وەرچەرخانی سیاسی و ئیدیۆلۆژی

وەرچەرخانی سیاسی و ئیدیۆلۆژی
نكۆڵی ناكرێت لەوەی ئەم هاڤڕكێ و جووڵانەوە مێژووییەی ئەم ناوچەیە بەخۆیەوە دەیبینێت، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پانۆرامای مێژووی هاوچەرخە، كەواتە چۆن و بە چ شێوەیەك وەرچەرخانێكی وەها لە سیستمی ڕامیاریانەی كۆمەڵگەكاندا ڕاڤە بكەینەوە، سەبارەت بە چارەنووسی دۆزی نەتەوەیەكی بندەست لە ڕووی سیاسییەوە چاوەڕێی چی دەكەین، ئەو ڕۆڵە گریمانكراو و كاریگەرەی كوردی سوریا كامەیە كە لە توانایاندایە بیگێڕن.
مەسەلەی بنەڕەتی لەم جیۆگرافیا ڕامیارییەدا لە چۆنیەتی ئاشتبوونەوەو خۆگونجاندنەوەیە لەگەڵ ئایندەدا، ئەمە ئەو شتەیە كە لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا گریمانكراوە، لە سیاقی واشدا دەوڵەتی نیشتمانی هاوچەرخ چوارچێوەی سیاسی بۆ مافەكان دادەنێتەوە، تاوەكو لە جیۆگرافیایەكی دیاریكراودا كۆسووڕی پێكەوەژیان دابڕێژێتەوە.
هەموو ئەمانە لە داهاتوودا بە بەشداربوونی ئازادانەی هەمووانەوە ئەنجام دەدرێن،واتە هەمووان لە دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆكردی خۆیاندا سەرپشك بن، داهاتوویەك كە پێویستە خۆیان بە ئازادانە وەدیبهێنن، لێرەوە گرنگە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ واقیعی گۆڕانكارییەكاندا بكەین، چونكە ناكرێت گوێ نەدەین بەو ڕووداوانەی لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن، كە ئێستا گۆڕەپانی سووریا بۆی بووەتە سەكۆی شانۆیەكی سەرەكی.
گۆڕانكاری لە سووریا وەك لەو وڵاتانەی تر ڕوویدا حەتمیە، ڕێچكەی پەرەسەندنەكانی بزاوتی ناڕەزایی دەربڕین لە شەقامی سووریادا دژ بە ڕژێمێكی تۆتالیتار تەنیا و تەنیا بەرەو گۆڕینكاری مل دەنێت، ئاریشەی كوردەكانی سووریا لەمەوبەدوا لەبەرانبەر ڕژێمی ڕەگەزپەرست و سەركوتكاری خودان دەسەڵاتی سووریادا نییە، چونكە مانەوەی ئەم ڕژێمە خودان دەسەڵاتە پێوەندیدارە بە مەسەلەی كاتەوە، ئاریشە سەرەكییەك كوردی سووریا لەگەڵ ئەو میراتەیە كە لە ڕووی ڕامیاری و كۆمەڵایەتییەوە بۆ ئێستا بەجێدەمێنێت، كە هەر لە بە كۆیلەكردنەوە تا بە عارەبكردن و لە ناوبردن و شێواندنی كوردو جیۆگرافیای كوردستان...تاد تێدایە، لە كاتێكدا پێویستە بە نەمانی ڕژێمی پێشوو ئەو میراتانە نەمێنێت، ئەوە سەنگی هەر ڕژێمێكی ئەلتەرناتیڤی ئەم ڕژێمەی ئێستایە و وا چاوەڕێی لێ دەكرێت بە ڕەوایەتییەكی گشتگیری نیشتمانیانەوە، بوونی دیموكراتیانەی خۆی بسەلمێنێت.
