ئایا ئەمەریكا ملكەچی واقیعە سیاسییە ئاڵۆزەكەی عێراقە !!؟

ئایا ئەمەریكا ملكەچی واقیعە سیاسییە ئاڵۆزەكەی عێراقە !!؟
لە گێژاوێكی سیاسیی دەگمەن و بێ نموونەدا (مەگەر تەنیا هاوتای ئەو گێژاوانە بێت كە لە مێژووی هاوچەرخ روویانداوە لەوانە:
گێژاوەكەی بەریتانیا لە تەنگژەكەی نۆكەندی سوێس 1956، گێژاوی رووسیا لە تەنگژە مووشەكیەكانی كوبا وگێژاوی تەنگژەی ڕۆچوونە ناو خاكی ئەفغانستانەوە 1979) ئەمەریكاش لە عێراقدا پێی خلیسكاوەتە ناو هەمان هەڵەی ستراتیژیی مەترسیداری ئەوگێژاوانەی پێشوو ناومان هێنان، گێژاوێك كە بۆی بووتە بەڵایەكی وا نەتوانێت وەك دەوڵەتێكی تاك و تەنیاو مەزن نوێنەرایەتی لە دنیادا بنوێنێت ( بەو وەسفەی زانای بەناوبانگی دنیای سیاسەت هنتگتن وەسفی دەكرد) بەڵكو ئەمەریكا لەبەردەم بەڕێوەبردنی تەنگژەی سیاسیی عێراق كە لە 2003 هەڵایساوە دەسەوسان بووە بە تایبەتی لەم هەڵبژاردنەی 7ی ئازاری ساڵی2010 كە ئاسەوارو ئەنجامی ترسناكی لێ كەوتەوە و كاری كردۆتە سەر رێڕەوی پرۆسەی سیاسی عێراق و میسداقیەتی ئەمەریكا لە هاندانی ئەو وڵاتە بۆ پیادەكردنی دیموكراتییەت، لە حەقیقەتتدا ئەمەریكا لە دانانی كۆتاییەك بۆ ئەو تەنگژەیەی 8 مانگی خایاند شكستی خوارد، سەرەڕای كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی كە لە 11/11/2010كە بۆ هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق سازكرا بەڵام هێشتا بەتەواوی تەنگژەكە تەواو نەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بە لاوازی كاریگەرێتی ئەمەریكا لە پێكهاتنی سیاسیی عێراقی نوێدا ..
بۆیە لێرەوە ئەم پرسیارە بەدەردەكەوێت:
ئەمەریكا چی بەسەردا هاتووە تا بەم لاوازییەی خۆی رازی بێت و جڵەوی كاروبارە سەرەكییەكانی لە بەغدا لە دەست بێتەوە ؟؟
خۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێت زۆربەی شیكاركاران و چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدا بوون كە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆك ئۆباما بە كۆمەڵێ پرۆسەی گۆڕانكاری بنەڕەتی ئەرێنیەوە سەرقاڵە كە لە دواجاردا دەبێتە هۆی گێڕانەوەی شوێن و هەیبەتی ئەمەریكا لە جیهاندا ( دوای ئەوەی بەهۆی رووداوەكانی ئەفغانستان و عێراق و رووداوی 11ی سێبتەمبەری 2001 ئەو هەیبەتەی زیانی پێكەوتبوو) ئومێدیش وابوو ئەو بەڕێوبەرایەتیە نوێیە ئەكتیڤانەتر سەركردایەتی سیستمی نوێی جیهانی بكات و باشتر پرۆسەكانی دیموكراتیی و رێبازەكانی مافی مرۆڤ و بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی بەڕێوە بەرێت ..
بەڵام كابینەی سەرۆك ئۆباما نەیتوانی ئەم ئاراستە كردنە وەدی بهێنێت و نەشیتوانی بەشێوەیەك كێشەی عێراق چارەسەربكات تا وەك یەكەمین هێزێكی كاریگەری لەو وڵاتەدا خۆی دەربخات، بۆیە ئەمەریكا رازی بوو بەوەی لە ئاڕاستە كردنی سیاسیانەی عێراقدا هێزی تر هاوبەشی بكەن ( لێرەدا تەركیز لەسەر رۆڵی سەرەكی ئێرانییە).
