په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و چاكسازیدا....
July 9, 2015
وتار و بیروڕا
په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و چاكسازیدا
گفتوگۆی راشكاو‌و جدی تاكه رێگای گه‌یشتن به سازانی نیشتمانی یه
مامۆستا ئه‌بوبه‌كر عه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێك و رۆشنبێرێك به ناوی خۆیه‌وه پرۆژه‌یه‌كی له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یرانی په‌رله‌مان ئاماده‌كردوه، ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكردووه بۆ گفتۆگۆ له‌سه‌ر كردن و دووباره پۆلێنكردنه‌وه و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئه‌م قۆناخه‌یه، مامۆستا ئه‌بوبه‌كر وێنه‌یه‌كی ئه‌م پرۆژه‌ی بۆ گوڵان ناردووه، ئێمه‌ش له‌روانگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ باردۆخه‌كە و بروابوونمان به دیالۆگی كراوه‌ی نێوان سیاسه‌تمه‌داران و رۆشنبیرانی گه‌له‌كه‌مان ده‌قی پرۆژه‌كه وه‌ك خۆی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه و ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌ربری بۆ چوونی خودی نوسه‌ره و گوڵان له‌ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به‌رپرس نیه.
په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و چاكسازیدا
گفتوگۆی راشكاو‌و جدی تاكه رێگای گه‌یشتن به سازانی نیشتمانی یه..
له‌سه‌ر كۆی به‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له باشووری كوردستاندا
بۆ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان وهێز‌و لایه‌نه سیاسی یه‌كان
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
دوای سڵاو ..
حه‌زم كرد له سۆنگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ دۆخه‌كه‌و، ئێستا‌و ئاینده‌ی گه‌ل‌و وڵاتمان و، دوورخستنه‌وه‌یان له كێشه‌و ململانێ‌ی لاوه‌كی‌و، به‌ده‌ستهێنانی به‌ركه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و چاكسازی‌و دیموكراسی یه‌كانی قۆناغه‌كه‌و، كۆكردنه‌وه‌ی توانا جۆراوجۆره‌كان، له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی هاوچه‌رخدا.
ئه‌م پرۆژه بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌و، به‌دیهێنانی ئه‌و پرۆژه نیشتمانی یه‌و، پێداویستیه‌كانی خه‌مڵاندنی له‌م قۆناغه‌دا، بخه‌مه به‌رده‌ست به‌ڕێزتان. بۆ ئه‌وه‌ی به دڵسۆزییه‌كانی هه‌مووان، توانای به‌ڕێكردنی قۆناغه‌كه‌و، زیاتر كه‌ڵه‌كه‌كردنی ده‌سكه‌وته‌كان‌و، ده‌رگاكردنه‌وه به‌ڕووی ئاینده‌یه‌كی پڕئومێدترمان هه‌بێت. دیاریكردنی ناونیشانێكی وه‌كو (په‌یمانی نیشتمانی مه‌زن له پێناو سه‌ربه‌خۆی‌و دیموكراسی و چاكسازیدا)یش، بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی چاوه‌ڕێ‌ی ده‌كرێت بێته دی، به مه‌به‌ستی سه‌رنجڕاكێشانه بۆ گه‌وره‌یی ئه‌ركه‌كان‌و، مێژوویی بوونی ده‌رفه‌ته‌كان‌و، ره‌هه‌نده‌كانی به‌یه‌كه‌وه كاركردن‌و به‌ركه‌وته‌كان.
هه‌وڵیش ده‌ده‌م بیروڕاكان كه له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا له بۆنه‌ی جیاواز‌و به شێوه‌ی جۆراوجۆر، نوسیومن و ده‌رمبڕیون، له‌م پرۆژه‌دا پوختبكه‌مه‌وه و ئاراسته‌ی به‌ڕێزتانی بكه‌م، به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌مووان به‌رامبه‌ری كراوه بن‌و بتوانێت ببێت به ره‌شنوسی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی جدی به‌رفراوان.
