نوێكردنەوەی حزبی سیاسیی لە بنك®
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە هەستدەكرێت ?بۆشایی? و ?دووركەوتنەوە? لە نێوان هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەكاندا دەركەتووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری دەركەوتنی چەمكێكی تازە لەزانستی سیاسەت ئەویش چەمكی ?نائومێدبوون و بێ هیوابوونە بە پارتە سیایەكان? ئەم دیاردەیە لە ناوەندە ئەكادیمیەكانی ئەڵمانیا تێبینی دەكرێت، بەجۆرێك پرۆفیسۆر فون ئەلمان دەڵێت: ئەڵمانیا لە دوای ساڵی 1949 ەوە 10 تەنگژەی حزبی گەورەی بەخۆەوە بینیوە، كە دەكرێت بەم ئاماژانە دەستنیشانی بكەین:
1- كەمبوونەوەی ئەندامیەتی لە پارتە سیایەكاندا.
2- پیربوونی پارتەكان.
3- كەمبوونەوەی دیاریكردنی ناسنامەی كاندیدكراوەكان لەلایەنی حزبیەوە.
ئەم ئاماژانە نیشانەی دووركەوتنەوەیە لە نێوان هاوڵاتی و حزبی سیاسیدا، هەروەها لەهەمانكاتدا نیشانەوەی ئەوەیە حزبە سیاسیەكان بەتەواتی لە دابینكردنی سەرچاوەی داهاتدا پشتیان بە دەوڵەت بەستووە، (ئەمەش وەك هەردوو پرۆفیسۆر كاتز و مایر جەختی لەسەر دەكەنەوە) ئەمە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە پارتەكان نەتوانن رۆڵی میانگیر لە نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە بگێرن وبوونەتە ئەوەی بە ?دامەزراوەیەكی نیمچە حكومی? دابنرێن. كەواتە پشتبەستنی فراوانی پارتە سیاسیەكان بە دابینكردنی داهات لە لایەن دەوڵەتەوە پارتەكانیان والێكردووە پییان بگوترێت (كارتلی پارتەكان، یان مۆنۆپۆڵكردنی پارتەكان) ئەمەش بە جۆرێكە پارتەكان بەبێ ئەوەی بایەخ بە ئاكامی هەڵبژاردنەكان بدەن پشتگیری دەوڵەتی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە، ئەمەش ئاستەنگی لەبەردەم كرانەوەی گۆرەپانە سیاسیەكە دروستكردووە، هەتا گروپی سیاسیی تازە لە گۆرەپانەكەدا سەر هەڵبدەن.
لەمبارەوە هەردوو پرۆفیسۆر (كاتز و مایر) جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەم حاڵەتە نەك دەبێتە هۆكاری ئەوەی ململانێی پارتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا لاواز بێت، بەڵكو مۆنۆپۆلكردنی سیاسیی دەگاتە ئەو ئاستەی كە دەنگدەران رۆڵێك لە مەسەلەی كێ پۆستەكانی دەوڵەت وەردەگریت، نەگێرێت.
ئەم دووركەتنەوەیەی نێوان حزب و كۆمەڵگە، تەنها ئاماژەیەك نیە بۆ مۆنۆپۆڵكردنی حزبی و رێگرتن لە نوێبوونەوەی پارتەكان، بەڵكو دیاردەیەكی دیكەی ترسناكیشی هەیە ئەویش تێكشكانی ئەو پرد و پەیوەندیانەیە كە لەنێوان سەركردە و بنكە جەماوەریەكی پارتەكاندا بەتایبەتیش لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا دروستدەبێت.ئەمەش واتە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە سەرشەقام ولەلایەن جەماوەری حزبەوە دەست پێناكات بەڵكو ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەكی مەركەزی ئاراستەو راگەیاندنی بەشتگیری دەوڵەت دەچێت بەرێوە، وەك پرۆفیسۆر(فون بایم) ئاماژەی پێدەكات، هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن پشت بە پشتگیری ئەندامانی حزب نابەستێت، ئەم حاڵەتە ?بۆشایەكی وەزیفی? لە ئەندامانی بنكەی حزب دروست دەكات، هەروەها هەندێك تۆژەر بە تایبەتی ئەڵمانیەكان لەمەش زیاتر دەڵێن: (لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن رێكخراوەكانی خوارەوەی حزب بێ كار دەبن)ئەمەش مانای ئەوەیە سەركردەی ئەو حزبە سیاسیانە بایەخدانی بەسیاسیەتی ناوخۆی فەرامۆشكردووە، ئەمەش حەتمەن دەبێتە هۆكاری لەبەریەكهەڵوەشانی سیاسیەتی كۆمەڵایەتی ناوخۆیی ئەو پارتانە.هەر بۆیە هەموو پارتە سیاسیەكان ?مەبەست پارتە سیاسیەكانی ئەڵمانیایە? بەشێوەیەك لە شێوەكان رووبەڕووی ئەركیك بوونەتەوە، ئەویش پێویستی خۆنوێكردنەوەیە كە دەكرێت بە چوار ئاست باسیان بكەین:
1- لەسەر ئاستی فكری (ئایدۆلۆژی)
2- لەئاستی رێكخراوەیی (دیموكراتیەتی ناو حزب واتە نوێكردنەوەی هەیكەلی رێكخراوەیی حزب)
3- نوێكردنەوەی نەوەی سەركردایەتی حزب (گۆڕینی نەوەی سەركردە بۆ حزب)
4- ئاستی پەیوەندی لە نێوان هاوڵاتیان و حزبدا، (چۆنیەتی گرێدانەوەی هاوڵاتیان بە حزبەوە)
ئەو سەردەمە بە كۆتا هات، كە تیایدا سیاسەت (بەمانای وەرگرتنی بریار) لە پشتی پەردەوە و لەلایەن چەند كەسێكەوە دروستبكرێت، ئێستا جیهان چۆتە قۆناخێكی تازەی پێشكەتن و بەرەوپێشەوەچوون و پەیوەندارە بە دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ، هەربۆیە داواكاریەكانی هاوڵاتیان بۆ بەشداری سیاسیی زیاتر دەكەونە روو.
