پێویستە دەسەڵات بڕوای بە فەلسەفەی ئابووری بازاڕ هەبێت

پێویستە دەسەڵات بڕوای بە فەلسەفەی ئابووری بازاڕ هەبێت
بوونی حكومەتێكی قەبەو گەورە لەم هەرێمەدا ئاماژەیەكە بۆ پەراوێزكردنی كەرتی تایبەت و ناكامڵبوونی رۆڵی ئەم كەرتە لە ئابووری و پرۆسەی پەرەپێدان دا، كاتێك دەبینین كەرتی حكومەت و تایبەت لەبری ئەوەی تەواوكەری بەرنامەو كاری یەكتر بن، كێبركێ لەگەڵ یەكدا دەكەن. ئەو كات ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە بۆچی زۆربەی جار هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لەبازنەیەكی داخراودا دەمێنێتەوە، هەنگاوەكانی چارەسەركردنی بێكاری و دامەزرانی بەلێشاوی بێ بەرنامە لەحكومەت نموونەیەكی بەرچاوە بۆ بێسەروبەری چارەسەرەكان. لەم وتارەدا بەگەڕخستنی دەستی كار لەهەردوو كەرتەكە وەك نموونە دەهێنمەوە، كەچۆن حكومەت تەنیا جۆری بێكارییەكە دەگۆڕێت و یاساكانی كار پێویستیان بەهەمواركردن و چاكسازی هەیە، هاوكات رۆڵی كەرتی تایبەت لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە لەناو رێكخراوەكان لاوازە، چونكە ئەوان نوێنەری توێژێكن پێویست بەوە دەكات لە رێگەی پڕۆژەو داواكارییەكانەوە گرفت و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن.
لەم چەند ساڵەی رابردوو لەمیدیا نێوخۆیی و جیهانییەكانەوە زۆر بابەت و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە رۆڵی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان لە پرۆسەی ئابووری كراوە، بەو پێیەی لەسەرجەم وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان و بەپێی نەزمی نوێ و فەلسەفەو تیۆرە ئابوورییەكان پێگەو هێزی ئەم كەرتە دیار و لەبەرچاوە، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە، رەنگە گرنگترینیان پێوەندی بەو بنەمایانە بگەڕێتەوە كە ئەم كەرتە لەسەری دامەزراوەو لەگەڵ فەلسەفەو سیستەمە ئابوورییەكانی وڵات دا دەگونجێت، بۆیە ناكرێت ئێمە لەهەرێمی كوردستان ئۆباڵی لاوازی كەرتی تایبەت و كزی و سستی پێگەو هێزی لە ئابووری هەرێمەكەدا بۆ خوودی كەرتەكە بگەڕێنینەوە، چونكە پێش هەموو شتێك مەرجە كەرتی تایبەت ژێرخان و ژینگەیەكی لەباری بۆ دانرێت، بەتایبەتی سیستەمی ئابووری بازاڕ پەیڕەو بكرێت ئەوجا گلەیی و رەخنەكان ئاراستەی كەرتەكە بكرێت، لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش لەگەڵیدا پەیڕەوكردنی ئابووری بازاڕ سیستەمێكی تازەیە و لەم كۆمەڵگەیانەدا نەچەسپاوەو ناكامڵە، جوانترین بەڵگەش بوونی كەرتێكی قەبەی گەورەی حكومییە لەكوردستاندا، بۆیە ئەم ئەزموونە نوێیەی كەرتی تایبەت لەبەردەم گەورەكردن و فراوانبوونی حكومەتدا ئومێدێكی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت. پێویستە دەسەڵات بڕوای بە فەلسەفەی ئابووری بازاڕ هەبێت، دەرگاكان واڵابكات بۆ فراوانكردن و بەهێزبوونی پێگەی كەرتی تایبەت، بەپێچەوانەشەوە دەبێت هەوڵی بچووككردنەوەی حكومەت بدات و رێگە بۆ تێپەڕبوون و گەشەكردنی كەرتی تایبەت واڵابكات، تاوەكو ئەم كەرتە بەهاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێ و بكەوێتە ژێر كاریگەری هاوكێشە ئابوورییەكانەوەو ئاراستەیەكی راست و دروست وەربگرێت. نەبوونی فەلسەفەو ستراتیژییەتێك بۆ دیاریكردنی سنووری دەسەڵات و كارەكان و دابەشكردنی ئەرك و مافەكان كێشەیەكی گەورەی بەردەم گەشەكردنی كەرتی تایبەت داناوە، بۆنموونە یەكێك لەو بەڵگانەی كە ئاماژە بۆ ئەگەرەكانی لاوازكردنی كەرتی تایبەت لەئارادایە پێوەندی بەدەستی كارەوە هەیە، تاكو ئێستا ئەو ئیمتیاز و دەستكەوتانەی لەبواری كاركردن لەكەرتی حكومی هەیە لەكەرتی تایبەتدا نییە، ئەمەش وایكردووە هەموو پسپۆرایەتی و شارەزایان و دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان چاویان لەدامەزراندن كردووە، تەنانەت زۆر لەئەندازیاران و بوارەكانی تری پسپۆرایەتی دووبارە گەڕانەوە ناو حكومەت و كەرتی تایبەتیان بەجێهێشت، بەمەش كەرتی حكومەت بەقۆرخكردنی ئەو ئیمتیازاتانە رێگربوو لەبەردەم كاركردن لەكەرتی تایبەت، بەمشێوەیە یەكێك لەبنەما سەرەكییەكانی گەشەی كەرتی تایبەت كە دەستی كارێكی كارامەو شارەزایە لەدەستی داوە، لەبەرامبەریش دا بەپێچەوانەوە هەموو دەرچووانی زانكۆكان روو لەكەرتی حكومی دەكەن لەكاتێكدا خۆی لەخۆیدا ئەو كەرتە گیرۆدەی بێكاری شاراوە بووەو داهێنان و بەرهەمهێنانەكانی تێیدا لاوازە..
