پرۆژەی كاری خۆبەخشیی و پێشنیارێك بۆحكومەتی هەرێمی كوردستان

پرۆژەی كاری خۆبەخشیی و پێشنیارێك بۆحكومەتی هەرێمی كوردستان
پێشەكی:
بەشێك لە كۆمەڵناسان پێیان وایە كە سەدەی نۆزدە، سەدەی دەستور بوو، سەدەی بیست، سەدەی ئیدارە و كارگێریی بوو، سەدەی بیست و یەكەمیش دەبێتە سەدەی كەرتی سێیەم.
زاراوەی كەرتی سێیەم تاڕادەیەك زاراوەیەكی نوێیە و لە ساڵی (1997)وە بەشێوەیەكی دیار كەوتە نێو فەرهەنگی زاراوە بەكارهاتووەكانەوە.
كەرتی سێیەم كەرتی رێكخراو و دامەزراوە و دەستپێشخەرییە كەسییەكانە، كە خۆبەخشانە و ئارەزوومەندانە و بێ چاوەڕوانكردنی سوودی تایبەت، بەكارەكانی خۆیان هەڵدەستن و دەبنە پاڵپشتی بۆ هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت.
كەرتی سێیەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە مێژووی گەلانی موسڵماندا جێگەی بەرچاوی هەبووە و، چەندین نموونەی زیندووش لەبەرچاون كە خەڵكانی نێو كۆمەڵگە ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە و ناسودەمەندانە، كاری خێرخوازیی و مرۆڤدۆستانەی گەورەیان ئەنجامداوە بێئەوەی چاوەڕوانی هیچ سوودێكی تایبەت بۆخۆیان بووبن.
وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپاش ئەمڕۆ زۆر پشت ئەستورن بە كەرتی سێیەم، كە ساڵانە خەڵكانی هەستكردوو بە لێپرسراوێتی نیشتمانیی و ئایینی و مرۆیی پارە و سامانی خۆیان لە پرۆژەی خێرخوازی بەردەوام و نەخشە بۆكێشراودا خەرج دەكەن.
بۆ نموونە: ساڵانە لە ئەمریكا بڕی (260)ملیار دۆلار خۆبەخشانە دەكرێتە پرۆژەی خێرخوازیی، ساڵانەش زانكۆیەك وەك (هارفارد) بڕی (29)ملیار دۆلاری پێشكەش دەكرێت وەك بەخشش لە لایەن خێرخوازانەوە، ساڵانەش ئەمریكا لە (5%) پارەی باج دەداتە رێكخراوی خێرخواز و خۆبەخش بۆ كاری خێرخوازیی.
هەروەها لە30% هاووڵاتیانی ئەمریكا لەكاری خۆبەخشیدا بەشداریی دەكەن .
لەبەریتانیاش 20ملیۆن كەس بەشدارییان هەیە،لەفەرەنساش هەفتانە زیاتر لە 10 ملیۆن كەس بەشدارییان هەیە لەكاری خۆبەخشیدا.
لە ئیسرائیلدا نزیكەی سی هەزار رێكخراوی خۆبەخش و خێرخواز كار دەكات، نزیكەی لە (11%)ی هێزی كاریش بەبێ مووچە و خۆبەخشانە كار دەكەن.
لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاشدا لە (9%)ی داهاتی نەتەوەیی لە خێرخوازانەوە دێت، كە دەیكەنە پرۆژەی خێرخوازیی.
لەلای خۆشمان پێوستیی زۆرمان بە گێڕانەوەی چەمكی كاری خۆبەخشیی هەیە، لە رێگەی ماڵ و قوتابخانە و مزگەوت و راگەیاندن و حكومەتەوە، گێڕانەوەی چەمكی وەقفكردنی ماڵ و موڵك بۆ كاری خێرخوازیی، هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانی بازرگان و دەوڵەمەند لە كاری خێرخوازیی بە دامەزراوەكراو و بەردەوام.
لەم پێناوەشدا گرنگە پەرلەمان یاسایەكی هەبێت بۆ پاراستنی كاری خێرخوازیی، حكومەتیش پێویستە خۆی رزگار بكات لە ترس لە هەردوو كەرتی تایبەت و كەرتی سێیەم، چونكە حكومەتەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بەپێی یاسا و بە هەردوو باڵی كەرتی تایبەت و كەرتی سێیەمەوە توانیویانە بەرەوپێش بچن.
