یهكێتيی ئەوروپا وعێراق و كورد2

یهكێتيی ئەوروپا وعێراق و كورد2
دانیشتنی لیژنەی پەرلەمانیی ئەوروپا سەبارەت بە عیراق
لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە عیراق لە ناو پەرلەمانی ئەوروپیدا، ڕۆژی پێنج شەمە 4/12/2014لە بارەگای پەرلەمانی ئەوروپایی لە (هۆڵی A5E_2) كاتژمێر 9:30 سەرلەبەیانیی تا كاتژمێر14:00ی پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەیەكی سازدا، داڤید كامپڵ بانرمان سەرۆكی نێردەكانی پەرلەمانی ئەوروپایی بۆ پێوەندییەكان لەگەڵ عیراقدا دەسپێكی دانیشتنەكەی بە وتەیەك كردەوە كە (هومام باقر جەعفەری) جێگری سەرۆك پەرلەمانی عیراق لە تەنیشتی دانیشتبوو، بڕیاریش وا بوو ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عیراقیش ئامادەی ئەم دانیشتنە بووایە، بەڵام داوای لێبورینی كرد بوو بەهۆی ئەوەی ناچار بووە لە هەمان وادەو كاتدا لە برۆكسل ئامادەی كۆبوونەوەیەكی تر بێت.
لە وتەكەی دەسپێكدا بانرمان پەنجەی خستە سەر خاڵی پاڵپشتیەكانی پەرلەمانی ئەوروپایی بۆ حكومەتی نوێی عیراق و هاندەری ئەو دیالۆگ و دانوستاندنانە بوو كە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی ناو وڵاتدا بە ئەنجامی دەگەیەنێت، هاوكات كردەوە وەحشیەكانی داعشیان ڕەت كردەوەو پشتگیری خۆیان بۆ سوپای عیراق و پێشمەرگە لە جەنگی دژە تیرۆردا دەربڕی، هەروەها جەختیشی كردەوە لەسەر ناردنی هاوكارییە مرۆڤایەتیەكان بۆ ئاوارەكانی كە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان هەڵاتوون، هەروەها پێشوازی گەرمی لەو ڕێككەوتنەی دوایی كرد كە لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان كراوە، ئەوەش قبوڵكراو نییە كە پێشمەرگەكانی كوردستان بە بێ موچە لە بەرەكانی جەنگدا بن..
لەم چوارچێوەیەدا بانرمان جەختی كردوە لەسەر منداڵان و ئافرەتە رفێندراوەكان بەتایبەتیش ئافرەتە ئێزیدیەكان، هەروەها ئاماژەی كرد بەپرۆسەكانی كوشتن و وێرانكردنی شوێنەوارە دێرینەكان. لەلای خۆیەوە هومام حەمودی ئاماژەی دا بەوتەكانی سەرۆكی دانیشتنەكەو لەو بارەیەوە وتی: راپۆرتەكە واقیعیانە بوو، دواتر باكگراوەندی ئەو بڕیارانەی لەلایەن حكومەتی عەبادیەوە دراون خستەڕوو كاتێك ئاماژەی دا ((بە هاوسەنگ كردنی هێزە مەزهەبیەكان لەناو دامودەزگاكانی دەوڵەتدا)) هەروەها ((سەر لەنوێ بونیاتنانەوەی هێزە چەكدارەكان)) لەگەڵ ((دەرچواندنی بڕیارەكانی لێخۆشبوونی گشتی و ئازادكردنی زیاتر لە 3000 راگیراوی ناو زیندانەكان)) دواتر درێژەی پێداو وتی ((دوژمنێكی هاوبەش بۆ هەمووان هەیە كە جێگای مشتومڕ نییە كە ئەویش دوژمنێكی عەقائیدییەو مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی كوشت و بڕو بەكۆیلەكردنی خەڵكیدا دەكات)) هەروەها وتی: من شەرم دەكەم كە بەمشێوەیە باس لە عێراقێك دەكەم كە لەمێژوودا وڵاتی دەستپێكی دامەزراندنی شارستانیەكانە، دواتر