سیاسەت وەك پرۆسەیەك كەخۆی لەوەرگرتنی بریار لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی و پەیوەندار بە دابەشكردنی دەبێتەوە، پێش هەموو شتێك واتە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، پارتە سیاسیەكانیش وەك بەشێكی گرنگ و ژیاری لەم پرۆسەیەدا دەبێت خۆی لەگەڵدا رابهێنێت، بۆئەوەی بتوانێت ئەدای ئەم ئەركەی گرنگە بكات، ئەمەش بەومانایەی هەتا بتوانێت خۆی پێشبخات و گۆڕانكاری بەسەر خۆیدا بهێنیت و ببێتە دامەزراوەیەكی نوێكراوە بۆ ئەوەی سەرەنجام ببێتە ئالەتی نوێكردنەوە لە كۆمەڵگەدا.
بەمجۆرە سیاسیەت بەو چەمك و تێگەیشتنەی پێشتر ئاماژەمان پێكرد، دەبێت سیاسەتێك بە هاوبەشیكردن بناسرێتەوە و سیاسەتێكی چالاك بێت، لێرەوە پارتە سیاسیەكان دەتوانن رۆڵی پیویستی خۆیان بگێرن، وەك پرۆفیسۆری بەناوبانگ ?ئەبتەر? لە كتێبە ناسراوەكەیدا ?سیاسەتی نوێبوونەوە? ئاماژەی پێكردووە: ?پارتە سیاسیەكان دەبنە ئالەتێكی كاریگەر بۆ نوێبوونەوەی سیاسیی?.
لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە بكەین: ئایا چی لەسەر حزبە سیاسیەكان پێویستە بیكەن، بۆئەوەی بتوانن رۆڵی پێویست بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە بگێڕن؟ ئەو چوار ئاستەی پێشتر ئاماژەمان پێكردن ئەو تەحدیانەن كە داواكراوە حزب رووبەروویان ببێتەوە و بەرنامەی سەرتاسەری بخاتە روو بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانكاریانەی پیویست رووبدەن، بۆ ئەوەی وەك پارتێكی چالاك و كاریگەر لەپرۆسەی گۆرانكاری كۆمەڵگە بمێنێتەوە، سەرەنجامیش لە پیناوی چالاكبوونی خۆی و بونیادی كۆمەڵگەیەكی چالاك وكاریگەر.
بوێری بۆ وەرگرتنی هەنگاوە پیویستەكان بەرەو نوێبوونەوە وەك پرۆسەیەك كە رێگەیەكی دیكە نیە
لە بەرامبەر ئەم دیاردەیە پرسیارێكی رەوا دێتە پیشەوە: ئایا پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و بەدەست گرفتی خۆنوێكردنەوەوە دەناڵێنن؟ ئایا لەنێو ئەو هەموو تەحدیانەی رووبەروویان دەبنەوە توانای خۆنوێكردنەوەیان هەیە؟
پارتە سیاسیەكانی هەرێم كاتێك چوونە ناو هەڵبژاردنەكانی تەموزی 2009 ەوە ئاكامی باشیان بەدەست نەهێنا، هەربۆیە كەتوونە ناو تەنگژەیەكی توندی سیاسیی و رێكخراوەی و پیویست بووە لەسەریان موناقەشەی جیدی و قووڵ سەبارەت بە نوێكردنەوەی فیكر و ستراتیژیەتی پیادەكرا و و نوێكردنەوەی كادر و هەیكەلی رێكخراوەیی حزبەكانیان بكەن.لەبەردەم ئەم تەڵەزگەیە فیكری و رێكخراوەیی و ستراتیژیەدا، حزبەكان پیویستیان بە پرۆسەی خۆنویكردنەوەیەكی رادیكالیانە هەیە بۆ ئەوەی هەموو لەم ئەركە قورسە بەشداری بكەن.
نوێكردنەوە ئەمانە لە خۆی دەگرێت:
1- نوێكردنەوەی فیكری
ئەم نوێكردنەوەیە ئەم خاڵانە لە خۆی دەگرێت:
? هاوڵاتیان لە بەرنامەی جزب تێناگەن و وەریناگرن.
