئەیلوولیش زادەی رووداو و راپەڕینەكان و پێشكەوتن و تێگەیشتنی قۆناخی پێشووتر و هەلومەرجی لەبارتری كۆمەڵگەی كوردستان بووە، هەر بۆیە جۆرە تێكەڵاوییەك لە نێوان سەركردایەتی نەوەی نوێ و كۆن هاتەئاراوە و لە شانۆی سیاسیدا رەنگیدابووەوە.
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا فۆرمێكی چەكداری نەبوو، بەڵكو پرانسیپەكانی شۆڕش شۆڕبوونەوە بۆ ناو قووڵایی كۆمەڵگە و گەوهەری كێشەكانی كۆمەڵگە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپلان و نوێگەرایی لە ئاستی ئەو كاتی كۆمەڵگەی كوردستاندا و لە روانگەی تیۆری شۆڕشگێرییەوە كە ئیدارەی ناوچە ئازادكراوەكانی بەڕێوە دەبرد، بێگومان ئەو كاتیش بە هاوتەریبی ئەم هرزە شۆڕشگێرییە نوێگەرایە، هزر و تێڕوانینی پێچەوانەش هەبوون كە تیایدا بەرژەوەندیی كەسی، یان چینایەتی دەخرایە سەرووی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەییەوە، بەڵام بە سووربوونی سەرۆك مستەفا بارزانی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و دڵسۆزانی كوردستان و كوردایەتی، توانرا ئەو قۆناخە تێپەڕێندرێت و شۆڕش بووە دیاردەیەكی سەتارسەری كوردستانی و توانی هەموو سنوورەكان ببەزێنێت و باشتر ناوەڕۆكی شۆڕش بەرجەستە بكات و چەمكی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستانی لە ناخی هەر تاكێكی كوردستانیدا بچەسپێنێت.
شۆڕشی ئەیلوول لەبەر ئەوەی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی نیشتمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی بوو، كاریگەری بەهێزی لە بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستاندا درووستكرد، لەوانەیە وەك رواڵەت و شێوازی مقاوەمەتی چەكداری شۆڕشگێرانە هێندە لە شۆڕشەكانی پێش خۆی جیاواز نەبووبێت، بەڵام ئامانج و بەرنامەی هەمەلایەنی شۆڕش و پێكەوە گرێدانەوەی هەموو رەهەندەكانی ژیانی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی كوردستان پێكەوە، وایكردبوو هەموو چین و تویژە جیاوازەكانی كوردستان خۆیان لەناو شۆڕشەكەدا بینیەوە. شۆڕشی ئەیلوول توانیشی هێندەی قەبارە و ویستی سەردەمی خۆی پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كوردستان و عێراقدا درووست بكات.لەمەش زیاتر دیكۆمێنتێكی یاسایی دانپێدانراوی بۆ مافەكانی كوردستان لە عێراقدا وەك نەخشەی رێگە درووستكرد، هەربۆیە ئەگەر سەرنج لە خەبات و شێوازی دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكانی بدەین، دەبینین پرانسیپەكانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەر فەزای مقاوەمەتی چەكدار و شێوازی دانوستاندن بۆ چارەسەری كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە دیاربووە و بوونی هەبووە. راشكاوانەتر بڵێم ئەو نەخشەی رێگەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ مقاوەمەت و دانوستاندن درووستی كردبوو، بەسەر شێوازی خەباتی چەكداری و سیاسی هەموو لایەنەكانەوە دیاربوو، نەدەتوانرا نە لە شەڕ و نە لە ئاشتی نادیدە بگیرێت. ئەمەش وایكردبوو شۆڕشی ئەیلوول وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەكردنی هەستی نیشتمانی و سیاسەتمەداری واقیعی و كادری سەربازی بە ئیرادە و لێهاتوو خۆی نیشانبدات، لەمەش زیاتر توانی ئەو ئەو دیوارە درووستكراوە تێكبشكێنێت كە پێشتر كێشەی كوردی لە عێراقدا وەك كێشەی ناوخۆیی دەوڵەتێك پێناسە دەكرد، بەپێچەوانەوە شۆڕشی ئەیلوول پێشكەوتن و وەرچەرخانێكی ئەوتۆی درووستكرد كە دەوڵەتی عێراق بگاتە ئەو قەناعەتەی بەبێ چارەسەری كێشەی كورد و كوردستان لە عێراقدا و بەشداری راستەقینەی كورد لە حوكمڕانیدا، ئەوا حوكمڕانی لە عێراقدا زۆر زەحمەت دەبێت، ئەمەش بەو مانایەی، یان دەبێت عێراق لە قەیرانێكەوە بچێت بۆ قەیرانێكی دیكە و ئارامی تێدا نەبێت، یان دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوجا هەر كەسێك بن، لەو راستییە تێبگەن كە بەبێ بەشداری راستەقینەی كورد لە حوكمڕانیدا، ئەوا بێجگە لە قەیران و نائارامی شتێكی دیكە بوونی نابێت.