یه‌كه‌م/ تایبه‌تمه‌ندی دۆخی كوردستانی باشوور و هاوكات بوونی ئه‌ركه‌كان
مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه كه زۆرێ له میلله‌تان، هاوشێوه‌ی ئێستای گه‌لی كوردستانی باشوور به حوكمی واقیع‌و مێژووه‌كه‌ی، كۆمه‌ڵێ ئه‌ركی جیاوازیان له‌یه‌ك ساته‌وه‌ختی مێژوویدا روبه‌ڕوو نه‌بۆته‌وه.
بۆ نموونه چه‌ندان نه‌ته‌وه سه‌ره‌تا له رووی نه‌ته‌وه‌ی یه‌وه خۆیان دامه‌زراندووه‌و، دواتر خه‌بات بۆ سیستمێكی دیموكرات‌و چاكسازی هاتۆته كایه‌وه. به سیفه‌تی چاودێرێكی دۆخه‌كه‌ش هه‌ست ده‌كه‌م به‌شێك له هه‌ڵه‌و لێتێكچوونی هه‌ندێ له هێزه‌كان‌و خراپ حاڵیبوونی نێوان لایه‌نه‌كان، له‌م خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . واته له نه‌بوونی دیدێكی هاوبه‌شی نیشتمانیی رێكه‌وتن له‌سه‌ركراو، له‌سه‌ر وه‌سفی واقیع‌و قۆناغ‌و ئه‌ركه‌كان‌و، دیاریكردنی ده‌سته‌جه‌معی‌و هاوبه‌ش‌و نیشتمانی (أولویات)ه‌كان و، ته‌ریبی‌و یه‌كتر ته‌واوكردنی به‌ركه‌وته‌كان. چونكه ئه‌گه‌ر هێزێك ئه‌وله‌ویه‌ت به پرسه نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه بدات‌و، یه‌كێكی تر به چاكسازی‌و، ئه‌وی دی به دیموكراسی‌و، خه‌ڵكانێكی تریش به ناسنامه، به‌تایبه‌تیش ناسنامه‌ی ئیسلامی، نه‌ك هه‌ر شڵه‌ژان له كاری نیشتمانیدا دروست ده‌بێت، به‌ڵكو مه‌ترسی، به‌ریه‌ككه‌وتنی هێز‌و ستراتیژ‌و (أولویات)ه‌كانیش دێته كایه‌وه. تاكه چاره‌سه‌ر بۆ روونه‌دانی ئه‌و دۆخه‌ش، خه‌مڵاندنی دیدی هاوبه‌شی نێوان هێز‌و ته‌وژم‌و پێكهاته‌كانه، بۆ دیاریكردنی (أولویات)ی هه‌ر قۆناغێك‌و، چۆنیه‌تی خه‌باتكردن بۆ ئامانجه‌كانی تر. له‌و سۆنگه‌وه كه واقیعی كوردستان‌و، سروشتی هێزه‌كانی و ئامانجه‌كانیان وپێویستیه‌كانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌خوازن، دیاریكردنی (أولویات)ی قۆناغ یه‌كسان نه‌بێت به سڕكردن‌و فه‌رامۆشكردنی ئه‌ركه‌كانی تر. ئه‌م دیده هه‌مه‌لایه‌نه ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌و راستی یه‌ش كه پێشكه‌وتن له هه‌ر كایه‌یه‌ك و به‌دیهێنانی ئه‌ركێ له ئه‌ركه‌كان، ده‌چێته خزمه‌ت ئامانج‌و به‌ركه‌وته‌و ئه‌ركه‌كانی تره‌وه، به‌ڕای ئێمه ئه‌وه‌ی وتمان ئه‌و سه‌ره‌تا وه‌سفی‌و ده‌روازه‌یه، كه ده‌بێت لێوه‌ی بچینه ژوره‌وه و، له‌وێوه پرسی سازانی نیشتمانی‌و كه‌ڵه بوونی هێزی نه‌ته‌وه‌یی تاو‌وتوێ بكه‌ین. ئێمه پێمان وایه ده‌بێت (أولویات) له‌م قۆناغه‌دا بۆ مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه وسه‌ربه‌خۆیی بێت، له هه‌مان كاتدا، پرسی دیموكراتیزه‌كردنی زیاتری ده‌سه‌ڵات‌و چاكسازی‌و ناسنامه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵیدا بچنه پێش. به‌ڵام له‌و سۆنگه‌وه كه دیاریكردنی ناسنامه به كێشه‌یه‌كی گه‌وره نابینم‌و له بنه‌ڕه‌تدا كۆده‌نگی هێزه‌كانی له‌سه‌ر بووه‌و، گه‌ر دووباره گفتوگۆیه‌كیش هه‌بێت، ده‌توانرێ بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئه‌م پرسه وه‌ك سێ پرسه‌كه‌ی تر ناكه‌ین به ناونیشانێكی سه‌ربه‌خۆ.
