ئەنقەرەو هەولێر: ئاسۆیەكی تازە

ئەنقەرەو هەولێر: ئاسۆیەكی تازە
وەك لە میدیاكان و هەندێ كەناڵی نارەسمیدا باس دەكرێت، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوودئۆغڵو، رەنگە بەم زووانە لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمی دا بۆ عێراق، سەردانی هەولێری پایتەختی كوردستانیش بكات، مەبەست لەم سەردانە چاوەڕوانكراوە، وتووێژی سیاسی و تاووتوێ كردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەكانی توركیایە لەگەڵ سەرانی كورد. مەعلومە ئەوا ساڵێك پترە، هەوڵێكی گەرمی بێ دەنگە دەنگ لە ئارادایە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە گرژەكانی نێوان هەولێرو ئەنقەرە.
بێگومان ئەگەر هەواڵی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەولێر راست دەربچێت، كە زۆر لە گۆنە راست بێت، ئەوا مانای وایە كوردستان دەسكەوتێكی دیپلۆماسی و سیاسی زۆر گرنگ، لە قۆناغێكی زۆر گرنگ، لە پێناو ئامانجێكی زۆر گرنگ بە دەست دەهێنێت. داوودئۆغلو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەر لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە، وەك گەورە راوێژكاری سەرۆك وەزیران رەجەب تەییب ئۆردوگان كاری دەكرد. لە بواری ئەو كارەیدا، بە یەك لە داڕێژەرە سەرەكییەكانی بڕیاری سیاسی لە توركیا لە قەڵەم دەدرا. هەر لەو كاتەوە، ئەم پرۆفیسۆرە بەناوبانگەی بواری زانستە سیاسییەكان، پێی وا بووە كە زەحمەتە وڵاتەكەی لە ناو جیهانە جەنجاڵ و ئاڵۆزو پڕ ناكۆكییەكەی ئەمڕۆدا، بتوانێت جێ پێیەكی قایم و بەهێز بۆ خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناو یەكێتیی ئەوروپادا بكاتەوە، ئەگەر زۆر بە جیددی و لەخۆبوردووانە، باز بەسەر كەلتوورە كۆن و نەتەوەپەرستەكەی ئەتاتۆرك نەدات و كۆتایی بە كێشەو ناكۆكییە ناوخۆیی و ناوچەییەكانی خۆی نەهێنێت و پەیوەندییەكی ئاسایی و پڕ ئاشتەوایی و هاوكاری لەگەڵ فەزای دەوروپشت دانەمەزرێنێت.
جێگەی سەرنجە، داودئۆغلو لە ناو ئەو بیرۆكە تیۆریەیدا، كە وا بۆ چەند ساڵێك دەچێت خەریكە وردە وردە دەبێتە پراكتیكێكی سیاسیی رۆژانەی ئەنقەرە لە رێگەی حكومەتەوە، بایەخێكی زۆر بە مەسەلەی كورد دەدا، جا چ لە ناو توركیا خۆی و چ لە سەر ئاستی پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو كوردستانی عێراق بێت. پێی وایە مەسەلەی كورد گەورەترین كێشەی سیاسییە كە تەگەرەی هەموو پێشكەوتنێكی ئابوووری و سیاسی و دیپلۆماسی لە توركیا گرتووە. بۆیە بەبۆچوونی داوودئۆغلو، بە بێ چارەكردنی گرژییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ كوردی ناوخۆو كوردی عێراق زەحمەتە وڵاتەكەی بتوانێت لە هیچ ئاقارێكی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵبگرێت.
هەندێك لە چاودێران وای بۆ دەچن داودئۆغلو نفوزێكی فیكری و سیاسیی زۆری بەسەر سەركۆمار عەبدوڵلا گول و سەرۆك وەزیران ئەردۆگان هەیە، لە هەموو بوارەكانی چاكسازیدا بە تایبەتی بواری كوردی. بگرە بەشێك لەو چاودێرانە نایشارنەوە كە هەر ئەو كابرا بیر كراوەیە لە پشت هەموو ئەو هەنگاوە ئیجابیانەدایە كە ئۆردوگان بەم ساڵەی دوایی لە بەرامبەر داواكارییە رۆشنبیرییەكانی كورد ناویەتی چ لە مەودای دامەزراندنی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بە زمانی كوردی و چ لە رێگەدان بە خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی كوردی لە زانكۆكان و چ لە هێور كردنەوەی شێوازی هەڕەشەو توندوتیژی لە ئەنقەرە بەرامبەر بە كوردستانی عێراق.
