دینامكیەتی حزبی سیاسی ئاراستەی
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
بەمجۆرە حزبی سیاسی پێگەیەكی گرنگی لە هەیكەلی سیستمی سیاسیدا هەیە، بەڵام چۆن دەتوانێت پارێزگاری بەو پێگە گرنگەیەوە بكات و بەردەوامی هەبێت؟ ئایا حزبی سیاسی دەتوانێت وەڵامدانەوەی بۆ گۆڕانكارییەكان و ئەو گوشارانە هەبێت كە لە كۆمەڵگەوە دەخرێتە سەری؟ ئایا هەموو پارتە سیاسییەكان هەمان توانایان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەو گوشارانە خۆیان بگونجێنن؟ ئایا ئەم تواناو گونجانە مانای ئەوەیە كە پێویستە حزبی سیاسی ناوە ناوە بەرنامەی خۆی بگۆڕێت؟ ئایا مانای ئەوەیە دەبێت حزبی سیاسی رێوشوێنی ریفۆرم لە چوارچێوەی بەرنامە و هەیكەل و بونیادی حزب وەربگرێت، هەتا بتوانێت بجوڵێت و چالاك بێت و سەرەنجامیش تایبەتمەندی دینامیكی وەربگرێت؟ دیسان پرسیارێكی دیكەی گرنگ سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە: كێ بەدەستپێشخەری ئەم گۆڕانكارییە هەڵدەستێت: سەركردایەتی حزبە یان قاعیدەی حزب؟
هەموو ئەم پرسیارانە گرنگن و شایستەی ئەوەن لەلایەن تۆژەرانی زانستی سیاسەتەوە بایەخیان پێبدرێت، بە تایبەتیش لە كۆمەڵگە دواكەتووەكاندا، كە بەدەست كێشە پەیوەندارەكان بە پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئابووری وكۆمەڵایەتی و سیاسی دەناڵێن و دەیانەوێت قۆناخی ئینتیقالی تێبپەڕێنن، هەربۆیە تێبینی ئەوە دەكەین كە لەمجۆرە كۆمەڵگایانە رۆڵێكی تازە و پێویستی حزبی سیاسی سەرهەڵدەدات، ئەویش بەشداری حزبە بۆ نوێكردنەوەی ئەو كۆمەڵگایانە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا حزبی سیاسی لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا دەبێتە ئالەتێك بۆ نوێبوونەوەی سیاسی یان نە ؟
حزبی سیاسی گردبوونەوەیەكی نەرمی كۆمەڵێك تاكە كە بە كۆمەڵێك پەیوەندی پێكەوە گرێدراون، (یاسای و نایاسای) ئامانجیان جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەیە كە لەبەرنامەی حزبدا هاتوون، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا، لێرەدا هەیكەلەی حزب رۆڵێكی كاریگەر بۆ تەفعیلكردنی بەرنامەی حزب دەگێڕێت، ئەمەش بەو مانایە لە پێناوی جێبەجێكردنی بەرنامەی حزب ئەوا پێداویستیەكی بابەتییە كە هەیكەلی حزب بەهێز بكرێت (بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حزب، ناوەندەكان، رۆڵی ئەندامان لە ناو حزبدا).
لە چوارچێوەی حزبیشدا دوو جۆر لە هەڵسوڕاوی سیاسی هەیە:
- كادرە هەڵسوراوەكان لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی حزب.
- ئەندامەكانی دیكە كە گرنگن و لە رێكخراوەكان و یەكێتییەكان وگروپەكانی بەرژەوەندی و گوشار و فیكر كاردەكەن.
ئەمانە كاردەكەن و لەناو چوارچێوەی هەیكەلی حزبدا كارلێكدەكەن،
(بونیادی رێكخستنی حزب)كە دەكرێت تەسك بێت یان فراوان بەمجۆرە:
1- چەمكی تەسك بۆ حزبی سیاسی:
ئەم چەمكە بەوجۆرە سەیری حزب دەكات كە تەنها جەخت دەكاتە ئەندامانی حزب كە پێی یاسا دیاریكراون سەرەنجامیش پاپەند دەبن بە (یاسای پارتە سیاسییەكان) لە میانەی رێكخستنی چالاكییەكانی حزب، سەركردەی حزبەكەش لە پیادەكردنی چالاكییەكانی خۆی پابەندە بەو یاسایە، بەجۆرێك ئەگەر یاساكە رێگریان بكات بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان بكەون لەناو بونیاد و هەیكەلەی حزبدا، ئەوا ناچار دەبن ستراتیژییەتی چالاكی خۆیان بگۆڕن بۆ ستراتیژییەتی جەماوەری كەمتر رێكخستنی كەمتر سەرەنجامیش بەرەو چالاكی كەمتر جەماوەری و كەمتر كاریگەر هەنگاو هەڵدەگرن.
