چەند پێشنیارێك دەربارەی چاكسازیی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستاندا

چەند پێشنیارێك دەربارەی چاكسازیی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستاندا
هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێ لە ئەنجامی قەیرانی دارایی كە رەنگە ماوەیەكی زۆر بخایەنێت، ئەو هەلومەرجەی كە عێراق بەشێوەیەكی گشتی پێیدا تێپەڕی و هەرێمی كوردستانیش بە شێوەیەكی تایبەتی لە بواری سیاسی و ئابووری، نەخاسمە ئەو سیستەمە سۆسیالیستییەی كە رژێمی پێشوو گرتبوویەبەر بەم پێیە حكومەت هەموو چالاكییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی گرتبووە دەست، كە پێویستە هەموو دەرچووان لە دامەزراوە حكوومییەكان دابمەزرێن، وێڕای هەندێ رێوشوێن كە لەلایەن چەند ئیدارەیەك پەیڕەوكرا بۆ دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەر لە فەرمانگە حكوومییەكان كە زۆر لە پێویستیی حكومەت كەمتربوو، ئەو هەلومەرجە بووە هۆی هەڵاوسان لە دامەزراوە حكوومییەكان لەبەر ئەو هەموو كارمەندە نەشیاوانە، هەروەها سەرهەڵدانی بێكاریی داپۆشراو و زیادبوونی تێچوونی حكومەت لە رووی مووچە و دەرماڵە و خەرجییەكانی بەكاربردن.
بۆ رووكردنە سیستەمی بازاڕ لە سیستەمی سۆسیالیستییەوە وا پێویست دەكات چاو بەو چالاكییانەدا بخشێنرێتەوە كە حكومەت ئەنجامیان دەدات و پێویستە بۆ كەرتی تایبەت بگۆڕدرێن، بەم رێگەیەش دەكرێت ژینگەیەكی تازە و دەرفەتی تازەی ئیشكردن لە كەرتی تایبەت بهێنرێتە كایەوە و هانی فەرمانبەران بدرێت كە واز لە كاری حكومەت بهێنن و بارگرانیی دارایی سووك ببێت، هەروەها دیاردەی بێكاریی داپۆشراو كەم بكرێتەوەو دەرفەتی تازە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگە و كۆلێژەكان بڕەخسێنرێت.
بوونی دەزگایەكی بەتوانای كارگێڕی بە پێداویستییە بنەڕەتییەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دادەنرێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بەردەوامبوونی ئەو پڕۆسانە، ئەو فرە دامەزراوە كارگێڕییانە لە لایەن و دەستگاو سیستەم و رێكارەكان دامەزراوەیەكی تەواو پێكدەهێنن كە پێویستە گونجانێك هەبێت لەنێوان ئەركی ئەندامەكانیان و كارلێكیان لەگەڵ كۆمەڵگە بەو پەڕی تواناو لێهاتووییەوە. جا لەبەر ئەوەی پێویستییەكانی پەرەپێدان هەمیشە لە گۆڕانكاریی بەردەوامدان، بۆیە وەدیهێنانی ئەم مەبەستە وا دەخوازێ دامەزراوەو دەستگا كارگێڕییەكان بەردەوام لە پەرەپێداندا بن، لە سۆنگەی ئەو پرەنسیپەوە پڕۆسەی پەرەسەندنی بەردەوامی دامەزراوەو دەستە گشتییەكان یەكەم هەنگاوی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتییە لە هەرێمدا.
بۆیە پێشنیاری ئەم رێكارانەی خوارەوە دەكەین:
یەكەم: پوختەكردنی حكومەت
1. هێنانەكایەی حكومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو و كارامە كە هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لەخۆ بگرێت و توانای حوكمڕانیی هەرێمی هەبێت بۆ بەدیهێنانی خواست و ئاواتی هاووڵاتیان لە میانەی دابینكردنی ئاسایش و هێنانەكایەی دەرفەتی كار بۆ وەدیهێنانی یەكسانی لە نێوان هەموو هاووڵاتیاندا بە چاوپۆشی لە ئینتیمای سیاسی و بیروباوەڕی ئایینییان.
