لەگۆڤاری گوڵان ژمارە (877) 30ی نیسانی ساڵی 2012 بەڕێز عبدالرحمن صدیق وتارێكی بەناوی(كوردستان وەك دەوڵەت پڕۆژەیەكە بەڕێوەیە) بڵاوكردۆتەوە كەبیرۆكەیەكی زۆر جوان و واقیعی و پێداویستی قۆناغەكەیە، كەبەلای منەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا جوانترین وتارو واقیعی ترین وتاری سیاسی یان ڕۆژنامەنووسییە كە باس لەڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ دەكات وەك ئاماژەی پێداوە كەڕێككەوتننامەكە قووڵاییەكی فكری و دوورییەكی سیاسی تێدا بەرجەستە بووەو خستویەتیە ڕوو، سایكس بیكۆ ئەو ڕێككەوتننامە نهێنییە بوو لە نێوان هەریەك لە مارك سایكس وەزیری دەرەوەی ئینگلتەرا و فرانس و جۆرج بیكۆی وەزیری دەرەوەی فەرەنساو بەئاگاداری ڕوسیای قەیسەری لەماوەی نێوان تشرینی دووەمی ساڵی (1915) و ئایاری ساڵی (1916) دا كە دواتر بەسەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر ساڵی (1917) بڕگەو بەندەكانی ئاشكرا بوو، لەو ڕێككەوتنەوە كوردو خاكەكە، كوردواتەنی وەك ئاردی بن دڕكی لێكراو هەرپارچەی كرایە نانێكی ئامادەكراوو دەرخواردی چەند نەتەوەیەكی تریان دا، لەدوای ئەو ڕێككەوتنەوە چەندین ڕێككەوتن و كۆبوونەوەی نهێنی دژی بەرژەوەندی كورد كراوە خیانەتترینیشیان كەلەمێژووی نوێدابوو ڕێككەوتنی جەزائیربوو كەدژی شۆڕشی ئەیلول كرا بەڵام ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ بووە هۆی ئەوەی ئەو هەموو كارەساتانەی تائێستا بەسەركورد بێت و وای لەكوردستان كرد كە لە ڕووی جیوپۆلەتیكەوە تاكو ئێستا لەدەرەوەی قسەلەسەركردن بێ لەبەرئەوەی تائێستا جوگرافیایەكی سیاسی نییەو لەڕووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە كەناوی كوردستان بێ بەڕەسمی، ئەگەرچی ئێستا بەهۆی بوونی حكومەتی هەرێم و ئەو چالاكییە دیبلۆماسییانەی سەرۆك بارزانی مەسەلەی كورد جێگای قسەوباسی ناوەندەكانی بڕیارە بەڵام دیسان كوردستان ناسنامەی سیاسی و كەسێتی سیاسی وەك دەوڵەت نییە جگەلەوە بەهۆی ئەودابەشكردنەی سایكس بیكۆ،و لكاندنی هەربەشێكی بەدەوڵەتێكەوە كەسێتی جیۆپۆلەتیكی كوردستان لەسنووری جیۆپۆلەتیكی ئەو دەوڵەتانە باس دەكرێ كەدابەشكراوە بەسەریدا لەوكاتەوە بەردەوام كورد لەشۆڕش و ڕاپەڕین و خەباتی چەكداریدا بووە، خۆشبەختانە سەرەڕای قوربانیدانێكی زۆر بەڵام توانی جەنگی وجود بەرێتەوەو ماوەتەوە گرەو لەسەر بردنەوەی جەنگی حدود بكات، ئەگەرچی هەلومەرجی جاران ناچاری خەباتی چەكداری دەكردین و نەوەكانی پێشتر بەجوامێرانە بەرگەی ئەو هەموو چەرمەسەرییانەیان گرت ئازایەتی لەوەدایە هەرنەوەیەك كێشەكانی خۆی لەئەستۆبگرێ نەوەی پێشوو ئەركی خۆیان جێ بە جێ كرد، ئێستا بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاو بچوك بوونەوەی دنیا وەك گوندێك شێوازی خەبات گۆڕاوە بۆخەباتی دیبلۆماسی و مەدەنی بەڕێز عبدالرحمن صدیق دركی بەمەكردووەو پێشنیارێكی زۆر واقعی كردووە كەدەڵێ (2016) سەد ساڵی تەواو بەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆدا تێدەپەڕێ بەڕێزیان داوای كردووە كە كەمپێنێ پێكبهێنرێت بەناوی كەمپێنی (2016) كەچالاكی جۆراوجۆر بگرێتە خۆی و كۆمەڵێ پێشنیاری جوانی كردووە، بەندە جگە لەوەی دەڵێم بەڵێ بۆ كەمپێنی (2016) پێشنیار دەكەم ئەو بیرۆكەیەی بەڕێزیان بخرێتە بەرنامەی كاری سیاسیەكان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامە نووسان بۆقسەلەسەركردن هەروەها حكومەتی هەرێم زەمینە سازی و پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بكات بۆ ئەوەی ئەم كەمپینە دروست بكرێت لەخەڵكانی یاسایی و سیاسی و ڕۆشنبیری و پیاوانی ئایینی هەموو ئایینزاكانی كوردستان لێرەدا دەبێ زانكۆكان ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕاگەیاندنەكان ئامادەسازی بۆبكەن بتوانرێت كاری جددی بكرێت و بەیاننامەو ئیمزاكۆكردنەوەو پێوەندی كردن لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپاو ناوەندەكانی ئەو وڵاتانەو باسی ئەوهەموو نەهامەتییانە بكرێت كە كورد بەسەری هاتووە لەدەرئەنجامی ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ هەوڵ بدرێ ڕای گشتی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە بێنە دەنگ بۆئەوەی لێرەوە داوای قەرەبووكردنەوەی ئەوهەموو زیانانە بكرێنەوە كەتەنیا دروست بوونی دەوڵەتی كوردستانی دەتوانێت قەرەبووی بكاتەوە و هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیە بكرێت بۆیە دەڵێم بەڵێ بۆكەمپینی(2016)لە بیرۆكەی عبدالرحمن صدیق