چەند نقورچەیەكی دیكە

چەند نقورچەیەكی دیكە
* رۆژنامەی (رۆژنامە) لەژمارەی رۆژی30ی حوزەیراندا بە مانشێتێكی گەورە هەواڵێكی بڵاوكردۆتەوە كە تیایدا دەڵێ:((ئەمەریكا هاوكاری لیستە ركابەرەكانی هەڵبژاردن دەكات)) و گوایە ئەمە قسەی لویس تاملن-ی سەرۆكی تیمی ئاوەدانكردنەوەی ئەمەریكایە.
من ئەو هەواڵە بە درۆ ناخەمەوە، بەڵام تەنیا ئاماژە بە روونكردنەوەیەكی خودی لویس دەكەمەوە كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە رۆژنامەی(رۆژنامە) بڵاوی كردۆتەوە كە تیایدا هاتووە:((ئەوان پشتیوانی لە هیچ لیستێك ناكەن)). هەروەها دەڵێ: ((ئەو پڕوپاگەندانانەی دەكرێن راست نین و ئێمە پشتیوانی لەسەركەوتنی دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەسەركەوتوویی دەكەین لە هەرێمی كوردستان)).
* رۆژنامەی(رۆژنامە) و هەندێ سایتی سەر بەو رۆژنامەیە بەیاننامەیەكیان بەناوی(48) رۆژنامەونووسی هەولێر بڵاوكردۆتەوە و گوایە ئەمانە دژی دەنگدانن بە دەستووری هەرێم.
بۆ ئاگاداری هەموو لایەك 23 كەسی ناو ئەو لیستەی كە ناویان لە خۆناوە رۆژنامەنووسانی هەولێر، ئەسڵەن رۆژنامەنووس نین و ئەوانیتریش رۆژنامەنووسی ناسراو نین كە زۆربەیان كارمەندی كۆمپانیای(وشە)ن.
هەروەها لە ژمارەی رۆژی 1ی تەمموزیش رۆژنامەی (رۆژنامە) هەواڵێكی تری بڵاوكردۆتەوە كە گوایە 39 ئەندازیار بڕیاریان داوە دەنگ بەدەستوورەكە نەدەن.
باشە ئەو رۆژنامەیە لە خۆی ناپرسێ كە ئەو 39 ئەندازیارە لە كۆی ئەندازیارانی هەولێر دەبێ رێژەیان چەند بێ؟ بە باوەڕی من لە 1%یش تێپەڕناكات..!! هەروەها سەبارەت بە پارێزەرانیش.
* نەوشیروان مستەفا كە سەرۆكی لیستی گۆڕانە، وا رەفتار دەكات وەك ئەنەهو ئەو نوێنەری خەڵكی كوردستانە و هۆشداریشیان دەداتێ كە گوایە خەریكە لە كوردستان دیكتاتۆرێكی بچووك سەرهەڵدەدا.!! بەبێ ئەوەی هەست بەوە بكات كە بەم رەفتارانەی خۆی ئەو خەریكە خۆی بكاتە دكتاتۆر. لەوەتەی ناوی لیستەكەی راگەیاندووە كەس نەماوە دژایەتی نەكات، هەر لە لیستی كوردستانییەوە تا دەگاتە لیستی چوار حزبەكە كە تا دوێنێ بە شان و باڵیانی هەڵدەدا، ئەو دژایەتیشی بۆ ئەو چوار حزبە پاش ئەوە هات كە ئەو چوار حزبە دەنگیان بە دەستوورەكە داو و داواشیان لە لایەنگرانی خۆیان كرد كە لە رۆژی راپرسییدا دەنگ بە دەستوورەكە بدەن.
م. سەڵاحەدین بەهائەدین سەرۆكی لیستی چاكسازیی و خزمەتگوزاریی و ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی(ئاوێنە) سەبارەت بە رەفتارەكانی لیستی گۆڕان دەڵێ:((هەڵمەتی لیستی گۆڕان یاریكردن بە سۆز و خرۆشاندنی زۆری تێدایەو زۆرجار روشاندنیشی تێدەكەوێت و زۆر موبالاتی نییە بەوەی ئەو روشاندنە كێی بەر ئەكەوێ)).