ئێستامان دوای سەدەیەك لە پەیمانی سایكس پیكۆ
ئەو باكگراوەندە مێژووییە پێویست بوو، بۆ ئەوەی وەك دەروازەیەك ئێستامانی پێبخوێنینەوە. ئێستا كوردستان بەتایبەتی و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێكی شڵەژاو و هەستیار و گۆڕانكارییەكی گەورەی چاوەروانكراودایە، لە ئێستادا كە 100 ساڵ بەسەر پەیمانی سایكس- پیكۆ بۆ داڕشتنی سنوورە دەستكردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت، چیدیكە هیچ كەس و لایەنێك و دەوڵەتێك ناتوانێت وەك پێشتر بەرگری لەو سنوورە دەستكردانە بكات و هەڵوەشانەوەی سنوورەكان لەسەر ئاستی داڕشتنەوەی نەخشەی ئایندەی ناوچەكە و لە پرۆسەی درووستكردنی بڕیاردا نادیدە بگرێت و فەرامۆشی بكات، ئەم ئاژاوە و ناسەقامگیرییەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕدەبێت، راشكاوانە راستیەك بە ئێمە و جیهان دەڵێت، ئەو راستیەش ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی لە چوارچێوەی ئەو سنوورە دەستكردانە درووستكراون، دەوڵەتی درووستكردنی قەیران و نائارامی و ناسەقامگیرن و ئەو گەل و نەتەوانەش كە لەو سنوورە دەستكردانە كۆكراونەتەوە، هیچیان بە خواست و ویستی خۆیان ئەو دەوڵەتانەیان هەڵنەبژاردووە، بۆیە بارودۆخەكە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە چیدیكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی 100 ساڵ لەمەو پێش سەیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەكات، ئەمەش وایكردووە بە ناعیلاجی پەنا بۆ بیركردنەوەیەكی واقیعی و سەردەمییانە ببەن و بە شێوەیەكی گونجاوتر لەگەڵ كێشەكانی ئێستا مامەڵە بكەن، هەربۆیە ئەگەر ئامانجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتاییهێنان بێت بە ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا دەبێت لە هاوكێشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو ئەو هێز و گەل و نەتەوانەی پێشتر لە داڕشتنی ئەو سنوورە دەستكردانە حیسابیان بۆ نەكرابوو، لە ئێستادا بەرژەوەندییەكانیان لەبەرچاو بگیرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمجارە ئەو راستییە فەرامۆش نەكات و بزانێت بەبێ هاوبەشی راستەقینەی ئەو گەل و نەتەوانە هیچ پرۆسەیەكی سەربازی، یان سیاسی بۆ رێكخستنەوەی ناوچەكە سەركەوتوو نابێت و ئەو سەردەمە بەسەر چوو كە رەچەتەی چارەسەری كێشەكان بەبێ كاراكتەرە گرنگەكانی خودی ناوچەكە بنووسرێت.
