نوێكردنەوەی ئاینیی، نوێكردنەوەی مرۆڤی دەوێت لەپێشدا

نوێكردنەوەی ئاینیی، نوێكردنەوەی مرۆڤی دەوێت لەپێشدا
زۆرجارمرۆڤ ئەم پرسیارە گرنگ و پڕ بایەخە لەخۆی دەكات : كە خودی ئایین بۆ گشت زەمان و شوێنەكان بێتولەلایەن خوای گەورەوە هاتبێت، ئایا ئایین كۆن دەبێت تا پێویست بەنوێبونەوە بكات ؟! یان ئەوە تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ ئایین كۆن بووە یان هەر لە كۆنەوە و بەكۆنی وەرمان گرتووە و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە؟!
گرفتی هەرە گەورەی ئێمە ئەوەیە كە قسە كۆنەكانی نوێكارێك بە نوێ دەزانین كە بۆ سەردەمی خۆی نوێ بووە نەك بۆ ئێستا،ئێمە ئەمڕۆ قسەی ئەمڕۆمان بۆ ئەمڕۆ پێویستە،نەك قسەی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ،نەك قسەی ئەمڕۆش بۆ نەوەی داهاتوو.
دەقەكانی قورئان و فەرموودە لەوێدا گەورەن كە لەگەڵ گۆڕانی سێ كوچكەی: مرۆڤ، كات، شوێن، مانای گۆڕاوو جیاواز بە دەستەوە دەدەن.
نوێكردنەوە لە راستیدا نوێبوونەوەنییە، چونكە نوێبوونەوە وەك لە سروشتدا دەیبینین دەستی ئێمەو كاری ئێمەی پێویست نییە،بەڵام نوێكردنەوە نوێكارییەك یان زیاتری پێویستە و، پڕۆسەیەكی مرۆییەو هزرو بیركردنەوەی نوێی دەوێت.
نوێكردنەوە ئەگەر لە شكڵدا بێت یان ناوەڕۆك، لە دووبارە دانانەوەی بڕگەكانی تێگەیشتنبێت یان لادانی هەندێك شت یان خستنە سەر بێت،یان هەموو ئەمانە پێكەوە، گرنگ تیایدا ئەوەیە كەتەنیا دروشم نەبن بەڵكو توانای گۆڕان بۆ پڕۆژەیان تێدابێت
ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە نوێكردنەوە داهێنانی قەوارەیەكی نوێ نییە بخرێتە جێگەی كۆنەكە،چونكە ئەگەر ئاوا كرا،گۆڕینە نەك گۆڕان.
لێرەوە گرفتێكی دی هەیە كە دەبێتە هۆی دژایەتی نوێكردنەوە، ئەمەش ئەوەیە كە گۆڕین لە بەرگی گۆڕاندا نیشان دەدرێت و ئەوەش جێگەی پەسەندكردن نییە لە مەسەلە ئایینیەكاندا.
چونكە نوێكردنەوە مەبەستی گۆڕانە لە تێگەیشتنمان بۆ ئایین نەك گۆڕینی خودی ئایینەكە.
نوێكردنەوەی تێگەیشتن لە دەقە ئایینیەكان پڕۆسەیەكی بەردەوامە و نابێت بوەستێت، چونكە هەر نوێیەك هەتا كەی نوێیە؟ كێ بڕیاردەدات هەتا كەی نوێیە؟ ئەگەر نوێیە ئایا ڕاستیشە؟ چونكە هەندێك شت نوێن بەڵام ڕاست نین، هەندێك ڕاستیش كۆنن.
لێرەدا گرنگە، نوێ، هەر نوێیەك تا ئەو ڕادەیە پیرۆز نەكرێت كە تا هەتایە بە نوێ بزانرێت و دەستی لێ نەدرێت .
هەروەها نوێكاریش هەر كەسێك بێت مادام مرۆڤە، پیرۆز ناكرێت وەك پیرۆزی دەقە نەگۆڕەكان.
