شیعر و سیاسەت، دوو جەمسەری دژ بەیەک

شیعر و سیاسەت، دوو جەمسەری دژ بەیەک
شیعرە سیاسیەکانم داکۆکی لە خەندەکەم دەکەن. لۆرکا..
ئەدەب بە مانا فراوانەکەی پرۆژەیەکی ئینسانیی گەورەیە هەموو ئەزموونە ئینسانییەکان لەهەموو بوارەکاندا لەخۆ دەگرێت، سیاسەتیش بەهەمان شێوە پرۆژەیەکی ئینسانییە، بەڵام جارێک بەمانای فێڵ و تەڵەکەبازی و ستراتیژ و جارێک بەمانای داکۆکیکردن و خزمەتگوزاری و بیناسازی و هوشیارکردنەوە و پەرەپێدانی بوارەکانی مەعریفە و فکر و دنیابینی کەئەمەش دەشێ پرۆژەیەکی ئینسانیی گەورەبێت.
سەمیح القاسم دەڵێت: هیچ شیعرێکی حەقیقی لەدەرەوەی وردەکارییەکانی دۆزی گەل و نیشتیمان بوونی نییە. ئەگەرچی قسەی ئەم دووشاعیرە لە کۆتاییدا تەعبیری لە گۆشەنیگای خۆیان، بەڵام دەشێ بەدواداچوون هەندێکمان بگەیەنێتە هەمان باوەڕ و باوەڕ بە هەندێکیشمان بەپێچەوانەکەی پەیدابکات.
بۆی هەیە ئەو پەیوەندییەی نێوان شیعر و سیاسەت، شاعیر جوانتر بکات، بۆشی هەیە ناشرینی بکات. هیچی لەو شیعرانەشی بۆ شان و باهووی سەرکردە سیاسیەکان نوسراون ناچنە خانەی شیعری سیاسییەوە، لەهەموو حاڵەتەکانیشدا پێویستیمان بە ئێلێمێنتێک هەیە بۆ ئەوەی شیعری سیاسی پێبناسینەوە دوور لە خۆبردنە پێشەوە و پیاهەڵدان و موجامەلە و مامەحەمەیی شاعیر بۆ سیاسەتمەداران بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، کە ئەمانە هیچی خەسلەتی شاعیری راستەقینە نین.
پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت هەر لە کۆنەوە پەیوەندییەکی ناجێگیر و ناتەواوە، هەر لەبنەماوە ئاسۆی مەعریفی و هوشیاریی تاک لە کۆمەڵگا ژێردەستە و داگیرکراوەکاندا هێشتا درکی بەوە نەکردوە کە شیعر لە ئەسڵدا بۆ خزمەتی ئینسانیەت ئیش دەکات نەک بۆ خزمەتی دەسەڵاتێک، لەکۆمەڵگایەکی وەکوو کۆمەڵگای ئێمەیشدا سیاسەت بەهەمان شێوە دەبێت جارێکی دی خوێندنەوەی بۆ بکرێتەوە و سەرلەنوێ پێناسەبکرێتەوە، بەوشێوەیەی کە باوەڕ بەوە بهێنین کە سیاسەتکردن و حزبایەتی دەبێت بریتی بن لە پرۆژە گەورەکەی کۆمەڵگا بۆ خزمەتکردن و جیاکردنەوەی تاک لە ناوەوە و لە دەرەوە. ئەمەش لەلای زۆربەمان بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. دوو جۆر لە سیاسەت و سیاسەتکردن هەیە، یەکەمیان خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاسۆی مەعریفی و هوشیاریی تاکە و بیناکردنی دەوڵەت لەناو خەڵکدا، دووەمیان تەواو بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبی و هەڵچنینی ئەو بەرژەوەندییانە لەسەر حیسابی ژیانی خەڵک و دروستکردنی دەوڵەت لەسەرووی خەڵکەوە. لەجۆری یەکەمدا شیعر دەچێتە خزمەتی گەل و نیشتیمانەوە، لەجۆری دووەمیاندا شیعر دەچێتە خزمەت دەسەڵاتیکەوە.
