سەرنج و روونكردنەوەیەك لەمەڕ وتارەكەی د. شێرزاد نەجار!

سەرنج و روونكردنەوەیەك لەمەڕ وتارەكەی د. شێرزاد نەجار!
بە بۆنەی (34)ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان، (دكتور شێرزاد نەجاڕ)، لە لاپەڕە (11- 15) ی، ژمارە (782) لە 24/5/ 2010)ی گۆڤاری (گوڵان) و لە ژێر ناونیشانی "شۆڕشی گو‌ڵان. لە ئاگاداری خۆی بۆ ئەو‌ سەردەمە، تیشكی خستووەتە سەر چەند لایەنێك لە سەرەتاكانی دەستپێك و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی (26ی گوڵانی /1976)ی پێشكەوتنخواز، وێڕای دەستخۆشیمان لە نووسەری بەڕێز سەبارەت بەو باسە بەپێزە، دیارە لە داڕشتنی گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی ئەو قۆناخە، ئاماژەی بە چەند خاڵ و بازنەی رووداو و كەسایەتییەكان كردووە، كە لە هەندێ ڕووەوە پاش و پێشی پێوە دیارە، یان نەگونجاوە لەگەڵ خودی بەسەرهاتەدا، هەندێكی دیكەشی بەو شێوەیە نەبووە ‌كە نووسەر بۆی چووە. ئیدی نازانم رەوتی رووداوەكان و ئاستی ئاگاداریی نووسەری بەڕێز و مەودای ماوەكە هۆكارە یان پەلەكردنی داڕشتنەوەیەتی؟!
بەپێی بەشداریمان لە چەند لایەنێكی ئەو قۆناخە و ئەو دیكۆمێنتانەی كە لامانە، بەباشم زانی تیشك بخەمە سەر هەندێ لایەنی بابەتەكەی كاكە (د. شێرزاد)، ئەمەش بەهیچ شێوەیەك لە ناوەرۆكی باسەكەی برای بەڕێزمان كەم ناكەتەوە بە پێچەوانەوە دەكرێت بێژین تەواوكەریەتی:
1. لە لاپەڕە ‌(11) دا، نووسەر دەڵێت: "دەستەبژێرێك لە گەنجە شۆڕشگێڕەكانی كورد رووبەڕووی ئەم واقیعە بوونەوەو رازی نەبوون ملی بۆ كەچ بكەن، هەربۆیە لە بارەی بارودۆخە تراژیدییەكانی دوای رێككەوتنی6ی ئادار دەستیان كردە تێڕوانین و بڕیاریاندا لە خەباتی چەكداری بەردەوام بن، بۆیە بە نهێنی كۆبوونەوەكان دەستیپێكردوو كادیرە شۆڕشگێڕەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەستەواژەیەكی دیاریكراوی بەرخودانەوە پابەندبوون، بەو مەبەستەوە ئەم كادیرانە: (هەمیشە لەیاد شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی و شەهید سامی عەبدولڕەحمان و جەوهەر نامیق و محەمەد رەزا و عارف تەیفوور) دەستیانكرد بە موداوەلە و لیژنەیەكیان پێكهێنا كە هاوشێوە بوو لەگەڵ سەركردایەتییەكی نوێ بۆ پارتەكە و بە ناوی (سەركردایەتی كاتی) ناونرا، ئەم سەركرادیەتییە كاتییە بە شێوەیەك جددییانە و لە پێناوی بەردەوامبوون لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا هەستان بە جووڵانەوە..".
