پرۆگرامە خێرخوازییەكان، هەوڵێكە بۆ شكاندنی شكۆمەندی مرۆڤ

پرۆگرامە خێرخوازییەكان، هەوڵێكە بۆ شكاندنی شكۆمەندی مرۆڤ
بەپێی ستانداری نێودەوڵەتی یەكێك لەپرەنسیپە سەرەكییەكانی كاركردنی میدیا لەپاڵ گەیاندنی (زانیاری)، پابەندبوونیەتی بەناوەڕۆكی ئیدیۆمی (بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی)، لەهەرێمی كوردستاندا جۆرێك لەمیدیا دروست بووە كە نەك پابەند نەبووە بەجێبەجێكردنی ناوەرۆكی ئەو ئیدیۆمەوە، بەڵكو تادێ پانتایی كاركردنی نابەرپرسیارانەی خۆی بەرفراوانتر دەكات، بەشێوازێك كاریگەری زۆر نێگەتیڤی لەئاڵۆزكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و خێزانی بەجێهێشتووە.
ئەوەتا چەند ساڵێكە لەڕێگەی كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان و كەناڵە لۆكاڵیەكانەوە بەناوی جۆراوجۆر (پرۆگرامی خێرخوازی) پێشكەش دەكرێ، لەم پرۆگرامانەدا هاوكاریكردنی ماددییانەی كەسانی (هەژار، نەخۆش، خاوەن پێداویستی تایبەت)كراونەتە ئامانج، وەكو نیەت و ئامانج هەوڵی لەو شێوەیە جێگەی ستایشە، چونكە هیچ كەس لاری لەوە نییە كە تا ئێستا بەهەرهۆكارێك بێ كەسانێك ماون لەدۆخ و قەیرانێكی هەژاریدا دەژین و پێویست بەدۆزینەوەو ناساندنیان دەكات تاكو لەلایەن كەسانی سەرمایەگوزاری خێرخوازەوە لەو نەهامەتیە دەربازببن، بەڵام ئەو پرۆگرامە خێرخوازیانە لەو ڕۆژەوە كەوتنە هەڵەیەكی كوشندەی مەعنەوییەوە كە تەنیا یەك دیوی ئاریشەكەیان لەگۆشەیەكی تەسكەوە بینی، ئەو هەڵەیەش هەوڵدان بوو بۆ هاوكاریكردنی مرۆڤەكان لەڕووی (ماددی)یەوە، لەكاتێكدا ئەگەر جارێك لایەنی ماددی مرۆڤ گرنگ بێ، ئەوا هەزار هێندەش لەبەرچاوگرتنی لایەنی (مەعنەوی) مرۆڤەكان گرنگە، كە دەكرێ لێرەدا وەك (شكۆمەندی)ناوی بهێنین.
مرۆڤ بەسروشتی خۆی دوو سەرمایەی سەرەكی پێكهاتەیەتی، (سەرمایەی ماددی) كە مرۆڤەكان بەشێوازی فرەجۆر بەدەستی دەهێنن، بەشێك لەمرۆڤەكان بەدەوڵەمەندی ماددیەوە لەدایك دەبن و بەدەوڵەمەندی ماددیشەوە دەمرن، بەشێكی تریشیان لەسەرەتاوە بەقەیرانی ماددییەوە دێنە دنیاوەو دواتر لەو قۆناغە دەربازیان دەبێ، بەڵام كەمجاران بینیومانە كەسانێك هەبن لەساتەوەختی لەدایكبوونیانەوە بەهەژاری لەدایك ببن و تا ساتەوەختی مردنیان هەر بەهەژاری بمرن، هەربۆیە زۆرینەی جاران بەدەستخستنی (سەرمایەی ماددی) لەرێگەی كۆشش و شەونخونی و ماندووبوونەوە دەتوانرێ بێتە دەست، بەڵام هەرگیز كەڵەكەكردنی (سەرمایەی مەعنەوی و شكۆمەندی مرۆڤ) نە هێندە سانایەو نە كە لەدەستیش چوو بەئاسانی جارێكی تر دەگەڕێتەوە.
بۆئەوەی چیتر بێڕێزی بەشكۆی (مرۆڤە هەژار و نەخۆش و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان) نەكرێ، تاكو چیتر لەپێناو بەخشینی بڕێك هاوكاری ماددیدا بۆ تاهەتایە كەرامەت و شكۆمەندنیان نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، لێرەدا سێ پێشنیار بۆ پێداچوونەوەی (پرۆگرامە خێرخوازییەكان) لەلایەن كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵیە كوردییەكان و بەشێك لەرۆژنامەو گۆڤارەكان دەخەینەڕوو:
یەكەم/ یەكێك لەو هەڵە گەورانەی پرۆگرامە خێرخوازییەكان كە نائاگاییانە تێی كەوتوون بەكارهێنانی (كارەكتەری منداڵ)و دواندنیان و نیشاندانی دەموچاویان و تا ئاستی گریاندن و كروزانەوەیان، سیاسەتی كاركردنی ئەو جۆرە پرۆگرامانە لەئاست مامەڵەكردنیان لەگەڵ كارەكتەری منداڵ، شێوازێكی ئاشكرایە لەبەكارهێنانی توندوتیژی دژ بەمنداڵان.
دووەم/ ئاشكراكردن و نیشاندانی ڕوخساری كارەكتەری ئافرەتان و پیاوانی كەمدەرامەت و نەخۆش و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان لەشاشەی تیڤیەكان و ڕووپەڕی ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، لەكۆمەڵگەیەكی ڕۆژهەڵاتیدا هەوڵێكە بۆ شكاندنی شكۆمەندیان و لێدانە لەكەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتی ئەوان، بۆ ڕاگرتنی ئەو هەوڵانە پێویستە پەردە لەسەر ڕووخساریان دابنرێت بەشێوازێك لەدەرەوەی پرۆگرامەكان ئاسان لەلایەن كۆمەڵگەوە نەناسرێنەوە.
سێیەم/ بۆ كۆكردنەوەو ڕێكخستنەوەی ئەو كۆمەك و بەخشین و هاوكاریانەی كە لەلایەن كەسانی خێرخوازەوە پێشكەش بەكەس و خێزانە هەژارەكان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان دەكرێ، پێشنیاردەكەین لەلایەن (وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری) لیژنەیەك پێكبهێنرێ، تاكو كۆی هاوكاری و كۆمەكەكان لەیەك سەرچاوەی باوەڕپێكراودا كۆبكرێنەوە دواتر پێشكەش بەخێزان و كەسانی لێقەوماو بكرێ، لەرێگەی بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك یان چەند ژمارە تەلەفۆنێكی دیاریكراو لەسەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندندا.
Top