? مەزندەی زۆربەی ئەندامانی حزب بەوەی حزب لە پرانسیپەكانی دووركەتۆتەوە، لەمەشدا رێگە بە حزب یان سەركردایەتی نادرێت، بۆیە یان نەچوون بۆ هەڵبژاردن یان چوون و دەنگیان بە لایەنی دیكە داوە.
? لەسەر حزب پێویستە بگەرێتەوە بۆ پیادەكردنی سیاسەتی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و لەسەربنەمای یەكسانی لە نێوان هەموو هاوڵاتیاندا كاربكات، هەروەها كاربكات بۆ نەهێشتن یان كەمكردنەوەی ئیمتیازات، لەبەر ئەوەی مانەوەی ئەم ئیمتیازاتانە كاریگەری لەسەرئەوانە دەبێت كە داهاتیان سنوردارە.
? هەموو ئەمانەی ئاماژەیان پێكراوە بوونەتە هۆكاری ئەوەی هاوڵاتیان متمانە بە پرۆگرامی هەڵبژاردنی حزب نەكەن.
? دەبێت حزب لە ئێستاوە بەو جۆرە كاربكات، بۆئەوەی بتوانێت ئاكامی باشتر بەشێوەیەكی شەفافانە بەدەست بێنێت.
2- نویبوونەوەی ستراتیژی:
ئەو ستراتیژیەی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن حزب یان هاوپەیمانی پیادەیكردووە پێی دەگوترێت (رێگەی داخراو) سەرەنجامیش حزب بەستراوەتەوە بەو مانۆرەی كە بە هاوپەمانیەكەوە گرێدەداتەوە، بەجۆرێكە (ئازادی جوڵەی) لێ سەندۆتەوە ئەمەش باردۆخێكی دروستكردووە ئەندامانی حزب هەست بە ئارامی و دڵنیایی ناكەن.ئەم باردۆخە پێویستی بەكارێكی دوورو درێژە لە پێناوی گێرانەوەی متمانە و سەیركردنی ئاییندە بە گەشبینیەوە.
3- نوێبوونەوەی كادرەكان
یەكێك لە لایەنە خراپەكانی وەرگرتنی دەسەڵات، بڵاوبونەوەی گەندەڵی و یاریكردنە بە یاساكان بۆ مەبەستی تایبەتی، ئەمە دەبێتە بنەمای نەمانی متمانە بەو حزبەی لە دەسەڵاتدایە، ئەمە باری ئەو پارتە كوردیانەیە كە دەسەڵاتیان وەرگرتووەو بەدەس گرفتی بێ متمانەییەوە دەناڵێنن.ئەم گرفتە هۆكاری بابەتی و كەسی هەیە، سەرباری ئەو دەستكەوتانەی حكومەت بەدەستی هێنابوون، بەڵام لە راستیدا نەتوانرا دەنگدەران بە بەرنامەكەی قانع بكرێن.
زۆربەی سەركردە حزبیەكان سەركۆنەی ئەم هەڵەیە ناكەن بەڵكو بەرگری لێدەكەن.بۆیە نوێكردنەوەی حزب واتە نوێكردنەوەی كادرەكانیش، ئەمەش واتە كادرە كۆنەكان گونجا و نین یان جێگەی متمانە نین بۆ دەستپێكێكی تازە، ئەمە بناخەی ئەو موناقەشە جدیە پێكدەهێنێت كە لەناوەوە دەكرێت هەتا ئەو كاتەی كۆنگرە گرێدەدرێت، ئەوكاتە ئەوە ئەركی كۆنگرەیە و ئەركێكی ترسناكیشە كە ئەو سەركردانە دەستنیشان بكات كە جێگەی متمانەن، بۆ ئەوەی دەست بە سیاسەتێك بكرێت كە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و بەرەو پێشەوە چوون لە خۆی بگرێت.
4- نوێكردنەوەی رێكخراوەیی
باردۆخی تازە خۆی لەسەر حزب فەرز دەكات، بەوەی موناقەشەیەكی هێمن و قووڵ سەبارەت بە نوێكردنوەی هەیكەلی رێكخراوەی حزب دەستپێبكات، بۆئەوەی ببێتە بە دیهێنەری دیموكراتی لەناو حزبدا، حزب وەك حزبێكی جەماوەری پێویستە لەسەری متمانەی ئەندامەكانی وەربگرێت و بەشداری دیموكراتیانە بۆ هەموو ئەندامانی لە چالاكی و بریارەكانی حزبدا رێكبخات، هەروەها پێویستە لەسەر سەركردایەتی حزب كار بۆ بەرەو پێشبردنی چەمك و راو بۆچوونەكان بكات بۆ ئەوەی بواری ئەوە برەخسێت، ئەندامانیش بەشداری موناقەشەكان بكەن.
بەم شێوازەی نوێكردنەوە، دەتوانرێت حزب جارێكی دیكە سەركەوتن بەدەست بهێنێتەوەو متمانەی زۆربەی هاوڵاتیان بەدەستبێنێتەوە.