دەستپێكی بەرخودان و بەگژداچوونەوەی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، لە دوا چركە ساتەكانی پێش كۆتایی مانگی ئاداری 1975 ەوە دەستیپێكرد. لە سەرەتای نیسانی 1975 و پاش چەند دانیشتن و لێكدانەوەی رەوشەكە و پێش ناوەڕاستی مانگی نیسانی 1975، دەستەبژێرێك لە سەركردایەتی و كادیرە پێشكەوتووەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر، وەك (ناوكی = نواة)ی (سەركردایەتی كاتی) ئەركی رێكخستنەوە و ئامادە كاری بۆ قۆناخی نوێیان خستە ئەستۆی خۆیان، ئەو دەستەیە بریتی بوون لە (شەهیدی نەمر كاك‌ ئیدریس بارزانی و جەنابی كاك مسعود و بەڕێزان حەمە رەزا و عارف تەیفوور و كەریم سنجاری و ئازاد برواری و نووسەری ئەم بابەتە). یەكەم د‌انیشتنی فەرمی ئەم دەستەیە لەسەر (كانییەكی) دەرەوەی شاری (نەغەدە) ئەنجامدرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 1975، كە جگە لە (شەهیدی نەمر كاكە ئیدریس) هەر (6)ی دیكەمان ئامادە بووین. لەو دانیشتنەدا‌ هێڵە سەرەكییەكانی كاركردن و پێوەندییەكان دیاریكران، هەر دوای ئەوە لە (نەغەدە‌) دەستكرا بە زنجیرەیەك دانیشتنی هەمەجۆر، زۆر جار بە ئامادەبوونی هەردوو شەهیدی نەمر كاكە ئیدریس و كاكە سامی بوو. لەو سەردەمەدا شەهیدی نەمر كاكە ئیدریس سەردانی تارانی كرد، پاش گەڕانەوەی و لە دانیشتنێكی تایبەتی لە ماڵی شەهید كاك سامی لە (نەغەدە)، ئاگاداری كردین كە (ساواك) بە وردی چاودێریمان دەكات و دەبێت هوشیار بین (...)، دوای ئەوە ئەو جۆرە دانیشتنانە چڕو كەم كرایەوە و دواتر لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتی ئاوارەكان لە نەغەدە دروستكرا، شەهید سامی و چەند ئەندامێكی دەستەكە بەڕێوەیان دەبرد. (دەستەكە) بەردەوام بوون لە كارەكانی و خۆیان ئامادە دەكرد بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان بە زووترین كات (....).
سەفەری بارزانی نەمر بۆ موعالەجە و لەسەر پێشنیاری جەنابی كاك مسعود دەبوایە ددان بەخۆماندا‌ بگرین تاكو دەگەڕێتەوە. ئەودەم شەهیدی نەمر كاكە ئیدریس سەرپەرشتی دانیشتنەكانی (دەستەكەی) دەكرد. لە سەرەتای پایزی 1975 و بە گەڕانەوەی كاك مسعود چووین بۆ (تاران – كەرەج) لە دانیشتنێكی تایبەتی (دەستە)‌كە لە ماڵی جەنابی كاك مسعود و پاش لێكدانەوەی رەو‌شەكە (بە كۆنووسێكی فەرمی واژوكراو لەلایەن ئامادەبووان (كاك مسعود، جوهر نامیق، حمە رەزا، عارف تەیفور، كەریم سنجاری)، (شەهید ئیدریس لای بارزانی نەمر بوو، ئازاد بەرواری لە پارێزگایەكی تری ئێران بوو پێی نەكرا ئامادە بێت)، چەندین بڕیاری چارەنووسساز وەرگیرا كە،‌ دابەش ببوون لەسەر(3) جەمسەری سەرەكی:
جەمسەری یەكەم: گەڕانەوە بۆ كوردستان. بۆ ئەمەش بڕیاردرا كوردستانی عێراق بكرێت بە دوو هەرێم: (1) و (2) و جادەی هامیلتۆن سنووریان بێت. هەر هەرێمیك بەپێی هەلومەرج و توانای خۆیان هەیكەلیەتی رێكخستنەكانی داڕژێنێتەوەو چ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی و چ لە سەر هێڵ و بۆل، ئامادەباشی بكرێت بۆ خەباتی چەكداری (...). بۆ هەرێمی یەك (بەندە و كەریم سنجاری) دانراین بۆ هەرێمی دوو (عارف تەیفور) كە دەبوایە (شەهید شێركۆ عەلی و شیخ عەزیز یوسف شەدەڵەیی) لەگەڵیابن. (حمە رەزا)ش بۆ (لق)ی ئەوروپا و (ئازاد برواری) جارێ لە ئێران بێت بۆ تەنسیق و هاوكاری كاك مسعود (...). ئەو دوو ناوەندە لە كوردستان (رۆڵی سەركردایەتی مەیدانی) دەبینن. (بەندە و كریم) لە رێگای كوردستانی باكوورە گەیشتینە جێگای خۆمان (...). (عارف وحمەر رەزا) لە نەغەدە گیران، بە گرتنی عارف دامەزراندنی (هەرێمی 2) تووشی شكست بوو، دواتر چەندین هەوڵدرا وەلێ وەكو پێویست بە باشی سەری نەگرت(...).