هەربۆیە چۆن بارزانی نەمر و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سووربوون لەسەر پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان، ئێستاش هەر بەهەمان شێوە سەرۆك مسعود بارزانی و سەركردایەتی پارتی و تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، پرۆسەی سەربەخۆیی وەك پێداویستیەكی مێژوویی بۆ ئەم قۆناخەی كوردستان خوێندنەوەی بۆ دەكەن. هەتا ئەگەر هەندێك گرفتی ناوخۆیی، یان ئاستەنگ هەبن لەبەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كە پرۆسەیەكە و دەستی پێكردووە، ئەمە ئەو مانایە ناگەیەنێت هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە نەدرێت و ئاستەنگەكان لانەبرێن.
رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد
فاكتەری سەرەكییە بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی
پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كە ئێستا بە سەرپەرشتی سەرۆك مسعود بارزانی هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێت، گەوهەری سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە لە هزری سەرۆك بارزانی، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تەواوی خەڵكی كوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، ئەمەش لەو روانگەیەوە یەكڕیزی نێوان هێزە سیاسییەكان و یەكهەڵوێستی خەڵكی كوردستان، هێز و تینێكی زیاتر بە پرۆسەكە دەدات، بۆیە لە ئێستادا زۆر گرنگە ئەولەوییەت بدرێتە چارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكان و دووبارە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، هەروەها لەوانەیە لەلایەكەوە بەوجۆرە سەیری مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم گرفتە ناوخۆییانە بكرێت و بڵێت دواخستنی چارەسەركردنی ئەم كێشەو گیروگرفتانە بۆ دوای سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی، بڵێن كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر بە دیوێكی دیكە سەیری ئەم پرۆسە گرنگە بكەین و ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەكان لە روانگەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییەوە ئەم قۆناخە بخوێننەوە و بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر خەون و ویستی سەدان ساڵەی نەتەوەكەمان هەڵوێستی خۆیان دیاری بكەن، ئەوا لەوانەیە دواخستنی چارەسەری كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان كارێكی ئاسان بێت، لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە چوارچێوەیەكە بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانمان و دەستكراوەیی كوردستان لە چۆنیەتی داڕشتنی دەستوور و یاساكان، دیارە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكانیشدا بەشی زۆری كێشەو گرفتەكانمان چارەسەر دەبن، ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، پێویستە بۆ ئەم قۆناخە تێڕوانین و بۆچوونی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە گۆشەنیگای پرۆسەی سەربەخۆییەوە ئەم واقیعە بخوێنێتەوە، نەك لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی حزب، یان كەسێكی دیاركراوەوە بێت. پێویستە هەمووان بە هۆشیارییەوە هاوكێشەی ئێستا بخوێنینەوە و بەرپرسیارانە هاوكار و هاوبەش بین لە بناخەدانانی دەوڵەتی كوردستان و لادانی گرفت و ئاستەنگەكان. دەبێت هەمووان ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت و ئامانجمان ئەوە بێت ئەم پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانە دوانەكەوێت، لەبەر ئەوەی مەرج نییە بۆ چەند ساڵی دیكەش تێڕوانین و كەشوهەوای سیاسی ناوچەكە و تێڕوانینی دەوڵەتانی دیكە هەر بەم شێوازەی ئێستا بەرامبەر كوردستان بمێنێتەوە، بۆیە پرۆسەی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان هەنگاوی یەكەمە و فاكتەری سەرەكییە لەم پرۆسەیەدا. هەروەها لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا بەشێكی دیكەی هەنگاوەكان دەبێت بەو ئاڕاستەیەی بن كە كەشوهەوایەكی لەبار بۆ هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی درووست بكرێت، بۆ ئەمەش گرنگە تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و حزب و لایەنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، هاوكاربن و پشتگیری بكەن لەوەی كە بارودۆخی باشووری كوردستان لەبارە بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، بۆیە گرنگە بە گیانی بەرپرسیاریەتی كورد و كوردستانییانە لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستی خۆیان دیاری بكەن و هاوكار و پشتیوانی ئەو دەرفەتە بن كە بۆ باشوور هاتۆتە ئاراوە، بۆیە حزب و لایەنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش لە زۆر رووەوە دەتوانن هاوكاری ئەم پرۆسەیە بن و پرۆسەكە بە هی خۆیان بزانن.
دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی عێراق و حزبەكان بە سوننە و شیعەوە
هەنگاوی دووەم دوای رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، كاركردنە لەگەڵ حكومەتی بەغدا و تەواوی حزبەكانی عێراق بە حزبە سوننە و شیعەكانیشەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی فەزایەكی دۆستانە بۆ گفتوگۆگردن لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی درووست بكرێت و بیانگەیێنینە ئەو قەناعەتەی كە سەربەخۆیی كوردستان پرۆسەیەك نییە بۆ زیانگەیاندن بە عێراقی عەرەبی و نەتەوە و نیشتمانی عەرەبی، بەڵكو دەبێت چاوەڕێی سوود و قازانج لەم پرۆسەیە بكرێت، لەسەر ئاستەكانی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماتی، لەمەش زیاتر دەبێت ئەو راستییەش بۆ عەرەبی عێراق تەواو روونبكرێتەوە، بەوەی مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا چەند كورد تێیدا زەرەرمەند بووە، عەرەبی عێراق زیاتر، لەبەر ئەوەی هەتا كوردستان بە عێراقەوە لكێندرابێت، عەرەبی عێراقیش ناتوانن وەك ئەوەی خۆیان دەیانەوێت و مەبەستیانە عێراق رێكبخەنەوە، چ وەك نەتەوە و ئایین و ئاینزا، هەورەها لە پێوەندی بە پرسی یەكگرتنی عێراق وەك لەگەڵ وڵاتانی دیكەی عەرەب، یان ئاست و چۆنیەتی رۆڵبینینیان لە ناو كۆمكاری عەرەبی و چەند ئاستی دیكەش.
دەوڵەتی كوردستان وەك فاكتەرێك
بۆ سەقامگیری و دڵنیاییدان بەدەوڵەتانی دەوروبەر
ئەوەی تائێستا بۆتە ئاستەنگ و بیانوو بۆ رێگری دەوڵەتانی دەوروبەر لە هەنگاوهەڵگرتنمان بۆ سەربەخۆیی، ئەوەیە ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە دەبێتە هۆكارێك بۆ ناسەقامگیریی ئەو دەوڵەتانەش، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە لێكتێگەیشتن هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوا دڵنیاكردنەوەی دەوڵەتانی دەوروبەری كوردستان بەوەی ئەگەر دەوڵەتێكی نوێ ببێتە هاوسێیان، ئەوا ئەم دەوڵەتە لە هیچ روویەكەوە زیانیان پێناگات و بەرژەوەندی هەردوولا پارێزراو دەبێت، سەربەخۆبوونی كوردستانیش بەشێكی زۆری گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەكان كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆكاری چارەسەركردنی كۆمەڵێك گرفت لەو وڵاتانە و سەرەنجامیش دەبێتە هۆكاری كەمكردنەوەی دەستێوەردانی دیكە لە ناوچەكەدا بەگشتی.