2- چەمكی فراوان بۆ حزبی سیاسی:
بەپێی ئەم چەمكە حزبی سیایی بریتییە لە پێكەوە گرێدانێكی كۆمەڵایەتی هێزە سەرەكییەكان كە سەركردە بە تاكانەوە دەبەستێتەوە لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەكان، سەركردەكان لە نێوان خۆیاندا ململانێ دەكەن لە پێناوی ئەوەی كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی حزب هەبێت و كۆنترۆڵی بكەن، ئەمەش واتە دەركەوتنی ململانێی حزبی بەردەوام بۆ كۆنترۆڵكردنی حزب و ئیدارەی سیاسەتەكەی، بەمجۆرە رێكخستنی حزبی دەبێتە پیشاندانی ململانێ و سیراعی حزبی كە دەرهاویشتەی هەوڵی هەڵسوڕاوانی ناوحزبە (كادرەكان)ە، بۆ ئەوەی شكست بە نەیارەكانیان بهێن و دەست بەسەر سەركردایەتی حزبدا بگرن.
ئەم چەمكی فراوانە بۆ حزبی سیاسی دینامكییەتی سیاسی حزب دیاریدەكات و، سەرەنجامیش تایبەتمەندی حزب دیاریدەكات، كە بریتییە لە كێشەی ناوخۆ بە پلەیەكی بەرز و هاریكاری گشتی بە پلەیەكی كەم، ئەم كێشەو ململانێیانە لە چوارچێوەی ئەو دینامكیەتەدا تەكتولاتی حزبی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت زیاتر لە گونجاندنی ناوخۆی حزب، سەركردەكانی حزب بەشێكی گەورەی لێپرسینەوەیان دەكەوێتە سەر لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا حزبهاوپەیمانییە لە نێوان سەركردە كە پەسەندی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی وا دەبینن سوودی هاوبەشیان دەبێت بە مانەوەیان لەگەڵیاندا، رێكخستن و هەیكەلی حزبی سیاسیش كار بۆ دەكات بەرێگەی كاری بەكۆمەڵ كێشەكان چارەسەر بكات و بەرێگەی پرانسیپی پێكەوە گونجان (التوافق) سەقامگیری بەدیبهێنێت، بۆ ئەوەی كاری بەكۆمەڵ بهێنێتەدی هەتا ئەگەر ئەفزەڵیاتی سەركردە جیاواز و هاودژیش بێت، لەگەڵ ئەم رۆڵە گرنگەی رێكخستن و هەیكەلی حزبی سیاسی، بەڵام سەركردەكانی حزب ململانێ لە نێوخۆیاندا دەكەن، بۆ ئەوەی هاریكاری ناو حزب لەگەڵ ئەفزەڵییەتەكانی خۆیان بگونجێنن. (كە لەگەڵ ئەفزەڵییەتی ئەوانی دیكە جیاوازی هەیە) بۆئەوەی ئاراستەی حزب بەرەو ئامانج و بەرژەوەندییەكی دیاریكراو بەرێت.
باردۆخی ئێستای حزبی سیاسی و رۆڵی گرنگی لە ژیانی سیاسیدا لەگەڵ چەمكی تەسكی حزبی سیاسی ناگونجێت، (واتە چەمكی یاسایی حزب)،بۆیە ئاماژە بۆ بوونی سروشتی نەرمی حزب دەكەین.
ئایا سروشتی نەرمی حزبی سیاسی چییە؟
ئەم سروشتە نەرمەی حزب تۆژەری سیاسی (كانك) پێی دەڵێت:((هایدرۆلیكی رێكخستنی حزب)، بەجۆرێك حاڵەتی حزبی سیاسی بە ئاو دەچوێنێت كە چۆن هەوڵدات بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی لە هێزوكاریگەریدا.
لەناو حزبیشدا ئەو چەمكەی سەرەوە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر سەركردایەتی حزب یەكگرتوو بێت ریفۆرمەكانی حزب گەماڕۆ دەدرێت و سنورداردەبێت سەرەنجامیش حزب دووچاری حاڵەتی سڕبوون و وەڵام نەدانەوەی گۆڕانكارییەكان دەكاتەوە، پەیوەندییەكانی نیوان سەركردایەتی حزب، ئەو پەیوەندییانەن كە كارلێك دەكەن و بەردەوام دەبێت لە پێناوی كاركردنی پێكەوەیی، سەركردە ئیسلاحیەكان لە حزبدا لەسەریانە ستراتیژییەكان رێكبخەن و بیخاتە ناو چوارچێوەی دامەزراوەكانی حزبەوە، ئەم پرۆسەیە لەوانەیە سەركردەكان ناچار بكات كە لە میكانیزمی كاریگەرەوە بگۆڕێن بۆ هاوسەنگییەكی نوێ لە چوارچێوەی سەركردایەتیدا.
لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدا، ئایا چوارچێوەی رێكخستنی حزب دەتوانێت ئاكاری ستراتیژی سەركردەكانی حزب سنوردار بكات؟
چوارچێوەی رێكخستنی حزب، هێزو پشتگیری دەبەخشێتە ئەو رێڕەوەی سەركردایەتی حزب دەیگرێتەبەر،كاتێك ئەوان هەوڵی ریفۆرم دەدەن، ئەوا ئاست و پلەی ریفۆرم دەوەستێتە سەر ئەوخواست و داهێنانەی كە سەركردەكان بۆ بەدیهێنانی ریفۆرم پیشانی دەدەن.لەمبارەوە زانای بەناوبانگی سیاسەت (لوفن شتاین) دەڵێت: بە دەگمەن سەركردەكانی حزب شەڕی سیاسی و یاسایی لە پێناوی ئەو ریفۆرمانە دەكە كە زیان بەخۆیان و بە بەرژەوەندییەكانیان دەگەیەنێت.
لەم كێشەیەدا سەركردە سیاسییەكان هەموو هۆكارێكی بەردەست بەكاردەهێنن دژی ئەوانی دیكە وەك: (بەكارهێنانی هۆكاری دارایی، دەنگدان، دیموكراتیەتی راستەوخۆ، چوارچێوەی رێكخستنی حزب، ئەم سیراعە لەناو حزبدا لە پێناوی كۆنترۆڵكردنی چۆنییەتی ئاراستەو سەركردایەتی حزبە، ئەمەش مەسەلەیەكی گەوهەرییە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندی زاتیەتی حزب، بەڵام ئاسان نییە، بەپێچەوانەوە ئاڵۆزەو پێویستی بە میتۆدێكی تازەیە بۆ ئەوەی تێبگەین و پێڕەوی یاسای بۆ دیراسەتی حزب تێدەپەڕێنێت.
بەپێی ئەم میتۆدە تازەیە، حزبی سیاسی بریتیە لە كیانێكی بەكۆمەڵ و كوتلەی جیاوازی سەركردەی تێدایە بەستراونەتەوە بە پەیوەندییەكانی ناوحزب، بەڵام بە بەرژەوەندی جیاواز و هاودژەوە، لەناو ئەم سیراعەشدا، ئەوە روون نییە كام كوتلە یان باڵی حزب توانای قەناعەت پێهێنانی ئەوانی دیكەی هەیە وەك سەركردایەتی شەرعی بۆ حزب، ئەوەی جێگە تێبینییە لەم سیراعەدا ئەوەیە چوارچێوەی رێكخستنی حزب لەلایەن یاریزانە سەرەكییەكانەوە (سەركردەكان) رووبەرووی پشتگوێ خستن دەبێتەوە، ئەمەش لەبری ئەوەی ریفۆرم بكرێت، ئامانجی سەرەكی دەبێتە گەیشتنە دەسەڵات، كانك بەو جۆرە وەسفی ئەم باردۆخە دەكات و پێی دەڵێت (دۆڕان بۆ چوارچێوەی رێكخستنی حزب)).
ئەم پەیوەندییە یان ئەم پێكەوە بەستنەوەی نێوان ریفۆرم و هەیكەلی حزب (چوارچێوەی رێكخستنی حزب) ئەم تێبینیانە لە خۆی دەگرێت:
? ئاستی ریفۆرم چەند ئەقڵانی بێت، ئەوا هەیكەلەی حزب هەمیشە بەپێی ئامانجەكانی دەجوڵێت، نەك بە هاندەری ریفۆرم، ئەمەش مانای ئەوەیە هەیكەل و بونیادی حزب زۆرجار ئاستەنگە لەبەردەمی ریفۆرم.
ئاكامی چاوەڕوانكراوی دینامكیەتی حزبی سیاسی بەمجۆرەیە:
? سیراعی حزبی كاتێك دەستی پێكرد، ئەوا لە ناو جومگە و دامەزراوەكانی حزب بڵاودەبێتەوە.
? حزب چەند باڵێك لە خۆی دەگرێت، هەموو باڵەكان سوود لە هاریكاری یەكتری وەردەگرن، بەڵام لە هەمانكاتدا هەر باڵێك لە پێناوی بەدیهێنانی ئەولەویەتە تایبەتییەكانی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێت.
? حزبی سیاسی بریتییە لە هاوپەیمانییەكی نەرم لە نێوان سەركردە حزبییەكان كە هەندێك جار پێكەوە كاردەكەن و هەندێك جاری دیكە دژی یەك.
? ریفۆرمی حزبی ئەگەر جێبەجێ بكرێت، ئامانجی ستراتیژی بەدیدەهێنێت، بەڵام ئامانجی ریفۆرمی بەرفراوان بەدەست ناهێنێت.