وەسفی داعشی كرد بەوەی شێرپەنجەیەكی مەترسیدارن و پیشەسازییەكی عەرەبیی ئیسلامەوین و پێویستە لە سەر عێراق و موسڵمانان رووبەڕووی ئەم بە پیشەسازیكردنەی ئاینی ببنەوە، هەروەها وتی فیكری داعش رەنگە عەرەبی و ئیسلاميی بن، بەڵام هێزەكەی لە خۆرئاواوە هاتووە، لەپاش رووداوەكانی سوریاوە وەرچەرخاوە بۆ تەحەددایەكی جیهانی، هەمووانیش پێویستە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایە بگرنە ئەستۆ دواتر ئاماژەی دا بەدوا كۆبوونەوەی رێكخراوی یونسكۆ كە رۆژی 3/12/2014 سازدرا لە ژێر دروشمی (چۆن بەفەرهەنگ و شارستانیەت رووبەڕووی داعش ببینەوە)، ئەمڕۆش لە پەرلەمانی ئەوروپیدا پرسیارەكە ئەوەیە چۆن عێراق بەهاوكاری ئەوروپا بتوانن رووبەڕووی ئەم بابەتە ببنەوە. داعش حاڵەتێكی تازەیە لەعێراق، پێویستە هەموومان ئامادەساز بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەك تەنها لەرووی سیاسيی بەڵكو دەروونیش، پێویستيشە ئەوروپیەكان لەگەڵ عێراقیەكاندا بەدوای چارەسەری ئەم گرفتە بگەڕێن چونكە ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش لە ئەوروپاوە هاتوونەتە ناو ڕێكخراوەكەوە بەنموونە زیاتر لە 1000 چەكدار لە فەرەنساو 400 چەكدار لە ئەڵمانیاوە، ئاماژەشی دا بەوەی عێراق لەسەر دوو ئاست رووبەڕووی ئەم قەیرانە بۆتەوە، لەسەر ئاستی سوپاو پێشمەرگە لەلایەك و هەروەها لەسەر ئاستی حەشدی شەعبی لەلایەكی ترەوە.
یەكەم: تەوەرەكانی كۆبوونەوە
1. تەحەددای سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی داعش: سەرۆكی نێردەی ئەمەریكی لە یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئەم تەوەرە وتوێژی كرد.
2. دیالۆگی سیاسی سەبارەت بە دۆزە هەرێمایەتیەكان ئەوانەی بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ یەكدا هەیە: لەم تەوەرەشدا سەرۆكی بەشی نیمچە دوورگەی عەرەبی، هەروەها بەرپرسی ئێران و عێراق لە فەرمانگەی خزمەتگوزارییە پراكتیكیەكان لە یەكێتی ئەوروپا و سەرۆكی دەستەی هاریكاری جوگرافیا بۆ ناوەندی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەم تەوەرەدا گفتوگۆیان كرد.
3. دانانی مافەكانی مرۆڤ، دۆزە مرۆڤایەتیەكان و قەیرانی پەناهەندەكان: لەم بوارەشدا ژمارەیەك لە پسپۆرانی تایبەت بە بوارەكانی مافەكانی مرۆڤ و پەناهەندە قسەیان كرد.
4. نزیكەی یەك كاتژمێر تەرخانكرا بۆ وتوێژ لەسەر ئەو خاڵانەی پێشوو، بەڵام دەرفەت نەدرا بەكەسانی تر تاوەكو لە وتووێژەكە بەشدار بن بەهۆی بەرتەنگی كات.
دەكرێت خاڵەكانی وتووێژەكان لەمانەی خوارەوە چڕ بكەینەوە:
لەبەرژەوەندی هەمووانە هاریكاری عێراق بكرێت لەم دۆخە خراپەی تێی كەوتووە.
هەماهەنگی كردن لەگەڵ عێراق بۆ مەسەلەی مەشقپێدانی هێزە ئەمنیەكانيی.
یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ پاڵپشتیكردنی كاری دژە تیرۆرو لەناوبردنی ئایدیۆلۆژییەتی تیرۆرستان.
