سیانەی وەرچەرخان
February 7, 2013
وتار و بیروڕا
شــیعر
ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە
ئەحمەد سالار
لە رۆژانی مێردمنداڵیمدا خولیای شیعر لە كەللەی دابووم، گشت جوانی و هونەرێكم لە دنیای شیعردا دەبینیەوە، چاپەمەنی كوردی دەگمەن بوو، لەلای ئێمە لە ساڵی(1922)ەوە چەند دیوانێكی شیعری بە كۆششی(كوردیی و مەریوانی) لە بەغداد چاپكراوە و، لە هەمان ساڵدا دیوانی(مەحوی)یش لە سلێمانی لە چاپخانەی (حكومەت) چاپكراوە، بەر لەوانە چەند دیوانێك، وەك (دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی) چاپكراوە.
دیارە هەر لەبەر هەژاريی چاپ و چاپەمەنی كوردی، مامۆستا (نهجمهدین مهلا)ی خاوهنی (كهشتی نوح)، به دهستخهته جوانەكەی لە هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەدابوو، چەندین دیوانە شیعری، پتر لە پەنجا ژمارەی لێ نووسیووەتەوە و، شەیدایانی شیعریش بە پەرۆشەوە هەڵپەیان بوو بۆی، من بەش بە حاڵی خۆم(روحی مەولەوی) و چەند دەستنووسێكی دیكەیم هەبوو، گەر بەراوردێكی ئەمڕۆمان لە تەك ئەو ساڵانەدا بكەین، تەنها بەیەك ساڵی ئەمڕۆكەمان، پتر لە چاپكراوەكانی شەست حەفتا ساڵی رابردومان كتێبمان چاپكراوە.
ئەو سەردەمە هاوتەمهنەكانمان، مەراقی دروست كردنی كەشكۆڵە شیعریمان هەبوو، كە بە هەموو جۆر هەڵبژاردەی شاعیران پڕمان دەكردەوە، ژمارەیەكی زۆر شیعرم لەبەر بوو، چێژم لە خوێندنەوەی وەردەگرت.
بەرە بەرە شیعرم دەنووسی و بۆ هاوڕێكانم دەخوێندەوە، یەكێ لەو شیعرانە بووە هۆی سەرسام كردنی هاوەڵانم و هانیان دام بۆ رادیۆی كوردی (كرماشان)ی بنێرم، ئەو دەمە راستەوخۆ لە سلێمانییەوە پۆستم كرد، دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بكرێ رادیۆی كوردی بەغداد، كە لە ساڵی(1939)وه كانگای رۆشنبیری و هونەری كورد بووە، پاشان رادیۆی كوردی كرماشان، بە دراما رادیۆییە جوانە سەرنجڕاكێشەرەكانی و ئەو شیعرە دڵگیرو هەستبزوێنانەی كە بە دەنگە پڕ جۆش و خرۆشەكانی مامۆستا (شوكروڵڵا بابان) دەخوێنرایەوه، ئەو دەنگەی لە زەنگە دەنگیا هەزار و یەك ئاواز سەریهەڵدهدا.
كاتێ بەو دەنگە گوێم لەو شیعرەم بوو، كە بەناوێكی خوازراوەوە ناردبووم، لە ترسی ئەوەی نەبادا، رەتكرێتەوە و ناوم بزڕێ، خوا خۆشی ویستبووم كە، ئەوان دەیانزانی و گوێیان لە رادیۆكە بووبوو.
ئەو ئێوارەیە هەر ئەوەندە نەبوو، باڵندەئاسا لە شەقەی باڵان بدەم و بەرەو دواقۆچكەی گەردوون هەڵكشێم، ئیدی نەك هەر ئەو شیعرەی، بەڵكو چهند شیعرێكی ئەو رۆژانە لە كەشكۆڵە شیعری، هاوڕێ شیعر دۆستەكاندا جێگای خۆی بكاتەوە.
بەڵێ هێز و گوڕ و بڕوا بەخۆبوونی پێ بەخشیم....
ساڵانی رابوردوو، هەر هەمان شیعر لە رادیۆی كوردی بەغدا دەخوێندرایەوە و دواتر لە بەرگی یەكەمی كەشكۆڵەكەی(گیو)ی نەمر بڵاوكرایەوە، رەنگە لە شوێنی خۆیدابێ چەند دێڕێكی بەم بۆنەیەوە بخەمە دیارتان:
لەگەڵ ئەستێرەدا دەدوام، خەیاڵم هێندە باڵابوو
هەتا زنجیری ئەم رۆژە، لەدەست و پێم نەئاڵابوو
بەڵێ هەروا لە بەرچاوم، سەرنجی سەردەمی پێشوو
كە گوڵزاری حەز و خۆزگەم، هەموو دەم و ئاڵ و واڵابوو
گوڵی جوانی گەشی هیوام، بەشەڕای خەم نەژاكابوو
مەلی خواشخوانی ئاوازم، بە زەبری زۆر نەناڵابوو
شنەی بای بەختیاری دڵ، دەمێ بوو وا ئەویش رابورد
لە هەنگاوی یەكەمدا بوو، لە وانەی گڕوگاڵا بوو.....
ئەو دەمە نەمدەزانی رۆژێ لە رۆژان، هەر لە دەروازە زێڕینەكەی شیعرەوە دەچمە جیهانی گوڵڕەنگی شانۆوە و، شیعریش تێشووی رێبواری ئەو رێگایەم دەبێ..
بەڵێ لە سەراپای شانۆییەكانمدا، زمانی شیعری بۆتە بایەخێ لە بایەخە بنەڕەتییەكانی و ، بۆتە تان و پۆی رازاندنەوە و ئارایشتی....