عێراق لوغزێكی سەرسوڕهێنەر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا

عێراق لوغزێكی سەرسوڕهێنەر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا
هەر لە دێرین زەمانەوە سروشتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان داینامیكیەت و بەردەوامێتی هەبووەو لەسەر بارێكی چەسپاو سەقامگیر نەبووە، هەردەم گۆڕانكاری خەسڵەتێكی زاڵە لەسەر كارلێكەكانی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان، لەبەر رۆشنایی ئەم خەسڵەتەدا پێویستە لە مەرامەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرانبەر عێراق تێبگەین..
بە گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بە شێوەیەك لە شێوەكان وا دەناسرێت بەوەی((سیاسەتێكی تەمومژاوی و سەرسوڕهێنەرە و بە تەمتومانێكی ناڕوون و نادیار دەورە دراوە)) لە بنەڕەتەوە ئامانج لێی وەدیهاتنی بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریكیە بەبێ گوێپێدان بە بەرژەوەندی ئەوانی تر..
لەبەر ئەوە دەپرسین:
ئامانجی ئەمریكاو پرۆژەكەی چی بووە كاتێك چوونە ناو بەغداو رژێمی پێشوویان لە 9ی نیسانی 2003 رووخاند؟
جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند ئامانجی پەلامارەكەیان بۆ سەر عێراق ((داماڵینێتی لە چەكە كۆكژەكان)) هەروەها لەبەرئەوەی عێراق هەڕەشە بووە بۆ ئاشتەوایی جیهانی، وەك ئەمریكیەكان باسیان لێوە دەكرد، لەبەرئەوە ئەركیان رووخاندنی ئەو رژێمەو دامەزراندنی سیستمێكی تازە بووە..
بۆ ئاماژەدان بە چۆنیەتی بیركردنەوەی دەستەبژێری سیاسی لە ئەمریكایی، بڕوانن لەم نموونەیەی خوارەوەدا چی بەدی دەكرێت:
پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكی لە عێراقی نوێی پاش 9ی نیسانی 2003، لەم دواییانەدا لە رێكەوتی 24/6/2014 دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی لە كەناڵی ئەل جەزیرەو بە تایبەتی لە بەرنامەی (لە واشنتۆنەوە) لەگەڵ سازكرا، لە وەڵامی پرسیارێكی پێشەكەشكاری بەرنامەكەدا سەبارەت بە وێرانكردنی عێراق لە دەرئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریكایی بۆ ئەو وڵاتە، كاتێ پێی وترا ئایا ئەوەی ئەنجام دراوە تەنیا بەوەندە بەس بووە بە داوای لێبوردنێك كۆتایی پێ بێت، بریمەریش وتویەتی((ئەی دەتەوێت لەسەر شێوازی یابانی خۆمی بۆ بكوژم)) درێژەی داوەتێ و وتویەتی: دامەزراندنی سوپایەكی نوێ لە عێراقدا هاوكوف و هاوڕا بە فتوایەكی سیستانی بووە، كە پێشوەختە بەڵێنی داوە سەربازە شیعەكان هاریكاری راستەوخۆی هێزەكانی ئەمریكا بن، كەواتە سەرەتای دامەزراندنی ئەو سوپایە تایەفەگەریانە بووە، تواناو زانایی ئەم سوپا نوێیەش تەنیا بریتی بووە لە گوێڕایەڵی و گوێلەمستی بۆ مالیكی، هەروەها لە بارەی پرسیاری ئەوەی ئایا لە عێراقدا چ دیموكراتیەتێك دروست بووە لە پاش جەنگێكەوە كە زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی عێراقی و 4500 سەربازی ئەمریكایی گیانیان بۆی بەخت كردووە، بریمەر بۆ ئەمەش وەڵامی دایەوەو وتی((بەڵێ، دیموكراتیەتێكی تازە بەڵام لاواز، دەتوانین لە زۆر رووەوە لایەنە ئیجابیەكانی ئەم دیموكراتیەتە بژمێرین، لەوانەش ئەوەتا 23 ملیۆن عێراقی مۆبایل هەڵدەگرن..)) كەواتە بە راو دیدی بریمەر هەڵگرتنی مۆبایل یەكێكە لە نیشانەكانی دیموكراتیەتی نوێ!!