جەمسەری دووەەم: بەیانێك بە ناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان) ئامادە بكرێت تێیدا‌ باس لە هۆكارە سەرەكییەكانی نسكۆ و هێڵە سەرەكیەكانی خەباتی نوێمان بكات، و (بەندە) تەكلیفكرا بە نووسینی ئەو بەیانە. دروشمی بەیانەكەم بە (كوردستان الساحة الحقیقیة للنضال. ناضلی یاجماهیرنا وارفضی واقع النكسة) رازاندەوە (....). لەدوا كۆبوونەوەمان بڕیاردرا ئەو بەیانە بە ناوی (القیادە المۆقتە – سەركردایەتی كاتی) پارتی بێت، بەرواری (10/12/1975) مان وەك (سەعاتی سفر) بۆ دانا، بەو پێیە كە دەبێت لەو رۆژدا لە هەردوو هەرێم بڵاوبكرێتەوە. دواخستنی راگەیاندنی و بڵاوكردنەوەی بۆ ئەوبەروارە، بەند بوو بە هەل ومەرجی جووڵانەوە و گەیشتنمان بە مەنزلی خۆمان (بەندە وكەریم) بۆ ناوچەكانی بادینان و(عارف و هەردوو هەڤاڵی) بۆ دەوروبەری سەرگەڵوو، دامەزراندنەوەی سەرەتاكانی رێكخستنەكانمان هەروەها بۆ غافیڵكردنی دوژمنانی كورد (....).
جەمسەری سێیە‌‌م: سەبارەت بە رۆڵ و بەشداری برایانی سەركردایەتی پارتی كە مابوونەوە لە ئێران بەتایبەتی ئەندامانی م. س و ل. م، جەنابی كاك مسعود وەكیلمان بێت لەگەڵ شەهید ئیدریسی نەمر بە رەچاوكردنی چەند تێبینیەك كە لە كۆنووسی دانیشتنەكەماندا تۆمار كرابوو(...). واتە سەبارەت بە دەستپێك و گەڕانەوەمان بۆ كوردستان و نووسین وناوەرۆكی (بەیانی یەكەمی سەركردایەتی پارتی) لە غەیری ئەوانەی لە دانیشتنەكانی (كەرەج) نەبێت كەسێكی دیكە ئاگادار نەبوون. ئەودەم شەهید (سامی) لە كەرەج بوو، بێ ئاگا بوو لەم كۆبوونەوە،یە‌ هەروەها لە (بەیان) و بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ كوردستان. بە دووری نازانم دواتر جەنابی كاك مسعود ئاگاداری كردبووەوە (...).
2. د. شێرزاد دەڵێت " پێوەندییەكان دەستیان پێكرد و لەگەڵ زۆربەی رێكخستنەكانی دەرەوە بە تایبەتی لەگەڵ ئەوروپا، شەهید سامی عەبدولرەحمان هەڵسوڕێنەری ئەو پێوەندییانە بوو كە لە پێناوی گەڕانەوەی چالاكی حزبی و پتەوكردنی پێوەندییە حزبییەكان زۆر چالاكبوو، هەر لەو بارەیەوە لە هاوینی 1975 سەردانی (ڤییەنا)ی كرد و ژمارەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ كادیرەكانی ئەو وڵاتە سازكرد، لەوانەش نووسەری ئەم چەند دێڕە لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربوو كە تیایدا بناغە سەرەكییەكان دەستنیشانكران لە بارەی چۆنیەتی كاركردن بۆ داهاتوو هەروەها رێكخستنی چالاكییەكانی (كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا) .. تاد " (لاپەڕە 12).
