زمانی كوردی لەسەردەمی شەڕی ناسنامەكاندا

زمانی كوردی لەسەردەمی شەڕی ناسنامەكاندا
كە زمان كاراترین فاكتەری پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان بێت، پێویست دەكات لەپێناوی بەزیندوو راگرتنی زمانی كوردیمان وەكو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینیی، چەند هەنگاوێكی گرنگ بنێین لەوانە:
یەكەم: تۆماركردنی گشت بەرهەمەكانی ئێستاو داهاتوومان بەزمانی كوردی و، پاشان بڵاوكردنەوەیان لە زۆربەی ناوەندە رۆشنبیرییەكانی جیهانی ئیسلامیی و دەرەوەدا، بەمەش گەلانی موسڵمان و دنیا بە زمانەكەمان ئاشنا دەبن و خەڵكانێكیش ئامادە دەبن كە بیانگۆڕنە سەر زمانە زیندووەكانی جیهان و، بۆ دنیاش دەیسەلمێنین كە زمانێك هەیە بەناوی زمانی كوردییەوە، بەمەش شتێك دەخەینە سەر بینای شارستانیەتی كورد، چونكە لە ڕابردوودا نووسینەوەی كتێب و نامیلكەو باس و هەندێك گۆڤارو بڵاوكراوەی نەتەوەكەمان بەزمانی گەلانی دراوسێ، بوو بە هۆی فەوتاندنی سامانێكی رۆشنبیریی گەورەی گەلەكەمان، خرانە سەر خەرمانی ژیاریی ئەو گەل و نەتەوانەی دی..
دووەم: ئاخاوتن و نووسین بەزمانی كوردی ئەركێكی شەرعییەو بەزیندوو راگرتنی زمانی خواكردی نەتەوەییمان، بریتییە لەزیندوو راگرتنی بەڵگەیەك و ئایەتێك لەبەڵگەكانی باڵادەستیی خوای گەورەو، بەئەنجام گەیاندنی ویستێكی خوایی، كە بە ئیرادەی خوای گەورە ئێمە كوردین و زمانمان زمانی كوردییەو، كوردستانی بۆ كردووین بەنیشتمان..
سێیەم: كە پێغەمبەران –درووی خوایان لەسەر– پەیامی خوای گەورەیان بەزمانی نەتەوەكەی خۆیان بەخەڵكی گەیاند بێت، دەبێت ئاینخوازانی ئێمەش بەزمانی كوردی و بە تێگەیشتنی كوردانە ئەم پەیامە ئاینییە بۆ گەلی كوردستان راڤە بكەن.
چوارەم: تێگەیاندنی كاربەدەست و گەلانی دراوسێمان لەو راستییەی كە سڕینەوەی بەڵگەكانی دەسەڵاتدارێتی خوای گەورە تاوانەو، لەوانەش هەر هەوڵێك بۆ سڕینەوەی زمانی كوردی بدرێت لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا تاوانەو، هەر وەك هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئاسمانەكان و زەوی، كە لە پاڵ جیاوازیی و جۆراو جۆریی دەنگەكان و رەنگەكاندا، نیشانەی ئاشكرای باڵادەستیی خوای گەورەو میهرەبانن
پێنجەم: زمانی كوردیی وەك زمانی نووسین و خوێندن لەقوتابخانەو دەزگاو فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستاندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و، تابلۆكانی نووسینیش لەشەقام و شوێنە گشتییەكان و دامەزراوە ئەهلیی و تایبەتەكاندا بەزمانی كوردی بن.
شەشەم: بەڕەسمی ناسینی زمانی كوردی لەگشت كۆڕو كۆنگرەو سیمینارە جۆراو جۆرەكان و، دیدارە رۆژنامەگەری و تەلەفزیۆنییەكان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستانداو، تەرجەمەكردنی بۆ ئەوانەیش كە لەزمانی كوردی ناگەن، چونكە ئەگەر تەماشا بكەین دەبینین زۆرێك لەوڵاتانی خاوەن زمانی نەتەوەیی ئەمڕۆ خۆیان لەبەردەم شاڵاوی بەجیهانی كردن و عەولەمەو زاڵبوونی زمانی ئینگلیزیدان، ئێستا هەوڵێكی یەگجار زۆر بەخەرج دەدەن بۆ پاراستنی زمانی نەتەوەیییان.
