حزبی سیاسی: چوارچێوەی رێكخستن و كۆنگرەی گشتی حزب

حزبی سیاسی: چوارچێوەی رێكخستن و كۆنگرەی گشتی حزب
حزبی سیاسی و چوارچێوەی رێكخستن
حزبە سیاسییەكان بە توخمە بنەڕەتییەكانی دیموكراتیەت دادەنرێن، واتە لە دەوڵەتە هاوچەرخە نوێیەكاندا توخمێكی كاریگەرن، بیرمەندی یاسایی – سیاسی فەرەنسی بەناوبانگ جۆرج بیردۆG.Buerdu دەڵێت:حزبی سیاسی ئامرازێكە كە لە مومارەسەكردنی هاووڵاتیبوون و كاریگەرییەكانی لەسەر كاروباری گشتی دەوڵەت و كۆمەڵگا ناتوانرێت پشتگوێی بخرێت، كەواتە حزبی سیاسی بەتایبەتی لە سیستەمە دیموكراتییەكان بریتییە لە:ئامرازێكی پێوەندیكردن لەنێوان كۆمەڵگاو سیستەمی سیاسیدا، بەم پێیەش ئەندامان و كادیرانی حزبە سیاسییەكان دەخزێنە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتەوەو پلە و پۆستی سیاسی گرنگ وەردەگرن كە دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەرییەكی ئاشكرایان لەسەر بڕیارەكان و سیاسەتی دەوڵەت هەبێت، لێرەدا ئەو پرسیارەی كە دێتە پێشەوە ئەوەیە: ئایا دەوڵەتی دیموكراتی هاوچەرخ گۆڕاوە بۆ دەوڵەتی حزبە سیاسییەكان؟ حزبە سیاسییەكان لە سیستەمی هاوچەرخ بەتوخمێكی بنەڕەتی لەكاروباری سیاسیدا دادەنرێن، تەنانەت ئەركی سیاسی و كۆمەڵایەتیان دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە كاری جەماوەری ئەم حزبانە رۆڵێكی گرنگیان لە دیاریكردنی پێگەو دەسەڵاتی حزبەكاندا هەیە، لەو روانگەیەی ئەم حزبە سیاسیانە هێزێكی جەماوەری ومیللی فراوانیان بۆ دروست دەبێت.
- حزبی سیاسی بەوە ناسراوە كە گردبوونەوەیەكە لە پێوەندەییە سیاسییەكان لە نێوان كۆمەڵێك كەسی جیاواز لەوانەی چالاكی لەناو دامودەزگاكان و كاری گرنگ دەكەن لەپێناو پەرەپێدانی بەرنامەی گشتی هاوبەش .
بەم شێوەیە كاتێك لە حزبە سیاسییەكان دەڕوانین دوو جۆر لە كەسانی ئەكتیڤ و گەمەكار لەناو حزبەكەدا دەبینین:
• كادیری چالاك بارودۆخێكی یاسایی وایان هەیە پابەندن بە دەزگای رەسمی حزبەوە.
• كەسانی تر كە هەمان بارودۆخی پێشوویان نییە، بەڵام ئەندامێكی گرنگن لەناو گردبوونەوەی حزبەكە و كارو چالاكییەكانیان بەشێوەی گرووپ و كۆمەڵەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن وەكو: كۆمەڵەكانی بەرژەوەندی و فشار، كۆمەڵەكانی بیرو هزرو چەندین كۆمەڵەی چالاكی تری ناو حزبەكە.
