هۆکارەکانی شکست وسەرکەوتنی وڵات
December 24, 2015
وتار و بیروڕا
ماوەیەکە دەستەواژەی وڵاتانی شکستخواردوو (Failed Nations) زۆر لە نێوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکاندا دووبارە دەبێتەوە. ئەو دەستەواژەیەش بە شێوەیەکی گشتی لەتەک بارودۆخی هەندی وڵاتی وەک ئەفغانستان و سۆماڵ و کۆنگۆ و یەمەندا خاناییان هەیە. بەداخەوە لە دوای کشانەوەی فەرمیی وڵاتە کۆلۆنیالەکان لە وڵاتەکانی ژێردەستیان، زۆر وڵاتی هەژار، یا ئەوەتا بناغە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان لەبار نەبووە بۆ گەشەکردن، یا ئەوەتا تووشی حکومەتی گەندەڵ و دواکەوتوو بوون کە نەیانتوانی بناغەکانی گەشەکردن دابمەزرێنن.
پێش ئەوەی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی دروست شیبکەینەوە، پێویستە پێناسەی وڵاتی شکستخواردوو بکەیەن. ئەڵبەتە وڵاتی شکستخواردوو هاوتا نییە بە دەوڵەتی شکستخواردوو. زۆر جار دەشێت دەوڵەتێک (حکومەتێک) لە قۆناغێکی مێژوویی، یا خولێکی هەڵبژاردندا سەرنەکەوتوو بێت، بەڵام لە خۆلێکی دیکەدا بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوەو هەڵە ئابووری و سیاسییەکانی بگۆڕێت، یا ئەوەتا پارتێکی سیاسی دیکە بێتە سەرکار و بە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا بچێتەوە. شکستخواردنی وڵات، دەستەواژەیەکی گشتگیرە و لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و سەقامگیری هەموو وڵات دەگرێتەوە و دەوڵەتیش (حکومەت) بەشێکە لەو شکستە گشتگیرە.
شکستخواردن
بەپێی ڕێکخراوی ئەمریکایی کۆمەکی دارایی بۆ ئاشتی (Fund for Peace) بە وڵاتانێک دەگوترێت شکستخواردوو گەر ئەم تایبەتمەندییانەیان تێدا بەدیبکرێت، یەکەم: دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکانی وڵاتەکەیدا لە دەست دابێت. دووم: دەسەڵاتی یاسایی و دادوەری داهێزرابێت. سێیەم: توانای دابینکردنی خزمەتگوزارێ گشتییەکانی نەبێت. چوارەم: توانای هەڵسوکەوت و پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە دەست دابێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئەو پێناسەیە دوو چەمکی گرنگی فەرمانڕەوایی دەگرێتەوە. یەکەم: نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندی (Central Authority) لە وڵاتدا کە ئەرکی یەکخستن و دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی وڵاتی لە دەستدایە. دەرئەنجامی ئەمەش داهێزران و دابەشکردنی وڵاتی لێدەکەوێتەوە و هاونیشتمانیانی وڵات هەستی نیشتمانپەروەرییان لە دەست دەدەن (Absence of sense of belonging). دووەم: نەبوونی دەسەڵاتی ناوەند خۆی لە خۆیدا نەبوونی توانای ئابووری دەگەیەنێت کە پێویستە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک خوێندن و پەروەردە، تەندروستی، دابینکردنی وزە و ئاو، ڕێگەوبان و.. تاد. نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندی لە لایەکی دیکەوە ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداری لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا. لە گەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی تووشی شکست بوون، ڕێژەی بەرزبوونەوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆر بەرزە و لەگەڵ هەبوونی نائارامی سیاسی و ئەمن و ئاسایش دەبێتە هۆی ئەو دیاردەیەی کە پێی دەگوترێت: پاڵەپەستۆی دانیشتووان. واتە کۆچکردنی دانیشتووان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپی و دیاردەی ئاوارەیی و هەبوونی ئۆردوگای ناجێگیربووان.
