كوردو كرایسكی لە كتێبێكدا
May 20, 2013
وتار و بیروڕا
((كرایسی جەختی كردۆتەوە لەسەر داكۆكیكردنی گەلانی ژێردەست بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، كرایسكی داكۆكیكار بووە لەم ئاراستە فیكرییە سیاسییە تا دوای ئەوەی دەستی لە پۆستەكەشی كێشاوەتەوە، لە ماوەی حوكمیدا پێشوازی لە زۆربەی سەركردە سیاسیەكانی كورد كردووە لە پێش هەمووان پێشوازی گەرمی لە سەرۆك مسعود بارزانی كردووە هەر لە هەشتایەكانی سەدەی پێشووەوە چەندین سەرنج و تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ كردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەری دۆزی كورد و هەمیشە كرایسكی بە روونی دەیوت: مافی كوردە مافی چارەی خۆنووسین پیادە بكەن)) ..
(ولفگانگ پیتریش) لە دوایەمین كتێبیدا كە ئەمساڵ بە چاپ گەیاندراوە، باس لە بیروڕاو هەڵوێستەكانی دەوڵەتمەدارێكی نەمساویی وەك(برونو كرایسكی)دەكات، كە بە ئاشكرا لە كاروانی بونیادنانی دەوڵەتێكی هاوچەرخی دیموكراتیدا شوێن پەنجەی دیارە، پاش ئەوەی نەمسا لە 1939 تا 1945 دوا بە دوای رووداوەكانی جەنگی دووەمی جیهانی داروپەردووی بەسەریەكدا خاپوور كرابوو..
پیتریشی دانەری ئەم كتێبەكە لە ماوەی ساڵانی 1977 تا 1983 هاوكاری كرایسكی بووەو بەم شێوازە باس لە كاركردنەكەی خۆی دەكات لەگەڵ ویدا((لە خزمەتی ئەو راوێژكارەدا بووم لە پاش ئەو شرۆڤانەی سەبارەت بە قەیرانی نەمساویی ــ یوگوسلافی ساڵی 1976 روویاندابوو، شتێكم لە بارەیانەوە نووسی بوو، ئینجا كرایسكی بێ ئەوەی پێشوەخت منی ناسیبێت بە هۆی وردبینیمەوە لە لێكۆڵینەوەو شرۆڤەكانمدا هەڵیبژاردم.
1
كرایسكی دەوڵەتمەدارێكی جێی تێڕامانە، بڕوای تەواوی بە رێبازەكانی سۆسیال دیموكراتی هەبوون لە ساڵانی 1970 تا 1983سەركەوتووانە نەمسای بەڕێوەدەبردو شوێن پەنجەی دیاریی لە سیاسەتی نەمساوی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەوروپایی بە جێهێشت، بەوە ناسرا بوو كە هاوسەنگێتی لە نێوان رووداوە سیاسیەكان لە لایەك و فكرو رەفتاری سیاسی لە لایەكەی ترەوە گونجاندبێت..
2
كرایسكی سەردەمی منداڵێتی خۆی لەیاد بووە كاتێك فرانتز جۆزیفی قەیسەر ساڵی 1916 لە پاش ئەوەی ماوەی 68 ساڵ ئیمپراتۆری نەمساو مەجەڕ بووە وەفاتی كردووە قوتابیان بۆ دوا ماڵئاوایی لێ كردنی لە رۆژێكی تەڕو تووشی و سەرمادا هاتونەتە دەرەوەو جیهان هەمووی بۆی رەشپۆش بووە..
كرایسكی وەك منداڵێكی ئەو وەختە، نەبوونی و هەژارێتی سەر شەقامەكانی ڤێنای بە چاوی خۆی لە سەردەمانی جەنگی یەكەمی جیهانی چاو پێكەوتووە، لەو بارەیەوە وتویەتی جەنگ زوو پیری كردین، ڤێنا پایتەختی ئیمپراتۆریەتێكی 35 ملیۆنی بوو بە هۆی جەنگەكانەوە بوو بە دەڤەرێكی فەرامۆشكراوی هەژارنشین بە تایبەتی پاش ئەو شەپۆلە پەتا ئەنفلۆنزایەی كە ساڵی 1918 رۆحی لەبەری دەیان هەزار نەمساویی نەهێشت، پاش ئەوەش كە چیكۆسلۆڤاكیا خەڵووزی بەردینی لێ بڕی هەزاران هاووڵاتی تر لە سەرمادا رەق بوونەوەو بە هەزارانی تر لە برسانا مردن..
لە بارودۆخە تراژیدیكیەدا كرایسكی هەردەم دەیپرسی هۆكاری چییە هەندێك لە ژیانێكی خۆشگوزەران دەنۆشن و كەسانێكیش نغرۆی كوێرەوەرین.