هەروەها دەڵێ:(ئەوان تەنها حسابی نارەزاییەكان دەكەن و حسابی ئەوە ناكەن كێ ئەگۆڕێت بەكێ؟)).
من نازانم نەوشیروان مستەفا بە چ حیساباتێك دژایەتی ئەو هەموو لیستانە دەكات و بە چ حساباتێكیش لە جیاتی میللەت قسەو بڕیار دەدات؟ ئایا ئەو رازییە لەو هەموو جنێودانەی كە بەرامبەر هەندێك سەركردە و خەڵكی هەولێر دەدرێ؟.
لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی KNN دا جوێن بەسەركردە دراوە، ئەندامێكی لیستی گۆڕانیش لە بەرنامەیەكی رادیۆی نەوادا خەڵكی هەولێری بەدواكەوتوو وەسفكرد و گوتی: هەر بەدواكەتوویش دەمێننەوە..!! ئەم قسە و جوێندان و سوكایەتی كردنە چەند قسەیەكی خودی سەرۆك ئەو لیستەیان وەبیرهێنامەوە كە نەك هەر بەرامبەر بە هەولێر، بەڵكو بەرامبەر بەكەركووك و بادینان و هەتا بەشێكی سلێمانیش لە ساتەوەختانێكدا كردبووی، وەك ئەوەی بادینی كورد نین، یان كەركووكییەكان بابچن بەرگری لەخۆیان بكەن و هەولێر چ شوێنێكی پیرۆزە تا شەڕی لێ نەكرێ و .. تاد، باشە كەسانێك ئەو هەموو قسەیە بكەن و كەركووك بە هی خۆیان نەزانن و هەولێر بە پیرۆز نەزانن و بادینانیش بە كورد نەزانن، ئیتر پێم ناڵێن ئەوانە نوێنەرایەتی كێ دەكەن؟.
* سەرۆك لیستی وا هەیە لەسەرەوە شتێك دەڵێ و لە بنەوەش شتێكی تر، لەسەرەوە(لەمیدیا و پەیام و چاوپێكەوتنەكانیدا) رەخنە لە سیستەمی حوكمڕانی كوردستان دەگرێ و لە بنەوەش لە ڕێی چەند كەسانێكەوە پەیام بۆ سەرۆك بارزانی دەنێرێ و بە هێماو سونبلی خەبات و بەرخۆدانی دەدانێ، ئەوەی لەلای من سەیرە ئەوەیە كە رۆژنامەیەك خۆی لەسەر ئەو لیستە ساغ كردۆتەوە دێت و بە مانشێتێك ئەوە بڵاودەكاتەوە كە فلانەكەس ئامادە نەبوو لەگەڵ مسعود بارزانی كۆبێتەوە...!!
* نووسەرەوەیەك كە سەرنووسەری گۆڤارێكە و ئێستا ئەویش خۆی لەسەر لیستی گۆڕان ساغ كردۆتەوە، لە نووسینێكیدا داوا لە دەنگدەران دەكات كە دەنگ بە شەقام و باڵەخانە و پرد نەدەن، چونكە ئەوانە بە پارەی میللەت دروستكراون و ئەركی سەرشانی حكومەت بووە كە ئەو هەموو شەقام و پردو باڵەخانەیە دروست بكات، ئەگەر دروستیان ناكات با گۆڕەپانەكە بۆ خەڵكانێكی تر چۆڵ بكات..!! هەروا دەڵێ كەیفم بەوە نایەت دەنگ بە سەلەفییەت بدرێ و مەبەستیشی لەمە دیارە كە ئەو سەلەفیانە كێن..!!
خۆشیەكە لەوەدایە، ئەم نووسەرەوەیە دان بەوەدا دەنێ كە بەڵێ شەقام و باڵەخانە و پرد و شتی تر دروست كراون، بەڵام نابێ ئەوە ببێتە پێوەر بۆ ئەوەی دەنگ بە لیستی كوردستانی بدرێ.
بەخوای سەیرە، لەلایەك داوا لە خەڵكی دەكەن دەنگ بە بەرنامەو خزمەتگوزاری بدەن و لەلایەكیش داوا دەكەن كە دەنگی پێ نەدەن، بە بیانووی ئەوەی كە ئەمە ئەركی حكومەتە.