لێرەشدا گرنگە ئەوە بزانین كە نوێكردنەوە كاری تەنیا كەسێك یان گرووپێك یان قوتابخانەیەكی دیاریكراونییە، هەروەها لە تەنیا شوێنێكدا و لە تەنیا زەمانێكدا ناكرێت.
زۆریش گرینگە بزانین ئەوەی بزاڤە ئیسلامییەكان لەم بوارەدا دەیكەن ئەوەندەی بووژاندنەوەی ئایینیە هێندە نوێكردنەوەی ئایینی نییە، چونكە زۆربەی بزاڤە ئیسلامیەكان كە پڕۆژەی بووژانەوە دەخەنە ڕوو، بە پێچەوانەكەیدا دیارە كە مردنێك هەبووە لە قۆناغێكدا و بووژانەوە و ژیاندنەوەی پێویستە.
كە دەڵێن ڕابوونی ئیسلامی مانای وایە لە قۆناغی پێشوودا نووستن هەبووە .
بۆیە كار و پڕۆژەی بزاڤە ئیسلامیەكان زیاتر بووژانەوە وڕابوونە نەك نوێكردنەوە، چونكە نوێكردنەوە مانای ئەوەیە لە قۆناغی پێشوودا تێگەشتنەكەیان كۆن بوون ونوێكردنەوەیان پێویستە .
ئیسلامییەكان بە بووژانەوەو رابوون زیاتر لە خەمی پاراستنی قەوارەی دەرەوەی ئایینن،
نەك ناوەوەی، ڕێك وەك ئەو كەسەی كە هەوڵی بۆ پاراستنی خانووەكەیەتی لە هێرشی پەلاماردەران زیاتر لەوەی دوای پاراستن لە خەمی پێداویستیەكانی ناوماڵەكەی بێت بە جۆرێك كە شایەنی ژیانی ئەمڕۆی بێت و،كە جێگەی حەوانەوەو ژیانێكی شایستە بێت.
زۆرێك لە ئیسلامییەكان لە مێژوودا دەژین و، ئەوەی تێگەیشتن و كاری نەوەكانی ڕابردوو بووە، كە زۆریشیان لەململانێی سیاسیەوە بەرهەم هاتوون، ئەمان دێن وەكو بەشێك لە ئایین تەماشای دەكەن .
لە رووی سایكۆلۆژیەوە مرۆڤ لە كاتی بەهێزدا گۆڕان ئەنجام دەدات و لە گۆڕان ناترسێت، لە سەردەمی ئاشتی و بە هێزیدا دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكەشی دەكاتەوە، كەچی ئەوە سەردەمی شەڕ و شۆڕ ترسنۆكی و لاواز بوونی مرۆڤە كە دەرگاو پەنجەرەكانی دادەخات و نایەوێت گۆڕان ئەنجام بدات .
لەلای ئەو ئیسلامییانەی كە هەست بە هێزی خودی ئیسلام دەكەن و لایان وایە ئیسلام هێزی خۆی وا لە هێزی دەقەكانیدایە، نوێكردنەوە ئاسانترە هەتا لای ئەوانەی هەمیشە وا ئەزانن ئیسلام لە لاوازیدایە و لەبەردەم هەڕەشەدایە . بەدی دەكەین
لێرەوە ئێمە دوو گرفتیتر لە بواری نوێكردنەوەدا یەكەمیان لە خودی مرۆڤدا كەپێویستە بە ئەركی نوێكردنەوە هەستێت و، پێداویستیەكانی نوێكردنەوە ئامادە بكات چونكە لە ڕاستیدا نوێكردنەوە لە هەر شتێكدا، نوێكردنەوەی خودی مرۆڤی پێویستە، چونكە ناكرێت مرۆڤی كۆنخواز ئەركی نوێكردنەوە لە ئەستۆ بگرێت.
