زیادكردنی ڕووبەری سەوز لەشارەكاندا

زیادكردنی ڕووبەری سەوز لەشارەكاندا
زیادكردنی ڕووبەری سەوز لەشارەكاندا
بەپێی پێوەرەكانی نیشتەجێكردن، پێویستە لە دیزاینی شاردا چەند مەرجێكی ژینگەیی لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە:-
* دەبێت هەر كەسێك (2) دوومەتر دووجای لە گۆڕەپانی یاریی بەربكەوێت لە سنووری گەڕەكەكەی خۆیدا.
* دەبێت هەر كەسێك لە نێوان (1.5 – 2.5) مەتر دووجای لە باخچەو ڕووبەری سەوزایی بەربكەوێت لە گەڕەكەكەی خۆیدا.
* بەپێی پێوەری جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، دەبێت هەركەسێك لە شارەكەی خۆیدا لە نێوان (15 – 20) مەتر دووجای لە باخچەو ڕووبەری سەوزایی بەربكەوێت.
ئەم مەرجە ژینگەییانە كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر چاكتركردنی ژینگەو ژیانی مرۆڤەكان لە شاردا، لەوانە :
1- رووبەری سەوزایی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە هەڵمژینی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و، بەرهەمهێنانی ئۆكسجین.
2- ڕۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی تینی تیشكی ڕۆژ بە ڕێژەی لە (86%).
3- ڕۆڵی هەیە لە بەرگرتن لە ڕەشەباو گەردەلوول.
4- ڕۆڵی هەیە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان لە ڕێگەی كۆبوونەوەو دانیشتنی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە پاركێكدا یان لە سەیرانگایەكدا.
5- ڕۆڵی هەیە لە ئارامكردنەوەو چاكتركردنی باری دەروونی مرۆڤ، كە ڕەنگی سەوز كاریگەریی پۆزەتیڤی هەیە لەسەر كەمكردنەوەی هۆرمۆنی بەرپرس لە گرژبوونی باری دەروونیی، هەر لە بەر ئەمەشە كە دەوڵەتانی جیهان هەوڵ دەدەن زیاتر لەو پێوەرە نێو دەوڵەتیانەش، ڕووبەری سەوزایی لە شارەكاندا زیاد بكەن، بۆ نموونە لە شاری (پەكین)ی پایتەختی (چین)، هەر تاكێك ڕووبەری (45) مەتر دووجای لە سەوزایی بەردەكەوێت و، لە (تاران)ی پایتەختی (ئێران)یش هەر تاكێك زیاتر لە (20)مەتر دووجای بەردەكەوێت!
كەچی لای ئێمە لە شارەكانی خۆماندا كە پێش دەیان ساڵ باخچەی گشتییان تێدا كراوەتەوەو ئێستا بە بەراورد لە نێوان ڕووبەری خانووبەرەو ڕووبەری باخچەو سەوزایی، نزیكەی لە (7%)ی ڕووبەری شار سەوزایییە.
بۆیە گرنگە كە شارەوانیی چەند هەنگاوێك بگرێتە بەر لەوانە :-
1-لەكاتی پێدانی مۆڵەتی بیناكردندا بە مەرجی بگرێت كە ڕووبەرێكی دیاریكراوی خانووەكان بكرێنە باخچە ئەگەر كەمیش بێت، چونكە دەركەوتووە كە تەنها (یەك) درەخت لە ڕۆژێكدا بەشی (3) كەس ئۆكسجین بەرهەم دەهێنێت!
2- زیادكردنی باخچەو پاركی گشتی لە نێو شارەكانداو، ڕێگەگرتن لە بەخانووكردن و كارگەكردنی ئەو زەوییانەی كە لە دیزاینی بنەڕەتی شاردا بۆ باخچە دانراون.
3- لەبەر كەم ئاویی، ئەو درەخت و دارانە بچێنرێت كە ئاوی كەمیان دەوێت و، ئاودانی بەدڵۆپەش پەیڕەو بكرێت و، درەختەكانیش لە جۆری هەمیشە سەوز بن لە هەر چوار وەرزەكاندا.
4- بەردەوام ئاگای لە پێوەری جیهانیی بێت بۆ ڕووبەری سەوزایی چونكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دانیشتوانی شارەكان لە زیادبووندان و ڕووبەری سەوزاییش لە كەم بووندایە، كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی مەرجە ژینگەییەكانە لە دیزاین كردنی شاردا.
Top