دووه‌م/ پێویستی كوردستان به گفتوگۆیه‌كی راشكاو‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌و دڵسۆزانه‌و بوێرانه له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان‌و سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی بونه‌ته جێگای ناكۆكی، یاخود رای جیاوازیان له‌سه‌ره . مه‌به‌ستم له‌م ناونیشانه‌ش تێپه‌ڕاندنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه :
1. كۆبوونه‌وه فه‌رمی‌و كڵێشه‌یی‌و پرۆتۆكۆلیه‌كان. كه پێدانی زانیاری گشتی‌و موجامه‌له‌و، ناڕاشكاو بوونیان به‌سه‌ردا زاڵه، نه‌ك گفتوگۆیه‌كی فكری‌و سیاسی جدی.
2. له‌گه‌ڵا خۆ قسه‌و مه‌نه‌لۆج كردن‌و له بری به‌رامبه‌ر بیركردنه‌وه‌و وێناكردن‌و لێكدانه‌وه‌و داوه‌ری كردن‌و له رێ‌ی راگه‌یاندن‌و لێدوانی سیاسی یه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا یه‌ك كردن.
3. سات‌و سه‌ودای ژێربه‌ژێر‌و قه‌ول به یه‌كدی دان‌و، یه‌كتر رازیكردنی حزبی .
4. به بڕوای ئێمه تاكو ئێستا له كوردستاندا گفتوگۆیه‌كی راسته‌قینه‌ی فكری‌و سیاسی جدی ئه‌نجام نه‌دراوه. هه‌ر بۆیه كێشه‌كان ناخرێنه سه‌ر پلێت‌و، چاره‌سه‌ره‌كان كاتین‌و، به‌دگومانی یه‌كان درێژه‌یان هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت واتای ئه‌م قسانه ئه‌وه نی یه كه هه‌ر به‌ده‌ستكردن به گفوگۆی ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه گفتوگۆ زه‌مینه ساز ده‌كات بۆ :
(1) رێكه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كان و پێناسه‌كردنیان.
(2) ناسینی زیاتری بار‌و سه‌رنجی یه‌كتر.
(3) دروستبوونی متمانه‌یه‌كی زۆرتری نێوان لایه‌نه‌كان.
(4) دروستبوونی له‌یه‌كتێگه‌یشتنێكی زیاتر.
(5) زیاتربوونی گیانی هاوچاره‌نووسی‌و هه‌ستی ئه‌رێنی .
(6) مه‌شقكردن له‌سه‌ر هه‌وڵی هاوبه‌ش بۆ گه‌یشتنه چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش.
(7) قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری یه‌كتر قبوڵكردن.
(8) كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی‌و نائومێدی یه‌كان.
(9) به‌هێزكردنی كلتووری گفتوگۆ وه‌ك شێوازێكی شارستانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
(10) په‌له‌نه‌كردن له بڕیاردان‌و دووركه‌وتنه‌وه له كار‌و كاردانه‌وه و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و سه‌پاندنی فۆرم‌و چاره‌سه‌ره‌كان.