موفارەقەیەكی گرنگ و جەوهەری نییە لە ڕووی ڕامیارییەوە بۆ كورد كە پێشەنگ بوو بن یان دوایەمین بوو بن لەهەڵگیرسانی شۆڕشدا دژ بە ڕژێمی ئێستای سووریا، بەڵكو ئەوەی گرنگ و جەوهەرییە بۆ ئایندەی دۆزی كورد ڕاگەیاندنی شۆڕشە دژ بە میراتیی و پاشماوەكانی ڕژێمێكی ڕەگەزپەرست.
لەم ڕوانگەیەوە مەسەلەی گۆڕانكاری ئەگەر ڕێبازو ئامانجی نەهێشتنی ستەمكاری سیاسی و ڕەگەزپەرستی و میراتییەكانی لە دوا نەبێت، بۆ خۆی دەبێتە پوچگەرێتی و خیانەتێكی مرۆیی و نیشتمانی و هیچی تر، پێویستە گۆڕانكاری بونیادنەری سیستمێكی فرەیی و دیموكراتی بێت لەسەر بنەمای یەكسانكردنی هاووڵاتیان بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە، بۆ وەدیهاتنی یەكسانبوونیش پێویستە كورد لە سووریا وەك گەلێك مافە ڕەواكانی وەدەست بهێنێتەوە كە بەدرێژایی مێژووی ئەو وڵاتە بە هۆی سیاسەتەكانی بەعسەوە بندەست كراوەو دنیایەك ڕەفتاری قێزەون و كرێتی بەرانبەر كراوە، لەبەر ئەوە پێویستە بە تەواوەتی دەستووری داهاتووی دەوڵەتی سووری لەو ڕابردووە ڕەگەزپەرستی و ستەمكارییەی پێشووی خاوێن بكرێتەوە، میراتی نكۆڵی كردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردی تێدا نەمێنێت، ئەوەش لە ڕێگەی دەسەبەركردنی چەند بەرنامەیەكی سیاسی و تەشریعی و تەنانەت سیمبۆلییەوە دێتە دی تا سووریا ببێتە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون بۆ هەمووان، دەوڵەتێك بۆ هەمووانی بسەلمێنێت كە سەربەخۆیە و دوورە لە دیاردەكانی ئیدیۆلۆژی و ڕەگەزپەرستی پێشووی وڵاتەكە كە وەك كەلتوورێكی لێ هاتبوو..
بڕواهێنان و ددانپیانانی دۆزی كورد لە لایەن سووریاییەكانەوە، بە تایبەتی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنێكی عارەبچی و ئیسلامگەری نابێت دیسانەوە لەسەر ئاگاییەكی ڕووتەنی عارەبایەتی بونیاد بنرێتەوە، بەڵكو پێویستە بە ئاگایی هاووڵاتیبوونێك بێت كە بڕوای تەواوی بە فرەیی سیاسی و مێژووی و ڕۆشنگەری و جیاوازییەكان بێت، ئەمەش بە بڕیاردانێك دێتە دی كە لە دەستوورو بڕیارە سیاسیەكاندا ناسنامەی سووریا وەك دەوڵەتێكی پلۆرالیزمی نەك عارەبی و عەرەبایەتی دەستنیشان بكرێت، ڕەوایی بوونی هەر ڕژێمێكی چاوەڕوانكراوی داهاتووی سووریا لەوە بنەما واقیعیەتەكەی سەرچاوەی گرتبێت كە كۆمەڵگەی سووری بە هەمەجۆری نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی و مێژوویی ببینێت و لە مەبدەئەكانیدا مۆزائیكیەتێك ڕەنگی دابێتەوە، دەستوور ڕێكخەرەوەی ئەو مەبدەئە گشتییانەو شێوازی ڕوونی پێوەندییەكانە، بۆیە پێویستە بە دەقی دەستووری دەستنیشانی ناسنامەی داهاتووی سووریا بكرێت بەوەی فرەنەتەوەییە، عارەب و كورد دوو