(6) نقورچە

(6) نقورچە
* هەر یەكێك لە ئێمە مانانان ئەگەر سەیری ئەو وتارو ریپۆرتاژانە بكات كە لەو میدیایانە بڵاو دەكرێتەوە كە بەخۆیان دەڵێن ئەهلی، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ كە ئەو میدیایانە راستە ئەهلین، بەڵام بێ لایەن نین و (حی علی الصلاة) پشتگیرییەكی تەواو لە لایەنێكی سیاسی یان لیستێك دەكەن، نەك هەر ئەوە و بەس، بەڵكو پشتگیری لەو لیستانەش دەكەن كە بە ئاشكرا دژایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن..!!
* هەواڵێكم لە رۆژنامەیەكی ئەهلی ..!! خوێندەوە كە تیایدا هاتبوو:( بەرامبەر سووربوونی بارزانی لەسەر تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی كوردستان رۆژنامەكانی ئاوێنە و هاوڵاتی و گۆڤاری لڤین بایكۆتی كۆبوونەوەیەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن).
پێم سەیرە رۆژنامەیەك یان گۆڤارێك كە خۆی بە ئەهلی و سەربەخۆ دادەنێ و بایكۆتی كۆبوونەوەیەكی وابكات، من زانیومە حزبێكی سیاسی یان قەوارەیەكی پەرلەمانی بایكۆتی كۆبوونەوەیەك دەكات، بەڵام نەمزانیوە رۆژنامە و گۆڤاریش ئەوە دەكات، ئەگەر ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە بە فیعلی سەربەخۆ بان ئەو كارەیان نەدەكرد، چونكە ئەركی رۆژنامە و گۆڤاری سەربەخۆ ئەوەیە كە گوێ لە هەموولایەك بگرێ، نەك تەنیا لایەنێك كە بەهەموو پێوەرێك رێژەیەكی كەمی ئەو هەرێمە پێك دەهێنێ، ئایا دەكرێ لە سیستەمێكی دیموكراتدا كەمینەیەك خۆی بە نوێنەری میللەت دابنێ؟ خۆ ئەو دەستوورە راپرسی لەسەر دەكرێ، ئیتر بۆ هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی راپرسییەكە نەكەین؟ ئەگەر زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەنگیان بۆ دا، دەبێ ئەو كەمینەیە رێز لە ئیرادەی ئەو زۆرینەیە بگرێ.
* گۆڕانی هەڵوێستی چوار حیزبەكە بەرامبەر بە دەستوور بۆ بەسازش حیساب بكرێ؟ من بەرگری لەو چوار حیزبە ناكەم، بەڵام تۆمەتی سازشكردن دیارە بووەتە هەرزانترین دیاردە لەلایەن ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە كە ناومان بردن، بۆ نموونە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەهلی دەڵێ: (كەلە كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بارزانیدا چوار حیزبەكە سازشیان لەسەر ئەو هەڵوێستەی پێشوویان كرد كە پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت كە دەبێت دەستوور لە پەرلەمانی ئایندەدا بڕیاری لەسەر بدرێت).
خۆ هەمان ئەو رۆژنامەیە قسەیەكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەك لەو حزبانە بڵاوكردۆتەوە كەدەڵێ: ((ئێمە وەكو لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی كۆمەڵێك داواكاریمان هەبوو لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دەستوورییەوە تەسبیت كرا، ئێمەش رازیبووین بە دەستوور و لە پەرلەماندا دەنگی بۆ دەدەین..)) و ئیتر هەر وابوو.
هەموومان ئەوە دەزانین كە دەستوور مایەی سەروەرییە و شورەی سەروەری هەر وڵات و هەرێمكە و هەر هاوڵاتییەكی ئەو هەرێمەش پێویستە بەو دەستوورە سەر بەرزبێ، نەك بێ و دژایەتی بكات و رێش بۆ حكومەتی فیدراڵ خۆش بكات كە ئەویش لە دژی بێت، بەڕاستی ئەمە یاریكردنە بە بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و بە هەموو پێوەرێكیش دژایەتی كردنی ئیرادەی ئەو میللەتەیە كە ناكرێ وا بە ئاسانی سەیر بكرێ، هەتا پاڵێوراوێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لە لێدوانێكیدا دەڵێ: (ئەگەر ببم بە سەرۆك، دەستوور هەڵدەوەشێنمەوە).