دیك چینی جێگری سەرۆك بوش تا ئێستاش لەو بڕوایەدا ماوەتەوە كە عێراق چەكی كۆمەڵكوژی لە هەگبەدا مابێتەوە!
بەم بڕوایەوە ئەمریكیەكان پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێیان بەڕێوە دەبردو ئەم وڵاتەیان گەیاندە لێوارێكی سامناك و تەنگەچیلەیی وا كە بەپێی ئەو وەسفەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بۆی تەرخان كردووە كە بە گڕكانێكی هەڵچوو عێراق دەناسێنرێت، ئێستاش بە هەمان نەفەسەوە ئەمریكا دەیانەوێت لەو قەیران و تەنگژەیە عێراق دەربهێنن كە تا پەنا گوێ تێی كەوتووە، رۆژنامەی ناسراوو دیاری ئەمریكایی نیویۆرك تایمز لە 23/6/2014 روونیكردەوە كە ((ئەمریكا پاڵی ناوە بە عێراقەوە تا بیخاتە ناو ئەم زۆنگاوەو ئەوەتا هەر خۆیشی بەرهەمەكەی دەدورێتەوە)).
تەنگژەی عێراق بە تەنیا تەنگژەیەك نییە كە ئەمریكا رووبەڕووی بووبێتەوە، بەڵكو چەندین تەنگژەی تریش هەن لە چاوەڕوانی چارەسەردان و نۆرەیان گرتووەو لە ریزدا وەستاون، لەوانە:
قەیرانی ئۆكرانیا لەگەڵ رووسیا.
قەیرانی سووریا لەگەڵ چەندین جەمسەری دیكەی دەوڵەتانی، هەرێمیی.
قەیرانی نیمچە دورگەی قەرم و بڕیاری رووسیا بە لكاندنەوەی بە خۆیەوە.
قەیرانی ئەفغانستان كە تا ئێستاش لە ناو زۆنگاوەكەدا گیری خواردووە.
لە ساتەوەختی ئێستادا بە پێی ئەم ئاماژەگەلانە باری سەرۆك ئۆباما هیچ باش دەرناكەوێت:
1ـ رەخنەباران كردنی ئۆباما بەهۆی ئەو شێوازانەی مامەڵەی پێ دەكات لەگەڵ ئاریشەو دۆزەكاندا، پرس و راوێژ بە كەسە نزیكەكانی خۆی ناكات و لە ئاریشەیەكەوە باز دەدات بۆ یەكێكی تر.
2ـ كەمبوونەوەو داكشانی هەژموونی خۆی لە ناوەوەو دەرەوەدا.
3ـ ئاستی میللی و جەماوەری بۆ كەمتر لە %38 دابەزیوە.
4ـ پارتی كۆماری هەستاوەتە سەرپێ بۆ قۆزتنەوەی خاڵە لاوازەكانی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.
لەم دۆخە تەنگژاویەدا ئیدارەی ئۆباما بە شۆك و سەرسامبوونەوە رووبەڕووی قەیرانەكەی عێراق بۆتەوەو ئەوەش بە روونی لەوەدا دەردەكەوێت كە ناتوانێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەربچووێنێت، ئەو هەنگاوانەی هەڵیدێنێت پێوەندییان هەیە بە:
1ـ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانییەوە.
2ـ هەوڵدان بۆ راوەستاندنی گرووپە چەكدارەكان لە گرتنی زیاتری زەوی و خاكی عێراق.
هەرلەو میانەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری چەند گەشتێكی ئەنجامداو لە 23/6 گەیشتە بەغداو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكار نووری مالیكی كۆبوویەوەو ئەوەشی بۆ روونكردەوە كە ئەمریكا حكومەتێكی لێی دەوێت كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بە یەكسانی تێیدا بەشداری پرۆسەكە بكەن و بەڵێنی ئەوەشی داوەتێ كە وڵاتەكەی واتا ئەمریكا بە چڕی پشتگیری بەردەوامێتی عێراق دەكات تا بتوانێت لە رووی هەڕەشەكاندا بووەستێتەوەو هەروەها داوای لە سەركردەكانی وڵاتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی پشتگیرییەكە كاریگەری خۆی بە تەواوی هەبێت پێویستە هەموویان بە یەكگرتوویی بمێننەوە، وتەبێژی كۆشكی سپی لەو بارەیەوە هیواو ئومێدی ئیدارەی ئەمریكای خستە روو بەوەی حكومەتێك لە عێراق پێكبهێنرێت كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت و وەك یەك و بە یەك چاو تەماشای هەمووان بكات، ئەمەشیان لە 23/6دا لە بی بی سی بڵاوكردەوە، بەڵام گرفتی سەرەكی بریتیە لە:
1ـ هەمدیسان بەكارهێنانی سیاسەتی هاندانی دیدی تایەفەگەری و دوورخستنەوەو لەناوبردنی ئەوانی تر.
