گەشتەكەی سەرۆك بارزانی بۆ عەرەبستانی سعودی و توركیا خوێندنەوەیەكی ستراتیجییانە
December 31, 2015
وتار و بیروڕا
ئەم هەموو گرم و گوڕییە لە پێشوازی مسعود بارزانی دەلالەت و مەغزای ستراتیجی گەورەی هەیە، دەتوانین لە چەند تەوەرەیەكدا ئاماژەی بۆ بكەین:
رەهەندی یەكەم: كەسایەتی بارزانی و پێگەی كورد و كوردستان و پێشمەرگە زۆر گەورە بووە، تەنانەت زۆرێكی زۆر لە سەرۆكی وڵاتانی دونیا ئارەزوومەندن پێشوازی فەرمی لە سەرۆكی كوردستان و شاندەكانی پێشمەرگە بكەن و بە چاوی رێزەوە تەماشایان بكەن، لە كاتێكدا زۆر جار ئەو وڵاتانە بە پێشمەرگەیان دەوت «عصات . متمردین. میلیشیات»! بەڵام ئێستا بە چاوی گەورەیی تەماشا دەكرێن و فەرماندەی گشتی پێشمەرگەش وەك سەرۆكی دەوڵەتێكی سەركەوتوو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بەهۆی ئەو بەرخودان و موقاوەمەییەی كە بەرامبەر تیرۆر و تێرۆریستان نواندیان و بەرگرییان لە خاك و نامووس و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان كرد و گیانی خۆیان كردە قوربانی.
رەهەندی دووەم: ئەو سەردانانە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی بۆ هەمووان سەلماند كە پێگەی كورد لە ناوچەكەدا گرنگیی ستراتیجی خۆی هەیە، بەتایبەت لە بواری كانزا سروشتییەكان (نەوت وگازی شل)، كە لە داهاتووی ئۆپكدا رۆڵی بەرچاوی دەبێت و دەبێتە بەدیلی رووسیا بۆ هەناردەكردنی غازی شل بۆ توركیا، وەك خەبیر و پسپۆڕەكانی نەوت و غاز ئاماژە بەوە دەكەن كوردستان لە سەر دەریایەكە لە نەوت و گاز.
رەهەندی سێیەم: توركیا و سعودیە مامەڵەی دەوڵت لەگەڵ كوردستاندا دەكەن، نەك هەرێمێك لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەمەش لەبەر دوو هۆی سەرەكی:
یەكەمیان: كوردستان ئێستا جێگای حەوانەوەی نزیكەی دوو ملیۆن سوننەی عێراقە كە رزگاریان بووە لە سەربڕین و ئابڕووبردن لەلایەن داعش و میلیشیا شیعەكان و حەشدی شەعبی كە دەیانەوێت ناسنامەی سوننە لە عێراق بسڕنەوە، بەس سەركردایەتی بارزانی لەم قۆناغەدا رزگاری كردن. جا دەوڵەتە سوننەكان خۆیان بە قەرداری كورد دەزانن. بەتایبەت عەرەبستانی سعودی و مەلیكەكەی، ئەوەش بە ئاشكرا دەركەوت لە كاتی گەشتەكەی بارزانی.
دووەمیان: كورد لە مێژووی ئیسلامدا رۆڵی مەزنی بینیوە بە تایبەت لە سەردەمی (صلاح الدین ئەیوبی)دا لە وڵاتی میسر بە هۆی پاڵەوانەتی و جوامێرییەوە دانیشتووانی میسر كە زۆریان لەسەر مەزهەبی شیعە بوون، بە تایبەت فاتمییەكان و مەزهەبی خۆیان گۆڕی بە ئەهلی سوننە و جەماعە. ئەم مێژووە وایكردووە ئێستا عەرەبستانی سعودی و توركیا، كورد بە سەنگەری یەكەم لێك دەدەنەوە لە بەرامبەر مەدی شیعە لە ناوچەكە و سوپەری یەكەم، بە پێچەوانەوە زۆرێك لە دەسەڵاتدارانی شیعە لە ئێران و عێراق كاردانەویان گاڵتە و گەمەكردنە بە جلی و بەرگی كوردی و سەرۆكەكەی كە لە توانیاندا نەماوە ئەو حقد و كینەیە بشارنەوە.
رەهەندی چوارەم: پاش ئەم سەردانانەی كاك مسعود بارزانی وەك هاوپەیمانی سەربازیی دەوڵەتە ئیسلامییەكان ئاشكرا كرا، سەنتەری ئەم هاوپەیمانییەش لە ریاز-ی پایتەختی عەرەبستانی سعودی دەبێت و 34 دەوڵەت بە فەرمی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەم هاوپەیمانییە راگەیاندووە، كە هێزی ماددی و بەشەری و سەربازی زۆریان هەیە. ئەكید لە سەردانەكەی بارزانی-دا باسی ئەم هاوپەیمانییەش كراوە كە دژ بە تیرۆرە. چونكە ئێستا پێگەی هەریم بۆ دژایەتی تیرۆر لە هەموو دەوڵەتەكانی ناوچەكە زیاترە. بۆیە مورەشەحە دەورێكی كاریگەر ببینێت لەم هاوپەیمانییە و شوێن عێراقی شیعی و سوننە بگرێتەوە.