حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەنـ
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن كە دروستبوونی حزب دیاردەیەكی نوێیەو لەگەڵ پێشكەوتنی پڕۆسەی دیموكراسی و بیرورای جیاواز هاتۆتە ئاراوە.هەرچەندە (مۆریس دۆڤرچێ)لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا(حزبە سیاسیەكان) نووسیویەتی،سەرهەڵدانی حزبی سیاسی تا ساڵی (1850) ئەمریكای لێ دەرچێ بەمانای ئێستا بوونیان نەبووە.دەشكرێ بڵێین دۆڤرچێ یەكەمین لێكۆڵەرو تۆژەری زانستییە كە لەساڵی (1951)لەسەر حزبە سیاسییەكانی نووسیوە،لەكاتێكدا دۆڤرچێ پێناسەیەكی وردی بۆ حزب نەكردبوو لەو كتێبەیدا.
هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن،لەبەرئەوەی سەرهەڵدانی حزب لە بنەڕەتداو بەگشتی بۆ سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە،بۆیە لێكۆڵینەوەی زانستی لەم بوارە ئەوەندە كەڵەكەبوو نین،بەتایبەت كاتێك ئێمە مەبەستمانە قسە لەسەر وڵاتی خۆمان كە كوردستانە بكەین.ئەگەرچی پێش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان چەند حزب و رێكخراوێك هەبوون وەك حزبی رزگاری و شۆڕش و....بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمانە رێكخراو یا گرووپ بوون،پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین حزبی نەتەوەییە كە لەكوردستانی باشوور دامەزراوە لە ساڵی(1946).ناچینە سەر ئەو مێژووە،بەڵكو ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە ئایا ئیمڕۆ حزبەكانی كوردستان نەكەوتوونەتە قەیرانێكی قووڵەوە؟ئایادەتوانن بەم هەموو قەیرانەوە بەردەوام بن؟ بۆچی نایانەوێ خۆیان نوێ بكەنەوە؟بەربەست بۆ نوێكردنەویان چییە؟ئایا هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حزبەكان لەگەڵ ئەوەدان كە حزبەكانیان هەر بەمشێوەیەی ئێستایان بن،یان بەشێكی زۆری ئەو ئەندام و لایەنگرانە لەگەڵ نوێبوونەوەی حزبەكانیانن؟ئەگەر وایە حیكمەت لە نوێنەبوونەوەیان چییە؟ئەی ئەگەر خۆیان نوێنەكەنەوە چۆن دەتوانن درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن؟ئایا خەڵكی كوردستان هوشیاری سیاسی و نەتەوەیی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە باش بڵێن باش و بە خراپ بڵێن خراپ؟دڵنیاین ئەو هوشیارییە دروستبووە،ئەوەتا بە گلەیی و دەنگی ناڕەزایی ئەو خەڵكەوە دیارە،بەڵام ئەی بۆچی كادیرانی حزب ئەم رۆڵی نوێبوونەوەیە ناگەیەنن بە سەركردایەتی و لەبری ئەوە زۆر جار سەركردایەتیش لە خشتە دەبەن؟ئەمانەو زۆر پرسیاری دیكە پێویستیان بە وەڵامی راست و دروست هەیە،چونكە قۆناخی هەلومەرجی ناسك، دوژمنمان زۆرە،جارێ قسەمەكەن،..هتد بەسەرچوو،ئێستا كاتی ئەوەیە بە شێنەیی بەڵام بەجیدی بیر لە ئایندە بكەینەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرێنەرەكەی كە باوكی كورد مستەفا بارزانی یە،بە پێچەوانەی ئەو حزبانەی لە ئەمریكا،ئینگلتەرا،فەرەنساو.....هتد دامەزران،پارتی دروستكرد،واتا پارتی لەبارودۆخێكی جیاواز لە هی رۆژئاوا سەریهەڵدا، پارتی لەرووی زوڵم و زۆرداری دامەزرا،بۆداكۆكی لە مافی نەتەوەیی و نیشتمانی،كورد دەنگی لە پەرلەمانی عێراقدا نەبوو،تا گرووپێكی كوردی دروستبن و دواتر ببن بە حزب وەك لە رۆژئاوا وا دروستبوون.بەڵكو پارتی دروستبوو بۆئەوەی قوربانی بدات،بۆئەوەی كۆتایی بە چەوسانەوە بهێنێت،بۆیە بارزانی نەمر كە خەباتی شاخی گرتەبەر،جوانترین دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەو سنوورانەی كەوتبوونە ژێردەسەڵاتی شۆڕشەوە پێڕەوو پیادە دەكرد.نەك تەنها نموونەیەك، بەڵكو سەدان نموونەی زیندوو هەن كە بارزانی نەمر چۆن بواری ئەوەی نەدەدا،مشەخۆر لەناو شۆڕش پەرەبسێنن،بواری ئەوەیشی نەدەدا بەناوی شۆڕشەوە خەڵكێك ئازار بدرێت،هەربۆیە بارزانی نەمر تا لە ژیاندابوو،نەك هەر شۆڕشگێڕێكی راستەقینەی گەل بوو،باشترین دادوەریش بوو.بۆیە دوای وەفاتی،گەل نازناوی (باوكی كورد)ی بەباڵادا بڕی.
