11ی سێپتەمبەر لە نێوان بوش و ئۆبام&

11ی سێپتەمبەر لە نێوان بوش و ئۆبام&
ئەمساڵ یادە كارەساتاوییەكەی تاوانی 11ی سێپتەمبەری ئەمەریكا ساڵی 2001، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، هەتا رادەیەك بە بێ دەنگە دەنگ و هاتوهوریاو رێورەسمی شایەستە بەڕێوەچوو. تەنیا شتی گەورە وتارەكەی سەرۆك باراك ئۆباما بوو لە وەزارەتی بەرگری لە رۆژی یادەكەدا. هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هۆی ساردوسڕییەكە ئەوەیە كە یادەكە كۆن بووەو مرۆڤایەتی توانستی ئەوەی نەماوە لەناو جەنجاڵیی جیهانی ئەمڕۆدا، خۆی خەریكی یادكردنەوەی یادگارە ناخۆشە كۆنەكان بكاتەوە.
هەندێكی دیكە لە چاودێران وای لێكدەدەنەوە كە جیهان لە ساڵی روودانی تاوانەكەی نیۆیۆرك و واشنتۆن بە سەرەوە، ئەوەندە كارەساتی گەورەو جەرگبڕو خوێناوی بەخۆیەوە دیوە كە ئیتر یادگارەكانی ئەو رۆژە شوومە لە مێشك و خەیاڵی گەلاندا كاڵ بۆتەوە، كەچی هەندێكی دیكە كە من بۆ خۆم یەكێكم لەوانە، پێیان وایە ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما، بە دەستی ئەنقەست ئەمساڵ بایەخێكی گەورە بە یاد كردنەوەكە نادات. هۆیەكەیش ئەوەیە نایەوێت جیهانی موسوڵمانان بترسێنرێت و سەر لە نوێ بخرێتە دڵەڕاوكێی ئەوەی كە ئیتر ئەمەریكا هەرگیزاو هەرگیز یادی واشنتۆن و نیۆیۆرك، ئینجا تۆڵەی ئەو یادە لە بیر ناكات و هەمیشە هەوڵ دەدات لە ژێر پەردەی شەڕی دژە تیرۆر شەڕی ئایین و دوژمنایەتیی كردنی ئایینی لە دژی گەلانی موسوڵمان درێژە پێ بدات.
بە هەر حاڵ، لەوەتەی سەرۆك ئۆباما هاتۆتە كۆشكی سپی لە كانوونی دووەمی سەرەتای ئەمساڵدا، لاپەڕەكانی شەڕی دژەتیرۆر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆڕانێكی بنەڕەتیان تێكەوتووە. لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو جۆرج بوش تیرۆر بە گەورەترین مەترسی لە قەڵەم دەدرا لە سەر ئاستی جیهانیدا. سەرۆك بوش بڕیاری ئەوەی دابوو بە شێوازی سەربازی و لە رێگەی شەڕی دەستپێشخەرانەو بەكۆكردنەوەی هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی لە دەوری ئەمەریكا، لە بەرامبەر مەترسییەكانی تیرۆر بووەستێتەوەو بنەبڕی بكات. لەم پێناوەدا ئەمەریكا بۆ شكست پێهێنانی تیرۆر دوو شەڕی گەورەی ئەنجامدا: یەكەم، شەڕی ئەفغانستان لە دژی بزووتنەوەی تالیبان و دووەم، شەڕی ئازادیی عێراق لە دژی رژێمی پێشوو. ئەم دوو شەڕە تا ئێستاش بەردەوامیان هەیەو تا ئێستاش خوێن و ماڵكاولییەكی زۆریان لێدەكەوێتەوە.
بێجگە لە باجی شەڕ، سیاسەتەكانی بوش گرژییەكی زۆریان خستە ناو بونیادی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی جیهان، پشێوییەكی زۆریان بۆ پێگەی ئەمەریكا دروست كرد چ لە ناو تەواوی سیستەمی سیاسیی جیهان و چ لە ناو سیستەمی سیاسەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ لە سەر ئاستی جیهانی موسوڵمانان و عەرەب. سیاسەتەكانی سەرۆك بوش هەتا بڵێی ئەمەریكای لە جیهاندا ناشرین كرد. زیانێكی زۆری ئابووری و بازرگانی و سیاسیی و دیپلۆماسی بە وڵاتەكەی گەیاند. كاری زۆر باشی كرد، وەك رزگاركردنی عێراق لە دەست دڕندەترین رژێمی دیكتاتۆری، بەڵام پڕیشكەكانی شەڕی تیرۆر دیار بوو سووتێنەر بوون. لە جەوهەردا، هەموو ئەو زیانانە بە لای ئیدارەی سەرۆك بوشەوە كاتیی بوون و لە مەودایەكی زەمەنیدا ئاسەوارەكانیان نەدەمان مادامەكی ئامانجە سەرەكییەكەی شەڕو پشێوی بنەبڕكردنی تیرۆر بوو.
