ئەگەری دەستێوەردانی زەمینی لەئەنبار

ئەگەری دەستێوەردانی زەمینی لەئەنبار
یەكەم ئاماژەی فەرمی بۆ ئەگەری دەستێوەردانێكی زەمینی لەئەنبار بۆ پاككردنەوەی پارێزگاكە لەداعش، هەفتەی رابردوو لەسەر زاری باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا هاتە ئاراوە، كاتێك ئۆباما وتی پاككردنەوەی ناوچە سوننەنشینەكانی عیراق پێویستی بەدەستێوەردانی دراوسێ عەرەبەكانی عیراقە. پێش ئەم لێدوانە، هەندێ لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، لەوانە فالح عیساوی، رایانگەیاندبوو كە ئەنبارییەكان پشتگیریی دەستێوەردانێكی زەمینیی ئوردونی دەكەن.
لەناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا ئەگەری دەستێوەردانی زەمینی بەگەرمی لێی دەكۆڵدرێتەوە بەڵام پڕۆژەكە هێشتا روون نایەتە بەرچاو. ئەوەی كە لە پڕۆژەكە بە مسۆگەری یەكلابۆتەوە بەشداربوونی ئوردونە لەناردنی هێز بۆ ئەنبار. هەروەها ئەمریكاو رەنگە پەیمانی ناتۆش، لانی كەم لە ڕێی دابین كردنی راوێژكارو پسپۆرەوەو تەنانەت بەهێزێكی دیاریكراویشەوە، بەشدار بن لەئۆپەراسیۆنەكە. بەڵام هێشتا دوو مەسەلەی دیكە یەكلا نەكراونەتەوە. یەكێكیان بەشداری پێكردنی دەوڵەتانی دیكەی عەرەبە، لەوانە میسر یان سعودیەو ئەوی تر شێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ حكومەتی عیراقدا. سەربار، لەم رووەوە خاڵێكی گرنگیش هەیە كە دەشێ گوڕو هێزێك بە دەستێوەردانەكە ببەخشێ، ئەویش پشت بەستنێتی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش.
بەغدا تا ئێستا لەم رووەوە بێدەنگە. دیارە ئەستەمە بتوانێ بەرپەرچی دەستێوەردانەكە بداتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئۆپەراسیۆنەكە پشت ئەستوور بێ بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی بەڵام بە دڵنیاییەوە بەغدا دەستێوەردانەكەی پێ خۆش نییە. تاكە رێوشوێن لەبەردەم بەغدادا بۆ پەكخستنی پڕۆژەكە، ئەوەیە كە بتوانێ لەماوەیەكی كورتداو بەم نزیكانە دەست بەسەر فەللوجەو ئەنباردا بگرێتەوە. بەكردەوەش، هەنگاوی بۆ ئەم مەسەلەیە ناوە.
ئەگەر دەستێوەردانەكە هاتە دی، رەنگە بەغدا زۆر دژی بەشداریی ئوردون نەبێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆر دژی بەشداریی سعودیە دەبێ. سیاسەتی دەرەوەی ئوردون، بە پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی سعودیەوە، دوورنمایەكی تایفەگەریی نییە، جگە لەوەی كە پێوەندیی ئابوریی نێوان عیراق و ئوردون، بەتایبەتی لە بواری نەوتو راكێشانی لولەی نەوت لەعیراقەوە بەناو خاكی ئوردوندا، تا ئەندازەیەكی باش گەشەی كردووە، بەڵام سعودیە لە میمۆریی شیعەكاندا، لە سەردەمی عوسمانییەوە، كاتێك ئیخوانە وەهابییەكان هێڕشیان دەكردە سەر كەربەلاو نەجەف و شیعەكانیان دەكوشت، لاپەڕەیەكی رەشی هەیە.
Top