نەتەوە سەرەكییەكەی پێكدەهێنن،لە پاڵ دداننان بە مافی گرووپە نەتەوەییەكانی تر وەك كلدۆ ئاشوورییەكان و ئەوانی تریش، دەستوور دیموكراتیەكەی لەوەدایە لە ئەرك و مافەكاندا هەمان پایەو پێگەو ڕۆڵ بە یەكسانی بداتە كوردێكیش هەر وەك چۆن بە عارەبێكی دەدات ئەمەش وەك دەروازەیەكی دادپەروەرانە بۆ چوونە ناو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دۆزی كورد لە سووریا، نە پەرلەمان و نە هەر دەسەڵاتێكی تر لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نەتوانێت سەرپێچی لەو مەبدەئە بكات، هەر یاسایەكیش بە پێچەوانەی ئەو مەبدەئە دەستوورییە دەربچوێنرێت وا لێكبدرێتەوە كە دەكاتە پێچەوانەی گرێبەستی دامەزراندن و هاوبەشایەتی و دواجار پووچەڵ بكرێتەوە، بە هەموو پێوەرەكانەوە جەخت بكرێتەوە لەسەر ئینتیما بۆ سووریایەك كە هی هەمووان بێت، هیچ واتایەكی ئازادی مانای نەبێت لای گرووپێك بە بێ یەكسانبوونی لەگەڵ هەموواندا، واتا هەر ڕژێمێكی داهاتوو بە باشی ئەوە بزانێت كە سووریا بە هەمان قەبارەو پێوەری عارەبابەتی سووریایەكە بۆ كوردایەتی و ئیتنیەكانی تریشیەوە، ئەگەر وا نەبێت دیسانەوە كۆمەڵگەی سووری دەچێتەوە بەر چەقۆی دیكتاتۆرو تاقانەگرووپێكی تر هەمووئەوانی تر دەكاتەوە بە كۆیلەی خۆی.
داخوازی و ئومێدی كورد لە هاووڵاتی بوون و یەكسانی ڕاستەقینەدا نابێت وا لێی بڕوانرێت كە داهێنانێكی ئیدیۆلۆژی یان سیاسییە، بەڵكو مەرجێكی سیاسی و مێژووییە بۆ پێگەیاندنی ڕەوایەتی دەوڵەتێك و بەردەوامیدان پێی، بەو شێوەیە پرسیارە مێژووییەكە كە دەڵێت ئایا كیانی سووریا دەگونجێت كورد تێیدا بە ئازادانە و بە یەكسانی تێیدا بمێننەوە دەكرێت بەم شێوەیە وەڵام بدرێتەوە: ئازادی و یەكسانی كورد لە سووریا مەرجی ئازادی و یەكسانی هەمووانە بێ ڕەچاوی جیاوازی وابەستەیی و ئینتیمایانەوە،هەمووان وەك یەك، بەبێ ئەوەش باسكردنی ئازادی چەلەحانێیەو هیچی تر.
رژێمی بەعسی سووریایی بەردەوام بەربەرەكانی لەگەڵ هاوشێوەكەی خۆی دەكرد كە ڕژێمی بەعسی عێراقی بوو، لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی قەومچێتی سیمای گشتی رژێمی بەعسی عێراقی بوو، لەكاتێكدا لە ڕووی مێژووییەوە سوریاش هەر وەك عیراق سیما و جەوهەرێكی فرەیی هەیە، كەچی هەقیقەتی فەرمی دەسەڵات لە سووریاش بەردەوام بەپێچەوانەی ئەم جەوهەرەیەوە واقیعی ناو سووریای دەخوێنەوە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی سیاسی بەڵكو لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و مێژوویش، بە ئایدیۆلۆژیایەكی سەركوتكاری بەرجەستەبووی مەزهەبییەوە سیستمی سیاسی پیادە دەكرد، كە لەسەر هەموو كۆمەڵگا رەنگی دایەوە.
