تەوافوق وگەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل رێگاچارەی كێشەكانە

تەوافوق وگەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل رێگاچارەی كێشەكانە
بیرۆكەی ئەم بابەتە بریتییە لە جەختكردن لەسەر رێكەوتنێكی نیشیتمانی كوردستانی گشتگیر بە پشتبەستن بە هاوسەنگی لە ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەن و پێكهاتە سیاسیەكان و گەڕانەوە بۆ رای گەل لە كاتی گەیشتن بە بنبەست لەسەر خاڵە ئاڵۆزەكان و لەكاتی سووربوونی هێزە سیاسییەكان لەسەر هەڵوێستە حزبیەكانیان.
ئیستحقاقە سیاسیەكان كە پەیوەندییان بە پەسندكردنی دەستوورو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە هەیە لەناوەڕۆكدا پێوەندی بە پرۆسەی بیناكردنی دامەزراوەكان ودامەزراندنی چەمكی دەوڵەتی یاساوە هەیە. لەم پرۆسەیەدا ناكرێ تەنيا بەرژەوەندی حزبی و بە كەسێتیكردنی مەسەلەكان پێوەری مامەڵەكردن بێت. ئەم پرۆسەیە لە ناوەڕۆكدا پرۆسەیەكی كۆمەڵگەییە، بۆیە پێویستە جەخت لەسەر ئامادەسازی جەماوەرو بەشدارپێكردنی بكرێت، بە دۆزینەوەی سازانێكی نیشتمانی و بە قووڵكردنەوەی دیموكراسیەت و زەمینەسازی بۆ چەمكی دەوڵەتی مەدەنی دیموكراسی لەسەربنەمای»هاوڵاتیبوون» كە رێگا لەبەردەم بەكارهێنانی ئایين لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بگرێت.
جێگای داخە ئەو جیاوازی و ململانێیە تا ئێستا بەعەقڵیەتی تەسكی حزبایەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ئەم كێشەیە لە جوغزەی ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی دانیشتنێكی پەرلەمان كۆكرایەوە، هەڵوێست لە لایەنە سیاسییەكان لەسەر بەستنی و پۆلێن كرا، نەك ناوەڕۆكی بابەتەكە كە تەنها لە رێگای سازبوونەوە یەكلاييدەكرێتەوە، لە كاتێكدا نە كۆبوونەوەی 23ی حوزەیران و نە كۆبوونەوەی ئایندەش ناتوانێت ئەم بابەتە لە رێگای زۆرینەوكەمایەتی چارەسەربكات، جا هەرچۆنێك بێت ریزبەندی هەڵوێستەكان.
لە میانەی ململانێیەكان لەسەر ئەم بابەتە گرنگە، رێبازی هەوڵدان بۆ قۆرخكردنی بڕیارەكان كە لە بابەتی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن ولێژنەی دەستوورەوە لەلایەن ئەو هێزانەی كە خۆیان بە یاریكەری گەورە دەزانن دەستی پێكرد، لە بابەتی دەستوور وهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەردەوام بوو، لە راگەیاندنیشدا پەنا بۆ بەكەسیيكردنی بابەتەكان و موزایدەی سیاسی وپۆپۆلیستی لە وتاری سیاسیدا برا، لەكاتێكدا هاووڵاتیانی كوردستان بەدەستی كەڵەكەبوونی كێشەكانی رۆژانەیانەوە دەناڵێنن.
ململانێكان لە كاتێكدایە كە بونیادی دەوڵەتی عێراق لە هەڵوەشاندەوەدایەو پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەتەواوی پەكی كەوتووە و ململانێی تایفەگەری زاڵ بووە وچالاكی تیرۆریستان لە زیادبووندایە، جگە لە بارودۆخی گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە چالاكی گرووپە تیرۆریستیەكانی داعش و قاعیدەو گرووپە ئیسلامیە سیاسیەكانی دیكە زیاتر پەرەدەسێنێت. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا جەمسەگەری نێوان ئێران وحكومەتی عبادی وحزب الله ی لوبنان و رژیمی ئەسەد لە لایەك و سعودیە وقەتەر وتوركیا لە لایەكی دیكەدا لە ئارادایە، مەترسییەكی گەورەیە ئەگەر هەر لایەنێكی كوردستانی بۆچوونی سیاسی وپشت ئەستوری خۆی بەو جەمسەرە هەرێمایەتییانەوە ببەستێتەوە.
یەكێك لە فاكتەرە دیارەكان كە كارتێكردنی لەسەر سەرجەم رووداوەكان هەیە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە بانگێشەی سەرلەنوێ نەخشەكردنەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەكرێت، ئەم ئاڕاستەیەش كاریگەری راستەوخۆی لە سەر رەوش لە كوردستان دەبێت.
سەرجەم ئەو خاڵانە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە بڕیاردان لەسەر دەستوورو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەك پەیوەندی بە بارودۆخی بیناكردنی دامەزراوەكان و ئاسۆكانی ناوخۆ هەیەو لەئاستێكی دیكەدا دانابڕێت لەو هەوڵانەی بۆ راپرسی لەسەر مافی چارەی خۆنووسین دەدرێت، ئەمە سەرەڕای ململانێ حزبیەكان، كە هەموو ئەمانە بەدەر نییە لەوەی لەناوچەكەدا بەگشتی دەگوزەرێت، بەو شێوەیەش سیاسەتەكانی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندی نێودەوڵەتی كاریگەری خۆی دەبێت.