ڕێکخراوی ناوبراو ساڵانە سێ پێوەری سەرەکی بەکاردێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی وڵاتانی هەموو جیهان. یەکەم: پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان: ئەمانەش بریتین لە هەبوونی توندوتیژی نەژادی و ئایینی، لێکترازان، ژینگە پیسی و بڵاوبوونەوەی پەتاکان، کەمبوونی خۆراک و دیاردەی برسێتی، ڕەوکردن و وڵات بەجێهێڵان، بەتایبەت توێژی خوێندەوار و ڕۆشنبیر. دووەم: پێوەرە ئابوورییەکان: ئەمانەش هەژاری بەربڵاو، بێکاری زۆر، هەڵئاوسان، کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت، دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان، نزمبوونی داهاتی تاکەکەس. سێیەم: پێوەرە سیاسی و سەربازییەکان: بۆ نموونە، شەڕی ناوخۆ، هەبوونی گروپی چەکداری، گەندەڵیی بەربڵاو، ناکارایی دام ودەزگاکانی دەوڵەت، ئابووری شاراوە، زۆربوونی تاوان، نزمیی ئاستی دیموکراسی، کەمبوونی ئازادییەکان، ناسەقامگیری دەسەڵات و ململانێی سیاسی، دەستێوەردانی دەرەکی، کۆمەکی بیانی و ئابڵۆقەی ئابووری و ...تاد.
وڵاتانی شکستخواردوو
خشتەی وڵاتانی شکستخواردووی هاوپێچ ئەوە نیشان دەدەن کە بە شێوەیەکی گشتی هەموو وڵاتانی لەو جۆرە دەناڵێنن بە دەست ناسەقامگیری سیاسی و ئاسایشەوە. لە هەمان کاتدا، جگە لە هاییتی و گینیا و زیمبابۆی، هەموو ئەو وڵاتانە دووچاری شەڕی ناوخۆ و گروپی چەکداری بوونەتەوە. لە ڕووی داهاتی تاکەکەسی و هەژارییەوە، جگە لە عێراق کە داهاتی بەرزەو هەژاری زۆرە، داهاتی تاکەکەس لە ساڵێکدا لە هەموو ئەو وڵاتانەدا لە هەرە داهاتە نزمەکانی هەموو جیهانن. لە ڕووی پاڵەپەستۆی دانیشتووانەوە، بە پێوەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان، ئەو وڵاتە شکستخواردووانە لە ڕیزبەندی وڵاتانی هەرە بەرزی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانن. دەرئەنجامی ئەمەش بێگومان بەرزیی ڕادەی هەژاری و ڕەوکردن و ناجێگیری دانیشتووانی ئەو وڵاتانەیە.