بەم شێوەیە ئەمەریكا بەلاوازی دەركەوت و بەهەرحاڵێك بێت وێڕای پەنابردنی بۆ شێوازی هەڕەشەو فشارهێنان هەندێ كاریگەری كەمی لەسەر رووداوە سیاسیەكانی عێراقدا خستەوە، ئەو شێوازە نامۆیەی سەركردە عێراقیەكانیشی پێڕاهاتوون و هەڕشەو گوڕەشەكانیان تەنیا بە مورتاحكردنی ئێران نەبێت هیچی تریان لێ شین نابێتەوە، ئێرانێك كە مونافسی سەرەكی ئەمەریكایە لە عێراقدا !
بۆیە پرسیار ئەوەیە : ئەمە چییە لە ئەمەریكا روودەدات، ئەم گێژاوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكای تێیدا دەژی چییە ؟ ئایا ئەمە كرداری دەوڵەتێكە كە بە تەنیاهێزی مەزنی جیهان ناسراوە وكەچی ئەم زەبرە كوشندانەی لە عێراق و ئەفغانستان و كۆریای باكوور و ئیسرائیل پێ دەكەوێت ..؟ ئەمەریكا چی لەسەرە تا ئەنجامی بدات و رۆڵی سەركردایەتی كردنی خۆی لە جیهان بە گشتی و عێراق بە تایبەت بۆ بگێڕێتەوە ؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە (جۆ بایدن)ی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارێكی گرنگیدا كە لە رۆژنامەی ( نیۆیۆرك تایمس) لە 20/11/2010 بەناونیشانی ( ئەوەی ئێستا پێویستە لە پێناوی عێراقدا ئەنجام بدرێت ) بڵاوكردۆتەوەو راو بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە تێدا پەخش كردوە .
بایدن وتارەكەی خۆی بەوە دەست پێكردووە كە ئیدارەی ئەمەریكا هەر لە هەڵبژاردنەكانی 7ی ئازاری 2010 وای دەبینێت (( گەلانی عێراق شایانی حكومەتێكن رەنگدانەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی پێوە دیار بێت ))ئەم وتەیە چەند پرسیارێ دەوروژێنێت لەوانە :ئایا ئیدارەی ئەمەریكا هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەكانەوە بەو ئاڕاستەیەدا كاری كردووە ؟ یان حاڵەتێكی وای خوڵقاندوە زۆر بایەخی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەداوە و تەنیا مەسەلەی ڕازی كردنی لایەنە بەشداربووەكانی لا پەسەندبووە بەبێ بایەخدان بە رای گەل كە لە رێی ئەو هەڵبژاردنەوە رای خۆیان دەر بڕیبوو ؟؟
هەر لە پاش هەڵبژاردنەوە تا ئێستا كە زیاتر لە 8 مانگە واقیعی شێواوی ئاڵۆزو نائارامی ناو عێراق ئاماژەیە بۆ شكاندنی بەندە دەستوورییەكان چ بە دانانی تەفسیری سیاسیانە بۆ دادگای باڵای ناوەندیی كە لە مادەی 76 ی دەستووردا ئاماژە بە بابەتی (ئەو كوتلە پەرلەمانیەی كە زۆرترین ژمارەی هەبێت )دراوە كەچی ئاراستەی سیاسەتی عێراقیان گۆڕی بۆ حەقپێنەدان بە لیستە براوەكە لە پێكهێنانی حكومەتتدا، بەمەش واقیعی سیاسی عێراقیان شێواند و سەرەڕای سەردانەكانی گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكایش بۆ عێراق لە ناویشیاندا خودی ( بایدن ) نەیانتوانی ئەم بارە شێواوە راست بكەنەوە ..
