فرمێسكێكی خەمبارانە بۆ هاوڕێیەكانم لەو كاتەدا كە ژیان جێدێڵن

فرمێسكێكی خەمبارانە بۆ هاوڕێیەكانم لەو كاتەدا كە ژیان جێدێڵن
لەگەڵ بیستنی كۆچی ناوادەی ئەدیب و ڕۆشنبیرو هاوڕێ و كەسێتی وجوودیی مامۆستا مەحمودی مەلا عەبدوڵڵای زامدار، خەم و نیگەرانی دایگرتم، دیارە هەر وا لە چارەمان نووسرا كە بە ماوەیەكی پێوانەیی دوا ماڵئاوایی لە پۆلێك براو هاوڕێ و دۆستی ئازیزمان بكەین، بە تایبەتی براو برادەرو هاوڕێم، خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵاحەدادی بە ڕەسەن هەولێری، كە تا ئاستی عیشقی خوایی شارە دێرینەكەی خۆی خۆشدەویست، هەروەها ئەدیب و شاعیرو تێكۆشەرو هاوڕێم مەهدی خۆشناو؛ پشت و پەنای چەوساوەو هەژاران، لەگەڵ هاوڕێم نەوزاد بۆتانی ئابووریناس و پسپۆری كارگێڕی، هەروەها سۆفیگەرو تێكۆشەر نەوزادی محەمەد عەلی موختارو جەلال خۆشناوی قەشەنگ و هەمیشە ڕۆح گەنج و بۆ دواجاریش مەحمود زامدار..
هەموو ئەمانە لەو ئەڵقەیەدا بوون شایەن وجێگەی ئەوەن مرۆڤ شانازییان پێوە بكات، چونكە هەڵگری بەهاو ڕێبازگەلێك بوون كە لەم ڕۆژگارەدا پابەندێ صی بەو بەهاو ڕێبازەوە كەم و دەگمەنن، خودان ڕێكەوتیش هەموویان پێشتر لە یەكێتی قوتابیانی كوردستاندا ئەندام بوون، هەندێكیان لەو یەكێتییەدا گەیشتنە ئاست و پلەی سەركردایەتی، لەوانە نەوزاد محەمەد عەلی و جەلال خۆشناو و مەحمود زامدار.
لە زەمەنێكدا مەحموودم ناسیوە، بە تەواوەتی ناسینی وی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چل ساڵی بەر لە ئێستا، بەهۆی توندو تۆڵی ئینتیماو لایەنگیریمانەوە بۆ شارە دێرینەكەمان و بۆ ڕێبازە فیكرییەكانی كە لەو سەردەمانەدا سەریان هەڵدابوو، خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵاحەداد پێوەندی نێوانمانی تۆكمەتر كردبوو، گەرچیش لەو ساتەوەختانەدا نزیك بووین لە وجودییەت و هەندێك جاریش نزیك بە پوچگەرایی(عەبەسییەت)، مەحمود زامدار لە ژیانیدا پێڕەوكاری ئەم ڕەوتانەش بوو( لێرەوە ڕەفتاروكردەوەكانی مەحمود بەراورد دەكەمەوە بە كردەوەكانی هەندێك لە شاعیرە مەزنەكانی عیراقی بە نموونەی عەبدولئەمیرحصێری و حوسێن مەردان) ئەمیش وەك ئەوان كاتێك دەچووە یانەكانەوە، سەبارەت بە هەموو ئەو بابەتانەی كە تایبەت بوون بە موعانات و خەمی رۆشنبیرەوە دەدواو بەوپەڕی چێژیشەوە وشەكانی وەك دوڕو یاقووت لە زار دەردەچوون، بەڵام كەس گوێی پێ نەدەدا و كەسیش لێی تێنەدەگەیشت( ئەمە حاڵی هەر ڕۆشنبیرێكی ژیاوی ناو كۆمەڵگە دواكەوتووەكانە كە لە ئازارو قەهردا دەسووتێن)