2ـ دیدو روانینی هەڵە بەوەی بەهۆی فاكتەری جیۆپۆلەتیكی هەر یەك لە ئەمریكاو ئێران بەردەوام دەبن لە پشتگیری كردن سەرەڕای سیاسەتە لاوازەكانی.
كۆبوونەوەكەی كیری و مالیكی بریتی بووە لە گفتوگۆیەكی رووبەڕووی توندو تیژانەو گرژی و مۆنی، ئەمەش بەپێی بۆچوونی لاری جیكس لە ئاژانسی ئەی پی كە لە 24/6 بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هاوكوف بە هەندێ چارەسەری مامناوەندانەوە هاتوونەتە دەرەوە، هاوكات كیری بە ئومێدە تا بە پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوویان بگەیەنێت، ئەوەش هەر لە سەرەتای دەسپێكی دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراقیەوە لە یەكەمین دانیشتنیاندا كە لە 1ی تەمموزی 2014 دەبەسترێت، بەپێی بانگهێشتەكەی ئایەتوڵڵا سیستانی كە لە رۆژی هەینی رێكەوتی 27/6/2014 رایگەیاندووە كە تێیدا داوای كردووە، دەسەڵات لە نێوان فراكسیۆنە هەمەچەشنە سیاسییەكاندا دابەش بكرێت، جۆن كیری ئومێدەوارە كە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانیدا سوپای عێراق بتوانێت لە دژی چەكدارەكان بجەنگێت، هاتنی راوێژكارانی سەربازی ئەمریكی (كە لەم دواییانەدا گەیشتوونەتە عێراق) بۆ ئەو مەبەستەیە تا ئامۆژگاری و راوێژ بە هێزە چەكدارەكانی عێراق بگەیەنن، كەواتە لەم سەردانەدا بە ئاشكرایی پەیامی ئەمریكا روونتر دەبێتەوە: هەموو سەركردە عێراقیەكان پێویستە مێزی دانوستاندن كۆیان بكاتەوەو حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی پێكبهێنن كە هەموو جەمسەرەكان پێی رازی بن، پێویستە شیعە رێكبكەون لەسەر ئەوەی كە ئەوە كێیە هەڵدەستێت بە پێكهێنانی حكومەتی عێراقی داهاتوو كە ئەمریكا پێی باشترە خودی كەسایەتی مالیكی نەبێت، ئەمریكا پەیامێكی بۆ سوننەكانیش رەوانە كردووە كە كۆتایی بهێنن بە هاریكاریكردنی چەكدارەكان و دەسەبەركردن و داواكردنی خواست و مافەكانیان لە چوارچێوەی بەشداریكردنی سیاسی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی تازەدا بۆ فەراهەم بكرێت، لەم كاتەشدا جۆن كێری سەبارەت بە كورد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئێستا مەسەلەی جیابوونەوەو سەربەخۆیی وەلاوەبنێن و رۆڵێكی ئەرێنی ببینن لە پێناوی پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانیدا، بەو شێوەیەی كە مافەكانی هەمووان تێیدا دەسەبەر بن (لە 24/6/2014) كەواتە ئەمریكا لەم قۆناغەدا دارگۆپاڵەكەی عێراقی لە ناوەندەوە بە دەستەوەیەو تا ئێستاش لەگەڵ دابەشبوونی عێراقدا نییە بۆ سێ پارچە، پەیامەكەی كیری زۆر روون و دیارە كە تێیدا هاندانی تێدایە بۆ كورد تا جارێكی تر بەشداری بكەنەوە لە پرۆسە سیاسییەكەدا وەك چۆن ئەم كارەیان لە 2003دا كردووە، بەڵام ئەمجارەیان تا ئێستاش دیار نییە كە هەڵوێستی سەركردەكانی كورد چی دەبێت، ئایا پابەند دەبن بە ئامۆژگارییەكانی ئەمریكاوە یان نا، لە لایەن خۆیەوە سەرۆك بارزانی لە دیمانەیەكیدا كە كریستیان ئەمانبور بۆ كەناڵی سی ئێن ئێنی رێكخستبوو و بەر لە دوو رۆژ پێش سەردانەكەی جۆن كیری جەختی لەوە كردەوە كە عێراق هەرەسی هێنا، پێویستە كورد دەرفەتی خۆیان بقۆزنەوەو داهاتوویان نەخشەڕێژبكەن.