جەختكردنەوە لەسەر مافەكانی مرۆڤ.
دانانی بەرنامەی كار لە 2014- 2018.
لەسەر پەرلەمانی عێراق پێویستە چالاكتر بێت و ئەو كەموكورتییە تەشریعيانەی پێوەندیدارە بە60 دەقی یاساییەوە چارەسەر بكات كە لەدەستووری 2005 دا هاتوون.
جەختكردنەوە لەسەر سەربەخۆیی دادگاو دوورخستنەوەی لە سیاسەت.
جەختكردنەوە لەسەر پرۆسەی بونیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق كە خۆی دەبینێتەوە لەدروستكردنی دامودەزگا مەدەنیەكان، لەمبارەیەوە یەكێتی ئەوروپا شارەزایی بەر فراوانی هەیەو دەكرێت سوودی لێوەربگیرێت، هەروەها ئاماژە درا بە پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بۆ هەرێمەكان و پەرەپێدانی رۆحيی هاووڵاتیبوون، دوور لەبناغەی ئیتنی و تایەفەگیریی.
عێراق پێویستی بە ئاشتبوونەوەی گشتی و بەرجەستەكردنی رۆحی رێزكردنی فرەیی هەیە.
لەسەر ئاستی ئابووری ئاماژە درا بەو قەیرانە داراییەی كە عێراق رووبەرووی دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو هاوكات زۆر بەووردی ئاماژە درا بەو رێكەوتنەی دوایی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵ واژوو كرا، ئەم رێكەوتنەیان بەئەرێنی وەسف كرد، هەروەها پەنجە خرایە سەر دروستی ئاودیوكردنی نایاسایی پارە بۆ دەرەوەی وڵات ، لەم روانگەیەوە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە سامانی عێراق تەنیا خەڵكی عێراق لێی سودمەند بن.
یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت بەهاوشانی گەمەكارە هەرێمیەكانی تر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.
یەكێتی ئەوروپا لە دانانی بەرنامەیەكی پێشنیازكراو بۆ ساڵانی 2013 – 2017 هاوكار دەبێت كە تایبەتمەندە بەم بابەتانە: بەرنامەی نیشتمانی عێراقی، سەروەری یاساو مافەكانی مرۆڤ، پشتگیری خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی، وزەی نوێبووە.
بە رای یەكێتی ئەوروپا پێویستیەكی زۆرهەیە بۆ دەستەبەركردنی بەرنامەیەكی گشتگیر كە هەموو لایەنەكانی سەربازی و سیاسی و پەرەپێدان بگرێتە خۆ.
دووەم: سەرنج و تێبینی سەبارەت بە كۆبوونەوەكە
شاندی پەرلەمانی عێراقی جگە لە حەموودی لەم بەڕێزانەش پێكهاتبوو(یونادم كەننا، ئاڵا تاڵەبانی، سەڵاح جبووری، سادق روكابی) شاندی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باڵيۆز سەفییە سوهێل بەرپرسی فەرمانگەی ئەوروپا لەوەزارەتی دەرەوە لە ئاستی ئەو كێشە و باسە جەوهەرییانەدا نەبوو كە گفتوگۆی لەسەر دەكرا، چونكە جگە لە بابەتە سەربازیيەكان چەندین دۆزی سیاسی و دەوڵەتمەداری و فیكری قووڵیش باس دەكرا، ئەم كۆمەڵێك تێبینی زۆر لاوازی خستەڕوو، تەنانەت ئەندامانی شاندەكەش لەم باشتر نەبوون، بەشێوەیەك سەرۆكی دانیشتنەكەی ناچاركرد بەهۆی درێژی قسەی دووبارەو لاوازەوە قسەكانیان پێ بپچڕێنێت، هەموو خەمی سەرۆكی شاندەكەی عێراقیش هاتوهاوار بوو بۆ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا چادر بنێرێت بۆ پەناهەندەكان لە وڵاتێكدا كە بودجەی ساڵانەی لەسەروو 100 ملیار دۆلارەوەیە.