مەحمود لە تێكۆشاندا پێشەنگ بووە، بە هاوشانی هەڤاڵانی خۆی لە بەغداو لە ناو یەكێتی قوتابیاندا لەوانەش تێكۆشەران (قادرحەمەد ئەمین و ئەنوەر ڕەئیس) سەر سەختانە بەرپرسیارێتی لە ناو یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە ئەستۆ دەگرت، لە یادمە كۆتایی ساڵانی شەستەكان بوو كە پێكەوە سەردانی خوالێخۆشبوو عەبدوڵا حەدادمان كرد، حەدادمان لەو ژوورەی خۆیدا بینی كە بە دینارێك یان كەمتر بەكرێی گرتبوو، ژوورەكەی زۆر سادەو هاكەزایی بوو، دەكەوتە ئەو كۆڵانەی تەنیشت مزگەوتی گەورەی حەیدەرخانەوە، لەوێ هەندێك پارچەی بچكۆلانەی بڵاوكراوەو چاپەمەنی تەنزیمی پێ نیشان داین، جێی وەبیرهێنانەوەیە كە شانەو ڕێكخستنەكانی تەنزیمات لەو قەرەوێڵەیەدا شاردرابوونەوە كە حەداد لەسەری دەخەوت، لاقەكانی قەرەوێڵەكە لە لوولە بۆری ناوبۆش پێكهاتبوو، بەڵام ئەو پڕی كردبوون لەو پارچە كاغەزانەی كە مەترسیدار بوون بۆ ژیانی خۆی لەو سەردەمەدا، لە ژیانی ئەو تێكۆشەرانەی بێ ئەوەی چاوەڕوانی پارەو پوول بكەن سەردەمێكی بەهەرمێن بوو، بێ چاوەڕوانی هیچ بەرانبەرێك تێدەكۆشان و خەباتیان دەكرد.
هەمیشە مەحمود بەخوێندنەوەوە سەرقاڵ بوو، كاتێك لە قاوەخانەی پەرلەمان كە قاوەخانەكە دەكەوتە حەیدەرخانە، لەگەڵ هاوڕێكانیدا دادەنیشت، سەبارەت بە خەمەكانی گەنجان و ڕۆشنبیران و تێكۆشەران بەدوورو درێژی گفتوگۆی ساز دەدا..
كاتێكیش لەساڵی 1971خوێندنی زانكۆیی لە بەغدا تەواو كرد، بەهەمان سەمت و شێوازی ڕێكخستن و ستایلی ژیانیەوە كە لە بەغدا گرتبویە بەر، گەڕایەوە بۆ شارەكەی خۆی و یانەكانی بەسەردەكردەوە، لە هەر شوێنێك چ لە چایخانەكان یان یانەكاندا دانیشتبا هەر خۆی سەرپەرشتیارو كۆڕگێڕی یەكەمین و سەردەستە دەبوو(حەلاج وتەنی: لەكوێ دانیشتبایە هەرخۆی پێشەنگی دانیشتنەكەیە) كۆڕەكانی یانەی ئیعلام و یەكێتی نووسەرانی كوردو ئەوانی تریشی هەرهەموویان شایەتحاڵی ئەو داهێنان و هەرا ڕۆشنبیریانەین، بۆیە وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوەی سمینارو كۆڕەكان، ڕۆڵێكی پڕ بایەخی لە ژیانی ڕۆشنگەری و ئەدەبیدا دەگێڕا، هاوكات خاوەنی هەڵوێست و ڕای تایبەت بەخۆی بوو..
شوێنەكەی مەحمود پڕ نابێتەوە هەر وەك چۆن شوێنی پیرباڵ مەحمودی دڵساف و دوور لە ڕق و كینە بە هیچ كەس پڕ نەبۆتەوە، بە ڕۆیشتنی زامداریش ئەدەب و شیعری كوردی یەكێك لە دینگەكانی خۆی لە دەست دا، مخابن كە ئێمەیش برادەرێكی ئازیزمان لە دەست چوو.
دوای ئەو هاوڕێ ئازیزو خۆشەویستانەو بۆ ئەوانەشی كە لەدواتردا پێیان دەگەنەوەو ژیان بە جێدەهێڵن، پێویستە رۆندكێ لە چاومان دابكەوێت..
Top