(11) خه‌مڵاندنی كه‌شێكی هێمن بۆ بیركردنه‌وه‌ی ئارام‌و تاو‌وتوێكردنی بژارده جیاوازه‌كان.
(12) قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی رێزگرتن له فره‌یی و كێ‌بڕكێ‌ی مه‌ده‌نی و دووركه‌وه‌تنه‌وه له ململانێ و یه‌كتر به دوژمن كردن .
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه بیرهێنانه‌وه‌ی به‌شێ له فه‌زیله‌ته‌كانی گفتوگۆی سیاسی و راشكاو‌و جدی بوون.
نابێت له بیریشمان بچێت بوون و نه‌بوونی گفتوگۆ به ناوه‌رۆكه راسته‌قینه‌كه‌یه‌وه ئاماژه‌یه به :
(أ) گه‌شه‌كردنی ژیاری‌و ئاستی ئاماده‌یی به‌ها شارستانه یه‌كان.
(ب) بوون‌و نه‌بوونی سیاسه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی مه‌ده‌نی و فۆرمێ بۆ به‌یه‌كه‌وه ژیانی ئاشتیخوازانه‌و كاری هاوبه‌ش‌و قبوڵكردن‌و به عه‌قڵانی كردنی جیاوازی یه‌كان.
به‌شێ له كێشه‌كانی رابردووی ئێمه‌ش لاوازی‌و كه‌می گفتوگۆ‌و بوونی عه‌قڵێكی سیاسی نیشتمانی بووه، كه گفتوگۆكردن پێكهاته‌و ئامرازێكی گرنگی سیاسه‌ت كردنی بێت‌و، له قوڵایی یه‌وه له بایه‌خی ئه‌م فه‌زیله‌ته تێگه‌یشتبێت.
نه‌بوونی گفتوگۆ له رابردوو و ئێستاشدا زیانی زۆری لێداوین و ده‌رفه‌تی زۆریشی له‌ده‌ست داوین، چونكه له ئاراده‌نه‌بوونی عه‌قڵی گفتوگۆی شارستانی و نیشتمانی، چه‌نده‌ها ده‌رهاویشته‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌وانه‌ش:
1. مانه‌وه‌ی به‌دگومانی یه‌كان و له دووره‌وه وێنه له‌یه‌ك گرتن .
2. به‌ڕواڵه‌ت كار له‌گه‌ڵا یه‌ك كردن‌و له جه‌وهه‌ر‌و واقیعدا لێكجیابوون و به‌رامبه‌ر یه‌ك به‌دگومان بوون.
3. كاركردن به ستراتیژی ناستراتیژی به‌ڕێوه‌بردنی رۆژانه‌ی كاره‌كان.
4. زه‌مینه‌سازكردن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ست‌و هه‌ناسه‌ی خراپ‌و نه‌رێنی.
5. ده‌رگاكردنه‌وه بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی.
6. نه‌خه‌مڵینی ناسنامه‌یه‌كی نیشتمانی یه‌كگرتووی به‌هێزی وا، به‌رگه‌ی هه‌ڵكشان‌و داكشانه سیاسیه‌كان بگرێت.
بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه، دابڕانێك له‌گه‌ڵا قۆناغی رابردوودا ده‌ست پێبكه‌ین. ناونیشانی گه‌وره‌ی ئه‌و دابڕانه‌ش ده‌ستكردنه به گفتوگۆیه‌كی راشكاوانه‌و هه‌وڵدان بۆ به كلتور كردنی.