پێویست بوو لەسەر كۆمەڵگا بەپێی ئەو هەمەجۆری و سیما مێژووییەی خۆیانەوە خۆبگونجێن و، لە پێناوی بەهای سیستمی سیاسی و رۆشنبیری گشتیدا بەهای تایبەت و ناسنامەكانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، هیچ كەسێك لەسووریادا لەپێگەی ناسنامەی نەتەوەیی و تایبەتمەندێتی رۆشنبیری خۆیەوە رۆڵی سیاسی خۆی پێ هەڵنەدەسوڕا، بەڵكو دەبوایە لە هەردوو بواری سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە لە ڕێگای حزب و دامودەزگای گشتی دەوڵەتەوە خۆی بێبەری و پاكژ بكردایەتەوە، بەو شێوەیە ئەو كەسە هەموو تایبەتمەندێتی مرۆیی و ناسنامەی كۆمەڵگەیی و قەناعەت و بیروڕای خۆی دەكردە قوربانی ئامانجە گشتیەكەی ڕژێمەكە..
لە كاتێكدا نیشتمان بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەر بۆ هەمووان فەراهەم دەبێت كە هەمووان پێكەوە لەماف و پایەو پێگەدا وەك یەكتربن و جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەك و یەكێكی تردا نەكرێت، فیزو خۆبەزلزانی نەتەوەیی لایەنی خودان دەسەڵات لەسەر هیچ كەس و گرووپێكی تر فەرز نەكرێت، بەپێچەوانەی ئەم حەقیقەتەوە هەمیشە ململانێ و جەنگ دەكەوێتە نێوان پێكهاتەكانی وڵاتێكەوە، هەر هاوبەشێكی ڕاستەقینە پێویستە دووربكەوێتەوە لە ریزبەندی و جیاكاری و خانەبەندی، ئەو هاوبەشییە راستەقینە ئەوەیە كە بەهای یەكسانبوون وەك مەبدەئێك بۆ ڕەفتاری دەوڵەت و وەك بنەمایەك بۆ پیادەكردن دابنێت، گرنگ ئەوەیە سیستمی سیاسی ئەم یەكسانبوونە تەرجومە بكاتەوە بۆ ئەوەی هەمووان وەكو یەك پێكەوەبژین و ئیرادەی وەك یەكیان هەبێت، بەپێی مەبدەئی هاووڵاتی بوونی نوێ، پێویستە هەركەسێك دەرفەتێكی یەكسانی وای پێ بدرێت تا لەناو پێكهاتەو ناسنامەی خۆیدا پێ بگات و ببوژێتەوە، بێ ئەوەی پێشێلی پێگەو پایەی كەسانی تر بكات. ئایدیۆلۆژیای قەومچێتی هەرگیز لە وڵاتێكی فرە پێكهاتەدا ناكرێت ببێتە رۆحی دەوڵەت و جەوهەری دەسەڵاتی سیاسی، بەڵكو پێویستە وڵات دەفرێك بێت بۆ هەموو پێكهاتەكان، تاكو لەنێوان ئینتمای گشتی بۆ دەوڵەت و كۆمەڵگای سیاسیدا هاودژایەتی بوونی نەبێت. بەوشێوەیە شێوازە قەومچێتییە ئایدیۆلۆژییەكە لە هەموو تەفاوتێكی سیاسی نێوان تاك و گرووپەكاندا هەڵبگیرێت، ئەو كاتە هاووڵاتیبوون پێك دێت كە جیاوازییەكان بوونی نامێنێت و دەوڵەتی نیشتمانیش لە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و قەومچێتی ڕزگاری دەبێت، لەئاكامدا هاووڵاتی لە ڕووی سیاسییەوە لە ئینتیما قەومی و ئاینی و مەزهەبییەكانی خۆی ڕزگاری دەبێت و مەدەنیەت دەخاتە پێش هەموو شتێكەوە، لە سووریا بەڕزگاربوونی هاووڵاتی لە ئایدیۆلۆژیای بەعسی دێتەدی كە ئایدیۆلۆژیایەكە هیچ ئیعترافێك بەبوونی نەتەوەی تر ناكات، بەڵكو خۆی لەسەروو هەموو هاووڵاتیبوونێكەوە دادەنێت، هەر دەوڵەتێكی ڕزگاربوو لە ئایدیۆلۆژیای قەومچێتی، تایبەتمەندێتی بۆ هاووڵاتیانی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەگەرچی ئەو هاووڵاتیانە لەو قەوم و ئیتنیەشدا نەبن كە كراونەتە بنەما لەو دەوڵەتەدا..