لە پێناو ئامانجی شكست پێهێنانی تیرۆرو رێگە گرتن لەوەی ئاگرە نەگریسەكانی تیرۆر نەگاتە پاوانی ناوەخۆی ئەمەریكا، سەرۆك بوش هەرچییەكی لە دەستهات و لە دەسەڵات بوو كردی. زۆربەی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەویشی دەكردن سەربازی بوو. لەو بەرامبەرەدا تیرۆریش لە باری خۆیەوە، زیاتر خۆی كۆكردەوەو زیاتر كەوتە وێزەی مرۆڤایەتی و گەلان.
دیارە ئەمەریكییەكان دوای هەشت ساڵ لە 11ی سێتەمبەر گەیشتنە قەناعەتی ئەوەی كە لە ناوبردنی تیرۆر هەر تەنیا بە چەك و توندوتیژی و شەڕ ناكرێت. بەڵكو راستتر ئەوەیە سیاسەت و دایەلۆگ و شێوازی دیپلۆماسی گۆڕانە سەرەكییەكەی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر بێت، بۆیە ئەوەندەی نەبرد ئۆباما هاتە كۆشكی سپی. هاتنی ئۆباما سەرەتای وەرچەرخانێكی گەورەبوو لە پێوانەكانی شەڕی دژەتیرۆر. یەك لەو وەرچەرخانانە ئەوە بوو ئیتر دایەلۆگ بكرێتە دروشمی ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی جیهان. وتارەكەی ئۆباما بۆ جیهانی موسوڵمان لە قاهیرە لە مانگی ئابی رابردوو نیشانەیەكی گرنگی ئەو رێبازە تازەیە بوو.
وەرچەرخانێكی دیكە، لە زمانی رووبەروونی تیرۆر بوو. ئەم دیاردەیە خۆی لەوەدا دۆزییەوە كە ئیتر واشنتۆن كەوتە بەكارهێنانی زمانێكی تازە لەبەرامبەر جیهانی موسوڵمانان: زمانێكی نەرم و نیان، سادە و بێ گرێ. زمانێكی خاڵ لە بەكارهێنانی وشەی (تیرۆرو شەڕی دژە تیرۆر). ئەوەی راستی بێت، باگراوەندە موسوڵمانییەكەی ئۆباما و پێست رەشییەكەی و رەچەڵەكە ئەفریقاییەكەی یاریدەدەرێكی گەورە بوون بۆ ئەوەی موسوڵمانان زۆرتر متمانەی پێ بكەن و متمانە بە سیاسەتی تازە ئەمەریكاو رۆڵی تازەی ئەمەریكا بكەن.
ئەوەی سەرۆك ئۆباما كردی، وەرچەرخان نەبوو لە ئامانجی سەرەكی، بەڵكو وەرچەرخانێكی بنەڕەتی بوو لە شێوازو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شەڕ. قەوارەی كارەساتەكەی 11ی سێپتەمبەر ئەوەندە گەورەو جەرگبڕ بوو كە ئیتر واشنتۆن نەیدەتوانی دەست لە شەڕی دژەتیرۆرو ئامانجی شكست پێهێنانی بەرەی تیرۆریستان هەڵبگرێت. بەڵام وەك لە رێگەی ئەزموونە چەند مانگییەكەی ئۆباما لە كۆشكی سپی دەردەكەوێت، ئەو شەڕە قابیلی گۆڕانە لە بواری ئامڕازو شێوەكانیدا. رەنگە لەم پێناوەدا، ئێران چاكترین نموونە بێت.
واشنتۆن لە ماوەی سەرۆكایەتی بوش دا هەمیشە تۆمەتی پشتگیریكردنی تیرۆری دەدایە پاڵ تاران، وای نیشان دەدا كە لە غەیری سزای نێودەوڵەتی و شەڕی سەربازی هیچ رێگەیەكی دیكە نییە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری مەترسییەكانی ئێران، بەڵام كاتێك ئۆباما هاتە كۆشكی سپی، هەر زوو كەوتە بانگەشەی دایەلۆگ لەگەڵ ئێران. دەست هەڵگرتن لە بەرنامەی ئەتۆمی و لە سیاسەتی پشتگرتنی تیرۆر هەر بە دوو داواكارییە سەرەكییەكەی ئەمەریكا مانەوە بەرامبەر بە ئێران، بەڵام شێوازەكانی چارەسەركردن گۆڕانیان تێكەوت.
نموونەیەكی دیكە ئەوە بوو كە ئەمەریكا لەرێگەی چەند دەوڵەتێكی هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەكەدا، سەعودی و ئیمارات، كەوتە هەوڵوتەقەللای ئەوەی بەڵكو دایەلۆگێك لە نێوان كابول و تالیبان دروست بكات. تا ئێستا ئەنجامەكانی ئەو شێوازە سیاسییە روون نییە چ لەگەڵ ئێران و چ لەگەڵ تالیبان و بگرە چ لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانیش. بەڵام بە گشتی ئەو رێبازە گەورەترین وەرچەرخان بوو كە ئۆباما لە بواری شەڕی دژە تیرۆر هێنایە كایەوە.