چونكه ئه‌گه‌ر له رابردوودا شه‌ڕمان له‌گه‌ڵا یه‌ك كردووه، وڵاتمان دابه‌ش كردووه‌و، دوژمنانمان دژ به‌یه‌ك به‌كار هێناوه‌و، دام‌و ده‌زگا هاوبه‌شه‌كانمان لاوازبوون، هۆكارێكی گرنگی ئه‌و دۆخه له سۆنگه‌ی لاوازی گیانی گفتوگۆ‌و، وه‌لانانی ئه‌م رێكاره ئه‌خلاقی‌و شارستانی یه مه‌زنه‌وه بووه، بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌وڵی هاوبه‌ش له پێناو گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی یه‌كان‌و ته‌ریب كردنی جیاوازی یه‌كان. گرنگیشه به ئاقاری ناوخۆماندا گفتوگۆ تاقه رێگامان بێت بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا یه‌كتر كردن‌دا. بڕیاره‌كان‌و، به‌كارهێنانی كه‌مینه‌و زۆرینه‌و، گه‌یشتنه سازان، چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان بكه‌وێنه دوای گفتوگۆوه.
ره‌نگه لێره‌شه‌وه پرسیارێك بێته پێشه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گفتوگۆ له‌سه‌ر چی؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین به گشتی گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو شتێ جگه له چه‌سپاوه‌كان. به‌ڵكو بۆ ئێمه گفتوگۆ له‌سه‌ر دیاریكردنی ده‌ستووری‌و نیشتمانی‌و ئه‌خلاقیی چه‌سپاوه نیشتمانی‌و سیاسی و رۆحیه‌كانیش، له سۆنگه‌ی نه‌بوونی ده‌ستووره‌وه پێویسته..
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كانمان چوارچێوه‌دار بكه‌ین‌و زیاتر خزمه‌ت به ئێستا و ده‌رچوون له‌وقه‌یرانه‌ی ئێستای هه‌رێم بكه‌ین، پێم وایه هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تاوه وتمان (3)پرس‌و به‌ركه‌وته‌ی گرنگ له‌م قۆناغه‌دا هه‌ن كه پێویسته گفتوگۆی جدی‌و راشكاو‌و قوڵیان له باره‌وه بكه‌ین‌و هه‌وڵده‌ین له‌باره‌یانه‌وه بگه‌ین به رێكه‌وتن، كه هه‌وڵا ده‌ده‌ین له خواره‌وه به‌دوای یه‌كدا باسیان بكه‌ین .
یه‌كه‌م / مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه و به‌ركه‌وته‌ی قۆناغه‌كه له‌م روه‌وه كه له دیاریكردنێكی ئازادانه‌ی مافی چاره‌نووس و گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆییدا به‌رجه‌سته ده‌بێت .
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ی موزایه‌ده‌و كار‌وكاردانه‌وه‌ی حزبی ده‌ربچێت‌و، بۆ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك نه‌بێت به هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا بێت، وه‌ك كارتی سیاسی دژ به‌وانی تر به‌كاری بێنێت، به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له چه‌سپاوه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كان و، ده‌بێت له سه‌روو موزایه‌ده‌كردن‌و، به ئامرازكردنی له ململانێ‌ی حزبی‌و سیاسیی یه‌كاندا بێت. ئه‌م داوا‌و وه‌سفكردنه‌ش له دوو خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت:
(أ) بڕوابوون به‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ده‌گمه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و مافه له كوردستانی باشوردا هاتۆته كایه‌وه‌و نابێت له‌ده‌ست بدرێت .
(ب) نه‌بوونی دید‌و تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و پرۆژه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌كی سازان له‌سه‌ركراوی نیشتمانی، كه ئه‌وه‌ش بۆته هۆی:
1. سه‌یركردنی پرۆژه‌كه له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌س‌و هێزه‌وه وه‌ك هه‌وڵی لایه‌نێكی دیاریكراو بۆزیاتر هه‌ژموون په‌یداكردن .
2. سه‌یركردنی ئه‌م ئامانجه له روانگه‌ی چاره‌نووس‌و به‌لاداخستنی ئه‌و ململانێ حزبی‌و سیاسی یه‌ی زیاتر له په‌نجا ساڵه به‌رده‌وامه.
3. نه‌بوونی دیدی هاوبه‌ش بۆ دیاریكردنی قه‌واره‌ی ده‌رفه‌ت‌و، ته‌حه‌دا‌و، ده‌رهاویشته‌و پێداویستیه‌كانی هه‌نگاوه‌كه.