كەواتە تێڕوانینی نوێ بۆ هاووڵاتیبوون لەیەكسانبوونی تەواوەتی ئەرك و مافەكانیدایە، دوور لەو ڕەگەزپەرستیەی بەسەر هەموواندا زاڵ بووە، بەوشێوەیە سیستمێكی مەدەنی بە دەر لەسەركوتكاری دێتە دی، لەدەوڵەتی بەعسیدا هاووڵاتی ڕاستەقینە لەرووی كردارەكییەوە لەژیانی سیاسی دوور خرابوونەوە.
كوردەكانی سوریا ئەمڕۆ چاوەڕێی دۆخێكی سیاسی و دەستووری نوێ دەكەن، تا رۆڵی سیاسییانەی خۆیان پیادە بكەن، هەروەها بتوانن چارەنووسی خۆیان بەئازادانە دیاری بكەن لە وڵاتێكدا كە مۆزایكیە، مەرجەكانی خۆگونجاندنیان لەگەڵ یەكسانبوونی راستەقینەدا تاوتوێ دەكەن، دەخوازن زەمانەتی دەستووری و سیاسی رۆشنبیرییان دوور لە میراتی پێشوو بۆ بەرجەستە بێت، بەشێوەیەك خۆشییان مافی هیچ كەمینەیەكی نەتەوەیی تر پێشێل نەكەن، كوردی سوریا كە ئێستا پەردە خراوەتە سەر مافەكانی پێویستیان بەبنەمایەكی لۆژیكی و ئەخلاقیە لەناو رژێمێكی سیاسی تازەدا تاوەكو بتوانن ئینتما بۆ ئەو رژێمە سیاسیە تازەیە بكەن.
زەمانەتی ئازادی سروشتی بۆ مرۆڤ تەنیا ئامانجێك نییە لەدیموكراتیەتدا هەروەها هەژموونی زۆرینە نییە بەسەر رۆشنبیری كەمینەوە، ئەوەش بەناوی چەسپاندنی ناسنامەی زۆرینەوە بكرێتە بەهانە، لەدیموكراتیەتدا بەرگریكردن هەیە دژ بە هەموو هەژموونگەرییەك چ بەناوی ئازادی بێت یا بەناوی ڕێزگرتن لە فرەیی بێت یا هەر بەرهەمێكی تری لەو بارەیە بەنموونە میلۆڤیچ و قەومچیەكانی وەك ئەو باشترین بەڵگەن، نوێنەرایەتی زۆرینەیان دەكرد بۆ دەسەبەركردنی ڕای گشتی نەتەوەیی بەڵام زۆرینەیەكی توندڕەو كە ناخیان پڕ بوو لە رەتكردنەوەی بەرامبەر، بەو شێوەیە رەوایەتیان بەخۆیان دا جەنگێكی تووند لەدژی كەمایەتیەكان بەرپا بكەن، ئەوەش بەناوی رێكخستنەوەی ئیتنیەكان و پاككردنەوەی قەوم، لێرەدا هیچ پێناسەیەكی دیموكراتی بایەخی نامێنێت ئەگەر بێتوو داننان بەبەرامبەرو پاراستنی جیاوازیەكان و ڕێزگرتن لەبەرامبەر سەروەر نەبێت، وەكو چارلز تایلۆر دەڵێت ( زۆرینەی ستەمكار هەڕەشەیەكی