ئەندامانی شاندە كوردیەكەش كە خرابوونە ناو چوارچێوەی شاندی عێراقیەوە رۆڵی بەرچاوی خۆیان نەگێڕا، بەتایبەت بۆ ئەو بابەتانەی كە پێوەندارە بەقەیرانەكانی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەرووی بۆتەوە بەهۆی ئەو پشتگوێخستنە بەئەنقەستەی بەغداوە بەتایبەت ئەوانەی پێوەندیيان هەیە بەچەكداركردنی پێشمەرگە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەمانیش تەنها بە تۆنی بەرزی دەنگیان هەر دەیانووت رزگارمان بكەن و یارمەتیمان بدەن وەك ئەوەی ئێمە كەم ئەندام بین.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێدەنگ دانیشتبوو، لەهیچ گفتوگۆیەك بەشداری نەكرد، لەكاتێكدا شوێنێكی تایبەتی بۆ دانرابوو تابلۆیەكی گەورە لێی نووسرابوو (krg) بەمەرجێك هەموو چاوەكان لەسەر ئەو بوو شتێك بڵێت و كاتێكی كراوەشیان بۆ تەرخانكردبوو تا وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان لەیەكێتی ئەوروپا وتووێژ بكات.
سێیەم: یەكێتی ئەوروپاو هەرێمی كوردستانی عێراق
لەساڵی 2003 بەدواوە یەكێتی ئەوروپا ئاوڕی داوەتەوە لەبارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك بۆنەی گرنگ هەبوون بۆ پەرەپێدانی ئەم پێوەندییانە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا، لەزۆر بۆنەی تایبەتدا هەبوون بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لەوانە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بارەگای یەكێتی ئەورپا لە برۆكسل لە 10/11/2009 هەروەها چاوپێكەوتنی نێوان بەڕێزیان و خافێر سۆلانا رێكخەری باڵای بەرگری و ئاسایش لە ئەوروپا، هەروەها كۆبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ لێژنەی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپی كە تێیدا پەرەسەندنە سیاسیەكانی عێراق و تەحەددیاتی ئایندەو پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا پتەوكران، هەروەها سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپی لە رێی بانگێشتێكی فەرمی لێژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانەكە لە 21/1/2014 كە سەرۆك بارزانی لەوێ وتەیەكی گرنگی پێشكەش كردوو تێیدا وتی:((ئێمە لەهەرێمی كوردستان پشتمان بەستووە بەسیاسەت و كەلتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان و قبووڵكردنی بەرامبەر، هەرێمی كوردستان بەرێژەیەكی بەرز ئارامی و ئاسایشی تێدا هەیە لەكاتێكدا ئێمە لە دەستپێكی بونیاتنانی دامودەزگا دیموكراتیەكانداین پێویستمان بەهاوكاری ئێوەیە بۆ ئەوەی بەدروستی لەسەر بناغەیەكی هاوچەرخ ئەم دامودەزگایانە دابمەزرێنین، چاومان بڕیوەتە پاڵپشتیەكانتان بۆ مافەكانی گەلی كوردستان، ئومێد دەكەین نوێنەرایەتیەكی تایبەتمان لەناو یەكێتی ئەوروپا هەبێت ئەمە هاوكار دەبێت بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپی لەبوارەكانی ئابووریدا، داواتان لێدەكەین پشتگیری پرۆژەی سیاسی لە عێراقدا بكەن لەسەر بناغەی ئیلتزامكردن بەدەستوورو پرەنسیپەكانی دیموكراتیەت و فیدراڵیەت و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكەدا بەگشتی)).
