كورد و حكومەتی داهاتوی توركیا
July 2, 2015
وتار و بیروڕا
ئەوەندەی مەسەلەكە كاری بە سەر بەرژەوەندییەكانی كوردەوە هەیە، رەنگە دروستبوونی هاوپەیمانی لە نێوان پارتی دادوپەرەپێدان و مەهەپەدا بژاردەیەكی نموونەیی نەبێ. ستراكچەری فیكریی مەهەپە زۆر لە ستراكچەری فیكریی حزبی بەعس دەچێ. مەهەپە بیر لە توركستانێكی گەورە دەكاتەوە و تورك بە گەلێكی باڵادەست دادەنێ و جۆرە فیز و لەخۆبایی بوونێكی نەتەوەیی بەسەر بیروباوەڕەكانیدا زاڵە. مەهەپە دان بە بوونی كورد و مەسەلەی كورددا نانێ و لە ساڵانی رابردوودا دژی ئەو پرۆسەیەی ئاشتی بووە كە پارتی دادوپەرەپێدان بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد دەستی پێ كردبوو. لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا مەهەپە كەمترین دەنگی لە ناوچە كوردنشینەكاندا بەدەست هێناوە، كە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كوردی توركیا كەیفیان بە مەهەپە نایە.
پێشبینی دەكرێ حكومەتی داهاتووی توركیا، ئەگەر مەهەپە هاوبەش بێ تێیدا، نەتوانێ بەردەوام بێ لە سەر پرۆسەی ئاشتی، یاخود لانیكەم پەرۆشی و گەرموگوڕیی جارانی بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەكە نابێ. ئاشكراشە كە هەڕەشەی دەرچوون لە حكومەت، چەكێكی كاریگەری مەهەپە دەبێ، ئەگەر پارتی دادوپەرەپێدان نەرمییەكی زیاد لە پێویستی بەرامبەر بە كوردی توركیا نواند.
لە بەرامبەردا، سەبارەت بە كوردی سووریا، رەنگە مەهەپە هەڵوێستێكی توندتر بنوێنێ و بۆ بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەنكەرە بەرامبەر بە كوردی سووریا، دەشێ پشتگیریی تەواوی سیاسەتی پارتی دادوپەرەپێدان بكا، هانیشی بدات هەنگاوی گەورەتر بۆ تەنگهەڵچنین بە دەستكەوتەكانی كوردی سووریا بنێ.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، رەنگە لەمەودوا پارتی دادوپەرەپێدان نەتوانێ بە قەد جاران بەردەوام بێ لە سەر سیاسەتی دۆستانەی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، چونكە لە سایەی حكومەتێكی هاوبەشدا پارتی دادوپەرەپێدان لانیكەم سێیەكی توانای خۆی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاردا لەدەست دەدا. ئەمەش نیشانی دەدا كە پاشەكشەی پارتی دادوپەرەپێدان لە هەڵبژاردندا، كاریگەریی خراپی لەسەر بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێ. لەلایەكی ترەوە، دەشێ مەهەپە هەلی چوونە ناو حكومەت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركمانەكانی كەركووكدا بقۆزێتەوە. ئەوەی ئەم ئەگەرە بەهێز دەكا، ئەوەیە كە لە ساڵی 2000 بەدواوە مەهەپە تاكە حزب بووە لە توركیا كە پەیوەندیی لەگەڵ توركمانەكانی كەركووكدا بە تۆكمەیی هێشتۆتەوە.
ئەمە روونی دەكاتەوە كە سیاسەتی داهاتووی توركیا لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا گۆڕانی بەسەردا دێ و قەوارەی گۆڕانەكە لە هەندێ پرسدا گەورە دەبێ و لەهەندێ پرسی تردا بچووك.