رۆشنبیری یه‌كترقبوڵكردن

رۆشنبیری یه‌كترقبوڵكردن
له‌ كۆمه‌ڵگه‌ هاوچه‌رخه‌كاندا جیاوازی مرۆڤه‌كان له‌ رووی ئایدیا، فكر، تێروانین، ئایین،مه‌زهه‌ب وره‌گه‌ز یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی ژیان . بێگومان پێكه‌وه‌ژیان وهه‌ڵكردنی هه‌ریه‌ك له‌و مرۆڤانه‌ به‌ جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ گرێدراوی سستمێكی دیموكراتی و مه‌ده‌نییه‌ت و په‌ره‌پێدانه‌ تاوه‌كو بتوانن له‌كاتی كاركردن یان پێكه‌وه‌ژیاندا جیاوازییه‌كانیان وه‌لابنێن وكار له‌سه‌ر پته‌وكردنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانیان بكه‌ن و رێز له‌ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی یه‌كتری بگرن، چونكه‌ له‌ نێوه‌ندی چوارچێوه‌ی ئه‌و جۆره‌ پێوه‌ندی وكۆمه‌ڵگه‌یانه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانرێت پێوه‌ندییه‌كان سروشتی و ته‌ندروست بن، له‌هه‌مان كاتدا ململانێكانیش ره‌وتێكی سروشتی وئاسایی له‌خۆ بگرێ، ئه‌گه‌رچی به‌گشتی راستی شتێكی ره‌ها نییه‌، به‌ڵكو رێژه‌ییه‌. به‌ برِوای من ئه‌م راستییه‌ ته‌نیا له‌ تاكه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ نابێت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌سه‌رجه‌م لایه‌ن، رێكخراو و پارته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ . بۆ نموونه‌ تێروانینی زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ جیاوازه‌كان، رێكخراوه‌كانی ژنان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ فره‌ رێكخراوه‌یی یان یه‌كنه‌گرتنی رێكخراوه‌كانی ژنان یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ژنان یان گه‌یشتنی ژنان به‌ ئامانجه‌كانیان .یان به‌ واتایه‌كی دیكه‌ یه‌كترقبوڵكردن نه‌بۆته‌ كولتوور یان رۆشنبیریه‌كی راسته‌قینه‌ی نێوانیان له‌ پێناو ئامانجه‌كانیان . هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌مه‌ر ئه‌م تێروانینه‌ ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌ڵده‌گرێ ،به‌لاَم خودی گرفته‌كه‌ لێره‌دا نییه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی گرێدراوی نه‌بونی خوێندنه‌وه‌ و رۆشنبیرییه‌كی گشتییه‌ له‌مه‌رِ جۆری پێوه‌ندییه‌كان و شێواز و میكانیزمی كاره‌كان یان زه‌مینه‌ی ئه‌و واقعه‌ی پێوه‌ندی و كاره‌كان رێكده‌خات له‌مه‌ر جۆری سستمی حوكمرِانی له‌ ولاَتدا و چۆنێتی تێگه‌یشتنه‌كانه‌ له‌ ئاست هه‌ریه‌ك له‌و پێوه‌ندیانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتیدا به‌جیاواز له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیكتاتۆرییه‌كان یاخود ته‌سكبینین و چرِكردنه‌وه‌ی مه‌ودای بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانه‌ به‌ جیاواز له‌ فه‌زایه‌كی فراوان و ئازاد ... ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ وا ده‌كات یه‌ك ئارِاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ و بینین هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ره‌كان، له‌ كاتێكدا له‌ نێوان ئه‌و ئارِاسته‌یه‌دا چه‌ندین ئارِاسته‌ی جیاوازی دیكه‌ ده‌شێت بوونیان هه‌بێت ، واته‌ مه‌رج نییه‌ یه‌كگرتن و توانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كان له‌ نێو یه‌ك رێكخراودا چاره‌سه‌ر و گه‌یشتن بێت به‌ ته‌واوی ئامانجه‌كان ، ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی و كاریگه‌ری كاره‌كان له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ چۆن بتوانن خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان له‌ پرۆژه‌ی هاوبه‌شدا به‌گه‌رِ بخه‌ن و رێز له‌ تایبه‌تمه‌ندێتیه‌كانی یه‌كتریش بگرن كه‌ تیایدا جیاوازن
لێره‌وه‌ بلاَوبونه‌وه‌ی رۆشنبیری قبوڵكردنی ئه‌ویدی ده‌بێته‌ پێداویستییه‌كی بنه‌رِه‌تی و گرنگ كه‌ پێویستی به‌ پلان و پرۆسه‌یه‌كی ستراتیجیه‌ كه‌ له‌ ناخ و هزری نه‌وه‌كاندا بچێنرێ ، ئه‌وه‌ش بێ دیالۆگ و گفتوگۆ وبوونی پێوه‌ندی و به‌شداریكردنی راسته‌قینه‌ له‌ برِیارسازیدا نایه‌ته‌ دی كه‌ دواتر ده‌بێته‌ هۆی جێگیربوون وگوزه‌رانكردن و ئاشتی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا . له‌ روویه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ قبوڵكردنی رۆشنبیری جیاوازی ئه‌ویدی به‌مانای باوه‌رِكردن نایه‌ت، به‌ڵكو قایلبوونه‌ به‌ بوونی جیاوازی وبوونی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ و په‌سه‌نكردنی له‌ لایه‌ن ئه‌ویدیه‌وه‌ به‌مه‌رجێ ئه‌و رۆشنبیریه‌ له‌سه‌ر حسابی مافه‌كانی ئه‌ویدی بونیاد نه‌نرا بێت .بێگومان هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتن و رۆشنبیریه‌ش گرێدراوی بوونی بنه‌ماكانی دیموكراتییه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، چونكه‌ بوونی پێوه‌ری دیموكراتییه‌ وا ده‌كات هاوهێزی و پانتایی ده‌رفه‌تی گوزارشتكردن له‌ بیروراكان نه‌هێڵێ هه‌روه‌ك چۆن پێوه‌ری دادپه‌روه‌ری سیاسیه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابرِان و په‌رتبوونی ده‌رفه‌تی گفتوگۆ و به‌رده‌وامی له‌نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا .
[email protected]
Top