لەم هەلومەرجەدا گرنگە میتۆدی مامەڵەكردن لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە پشت ببەستێت بە هاوسەنگی لە ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەن و پێكهاتە سیاسیەكان و گەڕانەوە بۆ رای گەل لە كاتی گەیشتن بە بنبەست لەسەر خاڵە ئاڵۆزەكان و لەكاتی سووربوونی هێزە سیاسییەكان لەسەر هەڵوێستە حزبیەكانیان. ئەم میتۆدە لە مامەڵەكردن دەمانگەیەنێتە رێكەوتنێكی نیشتمانی كوردستانی گشتگیر.
گرنگە لایەنە سیاسییەكان لەسەر سیناریۆیەك لە پێشنیازكراوەكان رێككەون. لە حاڵەتی قایل نەبوون بەو پێشنیازانە دەكرێت ئەنجومەنێكی سەرۆكایەتی كاتيی لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری بۆ وەربگیرێت بەم شێوازە:
1ـ بەلەبەرچاوگرتنی وادەی كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و نەتوانین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێم و دەستنیشانكردنی دەسەڵاتەكانی لەدەستوور. هەروەها لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغە هەستیارەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت لەرووبەڕووبونەوەی تیرۆرو بە رەچاوكردنی ئەكتیفكردنی تێڕوانینی نێودەوڵەتی بۆ دۆسیەی نیشتمانی كوردستان. پەرلەمان بڕیاربدات ئەنجومەنی سەرۆكایەتی هەرێم لەسەرۆكی پارتەكانی نێو پەرلەمان و نوێنەری هەر یەكە لەكۆتاكان پێك بهێنێت.
2-سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەرۆكایەتی كردنی ئەو ئەنجومەنە، جێگرەكەشی وەك ئەندامی ئەنجومەنەكە بەشدار دەبێت.
3-ماوەی ئەنجومەنەكە بەكۆتا دێت دوای یەك ساڵ، هەروەها دەكرێت ماوەی بەكۆتا بێت دوای ئەنجامدانی راپرسی و دەنگدان لەسەر دەستوور لەلایەن گەلەوە، ئەو كات بانگێشت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكرێت، بەپێی ئەو شێوازەی كە لەدەستوور رێككەوتنی لەسەر كراوە.
شایانی باسە گرنگە ئەم هەنگاوەش هاوكات بێت لەگەڵ ئامادەكردنی پرۆژەی دەستوور كە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بكاتەوە:
1-بڕیاردانی دەستوورێكی دیموكراسی مەدەنی جەخت لە «جیاكردنەوەی ئاین لەدەوڵەت» بكاتەوە بەشێوەیەك كە دەوڵەت بە یەكچاو تەماشای سەرجەم ئاینەكان بكات.
2-بونیادنانی سیستەمێكی دیموكراتی پەرلەمانی و مسۆگەركردنی دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.
3-گرتنەبەری ئابوری بازاڕ كە چەمكی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام ئاڕاستەی بكات بە مەبەستی وەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی.
4-بەروون ئاماژە بەوە بكرێت كە «گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە» لەسەر بنەمای كارایی هاووڵاتیبوونی كوردستانی.
5-مسۆگەركردنی وردەكارییەكانی «حكومڕانی باش» و بونیاتنانی دامەزراوەكان بەشێوەیەكی دیموكراتی. لەگەڵ دووپاتكردنەوە لەسەر «لامەركزیەت»ی كارگێڕی.
6-پاراستنی «ماف و ئازادیە گشتیەكانی تاك» لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، هەورەها فراوانكردنی تۆڕی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەتایبەت بۆ ئەوانەی بێ كار و كەمدەرامەتن.
7-ئاماژە بە سنووری «مێژووی – جوگرافی - سیاسی كوردستان» بكرێت لەدەستوور، هەروەها كار بۆ دووبارە گەڕانەوەی سەرجەم ناوچەكان بۆ سەر هەرێم بكرێت لەرێگەی هەنگاوی دیموكراتی و راپرسی و وەرگرتنی رای دانیشتووانی رەسەنی ئەو ناوچانە، لەگەڵ مسۆگەركردنی بەشداری پێكهاتەو نەتەوەكانی ئەو ناوچانە لەپەرلەمانی كوردستان و لەبەڕێوەبردنی كاروباری ئیداری ناوچەكانیان وكارگێڕی و پۆستە گشتیەكاندا، بەلەبەرچاوكردنی رێژەی دانیشتووان و كاریگەری سیاسییان كە رێگربێت لە پەراوێزخستن.
8-بەروونی ئاماژە بەمافی نەتەوەیی و كارگێڕی و رۆشنبیری بۆ توركمان و عارەبی رەسەننشین و(ئاشوری و كلدان و سریان)و ئەرمەنەكان بكرێت.
9-پاراستنی یەكسانی «رەگەزی –یەكسانی بەشداری» و دەستەبەری مافەكانی ئافرەت.
10-پاراستنی سەربەخۆیی دادگاو سەربەخۆیی دادوەری.
11-رێكەوتن لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی، لەگەڵ پێدانی بەشێك لەدەسەڵاتەكانی جێبەجێكاری بەئەنجوومەنی وەزیران بەدیاریكراوی، لەكاتێكیشدا ئەگەر هێزە سیاسیەكان نەگەیشتنە رێككەوتن لەنێو پەرلەمان لەسەر شێوازی هەڵبژاردن. پێویستە وەك بابەتێكی گرێی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بگەڕێنەوە بۆ رای گەل كە خۆی بڕیار بدات ئایا دەیەوێت سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێرێت یان لە لایەن گەلەوە. بەم رێگەیە زەمانەتی گەڕانەوە بۆ رای گەل دەكرێت، لەو كاتەی كەلایەنەكان ناگەنە رێككەوتن لەسەر ئەو ماددە دەستووریە.
ئامانج لەو پێشنیارە، راگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان «هێزە سیاسیەكان» و گەڕانەوە بۆ «رای گەل» لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و هێنانەكایەی سیستەمێكی سیاسی دیموكراسی.
Top