ئەم ئەندامانە لەچوارچێوەی رێكخستنی حزبەكە كارلێك دەكەن و چالاك دەبن لەپێناو بەدیهێنانی پرۆگرام و ئامانجەكانی حزبەكە. بەپێی ئەم چەمكە حزبی سیاسی بریتییە لە: پێوەندییەكی كۆمەڵایەتی بەهێز و بنەڕەتی كە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەكانی حزبەكە سەركردە و ئەندامەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هاوكات سەركردەكانیش لەپێناو دروستكردنی كاریگەری لەسەر سیاسەتە گشتییەكانی حزب و كۆنترۆڵكردنی حزبەكان كێبڕكێ لەنێوان خۆیاندا دەكەن، ئەمەش بەواتای بوونی كێبڕكێیەكی حزبی بەردەوام بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاراستەكانی حزبە سیاسییەكەو بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی، لێرەدا جۆری رێكخستنەكە لەناو حزبەكەدا رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لەپێناو دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەو هۆكارانەی كە حزبەكە بەڕێوە دەبەن، هەروەها رۆڵێكی كاریگەر و بنەڕەتی دەگێڕن لە گۆڕانی هاوكێشەی هێز لەنێوان سەركردەكانی حزبەكەدا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت رێكخستنی حزبی كێبڕكێیەكی حزبی توندی لێدەكەوێتەوە لە ئاكامی هەوڵە بەردەوامەكانی كادیرەكانی حزب بۆ كۆنترۆڵكردنی بەڕێوەبردنی حزبەكە و ئاراستەكردنی سیاسەتەكانی، چاكسازییە حزبییەكان دەبنە هۆی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیە بەرتەسكەكانی ناو حزب، بەمشێوەیە هۆكارەكانی چاكسازی دەبنە هۆی زیاتر بە دیموكراسی بوونی حزبە سیاسییەكان لە رێگای كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی حزب لە سەركردە حزبییەكانەوە بەرەو ئەندامەكان لەنێو خۆی رێكخستنی حزبەكەدا یان بۆ دەنگدەران لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا .
ئەم ئاماژانە ئەوە دەسەلمێنێت كە سروشت و چۆنیەتی رێكخستنی حزبی كاریگەری لەسەر شێوازو كارو چالاكی حزبی دەنوێنێت، بە واتا حزبی سیاسی دەتوانێت لەكاتی پێویستدا لە مومارەسەكردنی چالاكییەكانیدا لە ستراتیژییەتی یەكەمدا بگوازرێتەوە بۆ ستراتیژییەتی دووەم یاخود كەمتر، بەڵام لەسەر حسابی تێكچوونی بواری كۆمەڵایەتی سەركردەكان و چالاكییە حزبییە سەرەكییەكانە بەوەی دەگوازرێتەوە بۆ چالاكییەكی كەمتر جەماوەر و كەمتر وروژێنەر، هەر كاتێك ئەم چالاكییە زیاتر بوو دەبێتە هۆی زیادبوونی داینەمیكیەتی حزب و چالاكییەكانی .
گرنگترین ئاماژەی خەسڵەتەكانی داینەمیكیەت بۆ حزب چییە؟
لە راستیدا كۆمەڵێك ئاماژەی جۆراوجۆر هەن بۆ ئەم خەسڵەتە لەوانە: چوونە ناو و تێكەڵبوون بەجەماوەر، نوێبوونەوەی بیروبۆچوون، نوێبوونەوەی پرۆگرامی گشتی حزب، نوێبوونەوەی پێكهاتەی سەركردایەتی...تاد، بەڵام گرنگترین ئاماژە لەم رووەوە بەستنی كۆنگرەكانی حزبە، بەستنی كۆنگرە گشتییەكانی حزب وەك گەڕانەوەیەكی سەركردایەتی حزب وایە بۆ بنكە حزبییەكەی لە بەدەستهێنانی بەردەوامێتی شەرعیەتدان بە سەركردایەتی یان هەموار كردنی سیاسەتی حزب یان گۆڕان لە بنكەی رێكخستن و هزری حزبی.
بەستنی كۆنگرەی گشتی ئاماژەیەكە لەسەر داینەمیكیەتی حزب و بڕوا بوونی سەركردایەتی حزب لە گەڕانەوەی بۆ ئەندامانی تاوەكو پشتگیرییان بەدەست بهێنێت لە سیاسەتە پەیڕەو كراوەكانی. ئەم داینامیكیەی سیاسەتی حزب كە لەچوارچێوەی كۆنگرەی گشتی حزب دەردەكەوێ تایبەتمەندێتی حزب دیاری دەكات كە ناكۆكییە ناوخۆییەكانیش دەگرێتەوە، ئەم ناكۆكیانە لە چوارچێوەی داینەمیكیەتی حزب زیاتربوونی چەند كوتلەیەك لە ناو خودی حزب بەرهەم دەهێنێت نەك بەرهەمهێنانی گونجانی ناوخۆی حزب، ئەندامانی حزب دەكرێت یەكگرتوو بن بەرامبەر زۆر پرسی گشتی دیاریكراو، هاوكات لەسەر پرسی دیكە ناكۆك دەبن، ئەندامانی حزب هەوڵ دەدەن پاڵپشتی تێڕوانین و بۆچوون و بەرنامەكانیان بكەن لە دژی تێڕوانین و بەرنامەكانی ئەندامانی تر.