4. گومان دروستكردن له‌سه‌ر یه‌كتر‌و هه‌ندێ جار له‌سه‌ر خودی به‌ركه‌وته‌كه‌و بوونی ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه بۆ به‌دیهێنانی.
5. ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی ئه‌و به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی هێزه‌كان له‌گه‌ڵا ده‌ر‌و دراوسێكانی هه‌رێم‌و ده‌روبه‌ر‌و، دۆسێ ناوخۆكان .
بۆیه ناتوانین بڵێین ئه‌م پرسه تاكو ئێستا بۆته پرسێكی نیشتمانی‌و هاوبه‌شێكی چه‌سپاو و سازان له‌سه‌ركراوی لایه‌نه بنچینه‌یی یه‌كان‌و پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان.
كاره‌ساتیش له‌وه‌دایه له‌لایه‌ن زیاد له هێز‌و ناوه‌ندێكه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی مه‌زنی به‌م جۆره تێكه‌ڵا به دۆسێ‌ی كه‌سه‌كان بكرێت، سوچی هه‌موو ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بابه‌ته نه‌بۆته ته‌وه‌ره‌ی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی كراوه و، نیگه‌رانی‌و پرسیاره‌كان له‌م روه‌وه نه‌ڕه‌وێنراونه‌ته‌وه وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه .
به‌شێ له‌و شتانه‌ی له‌م روه‌شه‌وه ده‌بێت گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێت‌و رێكه‌وتنیان له باره‌وه ئه‌نجام بدرێت ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1. وه‌سفكردنی قۆناغه‌كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و كوردستانی باشوور، چی گۆڕاوه‌و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له رابردوودا رێگربوون له گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی چی بوون‌و، ئێستا چه‌ندیان ماوه‌و، چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵا بكرێت‌و له كاریگه‌رییان كه‌م بكرێته‌وه؟
2. رێكه‌وتن له‌سه‌ر وه‌سفكردنی دۆخی ئێستای عێراق.
وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاری، داخۆ عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر زه‌وی واقیعدا كۆتایی پێ هاتووه و ته‌واو بووه؟ ئایا هیچ شانسێ بۆ دووباره بیناكردنه‌وه‌ی ماوه؟ ئه‌گه‌ر مابێت ئێمه جارێكی تر بچینه‌وه ژێر ئه‌و باره‌و به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌وه‌دایه؟ شێوازه‌كانی دابه‌شبوون و كۆتایی هاتنی به ته‌واوی‌و فه‌رمی عێراق چین‌و كامانه‌ن‌و، كامه‌یان بۆ ئێمه گونجاوه؟
3. دیاریكردنی دید‌و سیناریۆ بۆ كاردانه‌وه پێشبینی كراوه‌كانی وڵاتانی ده‌ر‌ودراوسێ‌ی هه‌رێمه‌كه له كاتی هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌دا‌و، ئاستی پشتیوانی وڵاتانی جیهان؟ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و...هتد .
4. پێداویستنی یه ناوخۆیی یه‌كانی هه‌رێم له په‌یوه‌ندی به زه‌مینه‌سازكردنی بۆ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره.
5. وه‌سفكردنی واقیعی ئێستای ناوچه كوردستانی یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دوای شه‌ڕی داعش‌و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌نه هێزی پێشمه‌رگه‌وه .
هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ مادده‌ی (140) به‌ڵكو بۆ خودی ده‌ستووری عێراق كه ئایه گۆڕانكاری یه‌كانی تێینه‌په‌ڕاندووه وبه‌كه‌ڵكی ئه‌وه ماوه ئێمه خه‌ونه‌كانی خۆمان له‌و چوارچێوه‌دا قه‌تیس بده‌ین ؟
ئایه ئه‌م دیفاكتۆیه جارێكی تر ده‌خرێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵا عێراق وه‌ك جاری جاران یاخود له‌ڕێ‌ی راپرسی یه‌وه روپۆش‌و ره‌وایه‌تی یه‌كی سیاسی و یاسایی بۆ په‌یدا ده‌كرێت .