لە رووی مێژوویەوە، شەهید سامی هاوینی 1975 لە ئێران بوو (كەرەج). زستانی 1975 سەفەریكرد بۆ لەندەن. وەك پەناهەندەیەكی سیاسی لەوێ جێگر بوو، بەرپرسیارێتی ئەوروپا وەك ئەندامێكی (سەركردایەتی پارتی) لە ئەستۆی بوو. دواتر لەگەڵ (خوالێخۆشبوو نوری شاوەیس 1976و جەنابی كاك علی عەبدوڵڵا 1977) كە یەك لە دوای یەك گەیشتنە لەندەن و بەڕێزان (حمە رەزا وعارف تەیفور لە مانگی ئادار1976 لە بەندیخانەی (ئەوین) ئازادكران و لە مانگی 5/1976 گەیشتنە نەمسا)، ئەو (5) بەڕێزانە (بوونە بنكەیەكی سەركردایەتی كاتی) لە ئەوروپا.
گومان نییە (شەهید سامی)، لە قۆناخی دوای نسكۆ رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو بە گشتی و لە بووژانەوەی رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەوروپا و دروستكردنی پێوەندیەكان بە تایبەتی، وەلێ (شەهید سامی) لە هاوینی 1975 سەردانی (ڤیینا)ی نەكردبوو، هەر وەكو لە نووسینەكەی كاك د. شێرزاد هاتووە، بەڵكو ئەو دەمە لە ئێران بوو، دوور نییە ئەو سەردانە لە بەهاری 1976 بێت.
3. كاك د. شێرزاد دەڵیت " لە مانگی حوزیرانی 1975 دا لیژنەی رێكخستنی دەرەوە هەستان بە دەركردنی بەیاننامەیەكی گرنگ كە تیایدا گرنگترین ئەو فاكتەرانەی كە بوونە هۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول باس كرد و لەگەڵ بانگهێشتكردن بۆ یەكگرتن و چالاكیی زیاتر لە پێناوی بەزاندنی ئەوە بارەی كە بەسەر گەلی كورد و شۆڕشەكەیدا سەپێندرابوو...". لاپەڕە ‌(12). سەبارەت بەو بەیانە:
* بەیانەكە بە ناوی (سەركردایەتی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوە = قیادە فرع الحزب الدیمقراطی الكوردستاني) بوو.
* لە مانگی حوزیران 1975 دەرنەچوو، بەڵكو لە (26/ تەمموزی/1975) بوو.
* ئەو بەیانە گوزارش بوو لە واقیعی دوای نسكۆ و بانگهێشتنی ئەندامان و هەوادارانی پارتی لە دەرەوە بوو، بۆ یەكخستنەوەی تواناكان و رێكخستنەوەی ریزەكانیان. هەڵسەنگاندنەكانی باری شۆڕش و پارتی، دەرئەنجامی زنجیرەیەك باس و لێكدانەوەی دانیشتنی بەرپرسان و كادیران و ئەندامانی دوای نسكۆ بوو، كە ئەركی (چۆكدان بەو بە نسكۆیە) لە سەرەوەی ئەجندایان بوو (....).
4. هەر لە هەمان لاپەڕەدا دەڵێت: "هاوكات پەیوەندی نێوان سەركردایەتی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پارتی كۆمیۆنیستی نەمساوی دەستیپێكرد كە بە سەرۆكایەتی راوێژكار (برونۆ كرایسكی) بوو...".