خشتەی وڵاتانی شکستخواردوو
وڵات داهاتی تاکەکەس لە ساڵێکدا ($)2012 , هەبوونی شەڕی ناوخۆ ڕێژەی بەرزبوونەوەی دانیشتووان % 2014,
باشووری سودان 820 √ 3.9
سۆماڵ --- √ 2.4
کۆماری ناوەندی ئەفریقا 480 √ 2.0
سودان 1650 √ 2.1
کۆنگۆ(Congo D. R.) 350 √ 3.2
چاد 960 √ 3.3
یەمەن 1180 √ 2.5
سووریا --- √ 1.7
ئەفگانستان 690 √ 3.0
گینیا 430 --- 2.7
عێراق 6140 √ 3.0
هاییتی 750 --- 1.3
پاکستان 1260 √ 2.1
نایجیریا 2470 √ 2.7
زیمبابۆی 870 ---- 2.3
سەرچاوە: World Bank Data Base
هۆکارەکانی شکستخواردنی وڵاتان
لە ڕووی تێۆرییەوە مشت و مڕێکی زۆر کراوە لە سەر ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی شکستخواردنی وڵاتان. دارن ئەجەمئۆگلو و ستیڤ ڕۆبنسن (Daron Acemoglu & Steve Robenson) وای بۆ دەچن کە هۆکاری هەرە سەرەکیی شکستخواردن دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دامودەزگاکانی وڵات. ئەوان لەو باوەڕەدان کە دامودەزگاکانی وڵاتی شکستخواردوو وەرگر یا دەرهێنەرن (Extractive). واتە دامودەزگاکان خێروبێر لە كۆمەڵگە دەردەهێنن بۆ خزمەتی توێژێکی بەرتەسکی دیاریکراو و و زۆربەی دانیشتووانی وڵات بێبەش دەبن لە سامانەکانی وڵات. بەپێچەوانەوە، لە وڵاتانی سەرکەوتوودا، دامودەزگاکان لەخۆگرن (Inclusive). واتە دامودەزگاکان لە خزمەتی هەموواندایە و بۆ هەمووانە. لێرەشدا نموونەی شاری نۆگالیس (Nogales) دەهێننەوە کە بەشێکی دەکەوێتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە (Nogales Arizona) و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە مەکسیکەوە (Nogales Sonora). لە بەشە ئەمریكیەکەدا داهاتی تاکە کەس نزیکەی سی هەزار دۆلارە لە ساڵێکدا، زۆربەی گەنجان لە قوتابخانەدان، زۆربەی پێگەیشتووان دەرچووی زانکۆن، ڕێژەی تەمەن لە سەرەوەی شەست ساڵەوەن و دەرگای دەزگا تەندروستییەکانیان بەڕوویاندا ئاواڵایە. هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و تەلیفۆن و ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەیە و لە سەرەوەی هەموویانەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەمن و ئاسایشیان بۆ دابینکراوە. بەپێچەوانەوە، لە بەشە مەکسیکییەكەدا کە خەڵکی هەمان زمان و کەلتووریان هەیە، داهاتی ساڵانەی تاکە کەس سێیەکی داهاتی بەشە ئەمریکییەکەیە، زۆربەی خەڵکی خوێندنی زانکۆیان تەواو نەکردووە و زۆربەی گەنجان لە دەرەوەی قوتابخانەن، زۆربەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان، ڕیژەی تەمەن زۆر لە خوارەوەی بەشە ئەمریکیییەکەیە، جادە و بانەکان زۆر خراپن، ئەمن و ئاسایش بەرقەرار نییە و زۆربەی سیاسەتمەدارەکان گەندەڵن.