6. رێكه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی رۆڵی هێزه‌كان و ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ر گومانێك له باره‌ی ئه‌وه‌ی لایه‌نێكی دیاریكراو پرسی سه‌ربه‌خۆیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆی بیقۆزێته‌وه و، سه‌یركردنی وه‌كپرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی مه‌زن.
7. رێكه‌وتن له‌سه‌ر قۆناغی دوای سه‌ربه‌خۆ بوون و وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیار‌و نیگه‌رانیانه‌ی تایبه‌تن به‌و قۆناغه‌وه.
به وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه‌و رێكه‌وتن له‌سه‌ر گه‌یشتن به تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و رێكه‌وتن ده‌رباره‌یان ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی:
(أ) ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان له باشووری كوردستان ده‌گۆڕێت بۆ كۆنفیدراڵی یاخود سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، واته له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕینه رێكده‌كه‌وین‌و هه‌موومان به‌رگری لێده‌كه‌ین‌و كاری بۆ ده‌كه‌ین. چونكه به‌ره‌نجامی رێكه‌وتنی ناوكۆیی هه‌مووانه .
(ب) خه‌مڵاندنی نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ چۆنیه‌تی هه‌نگاونان‌و، دیاریكردنی میكانیزمه‌كان‌و، دابه‌شكردنی رۆڵه‌كان‌و، ده‌ستنیشانكردنی تاكتیك و ئامانجه قۆناغیه‌كان‌و، چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكان‌و روبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵا ده‌رهاویشته‌و ته‌حه‌داكان.
(ج) له دوای په‌رله‌مان سه‌رۆكی هه‌رێم به حوكمی پێگه‌كه‌ی ده‌بێته زمانحاڵی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی سازان له‌سه‌ركراو و نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م هێز‌و پێكهاته‌كان ده‌كات.
دوای ئه‌م رێكه‌وتنه ره‌خنه‌گرتنی سیاسی هێزه‌كان ده‌رباره‌ی خودی ئامانجه‌كه‌و، باسكردن له‌وه‌ی كاتی نی یه و، سه‌ركێشی یه‌و، موزایه‌ده‌ی سیاسی یه، كۆتایی پێ ده‌هێنرێت‌و، ره‌خنه‌ی سیاسی بۆ هێزه سیاسی یه‌كان (نه‌ك نوسه‌ر‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) . ده‌چێته بواری :
أ. میكانیزمه‌كان و قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌ی نوێ‌ی پێشبینی نه‌كراو، ئه‌ویش به گیانی موزایه‌ده‌و یه‌كتر تۆمه‌تباركردنه‌وه نا.
ب. ساردی‌و سڕی‌و خاو‌وخلیچكی له چوون به‌ده‌م ئاماده‌كردنی پێداویستی یه‌كانی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كه‌و، قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان .
ج. پێشێلكردنی ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنی له‌سه‌ركراوه له‌لایه‌ن هێزێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه.
به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ره‌خنه‌كان نابێت ببن به‌هۆی گومان دروستكردن له‌سه‌ر خودی ئامانجه‌كه، به‌ڵكو ده‌بێت بچنه خزمه‌ت به‌دیهێنانی یه‌وه.
له‌ماوه‌ی كاركردن بۆ گه‌یشتن به‌م رێكه‌وتنه (كه واباشه كاتێكی بۆ دیاری بكرێت) هه‌وڵی سوودوه‌رگرتن له ڕا‌و بۆچوونی ده‌سته‌بژێری فكری و ئه‌كادیمی‌و ئاینی‌و سه‌ربازی‌و ئابوری و سیاسی بێ‌لایه‌ن بدرێت، ده‌كرێت له‌م روه‌شه‌وه جگه له دیاریكردنی رێكار بۆ گه‌یاندنی بۆچوونه‌كان‌و بوونی نوسینگه‌و لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی دیاریكراو، یاخود سكرتار?