تێكەڵكردنی ئایین بە ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی

تێكەڵكردنی ئایین بە ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی
یەكێك لە روواڵەتە دیارەكانی ئەم سەردەمە بریتییە لە تێكەڵكردنی ئایین بە ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی، ئەمەش زۆر هۆكاری هەیە، لەوانە:
یەكەم: هۆكاری دەروونی، كە ئەمەش لە هەستكردن بە لاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە كاتێك باوەڕداران تێگەیشتنیان بۆ ئایین رێك بووبێت، هەمیشە هەستیان بە بەهێزی خۆیان كردووە و، تێگەیشتنەكانیشیان رێك و جوانتر بوون و خوداپەرستێكی گەشبین بوون لە ژیاندا و خاوەن پەیامێكی ئینسانییش بوون بۆ خەڵكی، بۆیە لەم ساتەوەختەدا ئەفسانە، بوونی نەبووە، بەڵام كاتێك باوەڕداران دواكەوتووبوون و بەرگەی پێشكەوتنەكانی بەرامبەریان نەگرتووە، هەستیان بە لاوازی كردووە و، ئەوسا پەنایان بردۆتە بەر ئەفسانە.
دووەم: هۆكاری سیاسی: تێكەڵكردنی ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی بە ئایین لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە زۆربەی نەتەوەكانی دەور و بەر بە فارس و رۆم و عەرەبەوە، لە رێگەی بەكارهێنانی ئایینەوە پاڵپشتیی مەرامە سیاسییەكانیان كردووە، تەنانەت ئەگەر ناچاری هۆنینەوەی ئەفسانەش بووبن، بەمەش زۆرێك لە ئەفسانەی گەلان تێكەڵ بە خودی ئایین بووە.
سێیەم: هۆكاری دەمارگیری، ئەمەش پەیوەستە بە مەسەلەی دەمارگیری لە جیهانی ئیسلامیدا، كە بۆتە مایەی ئەوەی رێبازێكی ئایینی دیاریكراو لە بەرامبەر رێبازێكی دیكەی ئایینی دیاریكراودا ئەفسانە بۆ خۆی دروست بكات، لەبەرامبەر ئەوانی دیكەشدا بیخاتە ناو ئایینەوە، دواتریش كردوویانەتە مەسەلەیەكی ئایینی و خراوەتە ناو ئایینەوە.
چوارەم: هۆكاری حزبی، بەپەیدابوونی حزی سیاسیی ئایینی، بە شێوەیەكی خێرا هەموو چاوەكان كەوتنە سەر بواری سیاسی، بەمەش كاری ئایینیی راستەقینە پووكایەوە، لەلایەك كێڵگەی وشكی سیاسەت ناخی مرۆڤەكانی بەرەو دنیاگەری برد، لەولاشەوە بواری تەسەوفی راستەقینە نەما بۆ ئەوەی رۆحی مرۆڤەكان تێرئاو بكات.
بۆیە ئایین بە شێوەیەكی ئاسۆیی پەرەی سەندو، زیاتریش بایەخی بە رووخسار و شكڵی دەرەوەی مرۆڤ داوە و، پانتایی و رووبەرێكی ئاسۆیی گرتووە لە ژیانی تاكەكان و لە كۆمەڵگەدا، بەڵام لە رووی ستوونی و لە رووی تێگەیشتن و وردبوونەوە و تێگەیشتنی ورد لە دەقی ئایینیدا تووشی وەستان بۆتەوە.
بۆیە بە هاتنەئارای حزبی سیاسیی ئایینی دەتوانین بڵێین شێوازی دەرەكی ئایین و شتە رووكەشییەكانی ئایین و دەستگرتن بە شێواز و سرووتە ئاینییەكان بە شێوەیەكی ئاسۆیی زیاتر بووە، بەڵام لە پێش پەیدابوونی حزبی سیاسیی ئایینیدا، دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی وردتر و قووڵتر هەبووە دەربارەی دەقە ئاینییەكان.
لەبەر ئەوەی ئێمە بەشێك بووین لە عێراق و عێراقیش بەشێك بووە لە (نیشتمانی عەرەبی) و نیشتمانی عەرەبیش بە بەردەوامی لە شكستدا بووە، ئەوەش كە پێی دەگوترا قوتابخانە هزرییەكانی نەتەوایەتی عەرەبی و كۆمۆنیستی عەرەبی بەرگەی ئەم هەموو شكستەیان نەگرتووە، بۆیە ئەوان پەنایان بردۆتە بەر ئایین بە مۆدێلە سیاسییەكەی، مۆدێلی سیاسییش ئەوەندەی دیعایەیە، ئەوەندە دەعوە نییە، ئەوەندەی رووكەشی و رووبەریی و ئاسۆییە، ئەوەندە ستوونی و رۆچوون نییە بە ناخی مرۆڤەكاندا، بۆیە دەبینین ئایین لە نیشتمانی عەرەبیدا كراوەتە هۆكارێك بۆ دروستكردنی كەفوكوڵ و حەماسەتكردن بە بەری مرۆڤەكاندا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمە دیكتاتۆرییەكانی وڵاتی خۆیاندا.
ئەم جۆرە گوتارەش پەڕیوەتەوە بۆ نێو عێراق و دواتریش بۆ ناو كوردستان، ئەوەش وایكردووە زیاتر مۆركی سیاسی و مۆركی رووكەشی پێوە زال بێت تا قووڵبوونەوە و عیرفانیەت و تەسەوفی حەقیقی و دروستكردنی پردی پێوەندیی راستگۆیانە لەنێوان تاكەكان و خودادا.
بۆیە لە بەرامبەر ئەم حاڵەتانەشدا پێویستە ئایین بەرزتر بێت لە هەموو جۆرەكانی ئەفسانە و دەمارگیری و دەبێت ئایین بەرزتر بێت لە هەموو بۆچوونێكی سیاسی و تێڕووانینێكی تەسكی حزبی و دەبێت ئایین هەمیشە باری دەروونی مرۆڤەكانی بەرزتر راگرتبێت و، فێری جواندۆستی و گەشبینییان بكات، نەك هاندەریان بێت بۆ پەنابردنە بەر ئەفسانە و دەمارگیریی حزبی بەناوی ئایینەوە.
Top