راوێژكار (برونۆ كرایسكی) سەرۆكی پارتی سوشیال دیموكراتی نەمسا بوو، نەك (پارتی كۆمنیست)ی نەمسا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، پەیوەندیەكانی نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان) و زۆرێك لە پارتە كۆمونیست و چەپ و لیبراڵەكان بەگشتی، یان نەمابوو یان زۆر باش نەبوو، هۆكارەكانیش زۆر بوون، لەوانە: پەیوەندیەكانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ رۆژئاوا، لە لایەكەوە، و فشار و پڕوپاگەندەی رژێمی بەعسی فاشی دژ بە كورد و شۆڕشەكەی و هەڵوێستی سوڤێت و بلۆكی شەرقی بەگشتی لە رژێمی بەغدا‌ و فشاری لەسەر لایەنە سیاسییەكان بازنەكانیان لە لایەكی دیكەوە (....)، ئەمانەو هۆكاری تریش، مەهانەیەك بوون بۆ ئەو دابڕانە (...). بۆیە نوێكردنەوەو دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەن و رێكخراوە چەپ و لیبراڵانە لە ئەوروپا و لەگەڵ باڵە‌كانی بزافی رزگاریخوازی گەلان، كاتی دەویست و ئەوەندەیش ئاسان نەبوو. (شەهید سامی) و برایانی دیكە لە دەرەوەی كوردستان رۆڵێكی گرنكیان بینی لەم بارەیەوە. پەیوەندی بەڕێز (مسعود بارزانی) لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستین (فتح) و شەخسی خوالێخۆشبوو (یاسر عەرفات) و دەستپێشخەری كرانەوەی ئەوان و هەندێ لە باڵەكانی دیكەی ئەو بزاڤە بەرامبەر بە (پارتی) و لایەنە كوردیەكانی تر‌ بە گشتی كاریگەرییەكی گرنكی هەبوو بۆ خاوكردنەوەی هەڵوێستە نەگەتیڤەكان (...).
5. لە لاپەڕە (12-13) دا نووسەر دەڵیت "دەستەبژێرێك لەم نەوە نوێیە كە بە هزری شۆڕشگێڕانە دەوڵەمەند بوون و جاروبار دەوڵەمەند بە هزری رادیكالی نیزیك بە هزرەكانی (گیڤارا) و (ترۆتسكی)، هەر لە هزری (بوون – وجودیەت) تاكو ئایدیالیزمی و یۆتۆپیانیزمییەت، رووبەڕووی بارەكە بوونەوە و بە بوێرانە و ئەمانەت و دڵسوزانە ئەو بەرپرسیارەتییەیان لە ئەستۆ گرت..."
دوای نسكۆ وەك (سەركردایەتی كاتی) لە رووی بیروباوەڕ و شیرازەی رێكخستن و درووشم و ئامانج پابەندبووین بە پرۆگرام و پەیڕەوی (كۆنگرەی 8ی پارتی) تاكو ئەو ئەندازەیە كە لە باربوو بۆ رەوشی دوای نسكۆ. ئەمەش بە وردی و بەجددی لە ئاستی (سەركردایەتی كاتی) و ناوەندەكانی رێكخستنەكانمان لە ناوەوە و لە دەرەوە، كاری بۆ دەكرا و لە راپۆرتی سەركردایەتی كاتی بۆ كۆنفرانسی ئابی 1976 (طریق الحركة)دا بە زەقی جێگیر ببوو، و لە كۆنگرەی (9) ساڵی 1979ی پارتی، پەسند كرا و لە پرۆگرامەكەیدا تەسبیت كرا: (یسیر الحزب فی نضالە السیاسی والاجتماعی والاقتصادی علی ضو النظریە الماركسیە اللینینیە، ویقوم بتثقیف وتسلیح كوادرە ومنتسبیە مركزیا بها، كما ویستفید من تجارب الشعب الكوردی، وتراث البارزانی الفكری، ومن تجارب حركات التحرر الوطني في العالم.) بۆیە لەناو پارتیدا (سەركردایەتی و كادیرو ئەندامانی)، لەو سەردەمەدا، بیروباوەڕی (ترۆتسكی) و(هزری بوون = وجودیەت. هتد) هەروەكو (كاكە شێرزاد ئاماژەی بۆ كردووە)، بەفەرمی بوونی نەبووەو دوور نییە كەسانێك هەبن بۆ خۆیان لایەنگیری ئەوە دیدو بۆچوونانە بن ‌(....). واتە بۆ ‌لێكدانەوە و خەباتی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هێڵەكانی رێكخستن و هۆشیاری حیزبی وجەماوەری، (سەركردایەتی كاتی) پشتی بەست بوو بە بنەماو‌ چوارچێوەی، ماددەی (5)ی پرۆگرامی كۆنگرەی (8) پارتی، وەك هێڵی سەرەكی بنەمای فیكری، دوور لە توندڕەوی و دەمارگیری ئایدۆلۆجی(...)، بە دیدی بەندە جەختكردنی سەركردایەتی كاتی لەسەر هوشیاركردنەوە و پەروەردەكردنی شانە چەكدارەكانی پێشمەرگە و ئەندامان و كادیران بەو بیروباوەڕ و بایەخ دان بەو لایەنانە،‌ یەك لە فاكتەرە سەرەكییەكانی هەڵسانەوە و زاڵبوونمان بوو بەسەر نسكۆ و شاڵاوی دوژمنانمان (....).