جیدییە بۆ یەكسانی و ئازادی و دیموكراتیەتیش، بەتایبەت ئەگەر ئەو زۆرینەیە لەدەوری ئایدیۆلۆژیایەكی ئاینی یا قەومی رەگەزپەرست گرد بووبێتەوە ) لەمبارەیەوە ئالان تۆرین پێی وایە زۆرینەی تووندڕەو هەمان بەرهەمی نایەكسانی بەشێوازێكی تازە دروست دەكاتەوە، بەشێوازی تازە توندڕەوی سیاسی و ستەمكاریمان بۆ دەگێڕێتەوە بەتایبەتی ئەگەر ئەو زۆرینەیە كاریگەربووبن بەدەسەڵاتی سیاسییەوە و مەبدەئی زۆرینەشیان كردبێت بە سەرچاوەیەك بۆ داڕشتنەوەی یاساكان كە تێیدا ئیرادەی كەمایەتیەكان پشتگوێ خرابن، لێرەوە بایەخی دامەزراندنی دیموكراتیەت لەوەدا دەردەكەوێت كە تەوافوق بكات لەنێوان ئیرادەی زۆرینە بەپێی هەلومەرجی زەمانەتی فرەیی، هەروەها لەگەڵ پارێزگاریكردن لەكەمینەكان و ڕێزگرتنی داخوازی و ئومێدەكانیان، بەواتای دانپێدانانی ئاڵووێر لەنێوان یەكبوون و فرەیی دا. دیموكراتیەتی نافرەیی هیچ مانایەكی نییە لەدەرەوەی بڕیاردان بەهەمە چەشنیەتی بڕواو ناسنامەو مافی كلتووریدا، هەر سیستمێكی سیاسی ئەگەر رەوایەتی خۆی لەهەژموونی زۆرینەی ئاینی و تایەفەگەری و ئایدیۆلۆژیای ئیتنی وەرگرتبێت، فێڵ لە دیموكراتیەت دەكات، تەنانەت یەكسانیبوونیش لەناو دەبات .
لەحاڵەتی سوریادا ئێستا خەریكە سەر لەنوێ سیاسەتی سەركوتكاری نەتەوەیی بەعسی بەجۆرێكی تر بەرهەم دێتەوە. دیموكراتیەتی یەكسانخواز واتا رەتكردنەوەی وەك یەك لێكردنی هەموو گرووپ و ناسنامە رۆشنبیرییەكان و هەروەها واتای خوڵقاندنی هەلومەرجێكی یاسایی و سیاسی گونجاو بۆ باڵاكردنی ئازادی لەلای كەمایەتیەكان، تاكو گرووپەكان لەقەیدو كەلەبچەی هەژموونی زۆرینە ڕزگاریان بێت، وایان لێبكات خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، وەكو ئالان تۆرین ئاماژەی پێداوە بەبێ ئازادی هەڵبژاردن و مافی چارەی خۆنووسین دیموكراتیەت داوێكی فێڵاوییە، بەبێ فرەیی و كرانەوەو دیالۆگی سیاسیانەی ئازاد لەنێوان هاوبەرژەوەندخواز و بیروڕا جیاوازەكان دیموكراتیەت تارماییەكی پووچەڵە.