ئەو دوو نووسەرە سەرهەڵدانی دامودەزگای لەخۆگر دەبەستنەوە بە سەرهەڵدان و گەشەکردنی دیموکراسییەوە و وادەزانن کە دامودەزگاکانی لەخۆگر لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکادا بە شێوەیەکی سیستەماتیک سەریان هەڵداوە، چونکە ژینگەی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانەدا لەبار بووە بۆ سەرهەڵدانێکی لەو جۆرە. بۆ نموونە شۆڕشی مەزن (The Glorious Revolution) لە بەریتانیادا لە ساڵی 1688 دا دەسەڵاتێکی زۆری دیاریکردنی دامودەزگاکانی ئابووری لە پاشای بەریتانیا سەندەوە و دای بە پەرلەمان. لە هەمان کاتدا، لەو سەردەمەدا و بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتە ئەوروپاییەکانی دیکەوە، سیستەمی کۆیلایەتی و فیودالی لە بەریتانیا بوونیان نەبوو، هەربۆیە دامودەزگاکانی کە دوای شۆڕشی مەزن دروستبوون زۆر زیاتر لەخۆگربوون لەچاو دامودەزگاکانی وڵاتە ئەوروپاییەکانی دیکە کە هێشتا سیستەمی فیودالی تێیاندا زاڵبوو. لە سەرووی ئەمانەوە، ئەو دوو نووسەرە باس لەوە دەکەن هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەو شێوە دامودەزگانەیان تێدا سەریهەڵداوە بە دووڕیانی وەرچەرخاندا (Critical Juncture) تێپەڕبوون کە ڕێگەیان خۆشکرد بۆ ئەو گۆڕانە مێژووییانە. بۆ نموونە: نەخۆشی لاڕەشە The Black Death کە لە ساڵی 1350دا ملیۆن و نیوێک لە کۆی چوار ملیۆن دانیشتووانی بەریتانیای کوشت و بووە هۆی لارسەنگییەکی دانیشتووانی ئەوتۆ کە بە تەواوی فیودالی لەناوبرد. لێرەدا، دامودەزگای سیاسیی لەخۆگر دەبنە مایەی دروستبوونی دامودەزگای لەخۆگری ئابووری. ئەم دوو دەزگا جیاوازانە کاری ئەرێنی دەکەنە سەر یەکتر. زۆر بەداخەوە زۆر جار دووڕیانی وەرچەرخان دێتە کایەوە بۆ وڵاتان، بەڵام توانایان نییە هەلی دامەزراندنی دامودەزگای لەخۆگری سیاسی و ئابووری دروستبکەن و هەلەکان لەبار دەچن. بۆ نموونە، کاتێک حکومەتی عوسمانی لە ساڵی 1840دا ویستی چاکسازی دامودەزگاکانی ئابووری و سیاسی بکات، زاڵبوونی فەرمانڕەوایی سوڵتانی وەرگر ڕێگەیان گرت لەو پێشکەوتنە. بەهەمان پێوەر، لە دوای جەنگی دووەمی جیهان، ئەو وڵاتانەی لە دەست کۆلۆنیالیزم ڕزگاریان بوو، هەلی وەرچەرخانیان بۆ ڕەخسا، بەڵام نەیانتوانی ئەو هەلە بقۆزنەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە کایەوە کە ئایا هەلومەرجی سەرهەڵدانی دامودەزگای لەخۆگر چین و ئەشێ لە هەموو وڵاتێکدا هەبن؟
هەرچەندە ئەو دوو نووسەرە نموونەی زۆر دەهێننەوە بۆ پاڵپشتی تیۆرییەکەیان، بەڵام ڕەخنەیەکی زۆر لە تەسک ڕوانینیان دەگیردرێت. بۆ نموونە: جارد دایمۆند (Jared Diamond) لەو بڕوایەدایە کە هەبوونی دامودەزگای لەخۆگر ڕەنگە 50 لە سەدای گۆڕانکارییەکان لێکبداتەوە، بەڵام تاکە هۆکاری گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە. بۆ نموونە: هۆکاری جیۆگرافی لە سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و هەبوونی ژینگەی