بە هەر حاڵ، بۆ ئەو مەبەستە، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كاتی كاری راوێژكاریدا، پتر لە جارێك سەردانی كوردستان و بەغدای كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی كوردستان كۆبۆتەوەو پەیوەندییەكی نەرم و نیانی لەگەڵ بەستوون. هەمیشەش وەك هەندێك لە شارەزایان باسی لێوە دەكەن، توركێكی بیركراوەو هێمن و پیاوی ئاشتەوایی بووە. بە كورتی، داوودئۆغلو لەو جۆرە سیاسەتمەدارانەیە كە پشكیكی گەورەی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەی توركیا هەیە. هەروەها وەك مەزەندە دەكرێت، رەنگە پشكی گەورەتریشی هەبێت لە داڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە لە دوارۆژدا.
بە هەر حاڵ، لە بواری سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی داوودئۆغڵودا بۆ هەولێر، چاودێری سیاسی دەتوانێت چەند بایەخێكی سیاسی بخوێنێتەوە. لێرەدا بە شێوەیەكی گشتی هێما بۆ چەندانێك لەو بایەخانە دەكەین:
یەكەم- هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ پایتەختی كوردستان دان پێ نانێكی راستەوخۆی ئەنقەرەیە بە شەرعیەتی حكومەت و تاقی كردنەوەی سیاسیی كوردستان. راستە پێشتریش ئەنقەرە زۆربەی كات پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حزبە كوردستانییەكان هەبووەو چەندین بەرپرسی توركی سەردانی كوردستانیان كردووە. تەنانەت داوودئۆغلو خۆیشی یەك بووە لەو بەرپرسانە، بەڵام بایەخی ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوە لەوە دایە كە بۆ یەكەمجارە وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانەكە دەكات. مەعلومە، هەمیشە ئەنقەرە خۆی پاراستووە لەوەی بەرپرسێكی سیاسی لە سەر ئاستی وەزیری دەرەوە یان سەرۆك وەزیران یان سەركۆمار سەردانی كوردستان بكەن. تەنانەوت لە دوا سەردانی سەركۆماری توركیا بۆ بەغدا، دیسان گوڵ خۆی پاراست لەوەی بێتە كوردستان. ئەوە بوو جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە پێناو ئاشتەوایی و بەرژەوەندیی میللەتی كورد سەردانی بەغدای كردوو لەوێ چاوی بە گوڵ كەوت.
ئەنقەرەهەمیشە پێی وا بووە هاتنی هەر بەرپرسێكی گەورەی بۆ هەولێر مانای دان پێ دانانی راستەوخۆیە بە حكومەتی كوردستان. بۆیە، نەك هەر خۆی لەو جۆرە سەردانە فەرمیانە پاراستووە، بەڵكو ئەوەندەی پێشی كرابێت رێگر بووە لەوەی كونسڵخانەیەكی توركی لە هەولێر بكرێتەوە.
بەڵام ئێستا، بەم سەردانە راستەوخۆیەی داودئۆغلو بۆ هەولێر ئەو دیوارە رەقە دەرووخێت. ئیتر لەمەودوا هەولێرو ئەنقەرە، وەك دوو بونیادی سیاسی، دەرگای فڕۆكەخانەكانیان لەبەردەم هاتووچۆی فەرمی بەرپرسان دەكەنەوە. ئەمەش، مانای كرانەوەی دەرگایەكی گەورەیە بەسەر دواڕۆژی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. توركیا بایەخێكی گەورەی لە ناوچەكەدا هەیەو لەوەتەی داوودئۆغلوش كەوتۆتە ناو دەزگای حوكمڕانی لە ئەنقەرە، توركیا هەوڵ دەدات رۆڵێكی كاریگەر لە بواری كێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا بگێڕێت.
دووەم، فایلی كورد كە تا پێش ماوەیەكی كورت لە فایلێكی ئەمنی نەبوو لە توركیاو بڕیارە گەورەكانی فایلەكە لەلایەن سوپاو دەزگا ئەمنیەكانەوە وەردەگیران، رەنگە لەمەودوا، بە تایبەتی دوای ئەو سەردانە، لە دەست دەزگای ئەمنی و سوپایی دەربچێت و ئیتر بكەوێتە دەست دەزگای حكومەت و سیاسەت. راستە، داوودئۆغلو لەم سەردانەیدا وەك وەزیری دەرەوەی ولاتەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دادەنیشێت و باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان دەكات، بەڵام لە جەوهەردا كارێك دەكات كە پێشتر سوپا رێگر بووە لە روودانی. بۆیە، دەرچوونی فایلی كورد لە دەست سوپا بۆ وەزارەتی دەرەوە گۆڕانكارییەكی گەورەیە.