كۆمەڵگەی هاووڵاتیبوون كە دەوڵەتی سووریای داهاتوو فەرزكراوە لەسەری وەدیبهێنێت پێویستە هەر لەسەرەتاوە هیچ ریزبەندیی و خانەبەندی بۆ تاك و گرووپەكان دانەنێتەوە رەتكردنەوەی هیچ كەس و لایەنێكی تێدا نەبێت بە جیاوازی ئینتیمای ئایینی و قەومییانەوە كە لە ڕووی مێژوویەوە پێی دەناسرێنەوە، ئەوە مەرجەعیەتی بنەڕەتییە بۆ هاووڵاتی بوونی نوێ، ئەگەر مەبدەئی یەكسانی ببێتە بنەما بۆ هەموو سوورییەكان ئەو كاتە كورد دەتوانن یەكسانانە هاوبەشی سیاسەت بكەن، وەك عەرەب بە بێ هیچ بەربەستێكی ماددی یان سیمبۆلی كە لە ڕۆڵ و پێگەیان كەمدەكاتەوە، ئەم هاوبەشێتی و بەشداربوونەش لە مافە ناسراوەكانی وەك مافی هەڵبژاردن و دەنگدان و خۆپاڵاوتن تێدەپەڕێت تا دەگاتە مافی سەروەرێتی و بڕیاردان بە یەكسانی، هیچ بوونێك بۆ هاوڵاتی بوون نییە بە بێ سەروەرێتی نوێنەرایەتی گشتی، هیچ مانایەك بۆ سەروەرێتی نییە بێ هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینە، كە هەموو تاكەكان پێكەوە وەك یەك لێ دەكات، بەشداری بوون لە سەروەرێتی، مافی هەر كەسێكە، واتە هەمووان سەروەرو و گەورەو ئازادن بە یەكسانی ئەگەر هەموو هاووڵاتیان سەروەرو گەورەی خۆیان بن هیچ بوونێك بۆ كۆیلەیی تاك نامێنێتەوە..
ژیانی سیاسی چاوەڕوانكراو لە سووریای دوای ستەمكاری نابێت هیچ جۆرە تەسكبینی پەڕگیریی و قەومچێتی تەحەمول بكات، نابێت بە چاوی پلە دووەوە تەماشای كوردی تێدا بكرێت، ئەزموونی چەوسانەوەی درێژخایەنی كە كورد تێیدا ژیاوە وای كردووە بە ئاگاداریی و وریاییەوە رەفتاربكەن، و بپرسن ئاخۆ سوریای پاش ستەمكاریی مافی هاویەكسانی سیاسییان بۆ فەراهەم دەكات یان دوبارە دووریان دەخاتەوە لە هەموو یەكسان بوونێك، لەم ڕوەوەی باسمان كردو بە حوكمی سرووشتی ئینتیمای قەومچێیایەتی و ناسنامە پەرستییەوە لە سووریادا كورد دەخوازن هەر ڕژێمێك بێتە فەرمانڕەوای داهاتوو جێی متمانەیان بێت..
ئازادی و یەكسانی كە دوو بەهان بۆ چەسپاندنی مەبدەئەكانی هەر سیستمێكی فەرمانڕەوایی تەنیا لە ناو توێكڵی دروشم و فكر دەمێننەوە، ئەگەر كوردو كەمایەتی تری لە سوریادان ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان پێ نەدرێتەوە، هاووڵاتی بوونی سووری ئەگەر زامنی مافەكانی كوردی لە ئازادی و یەكسانیدا پێ نەكرێت، ئەو كاتە هەموو دروشمەكانی ئێستا دەبنە ئامڕازێكی درۆزنانەو فێڵاویانە بۆ دروست كردنی چەشنێكی تازە لە چەوسانەوەی گرووپێك لە لایەن گرووپی ترەوەو شێوەیەكی مۆدێرنی سەركوتكاری سیاسی دەخەنەوە مەیدان..
كاتی ئەوە هاتووە عارەبی سووریا نیەتی باشی خۆیان بۆ كورد بسەلمێنن لەوەدا كە سووریا دەبێتە دەوڵەتێكی هەمەكی یەكسانخوازی گشتی بەو شێوەیە زۆرینەی عارەبی دەیسەلمێنێت كە خەمخۆرە بۆ ئازادی و یەكسانی كورد بە عەرەب ڕێگەش تەخت دەكات بۆ دامەزراندنی ژیانێكی هاوبەش كە دادپەروەری بۆ هەمووان مسگۆر دەكات.
Top