لەم بازنەیەدا، زۆر لە چاودێران بە چاوی گومانەوە سەیری سیاسەتەكەی ئۆباما دەكەن و پێیان وایە تیرۆر، وەك سەرۆكی پێشوو بوش دەیگوت، تەنیا بە شەڕ لە ناو دەچێت، بەڵام ئۆباما وای لێكدەداتەوە كە لە جیاتی بەرپاكردنی شەڕێكی خوێناوی و بەرفراوان وا چاكترە سەرەتا كاری زۆرتر بۆ ئەوە بكرێت كە سەرچاوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی تیرۆر وشك بكرێت. هەوڵی چارەسەر كردنی سیاسییانەی كێشەكانی جیهان بدرێت بە تایبەتی كێشەی فەلەستینیەكان و ئیسرائیل و كێشەی لوبنان و كێشەی ئێران. تەنانەت لە بواری عیراقیشدا ئۆباما زۆرتر ئەوەی پێ چاك بوو كە هەتا زووە هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە بكشێنرێتەوەو پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی پەرەی پێ بدرێت و، هەموو پێكهاتەكانی عێراق بخرێنە ناو چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسییەوە. تاكە وڵاتی ئالوودە بە دەردی تیرۆر كە پێویستە هەموو توانایەكی سەربازی بۆ تەرخان بكرێت، بە لای ئۆباماوە، ئەفغانستانە.
جیاوازییەكی دیكە لە نێوان تێڕوانینی بوش و ئۆباما بۆ مەسەلەی شەڕی دژەتیرۆر، لەوەدایە كە بوش پێی وا بوو هەر كەس و دەوڵەتێك لەگەڵ ئەمەریكا نەوەستێتەوە لە بەرامبەر تیرۆر، ئەوا مانای وایە ئەو كەس و دەوڵەتە دوژمنەو خۆی لەگەڵ تیرۆر ساغ كردۆتەوە، بوش بە ئاشكرا ئەم مەبدەئەی راگەیاند لە یەك لە وتارەكانی خۆی دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە كارەساتی 11 سێپتەمبەر. ئەم بۆچوونە توندەی بوش وای كرد چەندین دەوڵەت تووشی هێڕشەكانی تیرۆر بێن. لەولاوە هەموو عەیب و عارو كەموكورتییەكانی ئەو دەوڵەتانە بكەوێتە ئەستۆی واشنتۆن. لەمبوارەدا پاكستان چاكترین نموونەیە. كاتی خۆی سەرۆك بوش ناچاری حكومەتی پاكستانی كرد بەشداریی لە شەڕی ئەفغانستان بكات لەدژی رێكخراوی ئەلقاعیدەی تیرۆریست و بزووتنەوەی تالیبان، ئەوە بوو لە ئەنجامدا پشێوییە ناوخۆییەكان نەك تەنیا سەری ژەنەراڵ پەروێز موشەڕەفیان خوارد، بەڵكو بوونە هۆی تەقینەوەی دەیان كێشەو شەڕی ناوخۆیش لە پاكستان، هەروەها بوونە هۆی سەرهەڵدانی تاڵیبانی پاكستان.
كاردانەوەیەكی دیكەی تێڕوانینە توندەكەی بوش لە بەرامبەر شەڕی لە ناوبردنی تیرۆر ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی واشنتۆن لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكانیش خەریكی تێكچوون بوو. رووسیاو چین بە شێوەیەكی بەرچاو لە ئەمەریكا دووركەوتبوونەوەو لە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هەمیشە لەبەرامبەر هەڵوێستەكانی ئەمەریكا دەوەستانەوە. فەرەنسایش هەمان رەفتاری هەبوو. بۆیە تا دەهات شاڵاوی بوغزاندنی ئەمەریكا لە جیهان بە گشتی و لە ئەوروپا بە تایبەتی فراوانتر دەبوو. هەر ئەو شاڵاوە بوو دواتر سەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانی تۆنی بلێری خوارد. ئینجا زۆری نەبرد سەری سەرۆك بوش خۆیشی خوارد.
بە كورتی، تا ئێستاش لە سەرتاسەری جیهان و بە سەركردایەتی واشنتۆن شەڕ لە دژی تیرۆر بەردەوامە. 11ی سێتەمبەر ئەگەرچی وەك جاران بە گەرموگوڕی و هاواری تۆڵە یاد ناكرێتەوە، بەڵام یادگارەكانی تا ئێستاش لە زەینی مرۆڤایەتی زیندووە. ئەوەی لەم بوارەدا گۆڕانی بەسەر هاتووە، بە تایبەتی لە نێوان بوش و ئۆباما، تەنیا شێوازی شەڕەكەیە.
Top