ئەم پرسگەل و تەحەدیاتانە كرایسكی وەك چالاكوانێك راكێشایە ناو كاری سیاسیەوە، یەكێك بوو لەو خۆپیشاندەرە تووڕانەی لەبەردەم كۆشكی دادی ڤێنا ساڵی 1927 رووبەڕووی رێژنەی گوللەو بینینی تەرمی خۆپیشاندەران بووەوە، لە دەرئەنجامی ئەو رووداوانەوە كرایسكی پێوەندی بە بزووتنەوەی سۆسیالیزمی لاوانی زەحمەتكێشی سەر بە حزبی سۆسیالیستی نەمساویەوە كرد..
كاتێ بیرمەندی سۆسیالیزمی ناسراوی وەك رۆتۆ باوری چاو پێكەوت باسی لە ئارەزووەكانی خۆی بۆی كردووە سەبارەت بە خوێندنی لە بواری پزیشكیدا، بەڵام باور پێی راگەیاندووە كە بەشێكی ئەندامانی حزب پزیشك بوون و ناچاربوون كاری پزیشكی نەكەن، بۆیە لە بەر خاتری حزب داوای لە كرایسكی كردبوو ببێتە یاساناس، باور بە كرایسكی وتبوو ((تۆ بە هێمنی گفتوگۆ دەكەیت ئەوانی تر بە باشی لێت حاڵی دەبن)) بۆیە كرایسكی لە ساڵی 1929دەستی دایە خوێندنی بواری یاسا لە زانكۆی ڤێنادا تا لە ساڵی 1935 بڕوانامەی دكتۆرای لە یاسادا وەرگرت و خۆی بە چالاكی حزبیەوە سەرقاڵ كردوو وەك چەپێكی سۆسیال دیموكرات خۆی ناساند، چەندین جار دوچاری گرتن و زیندانیكردن بوەوە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی فاشیی نەمساویدا، ئەو كاتەی نەمسا لكێنرا بە ئەڵمانیای نازییەوە ئیتر ئەم هەڵهات و لە سوید گیرسایەوەو مافی پەناهەندەیی پێدرا، ماوەی ژیانی لە سوید باشترین دەرفەت بوو بۆی تا بینای فیكری خۆی پەرەپێبدات چونكە سیستمی سویدی بۆ ئەو بریتی بوو لە دیموكراتیەتێكی كاراو ئەكتیڤ كە هاوشێوەی لە نەمسادا نەبوو، مۆدێلی سۆسیال دیموكراتی سویدی كاریگەریی خۆی لەسەر رەفتارە سیاسیەكانی كرایسكی دانا، جەختی لەوە كردەوە دیموكراتیەتی كاراو بزووتنەوەی ریفۆرمخوازیی لە سوید دەكرێ ببێتە بناغەیەكی تۆكمە بۆ بەرنامەی سیاسەتی نەمساو ریفۆرمەكان دەتوانن جۆرایەتی لە كۆمەڵگەدا بگۆڕن، سوید وانەیەكی گرنگ بوو كە تێیدا سەرنجی لە مەیل و دەركەوتنی بزووتنەوەی كرێكاری جیهانی دا كە چۆن بەرەو نیشتمانپەروەری تازە كرێكارانی سەرسام كردبوو، بیری لە چاندنی ئەو مەیلە كردەوە تا لە ناو زەمینەی نەمسادا بیڕوێنێت..
3
كۆتاییەكانی جەنگی دووەمی جیهانی لە 8ی مارسی ساڵی 1945 بە نیسبەت كرایسكیەوە چركەساتێكی مەزن بوو بۆ وەرچەرخان بەرەو دروست بوونی نەمسایەكی نوێ، لە دەسپێكدا حكومەتێكی ئینتیقالی بە سەرۆكایەتی كارل رینەری سۆسیال دیموكراتخوازی ناسراو دامەزرێنرا، هاوپەیمانان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە پێویستە نەمسا حكومەتێكی ئەكتیڤی هەبێت بە مەرجێك پیاوێكی بەساڵداچوو سەرۆكایەتی بكات..
لە كاتی گەڕانەوەی بۆ نەمسا كرایسكی نەمسای دەچواند بە شارێكی نیوەمردوو كە لە هەوڵدایە هەستێتەوە سەرپێی خۆی، بۆیە باسی لە ئومێدەكانی حزبی سۆسیالیستی دەكرد كە لە داخوازیی كردن بۆ كشانەوەی هێزەكانی داگیركاری نەمسا خۆی دەبینیەوە..