ئەگەر بەمێژووی جۆری دووەمدا بچینەوە، دەبینین هەموو ئەو شاکارە ئەدەبی و هونەرییانەی بۆ خزمەتکردنی دەسەڵات بەکارهاتن هیچیان هیچ داهێنێکیان بەجێنەهێشتووە و هیچ خزمەتێکیان بە ئینسانیەت نەگەیاندووە.
ئەگەر لەو رووەشەوە مەسەلەکە بپێوین کە شیعر حاڵەتێکە تەنیا پەیوەندی بە خودی شاعیر خۆیەوە هەیە دەبێت بڵێین شیعر هیچ وەزیفەیەکی دی نییە زیاتر لەوەی تەنیا شیعربێت و لەهیچ کەشوهەوایەکدا گەشە ناکات ئەگەر شیعری نەبێت. بەڵام هەندێ سیاسیش هەن کە مامەڵە بە چارەنوسی میللەتێکەوە دەکەن کەچی شیعریش دەنووسن، کەسایەتیی حزبی هەیە و سیاسەت دەکات و ماڵەکەی لە پارەی میللەت دروستکردوە و ژیانێک دەژی تەواو جیاواز لە ژیانی گەلەکەی، کەچی شیعر دەنووسێت یان ماستەرنامە و دکتۆرانامە لەسەر شیعر ئامادە دەکات. پەیوەندیی بەوەوەیە تۆ وەکوو شاعیر چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێلێمێنتەکانی شاعیربوونتا دەکەیت!! پەیوەندی بەوەشەوە هەیە ئایا شیعر لای تۆ وەزیفەیە و بەهۆیەوە دەژیت، یان شیعر وەکوو هەوا هەڵی دەمژیت و بەبێ ئەو ناژیت؟
دەشێ شاعیر حزبی بێت، ببێتە ئەندام پەرلەمان یان وەزیر، یان پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ سیاسیەکانیدا باش بێت، بەڵام هەرگیز هیچ مانایەک بۆ شیعر نامێنێتەوە کە شاعیرێک بەهۆی شیعرێکەوە ببێتە حزبییەکی باش یان بەهۆی ئەدەبەکەیەوە ببێتە وەزیر یان ئەندام پەرلەمان، ئەمە موفارەقەکەیە.
دەشێ شاعیرێک بتوانێت بە قەسیدەیەک بەگژ دەسەڵاتێکدا بچێتەوە یان شیعرەکانی ببنە هەوێنی خەبات و خۆبەختکردن، بەڵام ئەوە شاعیر نییە کە بتوانێت بەناوی سیاسەتکردنەوە موجازەفە بە چارەنوسی میللەتێکەوە بکات. هەرگیز ئەوە شاعیرنییە بتوانێت لەسەر مێزی سیاسیەکان دانیشێت و موساوەمە لەسەر پرسێکی چارەنووسساز بکات و بکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییەکەوە تەنازول لە بستێک لە خاکەکەی بکات ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لەبەر ئەو بیردۆزەی گوایە «ئەمە سیاسەتە و هەلومەرجی سیاسیی ئیستاش وادەخوازێت»، هەرگیز ئەوە شاعیر نییە باوەڕی بە چارەسەرە مامناوەندەکان بێت.
دواجار دەپرسین داخوا بۆچی هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دیاردەی سیاسەتکردن هاوکات لەگەڵ دیاردەی شیعرنوسین و ئەدەب بەگشتی پەیوەندیی نێوان ئەدەب و سیاسەت لە قەیراندایە. تاڕاددەیەک باوەڕم پەیداکردوە باشترین شاعیر خراپترین یان فاشیلترین حزبی و سیاسیەکانن، هەروەک باشترین سیاسی و حزبیەکان فاشیلترین شاعیرن. بەو مانایەی هەتا لە کەشوهەوای سیاسەتەوە نزیک بیتەوە شاعیریەت لەدەست دەدەیت، ئەمە پێناسەیەکی نیگەتیف نییە بۆ سیاسەت، بەڵام لەبەر ئەوەی شیعر و سیاسەت دووجەمسەری دژ بەیەکی موگناتیزێکن کە هەرگیز یەکتر ناگرن.
Top