فۆكۆ ئەنتۆلۆژیای ئێستاكێ
March 26, 2015
وتار و بیروڕا
ئەم وەڵامە لە ساڵی1784بەسەر ڕووپەڕی (گۆڤاری بەرلین)ەوە بڵاوكراوەتەوە، بابەتێكی ئەنتۆلۆژی وەها خاڵی نییە لە دەلالەت، وێڕای ئەوەی كە دابەزاندنی تێكستی فەلسەفی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بۆ ئەوكات شتێكی زۆر پەسەند نەبووە، لە ڕاستیدا خستنەڕووی تێكڕای مەسەلەكە بەم شێوەیە ئاماژەیە بە وێستابوونی، یان ڕوونتر بڵێین بریتییە لە هەوێنی ئەو دۆزانەی بەسەر گۆڕەپانەكەدا خۆی دەسەپێنێ.
ئەوەی لەسەر ئەمە جەخت دەكاتەوە تەنیا ڕاستییەكە كە ئەویش كانت ئەو پرسیارەی نەخستۆتەڕوو، بەڵكو ئەمە پرسیارێكە لە پەراوێزی بابەتێكدا دەركەوتووە كە لەلایەن ڕەبەنێكی پرۆتستانتی لە یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤاری بەرلین لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 1883 بڵاوكراوەتەوە، مندلسۆن لە هەمان مانگدا بە وەڵامدانەوەیەك پێشی كەوتووە.
میشیل فۆكۆ ئەم تێكستە وا دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی لەدوتوێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (فەلسەفەی مێژوو) بڵاوبۆتەوە، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەمە وەڵامدانەوەیەك نییە هاوشێوەی تێكستەكانی تری كە لە هەمان گۆڤاردا بڵاوكراونەتەوە.
مەبەست لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی بەرەو كوێ بچین؟ ڕۆڵی ڕۆشنگەری لە دیاریكردنی داهاتوودا چی دەبێت؟ سروشتی ئەو داهاتووە چییە؟ ئایا نەشونماو پێشكەوتنە بە ئاڕاستەی باشترین؟ یان لێژبوونەوەو تێكشكاندنە؟..
تێكستی (ڕۆشنگەری چییە؟) شرۆڤەیەك نییە بۆ چركەساتێكی مێژوویی لەو چركەساتانەی كە ڕۆنانی ڕەوتی مێژووییەكی گشتی پێكدێنن، هەروەها ناچێتە پاڵ بیركردنەوە لە مێژووییەكی غائیی، بەڵكو وەڵامی پرسیاری ڕۆشنگەری بۆ باری وێستامان چییە، (ڕۆشنگەری چییە؟) لەوەدا كە ئێستاكێمان پێكدێنێ، نەك ئەوەی بۆ دواتر شتێكی لەسەر هەڵبچنرێت، ئەم تێكستە ناچێتەوە سەر ناواخنی فەلسەفەی مێژوو، بەڵكو گەڕانێكی نوێ هەڵدەهێنجێت، كە ئەویش بریتییە لە ئەنتۆلۆژیای ئێستاكێ، یان با بڵێین بریتییە لەو شتەی كە توێژینەوەی فەلسەفی بەرەو ئاڕاستەیەكی نوێ پەلكێش دەكات، ئاڕاستەیەكی تر، ئاڕاستەی مۆدێرنە.
لە پێناوی ئەمەدا، میشێل فۆكۆ بایەخێكی گەورەتر بەم تێكستە دەدات، وێڕای ئەوەی كە زیاتر لە جارێك قسەی لەسەر كردووە، بە تێكستێكی ناوازەشی داناوە، بەوەی بریتییە لە تێكستێكی فەلسەفی لەو تێكستانەی مۆدێرنەی دامەزراندووە، كە بۆ یەكەمین جار مەسەلەی ئێستاكێی خستۆتەڕوو، لەو بارەیەوە دەپرسێت ئێستا چی ڕوودەدات، ئەو شتە دیاریكراوە چییە لەم چركەساتەی ئێستادا كە تێیدا دەنووسم، ئەم پرسیارە لە تێڕوانینی فۆكۆوە پرسیارێكە لە مێژووی فەلسەفەدا پێنگاڤێ نەچۆتە پێشەوە.
