چارەسەری كوردییانە

چارەسەری كوردییانە
بەپێی هەواڵێكی بڵاوكراوە لەبەشە كوردییەكەی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی چوارشەممە بەرواری (1/7/2015) كاتێك هەر یەكە لە (بلیندا لویس)ی جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق و، (ئەگنس ماكی) كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، لەبارەی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كێشەكانی ئەم دواییە، ئەم داوایە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن و دەڵێن:
(پێمان باشە فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكان چارەسەرێكی كوردییانە بۆ كێشەكان بدۆزنەوە)
لێرەوە بەریتانیای خاوەن كەلتووری دیموكراسیی رێنماییمان دەكات بۆ زانینی ئەوەی كە هەرچەندە دیموكراسیی چەمكێكی جیهانییە، بەڵام لەواقیعدا رەهەندێكی لۆكاڵیشی هەیە، بۆیە پێویستە هەموومان پەند وەربگرین لەم رێنماییە بۆ ئایندەی هەرێمەكەمان، چونكە هەرێمەكەمان پێگەیەكی یەكجار گرنگی هەیە لەسەر نەخشەی جیهانیی و كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیی و، پێگەیەكی یەكجار گەورەی كەناكرێت بیخەینە بەر هەڕەشەو لێكترازان.
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە ئەزمونێكی نیمچە دیموكراسیی هەڵكشاوە بەرەو باشترو، لەرووی ئابووریشەوە خاوەنی نەوت و غازو كانزای گرانبەهاو رووبەری كشتوكاڵیی فراوانە بۆ ئایندەو، لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە كۆمەڵگەیەكی كراوەی مەدەنیی و پێشكەوتووانەیەو، لەڕووی ئاینییەوە: شوێنی پێكەوەژیان و قەبوڵكردنی جیاوازەكان و لێبوردەییەو، لەڕووی سەربازییەوە: وەك هێزی سەربازیی یەدەكی دۆستانەی ئەمریكاو ئەوروپا تەماشا دەكرێت و، لەكاتی پێویستیشدا پڕ چەك دەكرێت و مەشقیشی پێدەكەن.
ئەمە جگە لەوەی كە جیۆپۆڵۆتیكی كوردستان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زۆر گرنگە، چونكە ناوەندێكی چاودێرییە لەنێوان چوار وڵاتی عێراق ئێران، سوریا، توركیاو، هێڵی ترانزێتە لەنێوان توركیاو ئەوروپا بەرەو عێراق و وڵاتانی كەنداو، پێگەیەكە بۆ دامەزراندنی بنكەی سەربازیی هەمیشەیی ئەمریكاو ئەوروپاو، كاریگەریی لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستان هەیە بە ئاڕاستەی ئاشتی و ئارامیی وڵاتانی ناوچەكەو، رێرەوی زۆرێك لە سەرچاوە ئاوییەكانیشە لێرەوە بەرەو عێراق، دەتوانرێت عێراقی پێ كۆنتڕۆڵ بكرێت، وەك ڕۆڵی باشووری سودان لەسەر سودان و میسر لەڕووی ئاوەوە.
بۆیە ئێستاش ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەكانیان هەمیشە بەم ئاڕاستانەی لای خوارەوە بووە بۆ هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی خاوەن تایبەتمەندی كەلتووری جیاوازو، هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمداو، رێنماییكردنی وڵاتانی دۆستی ئەمریكا بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكانیان لە كوردستان و، ڕوانینە هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی جێگەی متمانە بۆ یارمەتیدانی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە.
بۆیە هەرچەندە هەرێم بەشێكە لە عێراق، بەڵام بەپێی ئەو راستییەی كە وڵاتانی ناوچەكە پێشی نزیكەی 100 ساڵ دابەشكران بەسەر وڵاتانی ئەوروپای سەركەوتووی دوای جەنگی یەكەمی جیهانیی و، چونكە عێراقیش لە دەستی بەریتانیادا بوو بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەروەها لەدوای ساڵی 2003 وەو بەهاتنی ئەمریكاو هاوپەیمانانی بەشێكی گەورەی دۆسیەی سیاسیی كوردستان بەدەستی بەریتانیاو ئەمریكاوەیە بەپلەی یەكەم .
كەواتە وەك ئەم یاریگە گرنگەمان هەیە، با یاریزانی سیاسیشمان یاریزانی چاك بن و، ئەم هەرێمەمان بگەیەننە ئاستی دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن ئاڵاو سەروەریی، بەسازان و یەكگرتوویی و یەكڕیزیی.

تێبینیی: ئەمە كورتەی هەواڵەكەو لینكی هەواڵەكەیە لەبەشی ئینگلیزیی سایتی پەرلەمانی كوردستان
7/2/2015
On Wednesday، July 1، 2015
Deputy-Ambassador of Britain to Iraq، Blinda Louise British Consul General to the Kurdistan Region، Agnus MacKee.
They recommended the Kurdistan Parliament to find a Kurdish solution for the issues...
http://www.perleman.org/Default.aspx?page=article&id=22671&l=1#sthash.xvvq64ah.dpuf
Top