دواتر لە 6/11/2014 راوێژكاری ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی سەردانی بارەگای یەكێتی ئەوروپای كردەوە ئەویش لە وتەیەكدا كە لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپی داوای چەكداركردنی هەرێمی كوردستانی كرد بەچەكی قورس، هەروەها جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی رێكخراوی داعش كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەنگاری بۆتەوە، مەترسییەكە بۆ هەموو جیهان بەو سیفەتەی بڕوای بەهیچ سنوورێك نییە، دەقاو دەق بارزانی وتی: (هەرێمی كوردستان بەرەنگاری داعش بۆتەوە لەبری هەموو جیهان) ئاماژەشی دا بەئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی كە لەناوچەكانی باكوری عێراق و ناوچە كوردستانیەكانی دەوروبەری هەرێم دەربەدەر بوون، دواتر وتی : خەڵكی شنگال دووچاری كۆمەڵكوژی بوونەتەوە بەهەزارەهایان بەرەو مەرگ راپێچ كراون و كچان و ژنانیان لەلایەن داعشەوە رفێندراون زیاتر درێژەی بەقسەكانی دا و وتی:حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پاڵپشتیەكی ماددی لە حكومەتی عێراقەوە پێنەگەیشتووە لە رووبەرووبوونەوەی داعش، زیاتریش روونی كردەوەو وتی(بەغدا تەنیا بەوە نەوەستاوە كە هاوكاری مرۆیی و چەكی لەم چەنگەدا بۆ نەناردوین بەڵكو بەشی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی فیدراڵی لێبڕیوین). هەروەها لە 27 /3/2014 بەڕێز نێچيرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی كەوت بەشاندێكی باڵای یەكێتی ئەوروپا كە بەسەرۆكایەتی كریستیان بيكر نێردەی تایبەتی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری دەرەوە، هەروەها یانا هایباشكۆفا باڵێۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق هاتبوون لەم دیدارەدا باری ئێستای عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەگشتی (مەبەست لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014) خرانە بەر باس شاندەكە جەختیان كردەوە لەسەر ئیلتزامی یەكێتی ئەوروپاو پاڵپشتی تەواویان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستە تیمێكی تایبەتیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان رەوانە كرد ئەمەش لە چوارچێوەی خۆسازدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هاریكاری و بەشداریكردن لە پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەلایەن حۆیەوە نێچيرڤان بارزانی ئەم دەستپێشخەرییەی یەكێتی ئەوروپای بەهەند زانی و تیشكی خستە سەر بارودۆخی پەنابەرە سورییەكان لە هەرێمی كوردستان، شاندی یەكێتی ئەوروپاش چالاكیەكانی حكومەتی هەرێمی بەرز نرخاند بەتایبەت لەبەهاناچوونی پەناهەندەو دابینكردنی بژێوی و هاوكاری مرۆیی بۆیان، لە دەرئەنجامی ئەم سەردانەشدا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای یەكێتی ئەوروپا راگەیەنرا كە لەهەفتەكانی داهاتوودا نووسینگەیەكی تایبەت بەهاریكاری مرۆیی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە لەهەولێر دەكرێتەوە كە ئەركی ئەوەیە هاوكاری هەرێم بكات بۆ پێشوازی لەو پەناهەندە سووریی و ئاوارانەی ترەوە كە لەناوچەكانی تری عێراقەوە روویان لەكوردستان كردووە، هەروەها بۆ زەمینەسازیی لە پێناوی چاككردنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەر دۆزینەوە بۆیان لە رێگای گفتوگۆوە كۆتایی هێنان بەو ناكۆكیانەی پێوەندییان بە بودجەو دۆسیەی نەوتەوە هەیە، هەروەها پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەروبەرو چەند بابەتێكی تریش لەنێوان شاندی یەكێتی ئەوروپاو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو.