بڵاوبوونەوەی پەتاکانی وڵاتانی ئیستوائی و کارتێکەری سەرچاوە سرووشتییەکان و زوو نیشتەجێبوونی ڕەوەندەکان و چۆنێتی سەرهەڵدانی دامودەزگاکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کارتێکەری جیاوازیان هەبووە. بۆ نموونە: چۆن دیاردەی جێگیربوون و سەرهەڵدانی کشتوکاڵ لە هەندی ناوچەدا بوونە هۆی دروستبوونی شارستانی پێش وڵاتانی دیکە. لە هەمان کاتدا، چۆن پەتاکانی ئیستوائی دەبنە هۆی کورتبوونی ڕێژەی تەمەن و ڕێ دەگرن لە کەڵەکەبوونی زانست و کارامەیی کرێکار. جارد دایمۆند بە دروستی پەنجە بۆ هۆکاری سامانە سروشتییەكان ڕادەکێشێت و دەڵێت: ئەجەمئۆگلو و ڕۆبنسن بە کەم سەیری کارتێکەری سامانە سروشتییەکان دەکەن لە سەرهەڵدانی گەندەڵی و دەسەڵاتداری دیکتاتۆری و وەرگر. بۆ نموونە: هیچ جیاوازییەک ناکەن لە نێوان هەبوونی ئاسن و دار لە لایەک، نەوت و ئەڵماس لە لایەکی تر. ئەزموونی گەشەکردنی وڵاتان ئەوە نیشان دەدەن کە هەبوونی نەوت و گاز و ئەڵماس نەفرەتن و هەبوونی دار و ئاسن بۆ گەشەکردنی ئابووری و سەرهەڵدانی حوکمڕانیی گەشەکەر خێروبێرن. لە لایەکی دیکە، ئەو دوو نووسەرە بە هیچ جۆرێک باسیان لە کارتێکەری دەرەکی بە باش و خراپ نەکردووە. بۆ نموونە کارتێکەری باشی سوودوەرگرتنی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی لە وڵاتانی دواکەوتوو بۆ مەبەستی بازاڕ و سەرچاوەی کاڵا سروشتییەکان و بازاڕی هەرزانی هێزی کار. لە هەمان کاتدا، کارتێکەری خراپ و ڕووخێنەری وڵاتانی پێشکەوتوو لە سەرکوتکردن و ڕێگرتن لە پێشکەوتنی وڵاتانی هەژار. بۆ نموونە: تێکشکانی هەوڵدانی پێشکەوتنی پیشەسازی لە سەردەمی محەمەد عەلی پاشای میسر لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا و دەیەها نموونەی لەو چەشنە.
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شکستهێنان
هەرچەندە نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ لە میزۆپۆتامیا لە هەمان کاتی چیندا سەریان هەڵدا، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزبەندی وڵاتانی دواکەوتووی جیهان دەژمێردرێن، لە ڕووی سیاسیشەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونی خراپترین دیکتاتۆری جیهانیان هەبووە. لە خشتەی وڵاتانی شکستخواردوودا یەمەن و عێراق و سووریا لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و ناجێگیردان کە تا ئێستاس دووچاری شەڕێکی ناوخۆی گشتگیر بوونەتەوە کە ئاسۆی ڕەواندنەوەیان لە پاشەڕۆژێکی نزیكدا دیار نییە. ئاشکراشە کە ئەو بارودۆخانە دەرئەنجامی سیستەمێکی دیکتاتۆری وەرگر بوون کە لە خزمەتی توێژێکی فەرمانڕەوای تەسکدا بوون. تەنانەت ئەو وڵاتانەش لە ناوچەکەدا کە باری ئابووری و ئاسایشیان سەقامگیر دیارە، گەر نەوتیان لێ دەربکەیت هەموویان لە ڕیزبەندی وڵاتانی شکستخواردوودا دەبن.