سەركردەكانی حزب دەخزێنە ناو كێشە و ناكۆكی جۆراوجۆرەوە بەو پێیەی حزبی سیاسی هاوپەیمانێتییە لەنێوان سەركردەكان كە بەرژەوەندی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە.
ئەمجۆرە پرسانە لە كۆنگرەی گشتییەكانی حزبی سیاسیدا باس دەكرێن تاوەكو لە چوارچێوەی گشتیدا چارەسەر بكرێت و سەقامگیری بەدی بهێنرێت ئەمەش كاتێك رێگا بەسەركردە حزبییەكان دراوە بۆ رەزامەندی كاركردنی هاوبەشی پێش وەختە(تەنانەت ئەگەر ریزبەندیشیان جیاواز بێت)، ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە سوودو ئیجابیاتی بۆ حزبی سیاسی هەیە كە پێناسە دەكرێت لە روانگەی یەكچوون و هاوشێوەی ئایدۆلۆژی نێوان ئەندامەكان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی رێكخستنی حزبی ئامانجی هەماهەنگییە لەنێوان ئەندامانی حزبەكە لە پرسە گشتییەكان، بەڵام سەركردەكانی حزب كێبڕكێ لەنێوان یەكتردا دەكەن بۆ بوونی پاڵپێوەنان بە هاوكاری حزبی بۆ گەیشتن بە پێگەیەك كە بگونجێت لەگەڵ ریزبەندی و ئاراستەكانی حزبدا، بەڵام لەهەمان كاتتدا ناكۆك دەبن (زۆربەی جار بەشێوەیەكی زۆر توند) لەسەر پرسە گەورە و بچووكەكان، كێبڕكێی ناوخۆییش ئاراستە دەكەن بەرەو بەرژەوەندی دیاریكراو.
ئەم واقیعە ئاماژەیەك بۆ بوونی سروشتێكی نەرمی حزبی سیاسی بەوەی حزبەكە ئامادەیە بۆ قبوڵكردنی گۆڕانكارییەكان لە ژینگەی سیاسیدا كە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەكی حزب دەگرێتەوە.
ململانێی نێوخۆیی حزب ئامانج لێی كۆنتڕۆڵكردنی چۆنیەتی ئاراستەكردنی حزبە، ئەمەش مەسەلەیەكی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندێتی خودی حزب ( بەڵام لە هەمان كاتدا مەسەلەیەكی ئاسان نییە، بە پێچەوانەوە ئاڵۆزە و پێویستی بە توێژینەوەی قووڵ هەیە).
لە راستیدا مەسەلەی بنەڕەتی لەم ململانێیەدا پێویستە جەخت لەسەر ئەولەویەتی بەرژەوەندی حزب بكاتەوە، كێبڕكێی حزبیش پێویستە لە پێناو ئەم ئامانجەدا بێت، چوارچێوەی رێكخستنی حزبی دەبێ كاریگەری لەسەر ئەو مەسەلانە هەبێت كە ئاراستەو كارو چالاكی حزب دیاری دەكات، گۆڕانكارییەكانیش لە ئاراستەكانی حزبدا بەبێ باج نابێت.
كاتێك حزب لە دەسەڵاتدا دەبێت كار بۆ ئەوە دەكات بەرژەوەندی و ئیمتیازاتی نەیارەكانی كەم بكاتەوە، بەو شێوەیەش دەرەنجامی مانەوەی حزبی زۆرینە لە دەسەڵاتدا ئەركێكی قورسە، لەناو جەرگەی ململانێكەدا چوارچێوەی رێكخستنی حزب لە حاڵەتێكی سەقامگیردا نابێت تاكو چاكسازییە پێویستەكان ئەنجام نەدات.