حەوتەم: هەوڵدانی زانستیانەو ئەكادیمیانە بۆ هێنانە ئارای زمانی یەكگرتووی كوردی، بەهۆی دەوڵەمەند كردنی زمانی نووسین و خوێندنی كوردی بەزاراوە رەسەنەكانی دیالێكتە جۆراو جۆرەكانی زمانی كوردی و، ئەمەش لەرێگەی پرۆگرامی خوێندن لەقوتابخانەكانداو، لەڕێی هۆكارەكانی راگەیاندنی بیستراوو بینراوو خوێنراو، هەروەها لەرێگەی ئەدەبیاتی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و، كۆمەڵەو گرووپە ئەدەبی و رۆشنبیریی و هونەرییەكانەوە.
هەشتەم: بەكارهێنانی زمانی كوردی لەلایەن بەرپرس و لێپرسراوی دامودەزگا حكومییەكانی هەرێم و، سەركردەو لێپرسراوانی حزبە كوردستانییەكانەوە، لەو دیمانە رۆژنامەگەریی و تەلەفزیۆنی و رادیۆییانەی كەلەگەڵیاندا ئەنجام دەدرێت.
نۆیەم: كاركردنی باش و خێرا یاسای زمانەكانی پەسەندكراو لەپەرلەمانی عێراق و كوردستاندا، لەبەر زۆر هۆی خودیی و بابەتی لەوانە بۆ نموونە: زۆربوونی ئاوارەو پەنابەران لەهەرێمی كورستانداو، بوونی هەزاران كۆمپانیای بیانیی لەهەرێمی كوردستاندا كە زۆربەی ستاف و كرێكارەكانیان بیانیین و، بوونی ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەی ئەهلی و كردنەوەی قوتابخانەو كۆلێژو زانكۆی بیانیی وەك توركیی و ئەمریكی و ئەڵمانیی و فەرەنسی و ئەوانی دی، ئەمە وێڕای شۆڕشی گەیاندن و راگەیاندن و ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مۆبایل و دەرهاویشتەكانیان كە كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر پاشەكشەكردن بەزمانی نەتەوەییمان.
دەیەم: لەسەر وەزارەتی پەروەردە پێویستە پرۆسەی خوێندن باشتر بكات لە جۆردا، بەكەمكردنەوە لەبڕدا، چونكە ئەم مەنهەجە زۆرو قورسەی ئێستا، قوتابی وەدەردەنێت بۆ خوێندن لەو قوتابخانە عەرەبیی و ئەهلیی و بیانییانەدا كەبایەخی یەكەمیان بەزمانی كوردیی نییە.
یازدەیەم: بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش، پێویستە بەهەموو توانامانەوە كار بۆ زیندوو راگرتنی زمانی كوردی بكەین، چونكە زمان كۆڵەكەی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییەو، پڕۆسەی پەروەردەو فێربوونیش میكانیزمی زیندوو راگرتنی زمانە.
دوازدەیەم: كەیەكێك لەو نیشانەو بەڵگانەی كە خوای گەورە كردوویەتی بە(ئایەت)و سەلمێنەری دەسەڵاتی بێپایانی خۆی، زمانی ئاخاوتن و لەیەك گەیشتنی مرۆڤەكان بێت، كەواتە پێویستە لەڕووی ئاینییەوە بەردەوام كاربەدەستانی ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە لەو راستییە ئاگادار بكەینەوە كە ئەوان دژ بەئیرادەی خودا دەوەستنەوە كاتێك لە وڵاتەكانیاندا رێگە بە بەكارهێنانی زمانی كوردی نادەن لەدام ودەزگاو خوێندنگاو دامەزراوە فەرمییەكاندا.
Top