لە 8/5/2014 سەرۆك بارزانی چاوی كەوت بە خاتوو یانە هایباسكۆفای نێردەی یەكێتی ئەوروپای لەعێراق كە لەگەڵ باڵيۆزەكانی یەكێتی ئەوروپا هاتبوون لەو دیدارەدا خاتوو یانا سوپاسی یەكێتی ئەوروپای بەسەرۆك بارزانی گەیاند بۆ ئەوەی توانیوێتی پێوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان پەرەپێ بدات، هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی لێكرد كە لەهەرێمدا ئەنجامدراو بەهەڵبژاردنێكی خاوێن و دیموكراتی لەقەڵەمدا، ئاماژەشی بەو ئەزموونە دیموكراتیەی هەرێمی كوردستان كرد كە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوازەیە ئەمەش پاش ئەوە هاتووە كە نوێنەران و پسپۆران و باڵیۆزەكانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا خودی خۆیان سەردانی بنكەكانی دەنگدان و ئەو جێگایانەیان كردووە كە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوە ئەوان سەرسام بوون بەحەماسەتی خەڵكی كوردستان لەناو كێبڕكێی هەڵبژاردندا، لای خۆشیەوە سەرۆك بارزانی لەكاتی پێشوازیكردنی لەو شاندە شایەتحاڵی ئەوانی بەرز نرخاند كە بەڵگەیە لەسەر شارستانیبوونی گەلی كوردستان. هەروەها رۆڵی كوردی لە داهاتووی عێراق و مەسەلەی شەراكەتی نیشتمانی خستەڕوو ئاماژەی بەوەدا لە پێناوی تێگەیشتن لە گرفتەكانی عێراق پێویستە مێژوو ماهیەتی ئەو وڵاتە هەڵسەنگێنێت، چونكە عێراق لەپاش جەنگی یەكەمی جیهانیەوە لەسەر بناغەی شەراكەتی نێوان هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد دامەزراوە بەڵام بەدرێژایی ساڵانی دواتر ئەم شەراكەتە كراوەتە قوربانی ململانێ و ستەمكاری حكومەتەكانی پێشووی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە دەستووری عێراقی جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی عێراق هەست بەئارامی بكەن و لە ژیانی سیاسی دا هاوبەش بن و ماددەی 140 لەدەستووری عێراقی جێبەجێ بكرێت و هەیكەلی سوپای عێراق لەسەر بناغەیەكی نیشتمانی دابڕێژرێتەوە و دۆزی پێشمەرگەش چارەسەر بكرێت و یاسای نەوت و غاز دەربچێت و ئاماری دانیشتووان ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو دامودەزگاو فەرمانگانەی لەدەرەوەی دەستوور دانراون رەتبكرێنەوە.
ئەوانەی لەم كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان كرد بریتی بوون لەو باڵیۆزانەی یەكێتی ئەوروپا كە لەسەر دۆزەكانی تایبەتمەند بە داهاتووی عیراق و ڕۆڵی كورد تێیدا باسوخواسیان هەبوو، پرۆسەی سیاسیی هەرێم و بارودۆخی پەناهەندەكانی سووریایی بەشێكی تری باسەكان بوون..
لە 15/8/2014 وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی مەسەلەی پشتگیریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە لایەنی چەك و تەقەمەنییەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە كۆبڕیار، لەبەرئەوە ئەم بژاردەیەیان بەجێهێشت بۆ دەوڵەتەكان تا هەر كامیان بەپێی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان كاربكەن بۆ پێدانی چەك بە كوردی عیراق، كە مەبەست لێی پێشمەرگەیە بە مەرجێك دەسەڵاتی فیدراڵی ڕەزامەندی لەسەر هەبێت..
لەم بارەیەوە وەزیری دەرەوەی نەمسا سباستیان كۆرتس ڕازی نەبوو لەسەر ناردنی چەك بۆ پێشمەرگە لە ئاماژەیەكیدا بەوەی وڵاتەكەی تەنیا هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارەكان دابین دەكات..
كۆرتیس لەم بارەیەوە وتی(( ئامادە نین بۆ هاوبەشی كردن لە ناردنی چەكدا، چونكە ئەوە كێشەی ئێمە نییە، وەك دەشزانن ئێمە سەرچاوەی گەورەی چەك دابین كردن نین و هێزێكی گەورەی سەربازیمان نییە))
بەڵام كۆماری چیك ڕایگەیاند كە دەست دەكات بە گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بۆ كورد ئەمەشی لە بەیانێكی وەزارەتی دەرەوەی چیكیی خرایە ڕوو بە بێ ئەوەی ناوی جۆرو چەندێتی چەك و تەقەمەنییەكانی تێدا بێت، هاوكات وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دیڤید كامیرۆن ڕایگەیاند كە بەریتانیا بە شێوەیەكی ئەرێنی باسی لەوە كرد كە تاوتوێی هەر داوایەكی كوردی عیراق دەكات بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بەریتانیا دەستی كردووە بە گواستنەوەی ئەو كۆمەكە سەربازییانەی وڵاتانی تر پێشكەشی كوردیان كردووە..