بەو شێوەیە كرایسكی كاروانی سیاسەتمەدارێتی خۆی لە نەمسای نوێدا كە بە كۆماری دووەم دەناسرێت دەست پێكرد تا گەیشتە سەركردایەتیكردنی حزبی سۆسیالیستی نەمساوی و دواتر پۆستی راوێژكاریی(واتە سەرۆكی حكومەت)ی وەرگرت ماوەی 13 ساڵی رەبەقی بەو پۆستەوە بەسەر برد لە ماوەی سەركردایەتیكردنی ویدا حزبی سۆسیالیستی سێجاران لەسسەر یەكتر زۆرینەی رەهای بەدەست هێناو توانی بە تەنیا كابینەی حكومەت دامەزرێنێتەوە، هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1979 گەیاندیە لووتكەی ژیانی سیاسەتمەداریی و رێزو شایستەبوون و لێهاتوویەكی جیهانی بۆ خۆی راكێشا..
كرایسكی بڕوای تەواوی بە سەقامگیری ئاسایش و ئاشتەوایی جیهانی هەبوو، لە پێناوی ئەو ئاڕاستە فكریەدا بە بەردەوامی تێدەكۆشا، لەبەرئەوەش پێوەندی تۆكمەی لەگەڵ رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی و بزاڤی رزگاریخوازی كوردا هەبوو، هەوڵەكانی بەردەوام بۆ ئەوە بوو كە سۆسیالیزمی رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە چارەسەری كێشەكانی جیهان و بە تایبەتیش كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوین، ئەم ئاڕاستە بیركردنەوەیەی كاریگەری پۆزەتیڤی لێ دەكەوتەوەو پێگەی نەمسای بەرزكردەوە بە تایبەتی ڤێنا كە بارەگای زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تێدا گیرسانەوە لەوانەش: رێكخراوی وزەی ئەتۆمی، ئۆپیك، رێكخراوی پەرەپێدانی پیشەسازی جیهانی، ئۆنرا و تاد..لە ماوەی فەرمانڕەوایی ویدا چەندین كەسایەتی نەمساوی پۆستی باڵای جیهانییان پێدرا لەوانەش پۆستی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە درایە كورت فالدهایم..
پێگەی جیۆگرافیی نەمسا ئاڵۆز بوو، چونكە ئەو وڵاتە كەوتبووە سەر هێڵی جیاكەرەوەی هەردوو سەربازگەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، زۆر زەحمەت بوو بۆ نەمسا هاوسەنگێتی نێوان ئەو دوو سەربازگەیە رابگرێت، بە تایبەتیش لە كاتی قەومانی رووداوە گەورەكانی جەمسەری سۆسیالیزمی لەوانە راپەڕینی مەجەڕ لە ساڵی 1956 و بەهاری پراگ لە ساڵی 1968 و بزاڤی هاریكاری پۆڵەندی ساڵی 1981 كرایسكی لەو ماوانەدا پشتیوانی لە بزاڤەكانی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەكردو مافی پەناهەندەیی بە چالاكوانەكانی جەمسەری خۆرهەڵات دەبەخشی تەنانەت هەڵوێستی بەرچاوی هەبوو بۆ بەخشینی مافی پەناهەندەیی بە چالاكوانەكانی وڵاتانی وەك شیلی و نیكاراگوا و خەباتگێڕانی كوردستان..
4
لە ژێر كاریگەرێتی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول كە بە هۆی رێكەوتننامەی شوومی جەزائیرەوە ساڵی 1975 كەوتەوە، حكومەتی نەمساوی لە هەڵوێستێكی مرۆڤدۆستانەدا بەرانبەر كورد بڕیاریدا 100 پەناهەندەی كوردی عێراق وەربگرێت و مافی پەناهەندەیی سیاسییان پێ ببەخشێت، ئەم بڕیارەش هی خودی كرایسكی بەهاوكاری هانزفیشەر كە ئێستا سەرۆك كۆماری نەمسایە لەم بارەیەوە پیتریش دەڵێت:
((ساڵی 1975 لە پاش ئەو سەركوتكارییەی سەدام حوسێن بەسەر راپەڕینی كوردانی كوردستانی عێراقدا هانی، نەمسا پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو كە مافی پەناهەندەیی بە كوردی ئەو ناوچانە بەخشی كە بۆ ئۆتۆنۆمی و حوكمی زاتی خۆیان لە تێكۆشاندا بوون، یەكەمین پۆل بریتی بوو لە 100 كورد كە لە ساڵی 1976 بە گەرمیەوە لە ڤێنا پێشوازییان لێكرا و دواتریش چەندین پۆلی تر وەرگیران(ئێستاش بە پێی ئامارەكانی زانستی و ئاڵوگۆڕی كەلتووری كۆمەڵەی كوردی نەمساوی، لە ڤێنا نزیكەی 100 هەزار كۆچبەری كوردی تاراوگە كە لە وەچەی دووەم و سێیەمی كۆچبەرانیشیان تێدایە لە نەمسا دەژین، لەوانە %90ی ئەوانە بریتین لە كوردی توركیا و ئەوانی تر كوردی عێراق و ئێران و سوریا و %50 كوردەكانی عێراق بریتین لە كەسانی ئەكادیمی و زانستخواز..)
