سعودیە، ئەندامێكی گوماناویی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش

سعودیە، ئەندامێكی گوماناویی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
لە ئێستادا ئیدارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرقاڵی بنیاتنانی هاوپەیمانییەتێكی تۆكمەی نێودەوڵەتییە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام( داعش)، لە هەمان كاتدا ئەگەر لەو هاوپەیمانێتییە بڕوانین، بۆمان دەردەكەوێت كە گردبوونەوەی ئەو ئەندامانە هەم لە رووی رواڵەت و هەمیش لە رووی ناوەڕۆكەوە مایەی گومانە.
كاتێ من ئەم وتارەم دەنووسی، ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی رەزامەندییان دەربڕیوە كە بێنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە، خۆی لە 40 دەوڵەت دەدا، بەڵام بەشداریكردنی زۆربەیان تەنیا بە رواڵەتە، هەرچەندە ئەوانە هیچیان بەو شێوەیە نەكردووە، كەچی بۆ ئەمریكا جێگەی هیوا و ئاواتە، لە راستیدا ئەمریكا لە ئەنجامدانی چالاكییەكاندا پشكی شێری بەركەوتووە، ئەوانی دیكە ئەگەر بەشداریش بووبن، ئەوا بە رێژەیەكی كەم هاتوونەتەپێش. توركیا هەڵوێستی خۆی لەم بارەوە راگەیاندووە كە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕدا ناكات و تەنانەت رێگەشی بە فڕۆكەكانی ئەمریكا نەداوە بنكە ئاسمانییەكانی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی بەكاربهێنێت. بەهەر حاڵ، عەرەبستانی سعودیە كە خۆی بە هاوپەیمان لە پرۆسەكە دادەنێت، لە هەمووان گوماناویترە، بۆیە نەدەبوو ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دیكەی وڵاتانی رۆژئاوا متمانە بە سعودیە بكەن و بیكەنە هاوپەیمان بۆ شەڕكردن دژی داعش، ئەوەی بووە هۆی بە ئاگاهاتنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو تاوانانەی داعش بوو كە بێزراوییەك و هەستێكی قێزەونی هێنایەئاراوە بگرە هەر لە پیشاندانی گرتە ڤیدیۆكانی كۆمەڵكوژیی دژ بە سەربازە بەدیلگیراوەكانی عێراق و لەوەش مەترسیدارتر بڵاوكردنەوەی وێنەی سەربڕینی دوو رۆژنامەنووسی ئەمریكی و كارمەندێكی بواری هاریكاریی مرۆیی كە بەڕەگەز بەریتانی بوو. ئەم تاوانە دڕندانەو قێزەونانە تەنیا لەلایەن داعشەوە ئەنجام نەدراون، بەڵكو لە میانی ئەمساڵ (2014)دا عەرەبستانی سعودیە 46 كەسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی سەربڕی، بەڵام نەمانبینی سەركردەكانی وڵاتانی رۆژئاوا لە ئاست ئەم تاوانانەی هاوپەیمانەكەیان هیچ هەڵوێستیان هەبێت، تەنانەت سووكە رەخنەیەكیشیان لێ نەگرت.
لە بنەڕەتدا خودی عەرەبستانی سعودیە بەرپرسیارێتیی بەرچاوی دەركەوتنی ئەم رێكخراوە(داعش)ی دەكەوێتە ئەستۆ كە ئەمەش بە هەمان ئەندازە مایەی بێزارییە، بۆیە دەبینین كە ریاز و ئەنقەرە بە یەكەوە زۆر بە پەرۆشی پشتیوانییان لە یاخیبووانی سووریا دەكرد كە بۆ رووخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد چالاكییان دەنواند، هەرچەندە بەشی زۆری ئەو یارمەتییانەی سعودیە دەگەیشتە دەست ئەو رادیكاڵانەی كە دواتر بوونە مایەی پێكهێنانی كرۆكی داعش. لێرەدا نابێ ئەو راستییە ببێتە جێگەی سەرسوڕمان بۆ هیچ لایەك كە ریاز زۆربەی هاوكارییەكانی بۆ لایەنەكانی ئەنتی دیموكراسی و ئیسلامییەكان رەوانە دەكرد، دیارە ئەمەش بۆ تۆماری دوورودرێژیی بنەماڵەی پاشایەتیی سعودیە دەگەڕێتەوە كە هەوڵدەدات برەو بە تێگەیشتنی توندڕەوانەی وەهابییەت بۆ ئیسلام بدات لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامیدا.
رەنگە لە ئێستادا سەركردەكانی عەرەبستانی سعودیە چاك درك بەوە بكەن كە بەو رەفتارانەیان بوونە مایەی دروستبوونی دێوەزمەیەكی فرانكشیتی وەك داعش، بەڵام ئەوەی واشنتۆن بیری لێدەكاتەوە، لە خەون دەچێت كە بریتییە لەوەی گوایە ریاز بۆتە ئەندامێكی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەو پێكیهێناوەو دەبێتە هۆی پەرەسەندن و بەهێزكردنی میانڕەوەكان لە سووریا و عێراق، بۆیە ئەو ئەگەرە زۆر دوورە كە عەرەبستانی سعودیە لە هەوڵی بەهێزكردنی لایەنە عەرەبییە سوننەكاندا بێت لەو وڵاتانەدا، ئەوانەی ململانێی سەرسەخت دەكەن و دەیانەوێت لە داعش جیا ببنەوە و لە جیاتی ئەوە رێنمایی و تەنانەت هاوكاریی داراییش لە سەرپەرشتیارە سعودییەكانەوە وەربگرن، لەمەش زیاتر هەرچەندە خودی ریاز دەیەوێت داعش پەراوێز بخات، بەڵام بە دەگمەن حەز بەوە دەكات كە ئەو رێكخراوە تێكبشكێنێت، كە دەرئەنجام سوودی، یان بۆ لایەنە سوننە عەلمانییەكان دەبێت، یان بۆ شیعەی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سووریا و عێراق و لوبنان.
بەداخەوە، وادیارە تا ئێستا ئیدارەی ئۆباما و حكومەتەكانی دیكەی رۆژئاوا كە هاوپەیمانن، ئامادەنەبن دان بەوەدا بنێن كە ئەندامێكی ناو ئەو هاوپەیمانێتییە كە ئەوان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی داعشدا پشتی پێ دەبەستن، ئەندامێكی فریوەدەر و مایەی گومانە، بەڵام پێدەچێت بەشداریكردنی عەرەبستانی سعودیە ئامانج و مەبەستەكانی ئەو ئەركە دژ بە داعش لاواز بكات، تەنانەت پێش تین و تاو سەندنی هەڵمەتی هاوپەیمانێتییەكە، بۆیە پێویستە سەركردەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بەخۆدا بچنەوە و دووبارە گریمانەی بەشداریكردنی سعودیە و پاڵنەری ئەو وڵاتە هەڵبسەنگێننەوە بۆ ئەو كردارانەی كە ئەگەری ئەوە هەیە بە ئەنجامیان بگەیەنێت، كە ئەمەش هیچ خزمەتێك بە هێزەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە ناكات بۆ دروستكردنی پردی پرسێكی هاوبەش لەگەڵ رژێمێكی بەم شێوەیە قێزەون و بێزراودا.
Top