لێرەوە ئێمە ئەوەندەی باس لەنوێكردنەوەی ئایین دەكەین یان تێگەیشتن لەئایین دەكەین، یان لە سیاسەت یان لە ئابووری ئەوەندە بیر لە نوێكردنەوەی مرۆڤ ناكەین چونكە لە ڕاستیدا گرنگە بپرسین كامیان لەپێش ئەوی دی دایە : نوێكردنەوەی شتەكان یان نوێكردنەوەی مرۆڤ ؟
گرفتی یەكەم ئەوەیە كە مرۆڤی لە كۆن گەیشتوو، نایەوێت تێگەیشتنەكانی نوێ بكاتەوە بە بیانووی ئەوەی تێگەیشتن لە ئایین یەكسان بە خودی ئایینەكە خۆی، كە ئەمەش وانییە.
نوێكردنەوەی ئایینی بە مرۆڤی كۆن خواز وەك درووستكردنی خانووی نوێیە بە خشتی كۆن، كە دەتوانیت لە روو كەشدا بە ماددەی نوێ دایپۆشیت بەڵام لە ژوورەوەو لە ناواخندا هەر كۆنە .
گرفتی دووەمیش ئاراستەی نوێكردنەوەیە، بەمانای ئەوەی ئایا ئێمە بە ئاراستەی ئاسۆیی بەرەو پێش نوێكردنەوە ئەنجام دەدەین یان بەرەو دوا؟
بە ئاڕاستەی ستوونی بەرەو ژوور یان بەرەو خوار ؟
یان بە شێوازی بازنەیی و خوولانەوەی بەردەوام ؟
زانینی ئەم ئاڕاستانە زۆر گرنگن بۆ ئێمە كە لە ڕاستیدا مرۆڤە ئاینپەروەرەكان بەسەر ئەم ئاراستانەدا دابەش بوون و كار دەكەن دەشێت نوێكردنەوە بە ئاراستەی ئاسۆیی بەرەو پێش بێت وەك ئەوەی ڕووناكبیرە ئایینیەكان دەیكەن لە بواری ژیانسازیی و ژیان خۆشكردندا .
دەشێت ناوی نوێكردنەوە بێت و بە ئاراستەی گەڕانەوە بێت بۆ سەردەم پێشووەكان، خەڵكانی ئێستا حەز بكەن بچنەوە رابردوو .
دەشێت بە ئاڕاستەی بازنەیی بێت و هیچ پێشكەوتن و پاشكەوتنی تێدا نەبێت بەڵكو خوولانەوەی بەردەوام بێت بە جۆرێك كە نازانرێت ئاڕاستەی جووڵە بۆ پێشەوەیە یان بۆ دواوەیە .

ئاراستەی بزاڤە ئیسلامییەكان زۆربەی كات و لە زۆربەی شوێندا لەم جۆرەی دواییانە و بەردەوام لە خوولانەوەدایەو بەسەر شتەكانی خۆیدا دێت و دەچێت و دەیانهاڕێت و ئەوەی ئەمڕۆ پێی وایە قسەی لەسەر كردو چارەسەری كرد، ماوەیەكی دیكەش دێتەوە سەر هەمان باس وەك ئەوەی هەر باس نەكرابێت بۆیە بەردەوام قەیرانەكانی سەر هەڵدەدەنەوە و چەندبارە دەبنەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە چارەسەرە پێشووەكان ڕووكەش بوونە و مەنهەجی نەبوون .
لێرەوە گەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لە خودی نوێكردنەوەو سروشتی نوێكارو، ئاراستەكانی نوێكردنەوە، یارمەتیدەرێكی گرنگن بۆ نوێكردنەوەیەك كە وەڵامی پرسیارەكانی ئەمڕۆ بداتەوەو مرۆڤ لە ئەمڕۆدا قبوولأ بكات و، نە بۆ ڕابردووی بەرێتەوە، نەبەڵێنی داهاتوویەكی پێبدات كە زۆر درەنگ دێت یان هەر نایەت...
Top