دەنگ بە سەرۆك بارزانی و لیستی كو

دەنگ بە سەرۆك بارزانی و لیستی كو
هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان، چ لە سەر ئاستی پەرلەمانی و چ لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی، بایەخێكی ئێجگار تایبەتی و گرنگی هەیە. بگرە لە دیدی ستراتیژییەوە، هەڵبژاردنێكی زۆر چارەنووسسازیشە.
بایەخی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنە لەوەدایە كە قۆناغێكی گرنگ پێك دەهێنێت لە بواری قایم كردنی بناغە یاسایی و دەستووری و سیاسی و ئیدارییەكانی ئەزموونی فیدرالیی كوردستان. لە دوای ئەم هەڵبژاردنە، ئیتر كوردستان هەنگاوێكی گەورە بۆ پێشەوە دەهاوێژێت و وەك راستییەكی یاسایی و سیاسیی حاشا هەڵنەگر لە ناو بونیادی عێراق و ناوچەكەدا خۆی دەچەسپێنێت. هەر لەو سووچەوە دەتوانین بڵێین، بنیاتی ئابووری و باری بازرگانی و بەرنامەی ئیقراری دەستوورو گواستنەوەی كوردستان بۆ قۆناغێكی دەوڵەمەندی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غاز، لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن بە سەركەوتوویی، ئیتر پێ دەنێتە ناو دواڕۆژێكی تازەوە.
دووەم، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بە سەركەوتنی لیستی كوردستانی و تازەبوونەوەی سەرۆكایەتی بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی، وەڵامێكی گەورەی هەموو ئەو كەس و لایەن و دەوڵەتانەی دەوروپشت دەداتەوە كە دەیانەوێت رۆڵی كورد لە ناو عێراقدا لاواز بكەن و شەرعیەتەكەی گومانی تێبخەن و تەگەرەو كۆسپ بهێننە رێگەی بەرەو پێشچوون و چەسپانی یەكجارەكی. گومان لەوەدا نییە، كە ئەم هەڵبژاردنە، حەقیقەتە سیاسییەكەی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك حەقیقەتێكی بایەخدارو پڕ جووڵە دەچەسپێنێت و باری پەیوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروپشت بەرەو ئاقارێكی تازەی گەشەكردن و بەرەو پێشچوون دەبات.
سێیەم، وەڵامی هەموو ئەو ناوەندە شۆڤێنیانەی ناو عێراق دەداتەوە كە دەیانەوێت دەوری كورد لە ناو عێراقدا كاڵ بكەنەوەو بە سەر مافە دەستوورییەكانی باز بدەن. مەعلومە، ئەو ناوەندانە، ماوەیەكە كەوتوونەتە هەڵپەی ئەوەی كار بۆ، گوایە لاوازكردنی پێگەی سەرۆكی كوردستان جەنابی بارزانی دەكەن. بە عەقڵی ئەو ناوەندانە، چاكترین زەبر وەشاندن لە یەكێتی ریزی كورد لەوەدایە زەرەر بە پێگەی جەنابی سەرۆك بگەیەنن، چونكە بە لای ئەوانەوە، كوردوجەنابی سەرۆك یەك بونیادن. هەر لەمبوارەدا، پێیان وایە جەنابی سەرۆك كۆسپی گەورەی بەردەم جێبەجێكردنی پلانە رەشەكانی ئەوانە، بە تایبەتی لە بواری نەهێشتنی مادەی 140 و رێگە گرتن لە خاوەندارێتی كوردستان لە بواری نەوت و غازو نەهێشتنی پێشمەرگەو كەمكردنەوەی بودجەو رێگە گرتنی یەكجارەكی لە ئیقراركردنی دەستوور.
بەڵام، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، كاتێك كورد بە یەك دەنگ و یەك خواست و یەك باوەڕ، پڕ بە سندووقەكانی هەڵبژاردن هاوار دەكات: بەڵێ بۆ جەنابی سەرۆكی كوردستان مەسعود بارزانی، ئیتر هەموو پلانە رەشەكانیان شكست دەخۆن و كورد بە سەركەوتوویی لەو بەرەنگارییە سیاسییەی ناو عێراق، باڵا دەست ودڵ پڕ ئیمان و دەروون تیژی خۆشەویستی دەردەچێت.
چوارەم، لە بواری نێودەوڵەتیشدا، هەڵبژاردنی ئەمجارە سەركەوتنێكی گەورەو سەلماندنێكی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەو راستییەی كە دەڵێت: بەڵێ، كوردستان خەریكی دامەزراندنی دیموكراسییەكی راستەقینەو بەهێزە. خەریكی خۆ گونجاندنێكی ژیرانەو مەسئولانەیە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سیستەمە تازەكەی جیهان و مەسەلەی ئاشتی و سەقامگیری و بوژانەوەی ئابووری.