لە پەرەسەندنێكی تردا نێردەی باڵای ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە فیدریكا موگرینی لە 22/12/2014 سەردانی عیراق و هەرێمی كوردستانی كرد، لە بەغداش لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە كۆبویەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ڕۆڵی ئەوروپا بۆ كۆمەكیكردنی عیراق كرا لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و مرۆییەوە، موگرینی وتی كە یەكێتی ئەوروپا لەو بڕوایەدا كە ئاسایش و سەلامەتی عیراق بەشێكە لە ئاسایش و سەلامەتی ئەوروپا، چونكە عیراق وڵاتێكی گرنگە بۆ یەكێتی ئەوروپا، چونكە بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنیا شەڕێكی سەربازی نییە بەڵكو شەڕێكی فەرهەنگی و فكریشە و شەڕێكە بە لای هەموو عیراقیەكان و هەموو هاووڵاتیانی جیهانیشەوە بایەخی خۆی هەیە، لەبەرئەوە یەكێتی ئەوروپا بایەخ بە عیراق دەدات تا ببێتە ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیری و پەرەپێدانی تێدا ڕووبدات، لەو بارەیەوە پشتگیریەكانی ئەوروپا بۆ عیراق ساڵی 2014 گەیشتۆتە 150 ملیۆن یۆرۆ.
لە پاش بەغدا سەردانی هەولێری كردو چاوی كەوت بە سەرۆك بارزانی و لە نزیكەوە مەسەلەی كۆمەك و هاریكاری یەكێتی ئەوروپایی بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو، بەوەش وەسفی كوردستانی كرد كە خاكی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە چ لەسەر ئاستی سەربازیی و ئاسایش یان مرۆڤایەتی، لەو بارەیەوە فیدریكا موگرینی وتی: هاوكارییەكی باش لە چوارچێوەی یەكێتی ئەوروپا بۆ هەرێم بەڕێوەیەو هەروەها لەسەر ئاستی تاكە تاكەی وڵاتانی ناو یەكێتیەكەش هاوكاری تر دەنێردرێن بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ عیراق و كوردستان بەڵكو هەڕەشەیە بۆ ئاسایش و ئارامی هەموو جیهان، ئەو شەڕە قارەمانانەی هەرێم لە دژیان دەیكات جەنگی ئێمەیشە لەبەرئەوە ئێمە ئیلتیزاممان هەیە بەهاریكاریكردنی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سوپاسیان دەكەین بۆ ئەوەی لەسەرو توانای خۆیانەوە ئەم هەموو ژمارە زۆرەی ئاوارەی عیراقی و سوریاییان جێگەكردۆتەوە..، ئێمە یارمەتی پەناهەندەو ڕاكردووانی دەستی ستەم و شەڕەكان دەدەین، ئەمەی دەیبینین ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارەیە قەبارەی موعاناتیان گەورەیەو باری شانی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستانی قورس كردووە، بە ڕاستی ئەمە كارەساتێكی مرۆییە))
سەرۆك بارزانی لای خۆیەوە پێی وت كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی داعش و ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە هیچ داهاتوویەكی دیاریان نییە..
لە بابەتێكی تردا لە وەڵامی سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژنامەنووسێك بارزانی وتی: مافی چارەی خۆنووسین مافێكی سروشتیی گەلی كوردە و بڕیاردان لێی دەگەڕێتەوە بۆ خودی گەلی كورد.
پاش خستنەڕووی هەموو چالاكی و دیدارەكان وا دەردەكەوێت كە یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی جدی گرنگی بە پەرەپێدانی پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عیراق و هاوكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات، ئەمەش پێویستی بە بایەخێكی تایبەت هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ پەرەپێدانی ئەم بایەخدانە بە شێوەیەكی جۆریی، لەم بارەیەوە ئەم پێشنیازانە دەخەمە ڕوو:
پێشنیازەكان بۆ حكومە?
Top