باشە ئەگەر خەڵك دەنگ بە بەرنامە و كاروچالاكییەكان نەدەن، ئەی دەنگ بەچی بدەن، بەتێكدان و نانەوەی ئاژاوە و قسەی هەلەق و بەلەق و جنێودان و وروژاندنی ناحەزانی كوردستان، وەك ئەوەی كە ئێستا لە مەسەلەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت..؟
* ئەوەی سەیری هەڵوێستی سیاسەتكارانی بەغدا بكات، بەتایبەتی ئەوانەی كە لە رۆژنامەو گۆڤارەكانی بەغدا بڵاو دەكرێنەوە، هەست بە پیلانێك دەكات كە لەبەرامبەر دەستووری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، عەرەبەكانی كەركووك و بەرەی توركمانی و هەندێ كەسایەتی شۆفینی وەك ئوسامە ئەلنجێفی و هەتا هەندێ لە هاوپەیمانانی خۆمان خەریكە بەرەیەكی دژ بەو دەستوورە پێك بهێنن و بۆ سەلماندنی بیروبۆچوونەكانیشیان سوود لە هەڵوێستی هەندێ لایەنی كوردی وەرگرتووە، بەتایبەتی لیستی گۆڕان.
بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەو لیستە هاریكارە لە دروستكردنی ئەو هەڵلایەی كە لە بەغدا بەرامبەر بەو دەستوورە پەیدا بووەو ئەو سیاسەتكارانەی بەغداش خوا خوایان بوو پشت بە شتێك ببەستن بۆ ئەوەی بیكەنە بیانوو و لە دژی دەستوورەكە بووەستن، سەیرە كە لەوەدایە ئەو سیاسەتكارانەی بەغدا دەستووری هەرێم بە دەستوورێكی جودا خوازی تۆمەتبار دەكەن و پێیان وایە كەركووك و شوێنە دابڕاوەكانی دیكەی خستۆتە ناو سنووری هەرێمی كوردستانەوە و داوای كوردستانی گەورە دەكەن كە ئەمەیش ئیهانەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەروا ئەو دەسەڵاتانەی كە دەستوور بە هەرێمی بەخشیووە زیاترە نەك هەر لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، بەڵكو لە دەسەڵاتی حكومەتێكی كۆنفیدراڵیش، ئەمە لە كاتێكدا لیستی گۆڕان یەك لەو تێبینیانەی كە لەسەر ئەو دەستوورە هەیەتی گوایە سنووری هەرێمی كوردستان پشتگوێ خستووە.
من نازانم كێ لەو دووانە راست دەكات، ئەوانەی بەغدا یان هەرێم؟ بەرای من هەق نەبوو ئەو لیستە بۆ بەرژەوەندی تەسكی خۆی تانە لەو دەستوورە بدات، چونكە بەم كارەی خزمەتی ناحەزانی گەلی كوردستانی كرد.
* هاووڵاتی و ستاندەر و بەرەو گۆڕان هەوڵێكیان بڵاوكردبۆوە كە گوایە دوو سیناتۆری ئەمەریكی هۆشدارییان داوەتە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردن كە دەبێ بەشێوەیەكی ئازادانە بەڕێوەبچێت و خۆشحاڵی خۆشیان بۆ سەرهەرڵدانی ئۆپۆزسیۆن و كارابوونی میدیای سەربەخۆ دەربڕیووە.
بەر لە هەموو شتێك ئەم قسانەی ئەو دوو سیناتۆرە لە نامەیەكیاندا بووە كە بۆ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەت نووسیووە و دەقەكەشی لە زۆربەی میدیا كوردییەكان بڵاوكراوەتەوە و ئەو سێ رۆژنامەیەش پشتیان بەو دەقە بەستووە، بەڵام پشت بەستنێكی چۆن؟.
ئەو سێ رۆژنامەیە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان چەند پەرەگرافێكی ئەو نامەیەیان بڵاوكردۆتەوە، واتە ئەو پەرەگرافانەی كە باسی ئازادی و سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن و كارابوونی میدیای سەربەخۆ دەكەن و پەرەگرافێكی زۆر گرنگتریان پشت گوێ خستووە، كە ئەو دوو سیناتۆرە تەئكیدیان لێ كردبۆوە و ئەو هەموو ئازادی و بوونی ئۆپۆزسیۆن و كارابوونی میدیای سەربەخۆیان بۆ خودی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم گەڕاندبۆوە.