بە هەر حاڵ، ئەمڕۆ عێراق بە قۆناغێكی گەلێك دژوارو سەخت و زەحمەت تێدەپەڕێت. كۆتایی مانگی رابردوو، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە شارەكانی عێراق كشانەوە. وا بڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2011 تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە هەموو خاكی عێراق بكشێنەوە. ئەم حاڵەتە، پشێوییەكی سیاسی و ئەمنی زۆر ئاڵۆزی لە عێراق دروست كردووە. لە هەندێك ناوچەدا كردەوەی تیرریستانەو هێڕش و كوشت و بڕ سەر لە نوێ گەڕاونەتەوە. لە بەغدا، پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە حاڵەتێكی گەلێك خراپ و سەختدا دەژیێت و پێكهاتەكانی عێراق بە تایبەتی لە ناوەڕاست و خۆرئاواو خوارووی عێراق، تا دێ زۆرتر متمانەیان بە یەكتری نامێنێت و زۆرتر لە گۆماوێكی دیكەی شەڕی مەزهەبگەرایی نزیك دەكەونەوە.
زۆربەی چاودێران پێیان وایە سوپاو پۆلیس و دەزگاكانی ئاسایشی عێراق توانستی پاراستنی هێمنی و ئیستیقراری ئەمنیان نییە لە عێراقدا. هەندێك چاودێری دیكە ئاماژە بە تاوسەندنی دەسەڵات و نفووزی دەوڵەتانی دەوروپشت دەدەن لە ناو بارودۆخی ناوخۆیی عێراقدا. هەندێكی سێیەم، چاوەڕێی تەنگژەیەكی سیاسیی گەورەیانە لە بەغدا. لەم كاتەدا، هەڵبژاردنی كوردستان نەك تەنیا وەڵامێكی پتەوە بۆ بارە ئەمنی و سیاسییە خراپ و ئاڵۆزەكەی عێراق، بەڵكو دوو وەڵامی بەهێزی دیكەیش دەخاتە روو:
یەكەم، لە بواری ئەوەی كە ئەم هەڵبژاردنە دەریدەخات كە ئەزموونی كوردستان ئیتر ئەزمونێكە پێگەییوەو كامڵ بووەو توانستی لە سەر پێی خۆ راوەستانی تێدایە. دووەم، ئەلتەرنەتیڤێكی باشیش بۆ گەلانی عێراق دروست دەكات لە بواری ئەوەی كە ئەوانیش لە ئەزموونی هەڵبژاردنی كوردستانەوە فێر بن و هەوڵ بدەن هەڵبژاردنی داهاتوویان بەو شێوە رێك و پێكەی كوردستان بەڕێوە بەرن.
بۆیە، هەڵبژاردنی 25ی مانگ زۆر گرنگ و بایەخدارە. پێویستی بە بەشداری كردنی هەموو دەنگدەرێك هەیە. پێویستی بە ئیرادەو خواستی هەموو دەنگدەرێك هەیە. پێویستیی بەوەیە كە هەر دەنگدەرێك دەنگەكەی خۆی لە سندووقی هەڵبژاردن دا، بە شێوەیەكی مەسئولانە بەكار بهێنێت و لە بیری بێت دەنگدانی ئەو بەرپرسیاریەتییەكی مێژووییە و ئەرك و واجیبێكی نەتەوەییەو نابێت هەر وا بە فیڕۆ بدرێت. پێویستیی بەوەیە، دەنگ بۆ عەقڵ و ژیری و بەرپرسیاریەتی و كەلتوورو شارەزایی و لێهاتوویی بدات. دەنگ بە فاكتەرەكانی دامەزراندنی كوردستان و تەعمیر كردنی گوندەكان و بەرەو پێشەوە بردنی ئابووری و بەرز كردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵك بدات. پێویستیی بەوەیە خۆ دوور بگرێت لە كێشەی حزبی و تاكڕەوێتی و بەرچاو تەسكی و بە چاوی ئەوە سەیری مەسەلەكە بكات كە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەموو گەلی كوردستانەو، مایەی شانازیی هەمووانەو سوپەری بەرگریكردنە لە تەواوی مافەكانمان و ئەندازیاری ئەو هەموو پێشكەوتن و بوژانەوەیەیە كە لە كوردستاندا، لە هەموو بوارەكانی رۆژانەیی و ستراتیژییەكاندا دەیانبینین.
من لە باری خۆمەوە، بە پێی تاقیكردنەوەی نووسین و رۆژنامەنووسیم، بێ دوو دڵی، دەنگ بە جەنابی سەرۆك بارزانی و لیستی كوردستانی دەدەم. هۆی سەرەكی ئەوەیە كە پێموایە كوردستان تەنیا بە هەوڵ و كۆششی دڵسۆزانەی سەركردەیەكی بەرچاو روون و دڵسۆزو خەمخۆرو ژیرو دووربین و دڵفراوانی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی توانای راگرتن و گەشەپێدان و بەرەو پێشەوە بردن و دامەزراندنی كوردستانی هەیە. تەنیا لە سای یەكڕیزی و یەك خواستی و یەك هەڵوێستیی لیستی كوردستانیشدا، ئەو خاكەی دوژمنان چەندین سەدەیە بە خوێن دەیشێلن، توانای سەر لە نوێ هەڵسانەوەو بنیات نان و گەشەكردنی هەیە.
بۆیە، دەنگ بە جەنابی سەرۆك دەدەم و باوەڕم وایە، ئەم وڵات و خاكە شیرینەی لە سەختترین پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، خەریكی تەكانی پێشكەوتن و هەڵسانەوەو ژیان دروست كردنە، تەنیا لە سای ئەو سەركردە مەزن و شكۆدارەدا دەگاتە ئامانجە رەواكانی.
Top