2. چاوخشاندنەوە بە هەیكەلبەندی حكومەت، بە شێوەیەك كە ژمارەی وەزارەتەكان كەم بكرێتەوەو هەندێكیان تێكەڵ هەندێكی دیكەیان بكرێت و بكرێنە وەزارەتی پسپۆڕ، بە شێوەیەك كە ژمارەكان و ئەركەكانیان لەگەڵ قەبارەی هەرێم لە رووی دانیشتووان و چالاكییەكانیاندا بگونجێت، بۆیە پێشنیار دەكەین كە وەزارەتەكان بەم شێوەیە بن:
أ: وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا (هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو بەڕێوەبەرایەتییەكانی لاوان بگرێتەوە).
ب: وەزارەتی تەندروستی و ژینگە (وەزارەتی تەندروستی و دەستەی ژینگە بگرێتەوە).
پ: وەزارەتی داد و كاروباری كۆمەڵایەتی( وەزارەتەكانی داد، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، شەهیدان و ئەنفالكراوان بگرێتەوە) .
ت: وەزارەتی خزمەتگوزارییەكان (وەزارەتەكانی شارەوانی، گواستنەوەو گەیاندن، نیشتەجێبوون و ئاوەدانكردنەوە بگرێتەوە).
ج: وەزارەتی پەرەپێدان (وەزارەتەكانی پلان، پیشەسازی و بازرگانی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەستەی وەبەرهێنان بگرێتەوە).
چ: وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندن.
ح: وەزارەتی وزە (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و هەندێ بەڕێوەبەرایەتی سەر بە وەزارەتی كارەبا بگرێتەوە).
خ: وەزارتی دارایی.
د: وەزارەتی ناوخۆ.
ر: وەزارەتی پێشمەرگە.
3. هەڵبژاردنی وەزیرەكان لەپاڵ ئینتیمای سیاسییان، بەپێی لێهاتوویی زانستی و شارەزایی و توانای گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتیی گەورە بێت، هەروەها دەبێ تەكنۆكرات بن، تاكو خەسڵەتی گشتگیری و زانستییان پێ بدرێت.
4. وەزارەتەكانی حكومەت ئەركەكان بگرنە ئەستۆ لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئابووری كە حكومەت دەیگرێتەبەر بەپشتبەستن بە ئابووریی بازاڕ و ناسەنتڕالییەت و كاراكردن و پاڵپشتیكردنی رۆڵی كەرتی تایبەت و بۆ دڵنیابوونیش لە دیاریكردنی رۆڵی وەزارەتەكان پێویستە سترایژییەتی دوورخایەن دابنرێت و نەخشەی سیاسەتە گشتییەكان تایبەت بە دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بۆ هاووڵاتیان بكێشرێت و چاودێریی جێبەجێكردن و بەدواداچوون بكرێت.
5. پێویستە چاو بخشێنرێتەوە، دڵنیاییش هەبێت لە دیاریكردنی ئامانج و ئەركەكانی هەموو وەزارەتێك بە روونی و ئاشكرا، بە شێوەیەك لەگەڵ یەكدی تێكچڕژاو نەبێت، بەمەش میكانیزمی هەماهەنگی لە نەخشەدانانی سیاسەتەكان بەهێزدەبێت، لەم بوارەشدا پێشنیار دەكەین یاساكانی ئێستای وەزارەتەكان هەڵبوەشێنرێنەوەو یاسای تایبەت دەربكرێن بە ناونیشانی یاسای دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە تێیدا ئەركەكانی هەموو وەزارەتەكان دەست نیشان بكرێن كە بەرپرسن لە دانانی ستراتیژییەكان و نەخشەی سیاسەتەكانی تایبەت بە چالاكییەكانیان، بەم شێوەیە ئەركەكانی جێبەجێكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێیەكاندا دەبێت.
6. كەمكردنەوەی ژمارەی راوێژكاران لە وەزارەتەكاندا بە شێوەیەك بۆ هەر وەزارەتێك لە 2 راوێژكار تێنەپەڕێت و پسپۆڕ و خاوەن شارەزایی بن لە بواری ئەركەكانی وەزارەتدا.
7. ژمارەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتەكان كەمبكرێتەوە، بەپێی ئەركەكانی هەر وەزارەتێك بەشێوەیەك كە ژمارەیان لە 75 بەڕێوەبەری گشتی لە حكومەت تێپەڕنەكات.