هۆکاری دواکەوتن و شکستخواردنی ئەم وڵاتانە مشت و مڕێکی زۆریان لە سەرکراوە. هەرچەندە ئەجەمئۆگلو و ڕۆبنسن هۆکاری گەشەنەکردنەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ مێژووی دامودەزگاکانی وڵات، کە لە راستیدا هۆکارێکی گرنگە، بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەن کە ئەوانیش نەخشی گرنگیان هەبووە لە دواکەوتنی ئەو وڵاتانە. بۆ نموونە: کارتێکەری جەنگەکانی عەرەب و ئیسرائیل کە سەروەت و سامانێکی یەکجار زۆری بەفیڕۆدان و بووە مایەی دروستکردنی سوپای گەورە و بێکەڵک و لە هەمان کاتدا هاتنە سەر حوکمی سوپاکانی ئەو وڵاتانە بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ. لە کاتێکدا، كەلتوور و ئایینی زاڵی ئەو وڵاتانە کە لە ڕووی شارستانییەوە خۆیان بە دەستەباڵاتر دەزانن بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی. بێگومان نەبوونی دیموکراسی ڕاستەقینە بووەتە مایەی سەرهەڵنەدانی دامودەزگای لەخۆگر و نەبوونی لێپێچینەوە لە فەرمانڕەوایان لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە. دیاردەی بەناو (بەهاری عەرەبی) لە وڵاتانی تونس و میسر و لیبیا نەبووە هۆی دروستکردنی دووڕیانی وەرچەرخان. تەنانەت گەر ئەو بەهارەش سەرکەوتوو بوایە لە ڕووی سیاسییەوە ئەگەری هاتنەکایەی دامودەزگای لەخۆگر لەو وڵاتانەدا زۆر ئاستەم دەبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەو ئەگەرەی دروستکردووە ئەوەیە کە زاڵبوون و فەرمانڕەوایی سیستەمی دیکتاتۆری لەو وڵاتانەدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ زەمینە و ژێرخانی کۆمەڵگەی مەدەنی وا لەناو بردووە کە ژینگەی لەباری سەرهەڵدانی دامودەزگای لەخۆگریان ئاستەم کردووە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو شیکردنەوانەی سەرەوەدا، باسکردنی بارودۆخی ئیستای کوردستان پێویستیان بە هەڵوێستەیەکی ورد هەیە. هەرچەندە کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و ناتواندرێت بە وڵاتی شکستخواردوو ناوببرێت، بەڵام ژێرخانی ئابووری و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاناییەکی زۆریان لەگەڵ بارودۆخی وڵاتانی ناوچەکە هەیە. لە کاتێکدا کە سەربەخۆیی کوردستان هاتووەتە پانتایی سیاسەتی ناوچەکە و دەنگدانەوەیەکی نێونەتەوەیی دروستکردووە، پرسی ئەوەی چۆن کوردستان خۆی بپارێزیت لە دروستبوونی وڵاتێکی شکسخواردوو شایانی بایەخ و تێڕوانینی قووڵ هەیە لەلایەن سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی وڵاتەوە. زۆر گرنگە پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بە وردی بیر لەوە بکرێتەوە کە هۆکارەکانی شکستخواردن لاواز بکرێت و ڕێگە خۆشبکرێت بۆ هێنانەکایەی دامودەزگای لەخۆگر و سیستەمێکی دیموکراسی. دروستکردنی ژێرخانێکی ئەوتۆ کە بەردەوامی کەڵەکەکردنی زانست و سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ پاشەڕۆژ دابین بکات. لەمەڕ ئەم پرسەدا دەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو بەردەوامییە یەکڕیزی ماڵی کوردە و نەهێشتنی ململانێی چەکداریە لە وڵاتدا. ئەزموون و مێژووی وڵاتانی پێشکەوتوو ئەوە پیشان دەدەن کە هەر میللەتێک پەنای برد بۆ چەک و توندوتیژی بۆ لابەلاکردنی ململانێکان، ئاسۆی پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتیان زۆر دوادەکەوێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بگوترێت کە سەقامگیری و بەرقەرابوونی ئەمن و ئاسایش لە سایەی سیستەمێکی دیکتاتۆری و ناپێشکەوتووخوازیشدا مەرج نییە ببێتە مایەی پێشکەوتن. باشترین نموونە هەبوونی ئەمن و ئاساییشە لە لیبیا و سووریا و میسر و تونس و جەزائیر و لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکاندا.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە دووپات بکەینەوە کە بەرزکردنەوەی ئەگەری هێنانە کایەی وڵاتێکی سەرکەوتوو و کەمکردنەوەی ئەگەری وڵاتێکی شکستخواردوو لە کوردستانی داهاتوودا پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی تایبەت و سەربەخۆ هەیە و هیوادارین ئەم وتارە ڕێی خۆشکردبێت بۆ کردنەوەی دەرگای ئەو لێکۆڵینەوانە.