سەیرەكە لەوەدایە ئەو زاتە بەر لەوەی دەستوورەكە بخوێنێتەوە ئەو حوكمە دەدات، كەواتە مەسەلە مەسەلەی دەستوور نییە، بەڵكو دژایەتی كردنی هەموو شتێكە، دەربارەی نەخوێندنەوەی ئەو دەستوورەش لە پەرەگرافێكدا ئەو پاڵێوراوە دەڵێ:( زۆربەی خەڵكی كوردستان ئەو دەستوورەی نەخوێندۆتەوە، منیش نەمخوێندۆتەوە).
باشە كاكی برا مادام تۆ ئەو دەستوورەت نەخوێندۆتەوە ئەی چۆن پێشوەخت، بڕیار دەدەی كە ئەگەر بووی بە سەرۆك، دەستوور هەڵدەوەشێنێتەوە..؟
* لە رۆژنامەیەكی بەناو ئەهلی دا ستوونێكی زۆر سادەم خوێندەوە كە دەڵێ پارتییەكان نیگەرانن لەوەی رۆژ لە دوای رۆژ خەڵك لەیەكێتی جیا دەبنەوەو دەچنە پاڵ لیستی گۆڕانەوە و پێیان وایە كە پێویستە پارتی چاو بە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەی هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ یەكێتیدا بخشێنێتەوە..!!
من نازانم نووسەری ئەو ستوونەش چۆن زانی پارتییەكان لەو وەزعە نیگەرانن، ئایا پارتی وەك حزبێكی گەورەی ئەو كوردستانە ئەوەندە سادەیە كە خوێندنەوەی خۆی بۆ ئەو هەلومەرجە نەكردبێ و؟ لە راستی ئەو واقیعە تێنەگەیشتبێ؟
من بەدڵنیاییەوە بە نووسەری ئەو ستوونە دەڵێم: خوێندنەكانت دەربارەی ئەو مەسەلەیە زۆر سادەن و سیناریۆكانیشت هەر زۆر سادەترن، چونكە ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتییە نەبووایە ئەو دەستكەوتانەش بەدەست نەدەهاتن، كە ئەمڕۆ هەموومان شانازییان پێوە دەكەین، دەرچوونی ژمارەیەك كادیر لە ریزەكانی یەكێتی ئەوە ناگەیەنێ كە ئەو حزبە ئیتر كۆتایی پێ هاتووە، یان نەك هەر بووەتە حزبی دووەم بەڵكو سێیەمش وەكو ئەو زاتە نووسیویەتی.
ئێمە بەو شێوەیە سەیری مەسەلەكان ناكەین و بەو شێوە هەڵەیەش شت ناخوێنینەوە، ئێستاش لە قەناعەتی هەر پارتییەك دایە كە ئەو هاوپەیمانییە لەم بارودۆخەی كوردستان زۆر پێویستە، سەرەڕای هەڕەشەی ناوخۆ، هەڕەشەی دەرەكیشمان لەبەردەمە، ئەوانەی كە دەڵێن هیچ هەڕەشەیەك لەسەر ئەم ئەزموونەی خۆمان نییە، باسیر بخۆن و زۆڕنالێدەن، ئەوانە زۆرباش دەزانن كە ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن زۆرن، بەڵام بۆ چەند مەبەستێیكی تایبەت خۆیان لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە گێل دەكەن، خۆ یەكێك لەوانەی كە ئێستا پێی وایە كە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر ئەزموونی كوردستان نییە، بەر لە ماوەیەك و لە چاوپێكەوتنێكدا ئەوەی دركاندبوو كە بۆ ماوەی بیست ساڵی تر كوردستان لە بەردەم هەڕەشەدا دەبێ، كەواتە ئێستا بۆ ئەو راستییە سەرەو ژێر دەكرێ و خەڵكی پێ هەڵدەخەڵەتێندرێ..؟ بەڕاستی مەسەلەكە لەوەدا نییە كە پارتی سەنگی لە یەكێتی زیاتر بێ یان بە پێچەوانەوە، بەڵكو مەسەلەكە لەوەدایە مەترسی لە كاتێكدا روودەدات ئەگەر پارتی و یەكێتی كێشەیان هەبێت، بەڕاستی بارودۆخەكە وایە ئەمەیش بە حوكمی سەنگیان و قەبارەیان و هێز و توانایان، بۆیە هەرچەند ئەو دوو حزبە لە یەكتر نزیك بكەونەوە لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان دەبێ و خەڵكیش بە ئاسوودەیی دەژیت و ناحەزانیش ناتوانن لە حاڵەتی نا تەباییدا سوود لەو كەلێنە وەرگرن كە بەهۆیەوە دروست دەبێ.