هەوڵدان بۆ مسۆگەركردنی پشتگیری
دەوڵەتانی دیكەی جیهان
خاڵێكی گرنگ لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی پشتگیریكردنی دەوڵەتانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی تازە، بۆیە لەم لایەنەوە زۆر گرنگە هەوڵەكانمان بە هەموو ئاڕاستەیەك بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانیی دەوڵەتان و بەتایبەتی دەوڵەتانی گەورەی دەستڕۆیشتوو لە پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان بەدەستبهێنین. ئەوەش ئاشكرایە كە سەرۆك مسعود بارزانی لەم چەند ساڵەی دوایی بە كردەوە هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و بناخەی بۆ داڕشتووە، لە ئێستادا پێویستە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لێ بكرێت، ئەم پشتگیریكردنەش هەنگاوەكانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان مسۆگەرتر دەكات، ئەم پرسە لایەنی دیكەی ماوە و دەكەوێتە ئەستۆی تەواوی حزب و لایەنەكانی كوردستان كە گەرموگوڕییان لەم بوارە پێوە دیار بێت و زۆر بە جددی پشتگیری ئەنجامدان و سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم بكەن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم قەناعەتێكی زۆر باش بۆ ئەو دەوڵەتانە درووست دەكات و ئیرادەی گەلی كوردستان دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی دەیەوێت وەك تەواوی نەتەوەكانی دیكەی جیهان ئەو شێوازەی هەڵبژاردووە كە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات.
كاركردن لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و
پابەندبوون بە لێبوردەیی و پێكەوە ژیان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە ئەمڕۆی جیهاندا كاراكتەرێكی زۆر گرنگن، هەم لەسەر ئاستی مرۆیی و هەم لە سەر ئاستی سیاسی، بۆیە زۆر گرنگە بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، بەردەوام لەگەڵ رێكخراوە نێودەڵەتییەكان كاربكەین و خاڵە بەهێزەكانی كوردستان بۆ بەخاوەن دەوڵەتبوون و ئامانج لە درووستبونی ئەم دەوڵەتەیان بۆ روون بكەینەوە، پێش هەموو شت گرنگە ئەوان بگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئێمە ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی پرۆسەی دەوڵەت بگاتە مەنزڵ، گرنگە بەتەواوی دڵنیایان بكەینەوە، كە ئەم دەوڵەتە لەسەر ژێرخانی ئەزموونیكی دیموكراتی دێتەئاراوە كە بڕوای بە گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە هەیە و دوورە لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی، هەروەك چۆن ئێستا كوردستان بەشی سەرەكی و كاریگەرە لە بەرەنگابوونەوەی تیرۆریستان و نیشتمانێكە بۆ پێكەوەژیان و هەروەها پەناگەیەكی ئارامە و زیاتر لە دووملیۆن ئاوارەی لە خۆگرتووە و لە دەستدرێژیی و دەمارگیری تیرۆریستان دەیانپارێزێت.
جگە لەم هەنگاوانەی ئاماژەم پێكردن، بێگومان دیارە هەنگاوی دیكەش زۆرن، بەڵام دەكرێت ئەمانە ببنە ئەولەوییەتی كاركردنی هەموومان و هەوڵێك بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەی بۆمان هاتۆتە پێش لە دەستی نەدەین. ئەگەر خوانەخواستە بە هەر بیانوو و پاساوێك ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، دەبێت لەوە دڵنیابین نەوەكانی ئایندە لێمان خۆش نابن، هەروەك چۆن ئێمەش گلەیی لە نەوەی پێش خۆمان دەكەین بەوەی لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو دەرفەتگەلێك هاتوونەتە پێش و نەیانتوانیوە سوودی لێوەربگرن، لەمەشدا بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و نەتەوەییمان ئەوەمان داوا لێدەكات هەر كەس و حزب و لایەنێك هەنگاوێك بچێتە پێش بە ئاڕاستەی پرۆسەی سەربەخۆیی، دەبێت دەستخۆشی لێ بكەین و زیاتر زەمینە بۆ ئەو دەرفەتە خۆش بكەین و كەشوهەوای بۆ لەبارتر بكەین. لێرەوە دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی شۆڕشی ئەیلوول و بڵێین: چۆن شۆڕشی ئەیلوول جێ پەنجەی لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان دیارە، لە ئێستاشدا هەركەس و لایەنێك هاوبەش بێت لە كاروانی پرۆسەی سەربەخۆیی، ئەوا جێ پەنجەی ون نابێت.
Top