دیاریشە كەكەسانی خۆبەخش ئەوانەن كە چاوەروانی مووچەو پاداشت ناكەن لەبەر ئەوەی باری داراییان باشە،جابەهۆی پرۆژەكانیانەوە بێت یان بەهۆی مووچەی خانەنشینییەوە بێت،ئەم جۆرە كەسانەش ئەمڕۆ لەكۆمەڵگەی ئێمەدا رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان لە زیادبوونەو، ژمارەیەكی باشی نێو ئەم كەسانەش ئامادەیی ئەوەیان هەیە كە كاری خۆبەخش بۆ دەوڵەت ئەنجام بدەن، بەڵام دەوڵەت هەلی بۆ نەرەخساندوون وكاری نەخستۆتە بەرچاویان.
ئەزموونی وڵاتانی دنیا زۆرن كە خانەنشینان ودەوڵەمەندان بەخۆرایی كار بۆ دەوڵەت و وڵاتی خۆیان دەكەن لەوبوارانەی كەدەوڵەت خستویەتییە بەرچاویان و ئەوانیش ئارەزوومەندانە یەكێكیان لێهەڵبژاردووە.
جابەمەبەستی داهێنان وبرەودان بەم ئەزموونە ئەم پرۆپۆزەڵە دەخەمە بەر چاو،بەهیوای دەوڵەمەندكردنی و كارپێكردنی.
یەكەم: ناوی پرۆژە:
كارو دەوامی خۆبەخشیی
دووەم: پێناسە: كاری خۆبەخشیی،ئەنجامدانی چالاكییەكی بێبەرامبەرە كە تاكێك ئارەزوومەندانە پێی هەڵدەستێت لەرێگەی بەخشینی بەشێك لە كاتی یان توانای یان پارەی یان ئەزموونی لەو بوارەی كەتیایدا شارەزایە لەدەزگایەكی حكومەتدا یان لە رێكخراوێكی خێرخوازیدا یان لەرێی دەستپێشخەرییەكی تاكەكەسیدا.
سێیەم: ئامانج لە پرۆژە:
1_ سوود وەرگرتن لە توانا مرۆییە خۆبەخشەكانی وڵات.
2_ كەمكردنەوەی قورسایی دارایی لە سەر بودجەی ساڵانە.
3_ بەهێزكردنی گیانی وڵاتدۆستیی و، وچاكە دانەوەی نیشتمان.
4-دۆزینەوەی بوارو هەلی كاری خۆبەخشیی بۆ ئارەزوومەندان.
5-پەرەپێدانی لایەنە ئینسانییەكانی كۆمەڵگە بۆ بەیەكگەیشتن.
6-هاندانی دەستپێشخەرییە خۆبەخشەكانی تاك وگۆڕینیان بۆكرداروپرۆژە.
7-زانینی ئاستی ئینتیمای نیشتمانیی تاك ورادەی بەدەمەوەهاتنیان.
8-بەدامەزراوەیكردنی كاری خۆبەخشیی.
چوارەم: میكانیزمی جێبەجێكردنی پرۆژە:
حكومەت دەتوانێت ئەم پرۆژەیە بخاتە واری جێبەجێكردنەوە لەرێگەی ئەم میكانیزمەوە:
1-داواكردن لەپەرلەمان بۆ دەركردنی یاسای رێكخستنی كاری خۆبەخشیی.
2-دامەزراندنی دەستەیەك بەناوی دەستەی كاری خۆبەخشیی.
3-دەستەی ساڵانەی جۆرو ژمارەو شوێن وكاتەكانی دەوامی ئەو پۆستانە رادەگەیەنێت كەكەسانی خۆبەخشیان پێویستە.
4-وەرگرتن ودیراسەكردنی سی ڤی ئەوكەسانەی كەئامادەییان تێدایە بۆهەر یەكێك لەو پۆست وكارانە.
5-دیاركردنی شوێن وكاتی دەوامی خۆبەخشان دوای دیداری تاكەكەسیی وبەرەزامەندیی هەردوولا.
پێنجەم: رێگاكانی بەهێزكردنی پرۆژە:
1-كاراكردنی بەرنامەیەكی میدیایی بۆخستنەرووی رۆڵی كاری خۆبەخشیی.
2- دانانی بابەتی كاری خۆبەخشیی لە پرۆگرامەكانی قۆتاغەكانی خوێندندا.
3- دیاركردنی ساڵانەی هەڵكەوتووانی بواری كاری خۆبەخشیی،هەركەسەو لەبواری خۆیدا لەرێی لیژنەیەكی پسپۆرو بێلایەنەوە.
4- خەڵاتكردنی هەڵكەوتووان لە رۆژی 5/12 ی هەموو ساڵێك، كەنەتەوە یەكگرتووەكان بەرۆژی جیهانیی كاری خۆبەخشیی ناساندوویەتی.
*سەرۆكی سەنتەری پرد بۆ توێژینەوە
Top