هەندێ لیست هەر لە ئێستاوە پاساو بۆ ئەگەری دۆڕاندنیان دەهێننن و لە بڵاوكراوەكانیاندا هەڕەشەی یاخیبوونێكی شارستانیانە دەكەن و خۆشیان بە چاكسازیخوازەكانی ئێران دەشوبهێنن، هەتا كار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە رۆژنامەیەكیان بەراوردی نێوان هەڵبژاردنەكانی ئێران و كوردستان بكات و لایەنگرانی لیستێكی ركابەری لیستی كوردستانی بە موسەوییەكانی كوردستان ناوزەد بكات.
ئەوانەی ئەو بەراوردە دەكەن یان ئەوەتا لە سیاسەت تێنەگەیشتوون یانیش خۆیان گێل دەكەن، چونكە بە هەموو پێوەرێك ناكرێ ئەو بەراوردە بكرێ، ئێران وەزعێكی تایبەتی خۆی هەیە كەبەهیچ شێوەیەك ئەو وەزعە لە كوردستان بەراورد ناكرێ، خەڵك كەلەوێ داوای چاكسازی دەكەن بۆ ئەوەیە كە هیچ نەكراوە تەنیا ئەو بوودجەیەی كە ساڵانە تەرخان دەكرێ لەسەر تفاقی عەسكەری سەرف دەكرێ و خەڵكیش برسییەتی، بەڵام لە كوردستان وانییە و ماوەی هەژدە ساڵە ئەو هەرێمە ئاوەدان دەكرێتەوە، تۆ كە داوای چاكسازی دەكەی بۆ ئەوەیە كە هیچ نەكرابێ، بەڵام كە شت كرابێ بۆ ئەو هەموو شتە چاكانە دەسڕیەوە، هەموومان دەزانین زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان دژی ئەو سیستەمەی ئێرانە، كەچی هەر ئەو وڵاتانە پشتگیری لە كوردستان دەكەن، ئێران رێی نەدا چاودێران چاودێری هەڵبژاردنەكان بكەن، كەچی لە هەرێمی كوردستان دەسەڵات بەخۆی داوای ئەو چاودێرییە دەكات، كەواتە هیچ بیانووێك لە ئارادانییە تا ئەوانە بێن و خۆیان بە چاكسازخوازەكانی ئێران بشوبهێنن.
* مەترسی هەرە گەورە لەوەدایە كە هەندێ پاڵێوراو یان لیستی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا شتی ژەهراوی دەخەنە نێوان پارتی و یەكێتیشەوە، وەك ئەوەی كە رۆژنامەیەكی ئەهلی و لەسەر زاری پاڵێوراوێك بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بڵاوی كردۆتەوە كە گوایە یەكێتییەكان دەنگ بە بارزانی نادەن.
ئەوەی تێبینیم كردووە نەك هەر ئەمجارە، بەڵكو پێشتریش پەنا براوەتە بەر ئەو جۆرە وروژاندنە و مەبەستیش لەمە دروستكردنی دڵەراوكێیە لەلای پارتییەكان كە فیعلەن یەكێتییەكان دەنگ بە بارزانی نادەن.
خوێندنەوەی ئێمە پێچەوانەی ئەوەیە كە ئەو پاڵێوراو و لیستانە بڵاوی دەكەنەوە، ئەمڕۆ چارەنووسی میللەتەكەمان بە تەبایی نێوان پارتی و یەكێتی گرێدراوەو لە هەموو كات زیاتریش ئەو دوولایە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كەبەبێ ئەو تەباییە بەرەژەوەندی كوردستان دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە لەوە دڵنیام كە هەموو یەكێتییەكان دەنگ بە بارزانی دەدەن و ئەوەش قەناعەتی هەموو پارتییەكانە.
بەڕاستی ئەمە ترسناكترین شتە كە ئەو پاڵێوراو و لیستانە بڵاوی دەكەنەوە كە پێویستە پارتی و یەكێتییەكان زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بواریش بە كەس نەدەن كە درزبخاتە نێوانیانەوە.
باشە ئەگەر ئەو پاڵێوراو و لیستانە مەبەستیان پاراستنی یەكڕیزی و بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان بێت، وەك ئەوەی لە بەرنامەكانیاندا بڵاویان كردۆتەوە، ئەی بەرامبەر بەو جۆرە هەوڵەیان دەڵێن چی؟.
Top