6. كاكە (شێرزاد لە لاپەڕە (13) دا دەڵێت " بەو شێوەیە، تیشكە سەرەتاییەكانی شۆڕشی گوڵان دەستی بە دەركەوتن كردو سەرەڕای هەموو مەترسی و سەركەشییەكان و وێڕای ستەمداریی رژێمەكان لە 26ی گوڵانی 1976 یەكەمین پریشكی شۆڕشەكە ‌هەڵگیرسا، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی ژمارەیەك لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی بنكە سەربازییەكان كە لە هەمان ئەو كاتانەدا شەهید (سامی عەبدوالڕەحمان) لەو بارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە (لەندەن) ئەو باسەی راگەیاند كە بە شێوەیەكی مەیدانی رابەرایەتیی شۆڕشەكەی كرد لە ناوەوەی كوردستان سەرەڕای كەموكوڕی لە ئیمكانییەتەكان..تاد"
(شۆڕشی 26ی گوڵانی 1976)، لە هەرێمی یەكەوە راگەیەندرا، بەیانی راگەیاندنی (بەندە) نووسیویەتی و لەگەڵ (كەریم سنجاری) ئەودەم تەنیا دوو ئەندامی (مەیدانی سەركردایەتی) بووین لە كوردستان لەگەڵ ژمارەیەكی كادری رێكخستن و پێشمەرگەی قاڵ بووی خەبات و بەئەمەك و لەخۆبردوو كە بە ئەندازەی چیا سەركەشەكانی كوردستان مەردایەتی و پیاوەتیان لێ دەباری. لە دوای مانگی تشرینی دووهەم 1976، (كریم)، بۆ موعالەجە گەیشتە لەندەن، تاكو‌ هاوینی 1977 (تەنیا ئەندامی سەركردایەتی مەیدانی بووم) كە جگە لە سەرپەرشتیكردن و رێكخستن و ئامادەكردنی شانە و مەفرەزە سەرەتاییەكانی پێشمەرگایەتی و بەسەركردنەوەیان لە ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی یەك، هەم راگەیاندنی پارتی لە كوردستان (بەیانەكان و دووبارە دەركردنەوەی رۆژنامەی خەبات لە ژمارە (526)وەو، بە تایپێكی بچووك و ئامێرێكی رۆنیووە دەردەكران) و، هەروەها نامە و نامیلكەی رۆشنبیری بۆ رێكخستنەكان)یش، هەم (پێوەندییەكانی پارتی لەگەڵ حیزب و كەسایەتییەكانی كوردستانی توركیا و سوریا و برایانی كوردی لوبنان و لایەنە عێراقیەكان لە سوریا)شمان لە ئەستۆ بوو، بە هاتنی (كاك عارف و وریا رەئوف)، وەك دوو ئەندامی سەركردایەتی بۆ سوریا لە پایزی 1976، ئەركی پەیوەندییەكانی سوریا و لوبنان بە گشتی سوك و لە كۆڵ بووەوە. لە سەرەتای هاوینی 1977 كاك (عەبدولڕەحمان پێداوی وەك ئەندامێكی‌ سەركردایەتی) لەگەڵ چەند كادرێكی تر لە دەرەوەی وڵات گەیشتنە لامان، دواتر لە سەرەتای زستانی 1977 شەهید (سامی) و (وریا و ئازا خەفاف و ئازاد برواری)یش گەیشتن، بە گەیشتنی (شەهید سامی) 1977 كێشەی سەرەكی راگەیاندنی خستە ئەستۆی خۆی (...).
چالاكیەكان مانگی چەند جار بە نهێنی بۆ چوار (ناوەند) مان دەنارد: بۆ (جەنابی كاك مسعود)، بۆ (شەهید ئیدریسی نەمر لە (ئێران)، بۆ لەندەن (شەهید سامی) و بۆ ڤییەنا (حمە رەزا و عارف) هەر یەك لەو (3) ناوەندەش لە رێگای خۆیانەوە هەمان چالاكیان‌ دەنارد بۆ (جەنابی كاك مسعود) كە زۆر جار لە حەرەكەتدا بوو لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپادا (....).
وردەكارییەكانی راگەیاندن و دەستپێكی شۆڕشی گوڵان بە (جفرە)‌ و بەدەم لە رێگای كادرێكی متمانە پێكراوی خۆمانەوە كە دەبوایە بگاتە لەندەن، گەیاندیە شەهیدی هەمیشە لە یاد كاك سامی و هەڤاڵانی لە لەندەن. هەر زوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەریدا لە لەندەن (شەهید سامی) ئەو هەواڵانەی راگەیاند زۆرێك لە ئاژانسەكانی جیهان ئاماژەیان پێ دا (...).
شەهیدی هەمیشە لە یاد (كاك سامی) رۆڵیكی گرنگی هەبوو لە مەڕ چالاكیەكانی رێكخستنەوەی پارتی لە دوای نسكۆی 1975 و سەرەتای 1976 هەروەها لە ئامادەكاریان بۆ كۆنگرەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا و دواتر كۆنفرانسی پارتی لە ئابی 1976، سەرەڕای نوێكردنەوە و دروستكردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ حیزب و رێكخراوە ئەوروپیەكان وەلێ (شەهیدی نەمر) سەركردایەتی (مەیدانی) شۆڕشی گوڵانی نەكردووە، چونكە (شەهیدی نەمر‌) هەر وەكو لە سەرەوە باسمان كرد، لە كۆتایی پایزی ساڵی 1977 گەیشتە لامان لە كوردستان.
‌بۆیە ئەوەی لە نووسینەكەی كاك (د. شێرزاد) هاتووە كە " لە 26ی گوڵانی 1976 یەكەمین پریشكی شۆڕشەكە ‌هەڵگیرسا... كە لە هەمان ئەو كاتانەدا شەهید (سامی عەبدولڕەحمان) لەو بارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە (لەندەن) ئەو باسەی راگەیاند كە بە شێوەیەكی مەیدانی رابەرایەتیی شۆڕشەكەی كرد لە ناوەوەی كوردستان سەرەڕای كەموكوڕی لە ئیمكانییەتەكان..تاد"
سەبارت بەوەی كە شەهید سامی بە شێوەیەكی مەیدانی رابەرایەتیی شۆڕشەكەی كردووە، پێویستی بە راستكردنەوە هەیە.
(شەهید سامی هەمیشە لە یاد) لە كۆنگرەی (9)ی پارتی لە ساڵی 1979 بە ئەمانەت و راستگۆیانە كە باسی گەڕانەوەی خۆی كرد بۆ ناو شۆڕش ساڵی 1977 فەرمووی : (ئێمە گەڕاینەوە سەر ماڵێكی حازر و ئاوەدان..).
ئاماژەكردن بۆ ئەم لایەنە تەنها لە رووی مێژووەییەوە بە هیچ شێوەیەك لە رۆڵ و تێكۆشانی شەهیدی هەمیشە لە یادمان (كاكە سامی) كەم ناكاتەوە بە پێچەوانەوە (ئەندامانی سەركردایەتی و كادیرانی پارتی لە كوردستان) وەك ئەندامێكی سەركردایەتی حیسابی (براگەورەیان) بۆشەهیدی نەمردەكرد (...).