ڕاستە كە گواستنەوەیان بۆ ئێستاكێ، بۆ باری وێستاو دۆخی مێژوویی، یان بۆ ئەو مولابەساتەی كە ڕەنگە بایەخدار بێت سەبارەت بە بیركردنەوەی فەلسەفییەوە شتێكی نوێ نییە لە خودی مێژووی فەلسەفەدا، ئەوەی زانراوە كە دیكارت لە بەشی یەكەمی بابەتی نووسینێك لەسەر میتۆد، ئاڕاستەكاری و بڕیارەكانی كە تایبەتمەندن بە خۆیەوە دەگێڕێتەوە، یان ئەوانەی تایبەتمەندن بە خودی فەلسەفە خۆیەوەن، كە باری مێژوویی تێدا بە هەند وەردەگرێت، هەروەها ئەپستیم و زانستیەكەی كە ئێستاكێی پێ دەناسرێتەوە، بەڵام ئێمە هەمان وەڵامی ئەو پرسیارەی كانت داویەتیەوە، لە لای دیكارت نادۆزینەوە، كە تایبەتمەندە بەو ئێستایەی ئینتیمای بۆی هەیە، دیكارتێك كە وا ڕاهاتووین بە باوكی فەلسەفەی هاوچەرخ ناوزەدی بكەین، كەمتەرخەمبووە لە گەڕانەوەیدا بۆ ئێستای مێژوویی، بۆ توێژینەوەش ئەمە ئەركێكە تا وەڵامی ئەو پرسیارە دەستنیشان بكات، چونكە پێوەندیدار نییە بە پرسیاری ئەوەی لەم ئێستاكێیەدا چ شتێك سەبارەت بە فكری فەلسەفەی ماف دەلالەتبەخشە.
دیاریكردنی ڕۆشنگەری بەوەی هاتنەدەرەوەی مرۆڤ بێت لەو كەمتەرخەمییانەی بە هۆیانەوە زاتی خۆی بۆی بگەڕێتەوە، یان ئەوەی بۆ ساغ نەكرێتەوە كە بۆچی مرۆڤ بە بێ سەرۆكایەتیكردنێك لەلایەن ئەوانی ترەوە لە شتەكان تێناگات، یان دیاریكردنی ڕۆشنگەری بەوەی دەرچوون بێت لە سەرپەرشتیاریكردنی لە لایەنی ئەویدیەوە، یان بەوەی بڕیاردانێ بێت بە ئەتۆنۆمیای مرۆڤ و سەربەخۆبوونی زاتیی، یان جەخت كردنەوەیە بێت بەوەی مرۆڤ بووەتە زاتێكی سەربەخۆ، یان لەدایك بوونی مرۆڤە بە نیسبەت زاتیەوە، لەدایك بوونی مرۆڤ وەك زاتێكی ئەكتیڤ و وەك كۆجیتۆیەكی مێژوویی..
كەواتە ئەم شتە پێوەندی نییە بە توێتوێكردنی ئێستاكێ لە پێوەندیكردنیەوە بە ڕابردوو، یان بە داهاتوو، بەو شێوەیەش لە ڕۆشنگەری ناڕواندرێت بەوەی بریتیی بێت لە بزاڤێكی مێژوویی، بەڵكو بەو شێوەیە دەبیندرێت كە شێوەیەكی تازەبێت بۆ دیاریكردنی پێوەندی مرۆڤ بە زات و باری ئێستاكێی خۆیەوە، وەك ئەوەی داینەمۆی كۆجیتۆی مێژوویی، یان ڕۆشنگەری فەلسەفەیی بێت.
* بیرمەندی مەغریبی و ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات