دەربازبوون لە پاشكەوتەی ئابووری و گەڕان بە دوای سەرچاوەی نوێی داهات

دەربازبوون لە پاشكەوتەی ئابووری و گەڕان بە دوای سەرچاوەی نوێی داهات
قەیرانە داراییەكان بوونەتە سیمای ئابووریی سەرمایەداری، شوێنەواری ئەم قەیرانانە بۆ سەر عێراق فراوانتر و ئاڵۆزترە كە هۆكارەكانی دیكەی ناوخۆ و لە سەروویانەوە ناتەبایی سیاسی و تێوەگلانی عێراق بە شەڕی دژ بە داعش كە رۆژانە ملیۆنەها دۆلار لەسەر عێراقەوە دەكەوێت و ناچاری دەكات كە بودجەكەی بۆ پڕكردنەوەی تێچووەكانی شەڕ تەرخان بكات، هەروەها ئیمزاكردنی چەندین گرێبەستی گرانبەها بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی، یان خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ مەبەستی راوێژیی سەربازی، یان مەشق و شیاندنی سوپا، یان حەشدی شەعبی، یان هێزی دیكەی سەربازی، هۆكاری دیكەش بریتییە لە دابەزینی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە نیوەی نرخی ئاسایی خۆی كە كاریگەریی خراپی بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە لەبەر ئەوەی كە زیاتر لە 95%ی سەرچاوەی پارەداركردنی بودجەی عێراق لە داهاتی نەوتە، ئەمە وێڕای گەندەڵیی دارایی و ئیداری و بە تایبەتیش لە چوارچێوەی كەرتی گشتی كە عێراقی تێوەگلاوە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانەكەی لە پڕۆژە بێ سوودەكان، یان تەنانەت لە پڕۆژە خەیاڵییەكاندا كە ملیۆنەها دۆلاری تێدەچێت لە قووتی گەلی عێراق لەوانەش قووتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، كەواتە لێرەدا چەند بابەتێكی هەستیار تێدا پێشەوەو لەساڵی 2015 چاوەڕێی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات و دەبێت لە ئێستاوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەت و دامودەزگا پێوەندارەكان خۆیانی بۆ ئامادە بكەن.
ئاستەنگە دەستووری و یاساییەكان لە
بەردەم ئابوورییەكی سەربەخۆ
مادام هەرێمی كوردستان ئابوورییەكی سەربەخۆی نییە و توانایشی نییە لە ماوەی چەند ساڵێكدا لەو سەربەخۆییەی ئێستای ئــــــــــابوورییەكی ســــــــــــەربەخۆ بنیـــــــــادبنێت، بودجەكەیشی بەتایبەتی بودجەی بەكاربردنی پشت دەبەستێت بەو رێژەیەی كە لە بودجەی عێراق بۆی تەرخان دەكرێت، بۆیە كاریگەریی دابەزینی نرخی جیهانی نەوتی لەسەر دەبێت، رەنگە ئەم كاریگەرییە زۆریش بێت، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لە رووی دەستوورییەوە سەرچاوەی بڕیار نییە، یان كەسایەتییەكی نێودەوڵەتیی نییە تاكو قەرز لە دەزگا داراییەكان و دراوییەكانی نێودەوڵەتی وەربگرێت وەك سندووقی نەختی نێودەوڵەتی، یاخود راستەوخۆ رێكەوتننامەی دارایی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە واژۆ بكات.
لە هەرێمی كوردستان شوێنەواری قەیرانەكە دیارە، چ لە كەرتی حكوومی و مووچەی فەرمانبەران، یان لە لاوازی و پاشەكشەی كەرتی وەبەرهێنان و هەڵپەساردنی زۆربەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی نرخ و بڵاوبوونەوەی بێكاریی راستەقینە و داپۆشراو، بەڵام دەربارەی چۆنێتی چارەسەركردنی قەیرانەكە، یان رووبەڕووبوونەوەی بەلایەنی كەم لە عێراق، یان لە هەرێمی كوردستان، تەواوی كلیلی چارەسەرەكە بە دەستی عێراق، یان هەرێم نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە لایەنی كەم بەشێكی چارەسەرییان لایە، لە سەرووی ئەو چارەسەركردنانەش لە عێراق بەر لە هەموو شتێك بریتییە لە سازانی سیاسی، ئەویش بە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەركردنیان لە تەواوی خاكی عێراق و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، چونكە شەڕ و تێچوونەكانی بەڕێوەبردنی ئاوارەكان، وێڕای خراپیی گوزەرانیان و پێشكەشنەكردنی یارمەتیی پێویست، دەخوازێت كە لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆ و نێودەوڵەتی دابینی بكەن، بەڵام ئەو دوو مەسەلەیە زیانی زیاتر لە ئابووری دەدەن، لەسەر حیسابی چاككردنی رەوشی گەلی عێراق بە شێوەیەكی گشـــتی، دواتــــــــــــر جەختكردن لەسەر گرتنەبەری ستراتیژیی گەلێكی روون و دیاریكراو لە پەرەپێدانی پرۆسەكانی تایبەت بە زیادكردنی بەرهەمی نەوت و كاراكردنی وەبەرهێنانی نەوت و سیاسەتی هاوتەریبی نەختینەیی و پشتیوانیكردن لە هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پیشەیی بە شێوەیەك بەشدار بێت لە بنیادنان و گونجان لەگەڵ ئابووریی بازاڕ، سەرباری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری كە ئێستا عێراق لەوپەڕیدایە.
رێكەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند
گرنگترین رووداوی ئابووری و پۆزەتیڤی ساڵی 2014 و پڕموژدەی خێری ساڵی 2015 ئەو رێككەوتنە بوو كە لە نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتەئاراوە، ئەو رێكەوتنە لە تێگەیشتنی هەردوولاوە سەرچاوەی گرت لە ئاست كاریگەرییە نەرێنییەكانی رێكنەكەوتن و لادان لە دەستوور. بۆیە بەپێی ماددەی 110ی دەستووری هەمیشەیی عێراق (نەوتی عێراق موڵكی گەلی عێراقە..) و هیچ لایەنێكیش ناتوانێت بە تەنیا داهاتەكەی بەرێت بەبێ رێككەوتن و هەماهەنگیكردن، مادام سەرچاوەی بودجە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بریتی بێت لە فرۆشتنی نەوت لەگەڵ داننان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی نەبەستراو بە هەرێمەكان لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانیان بە سەربەخۆیی بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووری عێراق پێیان دراوە، بۆیە رێككەوتنەكە هەم لە بەرژەوەندیی عێراقدا بوو كە جۆرێك لە سازانی سیاسی و یەكخستنی هەوڵەكانی بەدوادا هات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو كێشەكان كە لە ئێستادا رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، هەروەها ئاسەوارە ئەرێنییەكان كە لە داهاتوودا لەو رێككەوتنە دەكەونەوە لە چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم وەك دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵ و یاسای نەوت و غاز و پێشمەرگە و رەوشی یاسایی و دەستوورییان و چارەنووسی ماددەی 140 ی دەستوور و رەنگە ئەم رێككەوتنە ببێتە نەخشەڕێگەیەك بۆ هەرێمەكانی دیكە كە لەوانەیە لە داهاتوودا دابمەزرێن، یانیش بۆ پارێزگاكان، هەروەها ئەم رێككەوتنە بۆ هەرێمیش باش بوو، چونكە دیواری دابڕانی نێوان هەردوو حكومەتی رووخاند، هەمدیس بەشێكی زۆری قەیرانی خنكێنەری دارایی لە هەرێم چارەسەر دەكات و ژیان بە بەر كەرتی وەبەرهێناندا دەهێنێتەوە، بەتایبەتیش بۆ كەرتی نەوت و پەرەپێدانی، بەشێوەیەك كە ببێتە هۆی زێدەكردنی بەرهەم لە هەرێمی كوردستان و سەرلەنوێ كاركردن لە پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا كە بە هۆی قەیرانی دارایی پەكیان كەوتبوو، هەروەها گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان و سەر لەنوێ بنیادنانەوەی متمانە لەگەڵ حكومەتە تازەكەدا و بەتایبەتیش كە هەرێم ئامادەبوونێكی بەهێزی لە عێراقی فیدڕاڵدا لەسەر ئاستی پەرلەمان و حكومەتی ناوەنددا هەیە.
ئابووریی هەرێم و خۆئامادەكردن بۆ هەموو ئەگەر و پێشبینییەكان
چی دەبێت ئەگەر شەڕ لەگەڵ داعش بۆ ماوەیەكی درێژ لەوەی پێشبینی دەكرێت بەردەوامتر بوو، یا بە رەچاوكردنی رەوشی سەقامگیریی ئاسایش و ئابووریی هەرێم ئاوارە و پەناهەندەكان بۆ ماوەیەكی زۆر زیاتر بمێننەوە؟ یان چی دەبێت ئەگەر حكومەتی ناوەند لە پابەندبوونی بەم رێككەوتنەكە سستی نواند و پشكیی دارایی هەرێمی نەنارد؟ تاكەی هەرێم هەر پشت بەو رێژەیە دەبەستێت كە لە بودجەی نەوتی عێراق بۆی تەرخان دەكرێت؟ ئەم هەموو پرسیارانە و هەندێكی دیكەش كە لەم رووەوە دەكرێن، پێویستیان بە وەڵام هەیە تاكو چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، لە راستیدا و لەوەتەی سەربەخۆیی رێژەیی هەرێم لە ساڵی 1991، ئەو حكومەتانەی كە یەك لە دوای یەك لە كوردستان دامەزراون، بەداخەوە ستراتیژییەتێكی روونیان دەربارەی ئایندەی سیاسی و ئابووریی هەرێم پێشكەش نەكردووە، دەبووایە هەرێمی كوردستان و لەوەتەی سەربەخۆیی رێژەیی لە 1991 و راگەیاندنی فیدڕالییەت وەك دروشمی وڵات، بە هاوتەریب دوو رێگەی گرنگی بگرتایەبەر كە رەهەندگەلی ستراتیژیی مامناوەندی و دوورمەودا لەخۆدەگرن بەرەو گەیشتن بە سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری بە حوكمی واقیعی دیار و بەرچاوی دۆست و دوژمنان بەبێ نانەوەی كێشە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و ئاراستەكانی لە سەنترالییەت و تاكڕەویی لە دەسەڵاتدا. یەكەمیان: دانانی سیاسەت و ستراتیژییەتگەلی روون و بەرچاو لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ حكومەتی ناوەند بەو ناوەی كە ئابووریی كوردستان بەشێكە لە ئابووریی عێراق و بازاڕی كوردستانیش هەر بەشێكە لە بازاڕی عێراق و درێژكراوەیەتی بەپێی دەستوورە و ئەو دەسەڵاتانەی دەستوور پێی داوە، هەروەها كاركردن بە گوێرەی ئەو ستراتیژییە بۆ بنیادنانی هەرێم و قۆستنەوەی تواناكانی لە زەویی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وزەی زۆری مرۆیی و ماددی لە نەوت و غاز و كانزاكانی دیكە و جیاكردنەوەی لە پارێزگاكانی دیكە و عێراق و بە شێوەیەك جۆرێك لە پاشكۆیەتی رێژەیی دروست دەكات، پاشكۆیەتی ئابووریی عێراقی بۆ ئابووریی هەرێم و نەك بەپێچەوانەی واقیعی ئێستا.
دووەمیان: هەرێم رێگەی چاكسازیی ئابووری بگرێتەبەر بە ئەگەری سەربەخۆیی هەرێم و بڕینی پاشكۆیەتی بۆ ئابووریی عێراق، ئەویش بە بڕینی ریشەی گەندەڵیی ئابووری و دارایی و هەیمەنەی رەفتاری نابەجێ بەسەر رەفتاری دامەزراوەیی و بنیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەكان و پەرەپێدانی كەرتە زیندووەكان لە كادیری مرۆیی كە بەشێوەیەكی هاوچەرخانە راهێنرابن و ئامادەبن بۆ بازاڕی ئازاد پەرەپێدانی پیشەسازیی گۆڕین و بەتایبەتیش ئەوەی كە پشت دەبەستێ بەو كەرەستانەی كە لە هەرێم دەست دەكەون. هەروەها پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بەپێی بنەما هاوچەرخەكان و جەختكردنەوە لەسەر كەرتی پیشەیی و پەرەپێدان و شیاندنی و دەرچوون لە چوارچێوەی نەرێنییەكان و گەندەڵی كەرتی گشتی. لەبەر هەمان هۆیەكانی سەرەوە، تێبینی دەكرێت كە هەرێم بەشێوەیەكی هاوتەریب سوود لە داهاتی پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە و بەتایبەتیش دەوڵەتانی دراوسێی وەك توركیا و ئێران وەرناگرێت كە قەبارەی ئەو بازرگانییە ساڵانە دەگاتە ملیارەها دۆلار، بەمەش هەرێم بۆتە بازاڕێكی گەورەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی توركیا و ئێران وێڕای بەرهەمەكانی چین بە چاوپۆشی لە كوالێت و باشییەكەی، چونكە زۆرجار جەخت دەكرێتەوە لەسەر ئەو بەرهەمە هەرزان و كوالیت نزمە، دوور لە مواسەفاتی جیهانی بە پێی نۆرمی رێكخراوی پێوانە و مواسەفاتە نێودەوڵەتییەكان (ISO)، جا لەبەر ئەوەی هاوكوفیی لەم پەیوەندییەدا نییە لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ژێرخان لە كوردستان و لاوازیی توانای بەرهەمهێنانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خزمەتگوزاری، دەبینین كە لایەنی سوودمەند لەم پەیوەندییەدا وڵاتانی كاڵانێرن لەسەر حیسابی رۆیشتنی ملیۆنەها دۆلار لە هەرێمەوە بۆ دەرەوە، ئەمە لە لایەك و لەلایەكی دیكەوە زۆرینەی وەبەرهێنان لە كوردستان زیاتر دەربارەی وەبەرهێنانی خانووبەرەیە (دروستكردنی خانوو، شوقە و كۆشك و تەلار) كە لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەند و خاوەن داهاتی باڵادایە و خاوەن داهاتی نزم سوودی لێ نابینێت، هەروەها بازرگانیی ئۆتۆمبێل و دواتریش وەبەرهێنان لە بواری چێشتخانەكان ئەو هەموو وەبەرهێنانانە پارەیەكی زۆر لە هەرێم دەبات، تەنانەت هەلی كاریش سنووردار دەكات، چونكە زۆربەی لایەنەكانی وەبەرهێنان بەتایبەتیش توركیا كرێكارەكانی پێش خستووە بۆ كاركردن لە كۆمپانیاكانی و دەرفەت نادات بە كاركردنی هاووڵاتیانی كوردستان، تەنانەت كرێكارانی پاككردنەوەش پشكی كرێكارانی هەرێم نییە، ئەمەش بۆ نەبوونی یاساكانی كاركردن دەگەڕێتەوە كە بە شێوەیەكی دروست رەچاوی رەوشی كرێكاریی هەرێم بكەن. بۆیە دەكرێ بڵێین كە وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی كوردستان ئامانجەكانی نەپێكاوە، چونكە ئامانج لە وەبەرهێنانی بیانی و راكێشانی لە میانی یاسای دەستكراوەو و نەرم و پڕ لە دەستكەوت و بەخشین دوو ئامانجی بنەڕەتی بەدی دێنێت، یەكەمیان راكێشانی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو و شارەزایی، دووەمیان راكێشانی پارەوپوول، بۆیە دەڵێین كە یاساكانی وەبەرهێنان ئامانجەكانیان ناپێكن لە ئەنجامی لاوازیی ژێرخانی و سیاسەتی ناسیستماتیكی وەبەرهێنانە بەپێی كاری دروستی دامەزراوەیی و ئاراستەكراو بە شێوەیەك كە بەرژەوەندییەكانی تاك و توێژەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی بەدی دێنێت.
چارەسەری هەیكەلەی ئابووری و
رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی
بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ئەگەرە نەخوازراوەكان دەكرێ لە هەرێم بیر لە چارەسەری بەسوود بكەینەوە و بەتایبەتش ئەو چارەسەرانەی كە پشت بە دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی دارایی دەبەستن بێجگە لە كەرتی نەوت، هەروەها پێویستە دەست بە چاوپێخشاندنەوەیەكی سووكی بڕگەكانی بودجەی هەرێم بكەین، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی بارگرانییەكی زۆری پارە لەسەر بودجەكە دروستدەكات، سووكی بكەین كە دەكرێ لە پرۆسەی پەرەپێدانی راستەقینەدا خەرج بكرێت بۆ بنیادنانی بازاڕی ئازاد كە بە كردەنی بەشداری لە پەرەپێداندا بكات، هەر لەكڕینی ئۆتۆمبێلەوە تاوەكو چاوخشاندنەوە بە مووچە تایبەت و بەرزەكان و شێوازی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان. لە لایەكی دیكەوە پێویستە چاو بە هەندێ سیاسەتی پەیڕەوكراودا بخشێندرێتەوە و چاكسازییان تێدا بكرێت لەوانە بۆ نموونە:
1. چاوخشاندنەوە بە بڕگەكانی بودجە و بەرەنگاربوونەوەی هەموو روویەكی گەندەڵی لە بڕگەكاندا كە ئاسانكاری دەكەن بۆ ئەو گەندەڵییە داراییە، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر چاكسازیی یاسایی بە شێوەیەكی گشتی و ئەو یاسایانەی كە پەیوەستن بە ئابووریی بازاڕ و رێكخستن و بەهێزكردنیەوە، لە سەروویانەوە یاسا ئابوورییەكان لەوانەش یاسای وەبەرهێنان و پاراستنی ركابەر و بەرهەمە نیشتمانییەكان و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە كاڵای هاوردە لە رووی ئەو شوێنانەی لێیان دروستكراون و كوالیتی كۆنتڕۆڵ و بەتایبەتیش جەختكردنەوە لەسەر یاساكانی كێبڕكێ و بوونی ویستێكی تەواو و راستەقینە بۆ جێبەجێكردنیان.
2. دانانی سیاسەت و پڕۆگرام بە پێی دیراسات و توانای هەرێم بۆ رێكخستنی مەسەلەی هاوردەكردنی كاڵا، یان بەروبوومی كشتوكاڵی بەتایبەتی ئەوانەی كە لە هەرێم بەرهەمهێنراون، یان دەكرێ بە پاڵپشتییەكی سادە بەرهەم بهێنرێن.
ئاراستەكردنی وەزارەتەكان بەرەو سیاسەتی خۆپارەداركردن وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا و كارەباو پیشەسازی و بازرگانی و چەند وەزارەتێكی دیكە بەپێی توانا، هەروەها ئاراستەكردنی وەزارەتەكانی دیكە بۆ گەڕاندنەوەی هەیكەلبەندییەكانیان بە شێوەیەك كە لە بیرۆكراتییەتی ئیداری و خەرجییە زیادەكانیان كەم بكاتەوە، هەروەها جەختكردنەوە بەوەی كەرتی تایبەت ببێتە كەرتێكی كارا، هەروەها بەشداریكردن لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بە شێوەیەك كە هەلی كار بۆ بێكاران بە پێی پلەكانیان دابین بكات، هاوكات گرتنەبەری سیاسەتی باج كە رەچاوی جیاوازیی بكات لەنێوان پڕۆژە گەورەكان كە قازانجی زۆریان هەیە لەگەڵ پڕۆژە بچووكەكان كە قازانجەكانیان سنووردارن، بەشێوەیەكی گشتی ئەم چاكسازییانە بنەمایەكن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەدامەزراویی بكەن.
* پسپۆڕ لە یاسای بازرگانی/ كۆلیژی یاساو رامیاری/ زانكۆی سەڵاحەدین
Top