بەمشێوەیە پەیوەندییەك لەنێوان چوارچێوەی رێكخستنی حزب و مەسەلەی چاكسازیدا هەیە: چوارچێوەی رێكخستنی حزب زۆربەی جار پاڵپشتی جێبەجێكردنی چاكسازییەكان نییە.
ئەم مەسەلانە لەناو حزبی سیاسیدا گرنگ و بنەڕەتین، قسە و وتوێژی لە چوارچێوەی كۆنگرە گشتییەكانی حزبدا. كەواتە كۆنگرە گشتییەكانی حزب چییە؟ بەشێوەیەكی وردتر كاریگەرییەكانی لەسەر پەیكەری رێكخستنی حزب چییە؟
كۆنگرەی گشتی حزب
سیاسەت ململانێیە لەپێناو بیروباوەڕو بەرژەوەندییەكاندا. ململانێ لە پێناو ئەو پرسیار و وەڵامانەی كە پەیوەندارە بە كۆمەڵگا و دەوڵەت و رێكخستنیان، بەپێی ئەم واقیعەش پێویستە حزب پەرە بە بیروبۆچوونەكانی خۆی بدات بەرەو زیاتر كرانەوە و دیموكراسیەت بچێت و بەرەو بەدیهێنانی بەڵێنەكان پەیوەست بە دیموكراسیەتەوە:
ئازادی و یەكسانی: ئەمەش بەواتای بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیكەی كراوەتر بۆ ژیان.
لە بەرامبەر ئەم راستیەدا حزبی سیاسی پێویستە دەربڕی زمان و شێوازی نوێ بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی سیاسیدا، هەروەها پێویستە حزبی سیاسی خاوەنی سەركردایەتی ئازای وا بێت كە بتوانێت ستراتیژییەتی درێژخایەن و دوور مەودا پێش بخات كە ئامانج لێی پێشكەوتنی كۆمەڵگا و چالاك كردنی كاری دامەزراوەی حكومی بێت، لە هەمان كاتیشدا كار بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسیەتێكی زیاتر لەناو خۆی حزبەكەدا بكات، بۆ ئەم ئاراستەیە نوێیەش ژینگەیەكی كار و هزری فەراهەم بكات.
ئەم هەموو دۆزانە لە چوارچێوەی كۆنگرەی گشتی حزبدا تاوتوێ دەكرێت كە دوو ئەركی گرنگی دەكەوێتە ئەستۆ:
1- كاریگەری بەرووی دەرەوە لە رێگای ستراتیژییەتێكی دیاریكراو بۆ كارتێكردن لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكانی نوێنەرایەتی و بەدەستهێنانی پێگەی گرنگ لەلایەن دەنگدەرانەوە.
2- تەوافوق و چارەسەری مامناوەندی لەنێوان سەركردایەتی حزب و ئەندامەكانی.
كۆنگرە گەڕانەوەی سەركردایەتی حزبە بۆ (دیموكراسیەتی بنكەیی) واتە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی بنكەی حزبی لەسەر ئەو مەسەلە گرنگەكان كە رووبەرووی حزب دەبنەوە و پێویستی بە پاڵپشتی ئەندامانی بنكەی حزبی هەیە. واتە كۆنگرە شادەماری زیندووی حزب و ژیانی حزبییە، لەو روانگەیەی ئەندامەكانی راستەوخۆ بیروبۆچوون و تێڕوانینەكانیان دەردەبڕن لەسەر ئەو مەسەلانەی كە چوار دەوری حزبەكەی داوە و پێویستی بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی وا هەیە كە لەلایەن بنكەی حزبییەوە پاڵپشتی هەبێت.
كۆنگرەی گشتی بەرزترین دەستەیە لەناو حزبدا، چونكە نوێنەرایەتی ئەندامانی حزب دەكات و دەتوانێت بڕیاری چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە دەربكات، بۆیە پێویستە سەركردایەتی باڵای حزب بوار بە ئەندامانی خۆی بدات بیروبۆچوون و هەڵویستەكانیان كە بڕوایان پێیەتی بخەنەڕوو، بەم شێوەیە كۆنگرە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لە بەخشینی سیفەتی دینامیكییەت لە چوارچێوەی رێكخستنی حزبدا.
Top