كرایسكی لە رێی پۆستەكەی خۆیەوە كە وەزیری دەرەوەی نەمسا بووە بە مەلا مستەفای بارزانی شاد بووەو هەروەها چەندین جار لەگەڵ مسعود بارزانی دانیشتووە بە تایبەتی پاش ئەوەی ساڵی 2005بە دیموكراتیانە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، هەروەها چاوی بە سەرۆكی عێراقی ئێستا بەڕێز جەلال تاڵەبانی كە كوردە كەوتووە، هەردوو سەرۆك بارزانی و تاڵەبانی سەرسامبوونی خۆیان بۆ مۆدێلی سۆسیال دیموكراتی نەمساوی دەربڕیوە، هەروەها سامی عەبدولڕەحمان كە لە ساڵی 2004 لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا تیرۆر كرا لەو كاتەدا كە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق بوو، پێشتر لە ساڵی 1983بە پێی مۆدێلی حزبی سۆسیال دیموكراتی نەمساوی، پارتی گەلی دیموكراتی كوردی لە كوردستان دامەزراندبوو..))
كەواتە كرایسكی بایەخی بێ هاوتاو زۆری بە دۆزی كورد داوەو بە بەشێك لە دۆزەكانی خۆرهەڵاتی ناوینی زانیوە، لە زۆربەی لێدوانەكانیدا ئاماژەی داوە بە بایەخ و گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ مسۆگەربوونی ئارامی و پەرەپێدانی ئەوروپایی، لە پێشەكی كتێبەكەی رۆژنامەنووسی ناوداری نەمساوی فردیناند هینرببخللر تایبەت بە كورد كە لە ساڵی 1988 چاپ كراوە، باس لەوە دەكرێت كە كرایسی جەختی كردۆتەوە لەسەر داكۆكیكردنی گەلانی ژێردەست بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، كرایسكی داكۆكیكار بووە لەم ئاراستە فیكرییە سیاسییە تا دوای ئەوەی دەستی لە پۆستەكەشی كێشاوەتەوە، لە ماوەی حوكمیدا پێشوازی لە زۆربەی سەركردە سیاسیەكانی كورد كردووە لە پێش هەمووان پێشوازی گەرمی لە سەرۆك مسعود بارزانی كردووە هەر لە هەشتایەكانی سەدەی پێشووەوە چەندین سەرنج و تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ كردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەری دۆزی كورد و هەمیشە كرایسكی بە روونی دەیوت: مافی كوردە مافی چارەی خۆنووسین پیادە بكەن..
بۆرنۆ كرایسكی 1911ــ1990، لە خانەوادەیەكی لیبرالی جوولەكە هاتۆتە دنیاوەو پێوەندی بە چەندین رەوتی چەپی سۆسیال دیموكراتی كردووەو تا لە سەردەمی ئۆتۆباوری تیۆریزان و سەركردەی حزبی سۆسیالیستی نەمساویدا دەسبەرداری ئاینی جوو بووەو بووەتە كەسایەتییەكی عیلمانی و چەندین وێستگەی ژیانی لە گرتووخانەكان بەسەر بردووە بە هۆی داكۆكیكردنی لە ئاڕاستە فكرییەكانیەوە، پاش ئەوەی لە سوید دەگەڕێتەوە دەبێتە راوێژكاری سیاسی سەرۆك كۆمار و دواتر لە ساڵی 1953 دەكرێتە بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ساڵی 1956 وەك ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت تا لە ساڵی 1959 دەبێتە وەزیری دەرەوەو لە دامەزرێنەرانی رێكخراوی بازرگانی جیهانیەو هەروەها پێشنیازكاری پلانی مارشاڵە بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم، دواتر لە ساڵی 1967 وەك سەرۆكی حزبی سۆسیالیستی هەڵدەبژێردرێت تا لە دواییدا دەبێتە سەرۆك وەزیرانی وڵات تا لە ساڵی 1983 دەست لە كار دەكێشێتەوە و لە ساڵی 1990 كۆچی دوایی دەكات، پاش ئەوەی كرایسكی واز دێنێت سەبارەت بە پیتریش دواتر دەبێتە نێردەری تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە كۆسۆڤۆ هەروەها باڵیۆزی نەمسا لە یوگوسلاڤیا دواجار خەڵاتی پارێزەری مافەكانی مرۆڤی لە زانكۆی هارفارد پێ دەبەخشن.