گەڕەكی جولەكان لە قاهیرە

گەڕەكی جولەكان لە قاهیرە
رەمەزانی رابردوو چەند كەناڵێكی سەتەلایتی جیهانی عەرەب، درامای گەڕەكی جولەكانیان نمایش كرد كە ژیانی میسرییەكان لەكۆتایی ساڵانی چلەكان و پەنجاكانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوەو زۆرتر بایەخی بە ژیانی یەكێ لەگەڕەكەكانی جولەكە داوە لەقاهیرە كە بەگەڕەكی جولەكان ناسراوە. ئەم جۆرە گەڕەكانە لە ژمارەیەك وڵاتی رۆژهەڵات باو بوون لەوانە كوردستان. هەر لەم سەروبەندەدا لە سلێمانیدا تا ئێستا گەڕەكێك بەناوی گەڕەگی جولەكانەوە هەیە، هەروەها لە هەولێر گەڕەكی تەعجیل گەڕەكێكی جولەكەنشین بوو. لە بادینانیش جولەكە گوندی تایبەت بەخۆیان هەبوو.
«گەڕەكی جولەكان» ی میسر درامایەكی سەرنجڕاكێشە كە كەمترین شۆڤێنیزمی تێدا دەبینرێ. بە بەراورد لەگەڵ درامای «رەئفەت هەججان»ی ساڵانی هەشتاكان، «گەڕەكی جولەكان» مرۆڤدۆستانەترو واقیعیتر مامەڵە لەگەڵ راستییەكاندا دەكا. لە «رەئفەت هەججان» دا شۆڤێنیزم و رقو قین خۆی لەناو گرتەو دایەلۆگەكەكاندا شاردۆتەوەو لە ئەڵقە بەراییەكاندا جولەكەكان وەك «خۆفرۆش» و «خۆپەرست» و «سپڵە» و «خۆبەزلزان» دەردەكەون. بەڵام لە «گەڕەكی جولەكان» دا جولەكە میسرییەكان كە مێژووی نیشتەجێ بوونیان لەمیسر بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڕێزەوە نمایش دەكرێن. ئەگەرچی وەك كەسانێكی دیندار بە بینەر دەناسێنرێن، بەڵام رقیان لەئیسلام و موسڵمانان نیيە و خۆیان لەگەڵ ژیانی میسرییەكاندا گونجاندووە.
پاڵەوانی دراماكە (ئەیاد نەسارە) كەئەكتەرێكی ئوردونیی بە رەچەڵەك فەلەستینییەو باپیری لە چلەكاندا بەخاو و خێزانەوە بەهۆی شەڕەوە وڵاتی خۆی بەجێ هێشتووەو لەئوردون گیرساوەتەوە. نەسارە سەرەڕای ئەوەی كە بە ڕەچەڵەك فەلەستینییە، لەدراماكەدا نەك هەر هیچ سوكایەتی بەجولەكە ناكا، بەڵكو كەوتۆتە داوی ئەڤینی كچێكی شۆخی جولەكە بەناوی لەیلا كە لەدراماكەدا مننە شەلەبی رۆڵەكەی دەبینێ.
هەرچەند دراماكە دژی زایۆنیزمەو پێی وایە زایۆنیزم بەربەستێكی گەورەی لەبەردەم پێكەوە ژیانی عەرەب و جولەكەدا دروست كردووە، بەڵام دراماكە زۆر سەركەوتوو بووە لەجیاكردنەوەی جولەكەو زایۆنیزم. لەهەشتاكاندا، لەنمونەكەی «رەئفەت هەججان»دا جولەكایەتی و زایۆنیزم تێكەڵاوی یەكتر كراون و هەموو جووەكان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بە «زایۆنیست» دراونەتە قەڵەم، بەڵام لە «گەڕەكی جولەكان» دا زۆر بەچاكی مامەڵە لەگەڵ راستییەكی رۆشن كراوە ئەویش ئەوەیە كە مەرج نیيە هەموو جولەكەیەك زایۆنیست بێ.
دراماكە كە میسرییەكان و عەرەبەكانی داچڵەكاندووە، رەنگدانەوەی چەشنە لێبوردەییەكە خەریكە ناوچەكە دەتەنێتەوەو تێیدا بەچاوی سوك سەیری گەلە بچوكەكان ناكرێ. ئەم درامایە نیشانی دەدا كە نەوەی سەدەی بیست و یەك هەمان بیركردنەوەی نەوەكانی سەدەی بیستەمی نیيەو خەریكە ئەو بۆچوونە لایەنگری زۆر دەبێ كەمرۆڤ مرۆڤە هەر چییەك بێ رەگەزو نژادو ئاین و تایفەكەی. «گەڕەكی جولەكان» لەكاتێكدا نمایش دەكرێ كەتێیدا ناوچەكە دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی بەخۆیەوە دیوە كە داعشە. ئەم رێكخراوە «كوشتن» بەڕێوشوێنێك بۆ هێنانەدی كۆمەڵگایەكی هۆمۆجینی يەكڕەنگ بەكاردێنێ كە تاكەكانی یەك ئاین و یەك مەزهەب و یەك بیركردنەوەیان هەیە.
«گەڕەكی جولەكان» بە پێچەوانەی زۆر درامای ترەوە كەلتوری ئاشتی و پێكەوە ژیان و تەبایی بڵاودەكاتەوە، كەلتورێك كە هیچ كات ناوچەكەمان بەقەد ئێستا پێویستی پێ نەبووەو بەدڵنیاییەوە ئەم كەلتورە لەساڵانی داهاتوودا دەرفەتێكی گونجاوتری بۆ بڵاوبونەوەو جێگیربوون بۆ دەڕەخسێ.
Top