ئەگەری دەستێوەردانی زەمینی لە ئەنبار
July 30, 2015
وتار و بیروڕا
لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا ئەگەری دەستێوەردانی زەمینی بە گەرمی لێی دەكۆڵدرێتەوە، بەڵام پڕۆژەكە هێشتا روون نایەتە بەرچاو. ئەوەی كە لە پڕۆژەكە بە مسۆگەری یەكلا بۆتەوە، بەشداربوونی ئوردون-ـە لەناردنی هێز بۆ ئەنبار. هەروەها ئەمریكا و رەنگە پەیمانی ناتۆ-ش، لانیكەم لە ڕێی دابینكردنی راوێژكار و پسپۆڕەوە و تەنانەت بە هێزێكی دیاریكراویشەوە، لە ئۆپەراسیۆنەكە بەشدار بن. بەڵام هێشتا دوو مەسەلەی دیكە یەكلا نەكراونەتەوە. یەكێكیان بەشداری پێكردنی دەوڵەتانی دیكەی عەرەبە، لەوانە میسر، یان سعودیە، و ئەوی دی شێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا. سەربار، لەم رووەوە خاڵێكی گرنگیش هەیە كە دەشێ گوڕ و هێزێك بە دەستێوەردانەكە ببەخشێ، ئەویش پشت بەستنێتی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش.
بەغدا تا ئێستا لەم رووەوە بێدەنگە. دیارە ئەستەمە بتوانێ بەرپەرچی دەستێوەردانەكە بداتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئۆپەراسیۆنەكە پشت ئەستور بێ بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەغدا دەستێوەردانەكەی پێ خۆش نییە. تاكە رێوشوێن لە بەردەم بەغدادا بۆ پەكخستنی پڕۆژەكە، ئەوەیە كە بتوانێ لە ماوەیەكی كورتدا و بەم نزیكانە دەست بە سەر فەللوجە و ئەنباردا بگرێتەوە. بەكردەوەش، هەنگاوی بۆ ئەم مەسەلەیە ناوە.
ئەگەر دەستێوەردانەكە هاتەدی، رەنگە بەغدا زۆر دژی بەشداریی ئوردون نەبێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆر دژی بەشداریی سعودیە دەبێ. سیاسەتی دەرەوەی ئوردون، بە پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی سعودیەوە، دوورنمایەكی تایفەگەریی نییە، جگە لەوەی كە پێوەندیی ئابووریی نێوان عێراق و ئوردون، بەتایبەتی لە بواری نەوت و راكێشانی لوولەی نەوت لە عێراقەوە بە ناو خاكی ئوردون -دا، تا ئەندازەیەكی باش گەشەی كردووە، بەڵام سعودیە لە میمۆریی شیعەكاندا، لەسەردەمی عوسمانییەوە، كاتێك ئیخوانە وەهابییەكان هێرشیان دەكردە سەر كەربەلا و نەجەف و شیعەكانیان دەكوشت، لاپەڕەیەكی رەشی هەیە.
لەڕووی سوپاییەوە، ئوردون شایستەی متمانە پێ كردنە. ئوردون لە ساڵی 1948دا، لە سەردەمی یەكەم جەنگی نێوان عەرەب و ئیسڕائیلدا خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین سوپا بوو لە ناو دەوڵەتە عەرەبییەكاندا، ئێستاش سوپای ئوردون بەوە ناوبانگی دەركردووە كە سوپایەكی پیشەگەر و دیسپلیندار و بەتوانایە.
ئەوەندەی كە پڕۆژەكە كاری بە سەر سیاسەتەوە هەیە، بەشێك لە ئامانجی پڕۆژەكە دروستكردنی لەمپەرێكە لە بەردەم درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران بۆ ناو سوننە و ناوچە سوننەنشینەكان. هەروەها دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت كە دەستێوەردانی دەرەكی، لە ناوەڕۆكدا بەشێكە لە پلانێك بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی ناوچە سوننەنشینەكان لەڕووی سیاسییەوە و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی پێوەندیی نێوان بەغدا و سوننەكان لە سەر بناغەیەكی تازە. ئەمەش رەنگە پێكهێنانی هەرێمێك، یان چەند هەرێمێك بۆ سوننە بگرێتەوە و رەنگە مەسەلەی تریش بگرێتەوە.
پێناچێ ئۆپەراسیۆنەكە لە ئەنجومەنی ئاسایش تەگەرەی بۆ دروست ببێ و تەنانەت هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە هەندێ لایەنی وەك ئێران و توركیا دژی بوەستنەوە.
بێگومان دەستێوەردانەكە كاریگەریی راستەوخۆی لە سەر رەوشی ناوخۆی سووریاش دەبێ، رەنگە ئەگەر بە پێویست زانرا، سیناریۆكە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەوێش دووبارە بكرێتەوە.