بەمشێوەیە هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی بێكاری تەنیا لەچوارچێوەی گۆڕینی شێوەی بێكارییەكەدا دەسوڕێتەوە نەك دۆزینەوەی كاری راستەقینە، كەسەكان لەبێكارییەوە دەبنە خاوەن كارێكی رواڵەتی و دەكەونە ناو كێشەی بێكاری رووپۆشراوەوە، واتە تەنیا گۆڕینی جۆری بێكارییەكەیە نەك چارەسەركردنی بێكاری، ئەمەش چارەسەركردنی راستەقینەو بنەڕەتی نییە، كێشەیەكی گەورەش بۆ دواڕۆژی حكومەت دروست دەكات، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە رێژەی چڕی دانیشتوانی تێدا بەرزە گەر هاتوو بەراورد بكرێت بەعێراق و زۆر ناوچەی تری جیهان، بەتایبەت كاتێك ساڵانە ژمارەی ئەو كەسانەی دێنە ناو بازاڕەوە روو لەزیادبوون دەكات و ژمارەیەكی تری هاووڵاتییان هەیە كە لەخواروو یاخوود لەسەروو تەمەنی كارەوەیە ئەویش لەبازاڕدا كار دەكەن، واتە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان كاریان دەوێت، ئەركی حكومەتیشە ئەو هەلەیان لەكەرتی تایبەت بۆ زامن بكات لە رێگەی زامنكردنی ئیمتیاز و دابینكردنی ژینگەیەكی لەباری كاركردن لەم كەرتەدا. لەلایەكی ترەوە یاساكانی كاركردن لە كەرتی تایبەت پێویستیان بەگۆڕین و دەستكاریكردن و زۆرجار پێویستییان بە جێبەجێكردن هەیە، واتە لەهەرسێ بواری دانانی یاساو دەستكاریكردن و هەمواركردن و جێبەجێكردنەوە پێویست بەوە دەكات گۆڕانكاری بنەڕەتی ئەنجام بدرێت، چونكە زۆر یاسا هەیە تایبەت بەكەرتی تایبەت بۆ ئەو زەمەنە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی ناوەندی بەغدا ئابوورییەكی ئاراستەكراوی حكومی پیادەكردووەو ئێستاكە لەگەڵ فەلسەفەو سیستەمی ئابووری نوێ دا ناگونجێت، پێویستە یاسا رێكخەر و هاندەری پێشكەوتنی كەرتی تایبەت بێت، نەك بەپێچەوانەوە رێگر و ئاستەنگی بەردەم پەرەپێدانی ئەو كەرتە بێت. لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە دروست بێت ئایا رێكخستن و گۆڕینی ئەم واقیعە تەنیا ئەركی سەرشانی حكومەتە؟ ئەی رۆڵی كەرتی تایبەت چییە لەدۆزینەوەی چارەسەر و دەرچوون لەواقیعی بێسەروبەری و سستی بەڕێوەچوونی كارەكان؟ حكومەت رێگە خۆش دەكات بۆ تێپەڕبوونی كەرتی تایبەت و ئەم كەرتە بەتەواوكەری رۆڵەكەی خۆی دەبینێت، بەڵام كەرتی تایبەتیش پێویستە لەئاست ئەو رۆڵ و پێگەیەدا بێت و لە رێگەی ئەو رێكخراوە پێوەندارانەی كۆمەڵگەی مەدەنی كە نوێنەرایەتی كەرتەكە دەكات پێویستە خاوەنی پڕۆژەو دەستپێشخەری بێت بەتایبەت بۆ گۆڕینی یاسا كۆنەكە نەك یاسایەك بەشێوەیەك بێت بۆ نموونە لەبواری كاركردن كرێكار و كارمەندەكان لەبەرژەوەندییان نەبێت كار لەم كەرتە بكەن، بۆنموونە سەندیكای كرێكاران پڕۆژەی یاسا بەرز بكەنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و ژووری بازرگانی و پیشەسازییەكان یاساكانی بازرگانی و پیشەسازی و بیزنسكاران و بەڵێندەران و بەوشێوەیە هەر توێژ و چینێك یاسای خۆی بەپێی