بە هەموو سەردانەكان ئەنجامی چاوەڕوانكراوی لێ نەكەوتەوە بۆیە بایدن دەنووسێت :
(( لە كاتێكدا سەرۆك ئۆباما و من و تیپێكی دیاری بەرپرسانی ئەمریكایی لە واشنتۆن و بەغداوە بۆ پشتگیری ئەركەكان رۆڵی چالاكمان دەگێڕا، هەنگاوی لەمە گرنگتر لە لای سەركردەی حزبە سیاسیە سەرەكییەكانی عێراقەوە دەنرا، دواتر ئەم بەرهەمەی پێی گەیشتن بەهێزترین بەڵگەیە لەسەر ئەو پەرەسەندنە گرنگانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە عێراقدا روویان داوە، كە سیاسەت وەك ئامرازێكی هەژموونهێنەر بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و وەدیهێنانی بەرژەوەندییەكان دەردەكەوت ))
بەڵام ئەم چالاكیانە بە تەواوی سەركەوتوو نەبوون وەك بایدن خۆیشی دەڵێت (لەم مانگانەی پێشوودا سەركردایەتیەكانی عێراق بۆ گەیشتن بە چارەسەری چەند كێشەیەكی ئاڵۆزكاو هەوڵی بێوچانیان داوە، لەوانەش گرفتی ناكۆكبوونیان لەسەر ئەوەی كێ مافی خۆپاڵاوتنی هەیە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یان ماف بە كێ بدرێت بۆ هاوبەشیكردن لە حكومەتی نوێدا یان چۆنیەتی مامەڵەكردن لەبەرامبەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و كاروباروی دابەشكردنی دەسەڵات بەبێ گەڕانەوەی بۆ توندوتیژی، ئەم هەوڵانە بەتەواوی سەركەوتوو نەبوون..).
ئەم بەربەستە گەورانە تاكو ئێستا ماون، لێرەدا پرسیارێك دێتە بەرزەینمان، ئیدارەی ئەمەریكا وەك دەوڵەتێك كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بریارەكانی UN بەرامبەر بە عێراق بەرپرسیارە.
بەڕای بایدن عێراق رووبەڕووی كۆسپی زۆر بۆتەوە كە بوونەتە هۆی وەدینەهاتنی ئاسایش و پەرەپێدان لەو وڵاتەدا، بەڕای وی هەنگاوی دواتر ئەوەیە حكومەتی عێراقی لەبەرامبەر پابەندبوونە مێژووییەكەی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات وەفا بنوێنێ.
ئەمە واتای چییە؟
بەڕای بایدن ئەم واتایە دەگەیەنێ «دروستكردنی ئەنجومەنێكی نیشتمانی نوێ بۆ سیاسەتە باڵاكان»
ئەم ئاراستەیەش واتا بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریكا لە میانەی وتووێژەكانیەوە نەیتوانیوە رای خۆی بچەسپێنێت لە چۆنیەتی دابەش كردنی دەسەڵاتەكانی عێراق و چۆنیەتی هاوبەشیكردنی لایەنەكان لەو دەسەڵاتەدا، بۆیە ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی لە نێوان لایەنە سەرەكییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق ئەنجام دراوە، كە بەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی 11/11 مۆركراوە و تێیدا ئاماژەدراوە بە دروستكردنی ئەنجومەنی ناوبراو، كە ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ لاوازی كاریگەری ئەمەریكا لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەراورد بە تۆكمەیی و بەهێزیی لایەنە نێودەوڵەتییەكانی دیكە بەتایبەتیش ئێران.
بەم شێوەیە ئیدارەی ئەمەریكا لە هەوڵدایە ئەم واقیعە سیاسییە ئاڵۆزكاوەی عێراق بخاتە ئەستۆی عێراقییەكان خۆیان تا بۆ چارەسەركردنی واقیعەكە خۆیان بەرپرسیار بكات لەبەرامبەر بارودۆخێك كە ئیدارەی ئەمەریكا خۆی هۆكاری شێواندن و خراپكردنیەتی وەك ئێستا لەم بارودۆخە سامناكەی عێراقدا دەبیندرێت.
لەمەوە ئەو پرسیارەی دەردەكەوێت پێوەندی بە بەرپرسیارێتی ئەمەریكاوە هەیە لە عێراقدا كە پێویستە بە چ كارێك هەستێت؟
كۆمەڵێ ئەرك و كار لە پێشدا هەن كە بایدن ئاماژەیان پێ دەدات و لەم خاڵانەدا كورتیان دەكاتەوە.
1- پێویستە لەسەر ئەمەریكا بەردەوام بێ لە رۆڵگێڕانی خۆی بۆ تۆكمەكردنی پایەی عێراق ئەم رۆڵەش سروشتی عێراق لە سروشتێكی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ سروشتێكی مەدەنی.
2- پێشكەشكردنی راوێژ و هاوكاری لۆجیستی بۆ عێراق لە پێناوی نەهێشتنی تیرۆردا.
3- پارێزگاریكردن لە بوونی دیبلۆماسی بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریكا كە وا دەخوازێت لە رووی دیبلۆماسییەوە پرس و را بەیەكتر بكەن.