دووەم: نوێ كردنەوەی ئەم دامەزراوانە
1. دەستگای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی
كردنەوەی دەستگایەكی سەربەخۆ بە ناوی دەستگای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە بودجەكەی بە تەواوی لە بودجەی حكومەت جودا بێت، ئەركی ئەم دەستگایە پێدانی مووچەی خانەنشینان بێت و داهاتەكەشی لە بڕینی بەشە خانەنشینی فەرمانبەرانی فەرمانگە حكوومییەكان بێت، هەروەها لە كارمەندان و بزنسمانانی كەرتی تایبەت، جا بۆ دابینكردنی ئەو بودجەیە لە ئێستادا پێویستە هەندێ رێوشوێن بگیرێتەبەر لەوانە بانگهێشتكردنی كۆمپانیاكانی ناوخۆ و دەرەوەی نەوت بۆ بەشداریكردن لە دابینكردنی پارەی نەختی، كە پێویستە ئەم دامەزراوەیە وەبەرهێنان لە داهاتەكەیدا بكات بۆ زیاتر بەدەستهێنانی داهات.
2. دەستگای خزمەتگوزاریی مەدەنی.
كردنەوەی دەستگایەكی سەربەخۆ بە ناوی دەستگای خزمەتگوزاریی مەدەنی كە هەموو كاروباری خزمەتگوزاریی مەدەنیی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتە ئەستۆ ئەوانەی پەیوەستن بە رێنماییەكان و بەرزكردنەوەو هەڵبژاردنی بەرپرسانی كارگێڕی و راهێنانی فەرمانبەران.
3. دەستگای ئاوو ئاوەڕۆ
كردنەوەی دەستگایەكی سەربەخۆ بە ناوی دەستگای ئاوو ئاوەڕۆ كە ئەركی دانان و جێبەجێكردنی ستراتیژییەكان و پلانەكان و دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بێت.هەروەها پێداویستییەكانی زێراب و ئاوەڕۆكان.
4. دەستگای كارەبا
كردنەوەی دەستگایەكی سەربەخۆ بەناوی دەستگای كارەبا كە ئەركی هەموو كارەكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و دابەشكردنی وزەو چاككردنەوەی ئامێرەكانی كارەبایی و كۆكردنەوەی كرێی كارەبا بێت.
5. دەستگای كوالیتی كۆنتڕۆڵ
كردنەوەی دەستگایەكی سەربەخۆ كە ئەركی رێكخستنی هەموو رێكارە پێویستییەكانی دەستەبەركردنی باشیی كاڵاو بەرهەمە هاوردە و پۆلێنكراوەكانی ناو هەرێم بێت، كە بریتین لە دەرمان و كەلوپەلی خۆراك و هەموو ماددەو پێداویستییەكانی بەكارهاتوو لە پڕۆژە ستراتیژیی و حكوومییەكان و ناوخۆدا. هەروەها تەكنۆكراتی شیاو و پسپۆڕ بەڕێوەبردنی ئەم دەستگایانە لەئەستۆ بگرن و بەپێی لێهاتوویی و كارامەیی هەڵدەبژێردرێن.
سێیەم: كەمكردنەوەی قەبارەی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان
1. خانەنشینكردنی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان بە مووچەی ئێستایان لە نەخوێندەوار و بێ بڕوانامەی سەرەتایی كە تەمەنیان 50 ساڵە.
2. خانەنشینكردنی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان بە مووچەی ئێستایان لە خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی كە تەمەنیان 52 ساڵە.
3. خانەنشینكردنی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان بە مووچەی ئێستایان لە خاوەن بڕوانامەی ناوەندی كە تەمەنیان 55 ساڵە.
4. خانەنشینكردنی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان بە مووچەی ئێستایان لە خاوەن بڕوانامەی دواناوەندی كە تەمەنیان 60 ساڵە.
5. خانەنشینكردنی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان بە مووچەی ئێستایان لە خاوەن بڕوانامەی پەیمانگاكانی تەكنیكی كە تەمەنیان 63 ساڵە.
6. دانانی 65 ساڵ بۆ تەمەنی خانەنشینیی كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان لە خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریوس.
7. دانانی 66 ساڵ بۆ تەمەنی خانەنشینیی خاوەن بڕوانامەی ماجستێر.
8. دانانی 68 ساڵ بۆ تەمەنی خانەنشینیی خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا و بەرامبەرەكانی.
