بۆ ساڵیادی شۆڕشگێڕو تێكۆشەر كاك جوهر نامق سالم (سەلیم سۆرانی)

بۆ ساڵیادی شۆڕشگێڕو تێكۆشەر  كاك جوهر نامق سالم (سەلیم سۆرانی)
كاتێك مرۆڤ ئاوڕێك بۆ دواوە دەداتەوەو لە قووڵایی ڕووداوەكانی ڕابردوودا ڕۆدەچێت، هەوڵ دەدات بۆ ڕۆژانی داهاتووی وانەو پەندی لێ وەربگرێت، كە تەماشای ساڵانی حەفتایەكانی سەدەی ڕابردووی عیراق دەكەین كە لە چوارچێوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردیدا چ ڕووداوگەلێكی تێدا قەوماوە، هەزاران كوڕو كیژی كورد دێنەوە پێش چاومان كە جووڵێنەرو هێزپێدەرو هاندەرو داینەمۆی ئەو بزاڤە پڕشنگدارە بوون، هەموو ئەوەشیان لە پێناوی بەرگری كردن بووە لە ڕێبازەكان و لە بوونی ئەم میللەتە، یەكێك لەوانە: جەوهەر نامق بوو كە لە دەڤەری گەرمیانەوە گەیشتە ناو بەغدای بژوێن و ئامێزگرتوو بۆ هەموو چالاكییە سیاسیەكانی ناوجەرگەی عیراق لەو زەمانەدا..
تا ببێتە مەشخەڵ بۆ ڕۆشنكردنەوەی ڕێی ئەو گەنجانەی هاوزای خۆی شانازییان بە نەتەوەیی بوون و بزاڤە شۆڕشگێرییەكەیانەوە دەكرد، كاكە جەوهەر لاوێكی باریكەلەی باڵابەرز بوو، بەڵام، لە ناو یەكێتی قوتابیانی كوردستان كە ئەو كات هاوڕێ و برای تێكۆشەرمان(فەرهاد عەونی) سەرۆكایەتی دەكرد تژی بە چالاكی بوو.
كاكەجەوهەر بە دەسپێشخەریی و چالاكی و خوێن گەرمی و تەحەدداكردنی دەسەڵاتی ستەمكاری ئەوسا، داینەمۆو كۆسوڕێكی بزووتنەوەی قوتابیان بوو، ئەو كاتە لە پێناوی ئامانجێكی پیرۆزدا تێكۆشان بۆ خۆی چێژو دڵخۆشی و قوربانیدانی تێدا بوو: تێكۆشان بە واتای خزمەت گەیاندن بوو بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد، هاوكات تێكۆشان سیخناخ بوو بە زۆرباری سامناك و مەترسیدارەوە، لەوانەش بوو لە هەر ئان و ساتێكدا بوایە، ئەو تێكۆشەرە ببوایەتە هۆیەك بۆ نەمانی رۆحی مرۆڤانەی خۆی، بە دڵنیاییەوە وەچەی گەنجانی ئەمڕۆمان كە شوێن پێی ئەو وەرچەرخانە پڕ مەترسیانەیان هەڵنەگرتووەو بە چاوی خۆیان نەیانبینیوە، قەدری بەهای تێكۆشانی ئەوێ ڕۆژگارێ ناگرن(تەنانەت ئەگەر بە قسەش بێت)، لەو كەشوهەوا تەمومژاوییەدا كاكە جەوهەر یەكێك بوو لەوانەی هیچ سنوورێكی بۆ چالاكییەكانی خۆی نەهێشتبۆوە، بەڵكو لە تێكۆشانیدا(تێكۆشەرێكی بێ سنوور بوو) لە هەر شوێنێك كە پێویستیان بە تێكۆشەرێكی سەرچیغ و یاخی ببوایە، ئەوت دەبینیەوە، لە تێكۆشانەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەو شێوەیە بوو كە باسی دەكەم، باشمان لە یادە ئەو لاوە تێكۆشەرە یاخیگەرە لە كۆبوونەوەو كۆڕی خەبات و دیالۆگ هەڵدەسوڕا تا گەیشتە ئاستێكی وا چیدی بەو شێوازە دڵسۆزانەیەوە دروست نەبوو بە ئاشكرایی بەردەوام بێت و لە بەغدا لەسەر تێكۆشان بمێنێتەوە بۆیە ناچار بووئەو شارە بەجێبهێڵێت و حەسرەتی ئەو جێهێشتنەش بۆ ئەو، گەلێك پڕ لە خەم و ئەستەم و هاوكات لە دڵ و دەروونیدا گران بوو، بەرەو مەیدانی ڕاستەقینەی تێكۆشان ڕۆیشتەوە بۆ:كوردستان، تا لەوێوە وەك پیشەی هەمیشەیی، كاكە جەوهەر لەسەر چالاكی و تێكۆشانەكانی خۆی بەردەوام بوو، هێندە سەر دەستانە ئاوێزانی كارەكانی دەبووەوە بە پلەیەكی وا كە هەمیشە ماندوو بوونی خۆی لە یاد دەكرد، هێندە تیژبین و دوور ڕوانین بوو كە رۆحانیەت و سۆفیگەرێتی و ئایدیالیستی لە ڕوانینەكانیدا بەدی دەكرا، دەیەویست هەموو شتێك لە كارەكانیدا تەواوو كامڵ بێت، بە وردی پلانی دادەڕشت و بە وردیش جێبەجێی دەكردن، لەوەشدا هەردەم لەگەڵ ئەوانەی بە تێروانین و پێوەرە وردەكانی ئەمەوە كاریان نەدەكرد ڕووبەڕووی كۆمەڵە گرفتێك دەبوەوە، بۆیە زۆر هاوڕێی لە دەست دا بە هۆی گێژاوی خەمخۆرنەبوونیانەوە بە كارەكانەوە.
هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ئازاری 1974 حەماسەتێكی زیاتری پێ بەخشی بۆ ئەوەی شەوو ڕۆژ بخاتە سەر یەكترو لە پێناوی شۆڕش و ئامانجەكانیدا چالاكی زیاتر ئەنجام بدات، لە كارەكانیدا سەر ڕاست و ڕاستگۆو ئەستۆ پاك بوو، بە شێوەیەك لە تارترین بارودۆخدا دەسبەرداری خەسڵەتە سەربەرزو جوانەكانی خۆی نەدەبووەوە، بە تایبەتی لە مەنزڵگەی شۆڕشدا لە ناوپردان.
كاتێك شۆڕش لە ئازاری ساڵی 1975بەرەنگاری پیلانێك بوەوە بۆ نسكۆ پێهێنانی، زۆربەی كادرو ئەندامە چوست و چالاكەكانی شۆڕشی كورد ناچاربوون ڕوو لە وڵاتی ئێران بكەن، كاكە جەوهەر لە پێشەنگی ئەوانەدا بوو كە بەرگرییان لە گەل و بەردەوامبوونی شۆڕشەكە دەكردەوە، بەو شێوەیە ترپەی دڵی ژیان لەلای كاكە جەوهەر ڕانەوەستا، بەڵكو تەحەددای ئەو واقیعە نوێیەی كردەوەو هەوڵی گۆڕینی دەدا، لەم ڕووەوە كاكە جەوهەر لە ژمارەیەك لە ژمارەكانی گۆڤاری گوڵان كە لە حوزەیرانی 2010 بڵاوكرایەوە نووسیبووی
(دەسپێكی بەرخودان و بەگژداچوونەوەی نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لە دوا چركە ساتەكانی پێش كۆتایی مانگی ئاداری 1975وە دەستی پێكرد. لە سەرەتای نیسانی ساڵی 1975و پاش چەند دانیشتن و لێكدانەوەی ڕەوشەكەو پێش ناوەڕاستی مانگی نیسانی 1975دەستەبژێرێك لە سەركردایەتی و كادیرە پێشكەوتووەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر، وەك (ناوك/ نواە)ی(سەركردایەتی كاتیی) ئەركی ڕێكخستنەوەو ئامادەكاری بۆ قۆناغی نوێ خستە ئەستۆی خۆیان، لە سەرەتای پاییزی ساڵی 1975و لە دانیشتنێكی تایبەتی (دەستە) كە لە ماڵی جەنابی كاك مسعودو پاش لێكدانەوەی ڕەوشەكە) بە كۆنووسێكی فەرمی ...، چەندین بڕیاری چارەنووسساز وەرگیران كە: جەمسەری یەكەم: گەڕانەوە بۆ كوردستان. بۆ ئەمەش بڕیاردرا كوردستانی عیراق بكرێت بە دوو هەرێم:1/2 وجادەی هامیلتۆن سنووریان بێت. هەر هەرێمێك بە پێی هەلومەرج و توانای خۆیان هەیكەلیەتی ڕێكخستنەكانی داڕژێنێتەوەو چ بە پێی پێڕەوەی ناوخۆی پارتی و چ لەسەر هێڵ و بۆڵ، ئامادە باشی بكرێت بۆ خەباتی چەكداری(...). بۆ هەرێمی یەك(بەندەو كەریم سنجاری) دانراین ...جەمسەری دووەم:بەیانێك بە ناوی(پارتی دیموكراتی كوردستان) ئامادە بكرێت تێیدا باس لە هۆكارە سەرەكییەكانی نسكۆو هێڵە سەرەكییەكانی خەباتی نوێمان بكات، و بەندە تەكلیف كرا بە نووسینی ئەو بەیانەو دروشمی بەیانەكەم بە (كوردستان الساحة الحقیقیة للنضال. ناضلی یاجماهیرنا و ارفضي واقع النكسة) ڕازاندەوە(...). لە دوا كۆبوونەوەمان بڕیاردرا ئەو بەیانە بە ناوی (القیادە الموقتە/ سەركردایەتی كاتی) پارتی بێت، بەرواری 10/ 12/ 1975مان وەك( سەعاتی سفر) بۆ دانا، بەو پێیە كە دەبێت لەو ڕۆژەدا لە هەردوو هەرێم بڵاو بكرێتەوە. دواخستنی ڕاگەیاندنی و بڵاوكردنەوەی بۆ ئەو بەروارە، بەند بوو بە هەلومەرجی جووڵانەوەو گەیشتنمان بە مەنزڵی خۆمان( بەندەو كەریم) بۆ ناوچەكانی بادینان...، دامەزراندنەوەی سەرەتاكانی ڕێكخستنەكانمان هەروەها بۆ غافیڵ كردنی دوژمنانی كورد
لە بەیاننامەی مێژوویی گرنگی ئەوسادا ئەمەش هاتبوو:
((ئەگەر ئەو بارودۆخە بابەتیانەی كە بوونە هۆی لەمپەڕ لەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشەكەیدا هۆكار بووبن بە گەیشتنمان بەم دۆخە، ئەوا واقیعی حزب و شۆڕش تەختكەری رێگە بوون و بە پلەیەكی گەورە هاوبەش بوون لە دیاریكردنی ڕێرەوەكەدا))
بەیاننامەكە زیاتربەم شێوەیە درێژەی هەبوو:
پارتی دیموكراتی كوردستان ــ قیادە موقتە.. بە رێگەی شۆڕشگێڕانەی خۆیەوە جەخت لەسەر درێژەدانی تێكۆشان دەكاتەوە.. بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد بەو پێیەی بزاڤی گەلێكی چەوساوەیە، بەشێكە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی جیهانیی و ڕێچكەیەكە لە ڕێچكەكانی رەسەنایەتی...