ئێستا حزبەسیاسیەكانی كوردستان بەگشتی لە قەیراندان،چەندیان دەتوانن نوێببنەوە،چەندیان میللەت مەدالیای ئێكسپایەربوونیان بەگەردنەوە هەڵدەواسی،چەندیان چەقیون و ئومێدی پێشكەوتنیان لێ بەدی ناكرێ، ئایندە وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە،بەڵام ئەوكات كار لەكار دەترازێ و ئیتر حزبەكانی ئێكسپایەربوو هیچ دادی مانەوەیان نادات.
لێرەوە قسەیەك لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین،كە لە نێو هەموو ئەو حزبانەی لە كوردستان كاری مەیدانی و چالاكی خۆیان دەكەن،بە ئەزموونترین حزبی سیاسییەو هەروەها تا نووسینی ئەو سەروتارەش بەهێزترین پێگەی سیاسی لە كوردستان هەیەو،بەجەماوەریترینیشیانە،بەڵام هەموو ئەمانە مانای ئەوە نییە ئەو رێژەیەی جەماوەریبوونە ئیتر نەگۆڕەو هەر وا دەبێت،هەروەك بینیمان رێژەی هەندێك لە حزبەكانی تر بەردەوام لەگۆڕانی زەق بووە،بۆ نموونە بزووتنەوەی ئیسلامی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان،یەكگرتووی ئیسلامی،حزبی شیوعی كوردستان، هەموو ئەمانە ئێستا خۆزگە بە رابردوویان دەخوازن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا خاوەنی ئەو هێزەیە كە لەناو خەڵكی كوردستان شانازی بەخۆیەوە بكات،بەڵام بەردەوامبوونی پارتی لەسەر هەندێ هەڵەی ناوەخۆی كە پێوەندی بە زۆركردنی گەندەڵكارو مشەخۆرانەوە هەیە لە ریزەكەی،گلۆپێكی سووری خەڵكی كوردستانە لەبەرامبەریدا دایانگیرساندووە،بۆیە ناكرێت كەسانێكی زۆر لەپێناو گەیشتن بە كۆمەڵێك ئیمتیازاتی ناشەڕعییەوە،خۆیان وادابنێن كە پارتی عەیار بیست و چوارن،ناكرێت خەڵكی بێ تواناو هیچ لەبارنەبوو رۆڵی گرنگ لەناو حزبەكە وەربگرن و خەڵكی بەتواناش دووربخرێنەوە،بەردەوامبوونی خەڵكی بێ تواناو گەندەڵ لە بەرپرسیارێتی پارتی وەكو خواردنەوەی ئەو ژەهرە وایە كە رۆژ لە دوای رۆژ سیس و لاوازتری بكات.
پارتی پێویستی بە ریفۆرم هەیە؟پێموایە نەك پارتی كە ئەمڕۆ زۆر زۆر پێویستی بە ریفۆرم هەیە،بەڵكو هەموو حزبێك بەردەوام پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە،بێگومان نوێبوونەوە، بەرژەوەندی شەخسی ئەم بەرپرس یا ئەو بەرپرس بچووكدەكاتەوە،بەڵام رای گشتی وەدەستدەهێنێت، رێكخراوی فەتح لە فەڵەستین و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق دوو نموونەن كە میللەت لە هەڵبژاردندا نەك تەنها گلەیی بەڵكو پەیامی تووڕەییەكانی خۆیانیان پێگەیاند،پێویستە پارتی سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت و ئیتر دیاردەی واسیتەو واسیتەكاری و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان بەرپرسان نەهێڵێت،ئاخرخەڵكی بە توانا چ پێویستییەكی بە شەفاعەتی بەرپرسێكی گەندەڵ هەبێت؟تا بوارێكی بۆ بڕەخسێنێت بۆ كاركردنی لەو حزبە.
ژیان لەگۆڕاندایە،بۆیە پێویستە هەموو حزبەكانیش بەپێی ئەو گۆڕانە گۆڕان لە خۆیان بكەن،بە تایبەت پارتی كە هەموو جومگە گرنگەكانی حوكمڕانی،سیاسی،جەماوەری بەدەستەوەیە،بەتایبەت كەسایەتی سیاسی و نەتەوەیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان باشترین هۆكارن بۆ نوێكردنەوەی پارتی،ناشكرێت حزبێك كە بارزانی نەمر هێڵە گشتییەكانی سیاسەتەكەی رەنگڕێژ كردو خەباتی سەختی بۆ ئەنجامدا،تەنانەت وەك جەمال عەبدولناسر كە چۆن بەهۆی شكستەكەی ساڵی 1967 بە نائومێدی سەری نایەوە، بارزانی نەمریش لەخەمی شكستی 1975 و بەم هەموو پیلانەی دوای شكستی 1975 یش بەردەوام بوون لەسەری، ناچاركرا لە ئاوارەیی ماڵئاوایی لە میللەتەكەی بكات، ئەمجۆرە ماڵئاواییە كردی بە باوكی رووحی نەتەوەیەك، بۆیە ناكرێت حزبێك بارزانی نەمر بەم هەموو قوربانیدانەی پەروەردەی كردو گەورەی كرد،ئێستا بەهۆی مشەخۆرانەوە لەبەرچاوی هەر ئەو خەڵكە ناشیرین بكرێت.كەس ئەمە قەبووڵ ناكات ماستاوچی و مشەخۆرەكان نەبن.