لەو ساتەوەختەشدا نووری مالیكی رایگەیاند كە گوایە بیرۆكەی پێكهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی وەك كودەتایەك وایە بەسەر دەستووردا بۆ كۆتایپێهێنانی ئەزموونی دیموكراتی لە عێراقدا، بەڵام هەر بە خێرایی كیری لە برۆكسلەوە وەڵامی مالیكی دایەوە كە ئەمریكا ئەم داخوازییەی پێشكەش نەكردون و لە وتووێژەكانی ئەم دواییەیاندا كە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا كردویانە، هەرگیز شتی وەهای تێدا باس نەكردووە.
ئاماژەشی بەوە داوە كە ئیدارەی ئەمریكا پڕژاوەتە سەر هاندانی سەركردەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو لە نێوان سەرجەم عێراقیەكاندا بە زووترین كات..
پاش سەردانەكەی جۆن كیری بۆ كوردستان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكی وتی: كورد بەشداری دەكەن لە پێكهێنانی تازەی حكومەتی عێراقیدا، لەو بارەیەوە كیری حكومەتی بەوە ناسكرد كە پێویستە ستراتیژیەتێك بخوڵقێنێت بۆ چوونە پێشەوەی رەوڕەوەی پێشكەوتنی وڵاتەكە، ئەوەشی روونكردەوە كە سەرۆك ئۆباما لە هەوڵدایە بۆ هاندانی ئەم پرۆسەیە بە زووترین كات كە بەبێ ئەمەش هەموو شتێك ون دەبێت..
لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەشدا سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئاماژەی داوە(بەپێی رۆژنامەی قودسی عەرەبی لەندەنی لە 27/6/2014) بەوەی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكی رۆژی هەینی پێشنیازێكی بۆ راگەیاندنی كۆنفیدراڵی لە عێراقدا لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی سوننی و هەرێمی شیعی لە هەگبەدایە، ئەمەش لەبەر مكوڕبوونی كورد لەسەر راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان..
لە برۆكسلیشەوە جۆن كیری لە 26/6/2014 لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەر یەك لە ئوردن و سعودیە و ئیمارات ئەوەش بۆ وتووێژ لەسەر دوا پەرەسەندنەكانی لەناوچە كە بەخۆیەوە دەبینێت بەتایبەتی ئەو قەیرانە گڕگرتووەی لە عێراقدایە، لەكۆبوونەوەكەدا بیرۆكەی تایبەت بەپرۆژەی فەرمانڕەوایەتی لەسەر شێوازی كۆنفیدرالی لەعێراقدا خراوەتە روو. لەكاتێكدا سەرۆك بارزانی زۆر بە روونی لە كۆبوونەوەكەی 25/6لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا دیدو بۆچوونی خۆی بۆ خواستی هەرێم لەسەر جیابوونەوەی یەكجارەكی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خستەڕوو، راغیدە دەرغامی رۆژنامەنووسی ناسراو لە رۆژنامەی حەیات لەو ژمارەیەدا كە رۆژی 27/6 دەرچووە ئاماژەی داوە بە هەڵوێستی ئێران لەناو ئەو گۆڕانكارییانەدا، ئەم واتا دەرغام وای دەبینێت كە ئێران لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی وەكو شەریكێكی ئەمریكا بۆ نەهێشتنی تیرۆر خۆی نیشان بدات. بەمەش دەرفەتێكی باشی خستۆتە پێش خۆی تا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی جۆرە تێگەیشتنێكی