لە دەقەكەدا هەر دوو سیناتۆر دەڵێن:(ئێمە خۆشحاڵین بە پەیدابوونی پارتی ئۆپۆزسیۆن و باسكردنی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی رەخنە گرانە لەلایەن میدیای سەربەخۆی كوردییەوە، كە ئەمەش هێمایەكی قوڵبوونەوەی دیموكراسییە لە كوردستان و ئەمەش بۆ رێبەرایەتی ئێوەی بەرێز دەگەڕێتەوە).
دەك زمانی ئەو سێ رۆژنامەیە لاڵ بێت كە هەموو شتە بچووكەكان دەبینن و لە ئاست قسەیەكی گەورەی وا دا خۆیان گێل دەكەن..!
ئایا ئەمە هەڵخەڵەتاندنی خوێنەر و جەماوەر نییە، تا كەی ئەو رۆژنامانە بەو شێوەیە رەفتار دەكەن، ئایا مافی بەرامبەر نییە سكاڵا لەسەر ئەو رۆژنامانە تۆمار بكات بەهۆی ئەو رەفتارە قێزەوەنەیان، نامەكە بریتی یە لە پشتگیری ئەو دوو سیناتۆرە، كەچی ئەو رۆژنامانە دێن و دەیخەنە قاڵبی ئەوەی كە گوایە هۆشدارییان داوەتە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
* تا ئێستا هەندێ لیست دەیانگوت هیچ مەترسییەكی دەرەكی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، ئەوەی لیستی كوردستانی دەیڵێ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، كەچی هەر لە رۆژنامەی(هاوڵاتی) چاوپێكەتنێك لەگەڵ ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی بڵاوكراوەتەوە كە دەڵێ:(مەترسی دەرەكی هەیە لەسەر ئەزموونەكە)، كەواتە كێ درۆی دەكرد لیستی كوردستانی یان ئەوان، خۆ ئەو لیستەی كە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی سەرۆكایەتی دەكات ركابەری لیستی كوردستانە.
* چوار كاندیدی سەرۆكایەتی هەرێم دانیشتنێكیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك كە تەنیا كەسێكیان بهێڵنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ركابەری بارزانی و لە بەرامبەردا د. كەمال میراودەلی كە یەكێكە لە كاندیدەكانی بۆ ئەو پۆستە رایگەیاند كە ئامادە نییە بكشێتەوە بۆ سێ كاندیدی تر، حوسێن گەرمیانی كە ئەویش خۆی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە پێی باشە كە هەر ئەو بمێنێتەوە چونكە بە قسەی خۆی میراودەلی 35 ساڵە كوردستانی بەجێهێشتووە و تەنیا لە رێگەی هۆكارەكانی پەیوەندیكردنەوە ئازارەكانی وڵاتەكەی بینیووە، ئەگەر دەرنەچێ ئەوا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، كاك سەفینیش بازرگانە و نەمدیوە بازرگان بێتە ناو سیاسەتەوە، ئەویش ئەگەر دەرنەچێت دەچێتەوە ناو كاری بازرگانی لەگەڵ بەرپرسان، كاك هەڵۆش رەگەزنامەی بەریتانی هەیە و ئەگەر دەرنەچێ دەگەڕێتەوە بەریتانیا.
وەرە سەیری ئەو مەهزەلەیە بكە، هەریەكەو بۆخۆی رادەكێشێ، هەر لە ئێستاوە كەوتوونەتە گیانی یەكتر، كە یەكێكیان هەر بە قسەی خۆی هەتا براكەی لە دژیەتی و دەڵێ:(تەنانەت برای خۆم عەتفی لەگەڵ كاك مەسعوودە) و دەشڵێ ئەگەر ئەو سێ كاندیدە خۆیان بكشێنەوە من وەعدەیان پێ دەدەم كە پاش ئەوەی دەبمە سەرۆكی هەرێم هەرسێكیان دەكەمە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران..!! ئەو ئەنجوومەنە پیرانەی كە نە لە بەغدا بوونی هەیە و نە لە كوردستان..!!
Top