بنەما زانستییەكان بەرزبكاتەوە بۆ هەمواركردن یا چەسپاندنی یاسای نوێی كاركردن، لەم سەردەمەدا حكومەت نایەت لە خۆڕا دەستپێشخەر بێت و یاسا بگۆڕێت، بەتایبەتی یاسایەك كە لەكاتی خۆیدا بۆ بەرژەوەندی كەرتی گشتی داڕێژراوە، پێویستە كەرتی تایبەت خۆی داوا بكات بەوەی یاسا كۆنەكان بگۆڕێت، ئەمەش دوای دیراسەتكردن و توێژینەوەی سەرجەم بوارەكانی و بێگوێدانە بەرژەوەندی هیچ لایەك، ئێستاكە كەرتی تایبەت چاوەڕێ دەكات حكومەت پێی بڵێت: كەرتی تایبەت كێشەتان چییە وەرە با چارەسەری بكەین! لەكاتێكدا واپێویست دەكات لەكاتی كەوتنەوەی گرفت و پێش كەوتنەوەی كێشەو تەنگژەكان نوێنەرەكانی كەرتی تایبەت پڕۆژەو بەرنامەیان بۆ سەرجەم ئەگەرەكان هەبێت و كەرتە تایبەتەكەش لەئاست سیستەمی ئابووری بازاڕ و تەحەدداكاندا بێت، ئەركی حكومەتیشە ویست و خواستەكانیان خێرا بۆ پەرلەمان بەرز بكاتەوە تاوەكو یاسا كۆنەكان بەپێی واقیعی سەردەم و بە رەچاوكردنی لایەنی یاسایی و بەرژەوەندی گشتی هەموار بكات، لێرەدا زۆر گرنگە پارتە سیاسییەكان دەستێوەردانیان لەناو كاروباری ئابووری بازاڕ نەبێت، چونكە ئەم دەستێوەردانە لەزەقترین دیاردەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر وڵاتی تری دواكەوتووی جیهانەو بۆتە هۆی شێواندنی هەموو یاسا و بنەماكانی ئابووری و بازاڕ، واتە حكومەتێكی دامەزراوەیی زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی ئابووری و هەمواركردن و دەركردنی یاسای نوێ كە لەبەرژەوەندی ئابووری وڵاتەكەو هەرێمەكەدا بێت، گرنگ نییە هەر حزبێكی سیاسی دەرچوو لەپرۆسەی هەڵبژاردن حكومەت دەبات بەڕێوە، گرنگ ئەوەیە لەناو دامەزراوەییەكانی حكومەت سیستەم و یاسا بمێنێت و بۆ پێشەوە بچێت، ناكرێت هەر پارتێكی دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حكومەت بكرێتە دەست و پایەكانی ئابووری و یاسای هەڵبوەشێنێتەوە، كاتێك هەرێمەكە دامەزراوەیی بێت ئەو كات كەسانی شارەزاو پسپۆر كایە ئابوورییەكان دەبەن بەڕێوە.
پێم وانییە حكومەت هیچ ئەرك و كارێكی لەئابووری بازاڕ ناكەوێتە سەرشان، بەڵكو لەچوارچێوەی ئەم ئابوورییەدا رۆڵێكی تر دەبینێ، چاودێر و بەدواداچوونی لەسەر شانە، ئەمەش كاتێك جارێكی تر لە رێگەی یاساوە بازاڕ رێك دەخاتەوەو چاودێر بەسەر كەرتی تایبەتەوە نەك رێگر بێت لێی، ئەمەش لە رێگەی یاساوە یاسای ئابووری بازاڕ رێك دەخات و لەم ئابوورییەدا هیچ كەس و لایەنێك لە یاسا گەورەتر و بەدەسەڵات تر نییە، یاساكانیش زۆرن هەر لەیاساكانی كارەوە تاوەكو یاسای وەبەرهێنان و رێكخستنی باج و گومرگ و بیزنس و پاراستنی مافی بەكارهێنەر و یاسای نەهێشتنی قۆرخكردن و دەیان یاسای تری گرنگ كە چوارچێوە یاساییەكەی ئابووری بازاڕ رێك دەخەن و ژینگەیەكی لەباریش بۆ كارو پەرەپێدان زامن دەكرێت.

* شارەزا لەبواری پەرەپێدانی ئابووری و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی
Top