نوێ بهێنێتە ئاراوە، هەندێك لێدوانەكانیان تایبەتمەند كردووە بە ساتە وەختی پاكێجە گەورەكە، هەندێكیش باس لەخۆگونجاندن دەكەن لەگەڵ واقیع و پێیان باشە بەشێوازێكی فەرمی بیرۆكەی راگواستن لەدەوڵەتی سادەوە بۆ دەوڵەتی تێكچڕژاووئاڵۆز بڕیاری لەسەر بدرێت، كەسانێكیش رووداوەكانی عێراق بەوە دەچوێنن كە بریتییە لەسەرەتای هەرەس و دابەشبوون و هەڵگیرسانی شەڕە مەزهەبیە خوێناوییەكان لەسەرتاسەری عێراقدا وەكو ئەوەی لەسوریا روودەدات، بۆیە هیچ بوارێك بۆ هەڵەكردن نەماوەتەوە كە دەرئەنجامەكەی وێرانكارانە بێت. لەچوارچێوەی ئەم دەرفەتانەدا راغیدە دەرغام پێیوایە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی كاتەكە لەبارە بۆ لێكنزیكخستنەوەی سعودییەو ئێران لەڕووی پێوەندییەكانیانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەمریكا نابێت پشت بكاتە رووداوەكان، سەرۆك ئۆباما دەستی كردووە بە راستكردنەوەی سیاسەتەكانی، بەڵام سام و ترس لە نزمبوونەوەی ئاستی جەماوەری خۆی بەربینی گرتووە، ئێران لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی رووداوەكانی عێراق لەبەرژەوەندی خۆیداو لەچوارچێوەی پێوەندی دوالیزمانەی ئەمریكاو ئێراندا هەڵسوڕێنێت، بەڵام سعودییە وای دەبینێت كە هەستەوەری بۆ وتووێژێكی نوێ لەنێوان سوریاو عێراق و هەروەها لەهەمبەر پێوەندییەكانی نێوان سعودییەو ئێران دەروازە دەكرێتەوە، بەڵام رووسیا بە نیگەرانیەوە چاودێری قەیرانی عێراق دەكات. هەوڵیش دەدات رووداوەكانی عێراق لە قەبارەی خۆی بچووكتر بكاتەوەو بیخاتە خانەی تیرۆرەوە. چەندین خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموو جەمسەرەكان هەیە ئەگەر چی سیاسەتەكانیان لێكتر جیاوازن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەك پیشەی جارانی دەسوڕێتەوەو شرۆڤە دەكات و دیقەت دەداو ئێستاش كاتی ئەوەهاتووە سەرۆكی وڵاتەكەی ستراتیژییەتێكی روون لەگەڵ هەموو جەمسەرەكان بەرجەستە بكاتەوە بەتایبەتی لەگەڵ سعودییەو ئێران.
سعودییە بەچالاكی زیاترەوە چاودێریی رووداوەكان دەكات و هەوڵ دەدا گۆڕەپانەكە بۆ كەس بەجێ نەهێڵێت تا وەك هاوبەشی ئەمریكا لە پاڵ خۆیدا ببنە گەمەكار، لە وتووێژەكانی جۆن كیری لە ریازدا ئەمە زیاتر روون دەبێتەوە كەواتە جەمسەرە كاراكانی ناو قەیرانەكە بریتین لە ئەمریكا – بەریتانیا – روسیا- سعودییە – ئێران – توركیا – هەرێمی كوردستان.
ئەمەش پێویستی بە بەرپرسیارێتی مێژووییە بۆ دیاریكردنی داهاتووی ناوچەكە و ئەم كارەش پێویستی بە عەقڵانیەتێكی واقیعبینانەی گرێبەند بە بەرژەوەندییەكانی ناوچەكەو خەڵكەكە و دەوڵەتەكانەوە هەیە، ئەم حەقیقەتانە پێویستە لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بەهەند وەربگیرێت و تەنیا خۆی نەخزێنێتە ناو خانەی بەرژەوەندی تایبەتی نیشتمانیی خۆیەوەو پێویستە هەوڵ بدات و رێگە بگرێت لە ئاگری جەنگێكی بە وەكالەت كە بەسەر خاكی عێراقەوە هەڵدەگیرسێت..
Top