بەرپرسیارێتی مێژوویی دەكەوێتە ئەستۆی هەمووانەوە، ئێمەش بڕوامان بە سەركەوتنەو بڕوامان بە هۆشیاری و ئازایەتی گەلی كوردی تێكۆشەرمانە))
كاكە جەوهەر لە پێشەنگانی ئەوانە بوو كە بۆ كوردستان گەڕانەوەو لە دەڤەری بادینان نیشتەجێ بوو، تا بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیكەربەندی حزبی و رێكخستنی پێشمەرگایەتییەوە خەریك ببێتەوە، ئیتر بە ناوی سەلیم سۆرانی یەوە دەستی پێكردەوەو توانایەكی بەرزی ڕێكخستنەوەی لە پێناوی دانانەوەو ئامادەكردنەوەی پێشمەرگەكان خستەگەڕ بۆ بەردەوامیدانەوە بە شۆڕشەكەو هەڵگیرسانەوەی لە 26ی گوڵانی ساڵی 1976
لەو كاتەوە سەلیم سەركردەیەكی مەیدانی و خاوەن تواناو كەسێكی چوست و چالاكی باڵا بوو لە كاری ڕێكخراوەیی و لێپرسینەوەشی لەگەڵ ئەوانە دەكرد كە كەمتەرخەم بوون و خۆیان كەلادەخست، چالاكیەكانی پێشمەرگە بە ڕادەیەكی وا بەرفراوانتر بوو، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی دنیا باسیان لە چالاكییەكانی شۆڕشگێڕانی كورد دەكرد..
ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو تا كۆنگرەی نۆیەمی پارتی كە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1979 سازدرا، لەو كاتەشدا كاكە جەوهەر بۆ سەركردایەتی خۆی هەڵنەبژاردو بەو شێوەیەی خۆی مایەوە تا بەستنی كۆنگرەی دەیەمی پارتی لە ساڵی 1989 كە لە سەركردایەتی پارتییەوە هەڵبژێردرا..
كاكە جەوهەر بە هەمان رۆحیەت و پەرۆشبوون و توانایەی جارانیەوە كاری دەكرد تا هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 كە هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی لێ كەوتەوە، بەو شێوەیە سەردەمێكی تازەی كاروانی كاكە جەوهەر هاتە ئارا و كاكە جەوهەر بوونی خۆی وەك پیاوێكی دەوڵەتمەدار لە شێوازێكی بەرز سەلماند، وەك پیاوی ئەركە سەختەكان ڕۆڵێكی پێشەنگانەی لە بزاڤی شۆڕشگێڕی كوردایەتیدا گێڕا، بە بەردەوامی وەك منارەیەك و ئیلهامبەخشێك بۆ شۆڕشگێڕە درەوشاوەكان دەمێنێتەوە ئەو شۆڕشگێڕانەی كە جگە لە بەرژەوەندی گەلەكەیان و ڕزگاركردنی خەڵكی لە كۆیلایەتی بیر لە هیچ شتێكی تر ناكەنەوە، ئەم وشانە دەنووسم و لە ناخمدا حەسرەت دەكێشم بۆ ئەوەی جارێكی تر چیدی كاكە جەوهەر نابینمەوە ئەوەش لە پاش دوا چاوپێكەوتنی بەڕێزیان كە لەگەڵ برای دكتۆر ساحیب قارەمان و كاكە خالید لە هۆتێل خانزاد یەكترمان بینی و دیالۆگەكەشمان لە ڕووی فكرییەوە پڕ نەشئەو پڕبەرهەم بوو، پێكەوە تا كاتێكی درەنگ وەختی شەوێكی حوزەیرانی ساڵی 2010 مان بردە سەر.
Top