4- دروستكردنی هاوپەیمانێتی دینامیكی لەگەڵ كەرتەگشتیەكانی حكومەتی عێراقیدا بۆ بابەتە پەیوەستدارەكانی خوێندن و وزە و بازرگانی و تەندروستی و كەڵچەر و تەكنەلۆژیای زانیاری و ئاسایش و دادوەری.
5- بەردەوام بوون لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی ئاسایشی عێراق چونكە هێشتا ساز و ئامادەنیین بۆ كاركردن.
6- یارمەتیدانی سەركردە عێراقییەكان بۆ رووبەڕوونەوەی كۆمەڵێك كۆسپ كە لە چاوەڕوانییان دایە لەوانە
أ‌- ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان
ب‌- خێراتركردنی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی ئاسایشی كوردی لەناو هێزەكانی ئاسایشی عێراقیدا.
ت‌- پابەندبوون لەبەرامبەر حەق نەفەوتاندنی سوننەكانی عێراق.
ث‌- چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی لەسەر دەستنیشانكردنی داهاتووی شاری كەركوك هەن.
ج‌- بڕیاردان لەسەر چەسپاندنی یاسایەك بۆ نەوت و غاز لە عێراقدا تا بودجەی عێراق ئاستی خۆی لە وەدیهێنانی دادوەری بۆ هەموو عێراقییەكان وەربگرێتەوە.
ح‌- ئەنجامدانی سەقامگیری ئابووری لە رێی كردنەوەی دەرگا بەڕووی وەبەرهێنی بیانی و بووژانەوەی كەرتی تایبەت.
خ‌- بڕیاردان لەسەر بودجەی گشتی.
د‌- كۆتایی هێنان بە پابەندبوونەكانی عێراق لەبەرامبەر UN بەتایبەت ئەو خاڵانەی پێوەندیان بە جەنگی كەنداوەوە هەیە.
7- داواكردن لە كۆنگرێس تا رازییان بكات لەسەر رانەگرتنی بودجەی تایبەت بە پشتگیری كردنی ئەمەریكا لە عێراق.
8- كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا ساڵانە 15 ملیار دۆلار دەگەڕێنێتەوە و تەرخانكردنی تەنیا 5 ملیار لەو پارەیە بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانی ئاسایشی عێراق.

لەم چوارچێوە گشتییەی سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراقدا بۆ ماوەكانی داهاتوو جەخت دەكرێتەوە لەسەر بابەتی خزمەتگوزاری و ئابووری و فێركردن بەڵام زۆر بە وریایی ئاوڕدەدرێتەوە لە سیاسەتی گشتی كە تێیدا پرۆسەی دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ لەسەوو خانەكانی ترەوەن.
ئەم ئاراستە نوێیەی سیاسەتی ئەمەریكا كە بڕێك كۆن باوە بوارێكی زیاتر بۆ چەند پرسیارێك دەكاتەوە كە پێوەندیان بە پابەندبوونی ئیدارەی ئەمەریكاوەیە لەبەرامبەر پرۆسەی بونیاتنانەوەی دیموكراتییەت كە لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف، هەروەها پابەندبوونی تەواوی دەستووری بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، چونكە ئەوە سەرەتاییەكی راستەقینەیە بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی نوێی هاوچەرخ لە دوای چەند قۆناغێكی حوكمی دیكتاتۆری، بەبێ ئەم پابەندبوونە ئیدارەی ئەمەریكا بەو واقیعەی سیاسییە ئاڵۆزییەی ناو عێراق تەسلیم دەبێت كە واقیعێكە پێچەوانەی بیرۆكە بنەڕەتییەكانی ئیدارەی ئێستا ئەمەریكایە لە بوونیادنان و پەرەپێدانی دیموكراتییەت و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤدا.
ئەمەش ئەو بابەتە بنەڕەتی و جەوهەرییە كە ئەمەریكا بۆ ئەنجامدانی كار دەكات، گەر سەر نەگرێت ئەگەری نسكۆی ئەمەریكا لە عێراقدا زیاتر دەبێت، هەروەها ئەگەری نسكۆی لە ئەفغانستانیشەوە دێتەسەر، دواجارئەم نسكۆیانە پێكەوە كار لە پێگەی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی دەكات، ئەو پێگەیەی بەچەند بنەمایەك سەرۆك ئۆباما لە مایسی 2010 رایگەیاندبوو..
Top