چوارەم: موڵكەكانی حكومەت:
1. حكومەت ئەو شوقە و خانووانەی هەیەتی بفرۆشێتە ئەوانەی تێیاندا نیشتەجێن بەو نرخانەی كە لیژنەیەكی پسپۆڕ دەستنیشانی دەكات، چ بە كاش یان بە قیست.
2. حكومەت هەموو ئەو ئۆتۆمبیلانەی بۆ بەرپرسان تەرخانكراون بفرۆشێت بەو نرخانەی لیژنەیەكی پسپۆڕ دەستنیشانی دەكات، چ بە كاش یان بە قیست.
3. هەر موڵكێكی دیكەی نەگونجاو و زیاد لە پێویستی حكومەت.
پێنجەم: خانووە بەكرێگیراوەكان
1. چاوخشاندنەوە بە دابەشكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكان و بەشەكانی وەزارەت و یەكخستنیان لە بینایەی سەربەخۆ كە هەموویان بە شێوەی یەكگرتوو لەخۆ بگرێت.
2. دیاریكردنی ئاستی نرخی تایبەت بەو كرێیانەی دەدرێنە بیناییە بەكرێگیراوەكانی حكومەت، بەڵام دەبێ هەلومەرجی ئێستای كرێ لەبەرچاو بگیرێت.
شەشەم: خزمەتگوزارییە گشتییەكان
1. پاككردنەوەی فەرمانگە حكوومییەكان بە كەرتی تایبەت بسپێردرێت.
2. ئەركی گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ فەرمانگە حكوومییەكان و بە پێچەوانەوە بە كەرتی تایبەت بسپێردرێت.
3. ئەركەكانی چاككردنەوەی پەیوەست بەو بوارانە بە كەرتی تایبەت بسپێردرێت.
4. ئەركی پاسەوانیكردنی بینایە حكوومییەكان بسپێردرێتە وەزارەتی ناوخۆ، یان كەرتی تایبەت.
حەوتەم: كەمكردنەوەی ئەو داواكارییانەی پێویست نین
أ: كەمكردنەوەی ژمارەی یاوەرانی وەزیران بۆ 2 كەس و لە پێكهاتەی وەزارەتی ناوخۆ بن.
ب: هەڵوەشاندنەوەی ژمارەی ئەوانەی بۆ یاوەریكردنی بریكاری وەزارەتەكان تەرخانكراون.
ت: هەڵوەشاندنەوەی پلەی ئەو شوفێرانەی بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەرپرسانی حكوومی دانراون و هەر بەرپرسێكیش خۆی ئۆتۆمبیلەكەی لێبخوڕێت.
پ: هەڵوەشاندنەوەی پلەكانی بەردەست لە هەموو فەرمانگە حكوومی و خزمەتگوزارییەكان جگە لە نووسینگەی وەزیرەكان.
هەشتەم: بەتایبەتیكردنی هەندێ چالاكیی حكومەت
پێویستە دەست بكرێت بە بەتایبەتیكردنی چەند چالاكییەكی هەندێ وەزارەت كە ناخوازرێت لە سیاسەتی كارپێكراوی ئابووری ئەنجام بدرێن وەكو تاقیگەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە، كۆكردنەوەی كرێی خزمەتگوزاری وەك پارەی كارەباو ئاوو باجەكانی حكومەت.
نۆیەم: دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەش
دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەش لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت و خەڵك بەگشتی بۆ ئەنجامدانی هەندێ ئەرك و چالاكی كە حكومەت لەئەستۆی گرتوون.
دەیەم: هۆیەكانی دەرچوون
أ: واقیعی ئێستای وەزارەتەكان دەخوازێ كە چاو بخشێنرێتەوە بە هەیكەلبەندییەكانیان بۆ نموونە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی كە هیچ پیشەسازییەكی ناسراو لە هەرێمدا نییە جگە لەوەی كە وەزارەتی بازرگانی واتا هەناردەو هاوردەكردن، بەڵام هیچ كەلوپەلێك نییە كە هەناردەی دەرەوە بكرێت و زۆربەی كەلوپەلەكان لە دەرەوەی عێراق هاوردەدەكرێت، بۆیە ئەركی ئەم وەزارەتە زۆر سنووردارە، هەمان نموونەش بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و گواستنەوە گەیاندنە كە هیچ هۆیەكی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی و وشكانی نییە، هەروەها گەیاندنیش هەر لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبردرێت.