7. لە ‌مەڕ كۆنفرانسی ئابی/1976 نووسەر دەڵێت " لە ناو سەركردایەتیشدا كۆمەڵێك خەباتگێڕ دەنگیان پێدرا، لەوانە سەرۆك مسعود بارزانی، شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی، شەهید سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، محمەد رەزا، عارف تەیفوور، وریا سەعاتی، فازیل جەلال، عەبدولڕەحمان پێداوی، دكتور كەمال كەركوكی) ئینجا بۆ لقی ئەوروپای پارتیش محەمەد رەزای تێكۆشەر هەڵبژێردرا تاكو بەرپرسیارێتی لقەكە لە بەرلینی رۆژئاوا بۆ ڤییەننا بگوازێتەوە..هتد" لاپەڕە (15)
لە كۆنفرانسی ئابی 1976، كە لە (بەرلین) بەسترا، بنەمای دەسنیشانكردنی سەركردایەتی و هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ئەیلوول و هۆكارەكانی نسكۆ و كاری ئایندەمان، زیاتر پشتی بەستبوو بە دانیشتنەكانی (ناوكی = نواە)ی سەركردایەتی كاتی (نەغەدە و كەرەج) بە تایبەتی و بە هێڵە سەرەكیەكانی (بەیانی یەكەمی سەركردایەتی كاتی ساڵی 1975) و، بەیانی راگەیاندنی شۆڕشی 26ی گوڵان . تاكو ئەوەدەم ئەندامانی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر (شەهید ئیدریس و كاك مسعود و شەهید سامی وخوالێخوشبوو نوری شاوەیس و علی عبداللە و جەوهەر نامیق و حمە رەزا و عارف و كەریم سنجاری و ئازاد بەرواری) بوون، لە كۆنفرانس تەنها پێشنیاری (عەبدولڕەحمان پێداوی، وریا رەئوف سەعاتی، ئازا خەفاف، و كەمال كەركوكی و دلشاد میرانی) كرابوو كە وەك ئەندامی سەركردایەتی لە كۆنفرانس هەڵبژێردرێن، بە مەرجێك دەبێت بگەڕێنەوە بۆ كوردستان (...).
(عەبدولڕەحمان پێداوی وریا رەئوف و ئازا خەفاف) لە نێوان هاوین و زستانی 1977 گەیشتنە لامان وەك ئەندامانی سەركردایەتی كاتی، (كەمال كەركوكی) كە لە ناوەڕاستی ساڵی 1976 لە ئێرانەوە لەگەڵ چەند كادرێكی لێهاتووی پێشمەرگایەتی بە چەند وەجبەیەك گەیشتنە ناوچەكانی (هەرێمی 2)، ئەودەم وەكو كادر تەنیا (شێخ عەزیز شەدەڵەیی) چالاكی هەبوو، بە گەیشتنی (كەمال) و ئەو دەستەیە رێكخستنەكانی پارتی لەو ناوچانە بوژانەوە و پەرەی سەند، لە كۆتایی ساڵی 1976 (كەمال) حەرەكەتی كرد بەرەو‌ سوریا، لە سەرەتای ساڵی 1977 لە توركیا لەگەڵ شەهید عەبدولڕەحمان ساڵح گیران (...)،، پاش هەوڵێكی یەكجار زۆر، لە سەرەتای، 1978دادگا تەسلیمی (سوریا)‌ یانی كرد و پاشان گەڕانەوە لامان لە هەرێمی یەك، بۆیە (كەمال) بەدەر بوو لە مەرجی گەڕانەوە بۆ كوردستان. ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی كاتی كە لە پێش كۆنفرانسی ئابی 1976 (11) كەس بوون دوای كۆنفرانس و گەڕانەوەی ئەو هەڤاڵانە بوونە (15) كەس.
جارێكی دیكەش دەستخۆشی لە برای خۆشەویستم كا‌كە (د. شێرزاد) دەكەین بۆ باسە بەپێزەكەی و دەرفەتێكیش بوو بۆئەوەی هەندێ لایەنی باسەكەی دەوڵەمەند بكەین، بە ئومێدی ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا هەندێ وردتر و فراوانتر، سەرەتاكانی قۆناخی دوای نسكۆی 1975 و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان و رۆڵی پێشمەرگە و كادیران و تێكو?
Top