ب: جیاوازییەكی گەورەو دووفاقییەك هەیە لە نێوان یاساكانی ئێستای وەزارەتەكان سەبارەت بەو ئەركانەی كە ئەنجامیان دەدەن، هەروەها دەركردنی یاسای دەسەڵاتی جێبەجێكردن رۆڵی حكومەت بەهێز دەكات و دووفاقیی لە ئەركەكان ناهێڵێت.
پ: لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری راوێژكاران لە وەزارەتەكان كاردەكەن، بەڵام تواناو لێهاتووییان نییە لە رووی بڕوانامەو پسپۆڕییەوە (بۆ نموونە لە وەزارەتێكی دیاریكراودا 8 راوێژكار هەن كەچی ئەركەكانی ئەو وەزارەتە زۆر سنووردارن).
ت: لە ئێستادا ژمارەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەو ژمارەیە زیاترە كە بەپێی قەبارەی حكومەت و دانیشتووانی هەرێم پێویستە، بۆ نموونە میرنشینی دوبەی لەلایەن شارەوانیی دوبەیەوە بەڕێوەدەبرێ كە بەرپرسە لە هەموو چالاكییەكی بیناسازی و گواستنەوەو پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، ئەم شارەوانییەش لەلایەن فەرمانبەرێكەوە بەڕێوەدەبرێت كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییە.
ج: ژمارەیەكی زۆری كارمەندانی فەرمانگە حكوومییەكان لە نەخوێندەوارو خاوەن بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندین زۆربەی ئەو پۆستانەش خزمەتگوزارین، دەكرێ بە كەرتی تایبەت بسپێردرێن، ئەو كەسانەش كە خانەنشین دەكرێن، دەتوانرێ لای كەرتی تایبەت دابمەزرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی چاككردنی رەوشی گوزەران و داراییان.
چ: تێكەڵییەك هەیە لەنێوان مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێداویستیی هەردووكیشیان لێكدی جیاوازە و پێویستە جیابكرێنەوە تاكو بەردەوام بێت.
ح: بوونی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی نەخوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی ناوەندی لە فەرمانگە حكوومییەكان كە پارەیەكی زۆر دەخاتە ئەستۆی حكومەتەوە، وێڕای سەرمووچەی ساڵانە و بەرزكردنەوە پارەیەكی زۆریش بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن تەرخان دەكرێت. هەروەها بەشێوەیەكی نەرێنی كاردەكاتە سەر لێهاتوویی سیستەمەكە كە پێویستە دەستگای حكوومی لەو جۆرە كەسانە پاكبكرێتەوەو بواریان پێ بدرێت لە كەرتی تایبەت كاربكەن و بەمەش دەرفەتێكی تازە بۆ دەرچووانی كۆلێژەكان دەڕەخسێنرێت.
خ: حكومەت خانوو و شوقەی زۆری هەیە كە بەشێوەیەكی چاك وەبەرنەهێنراون، دەكرێ داهاتێكی دیكە بۆ گەنجینە بدۆزرێتەوە لە رێی فرۆشتنی ئەو خانوو و شوقانە چ بۆ نیشتەجێبووانیان یاخود بۆ كەسانی دیكە.
د: بوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی حكوومی كە بۆ بەرپرسان تەرخانكراون لە فەرمانگە حكوومییەكان و بە جوانكاریی فەرمانگەكان دادەنرێن و پێویستە چاو بەمەدا بخشێنرێتەوە و ئەو ئۆتۆمبێلانە بفرۆشرێن كە پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینە دابین دەكات و بەرپرسانیش دەتوانن ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان بەكاربێنن و هەرخۆشیان لێی بخوڕن.
ر: لە ئەنجامی هەڵاوسانی كارگێڕی و بوونی دیاردەی بێكاریی داپۆشراو ژمارەیەكی زۆری فەرمانگە حكوومییەكان بوونەتە نیمچە قاوەخانە كە فەرمانبەران بۆ بەسەربردنی كات تێیدا كۆدەبنەوە، پێویستە سنوورێك بۆ ئەم دیاردە نەرێنییانەی فەرمانگە حكوومییەكان دابنرێت.

ئەم بابەتە نووسەر وەك بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی، ئێمەش لە روانگەی كاری بەردەوامی گوڵان لەسەر پرۆسەی چاكسازی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بڵاوی دەكەینەوە.
Top