سێیەم، راستە، نەوت رۆڵی گەورەی هەیە لەوەی ئیتر توركیا مەبەستیەتی، بۆ لەمەودوا پەیوەندییەكی ئاسایی و گەرموگوڕی لەگەڵ حكومەتی كوردستان هەبێت. لەم بارەیەوە گۆڤاری تایمزی‌ بەریتانی ئاشكرای‌ كرد گفتوگۆ بە شێوەیەكی نهێنی لە نێوان توركیا و (پێ كە كە) دروست بووەو خەریكە بۆ یە‌كە‌مجار لە مێژوودا نە‌وت كۆتایی بە‌ شەڕێكی‌ ناوخۆ دەهێنێت. شایەنی باسە، هێماكەی گۆڤاری تایمز بۆ بەرهەمهێنانی نەوتە لە كێڵگەكانی (تاوكێ و تەقتەق) و ئینجا هەناردە كردنیەتی بۆ بازاڕەكانی جیهان لە رێگەی توركیاوە. لەوەش بەولاتر، هێماكە بۆ ئەو پڕۆژە گەورەیەی غازی سروشتیشە كە لە كوردستان دەردەچێت و لە رێگەی توركیاوە دەبەسترێتەوە بە بۆری (نابوكۆ) كە غازی دەریای قەزوین و كوردستان بۆ ئەوروپا دەگوێزێتەوە. بازاڕەكانی توركیا پێویستیان بە لە سەدا 15 ی ئەو غازە هەیە بۆ پێداویستییە ناوخۆییەكانی.
بە هەر حاڵ، سەردانی داودئۆغلو لەم ئان و كاتە ناسكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا، ئەوە دەردەخات ئەنقەرە گەیشتۆتە قەناعەتی ئەوەی كە پێویستە، لە پێناو ئاسایش و پەرەپێدانی هاوكاری و سەقامگیر كردنی ئاشتی، پەیوەندییەكی گەرموگوڕ لەگەڵ كوردستان دابمەزرێنێت. بایەخی ئەم پەیوەندییە بۆ توركیا ئێجگار زۆرترە لەو كاتەدا كە ئەمەریكا خەریكی كشاندنەوەی هێزەكانیەتی لە عێراق. كشانەوەی ئەمەریكا بۆشاییەكی زۆر نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو لە تەواوی ناوچەكە دروست دەكات. ئەنقەرە پێی وایە ئەگەر پەیوەندییەكی ئاسایی لەگەڵ كوردستان نەبێت ئەوا رەنگە بۆشاییەكە بە خراپ بەسەر بەرژەوەندییەكانی بشكێتەوە.
ئەمە بۆ كوردستان دەستەگوڵە، چونكە توركیا هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمەریكایە لە ناوچەكەو بنكەیەكی ئاسمانیی ئەمەریكی گەورە لە (ئینجرلیك)ە. ئەم بنكەیە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا زۆر بە كەڵك كورد هات. دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاش دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری كوردستان بە پشێوییەكی خەتەرناك تێدەپەڕن. ئەوەی ئەگەرەكە خۆشتر دەكات ئەوەیە كە ئەمجارەیان ئەنقەرە وەك جاران نیازی خراپی نابێت بەرامبەر بە كەركووك یان فیدرالی یان تایبەتمەندێتی كوردستان، یان تەنانەت كێشەی (پێ كە كە). دەمێك بوو دەگوترا كوردستان هیچ جۆرە بەرژەوەندی دەوڵەتانی تێدا نییە بۆیە بێ پشت و پەنایە. ئەوا خەریكە ئەو جۆرە بەرژەوەندییانە دروست دەبێت و لەولاشەوە دەوڵەتان پەیدا دەبن كە بەرگری لەو بەرژەوەندیانەیان بكەن كە لە كوردستاندا جێگیرە.
چوارەم، هاتنی داودئۆغلو كۆتایی بەو تەوقە ناوچەییە دەهێنێت كە ئەوا پتر لە سێ سەد ساڵە دەستی ناوەتە بینەقاقای كوردستان. ئەمجارە رەنگە دەرگایەكی زەمینیی گەورە لەبەردەم كوردستان بكرێتەوە. رەنگە كوردستان كەڵكێكی سیاسی و ئابووری و بازرگانیی زۆر لەو شكاندنەی تەوقی ناوچەیی وەربگرێت. لێرەوە هەندێك چاودێر بە دووری نازانن، بە هۆی كرانەوەی دەرگای دیپلۆماسی توركیا بە سەر هەولێر، فشاری بەغداش بۆ سەر كوردستان كەم ببێتەوە.
بە هەر حاڵ، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ناوچەی دەوروبەری كوردستان بە گشتی بە قۆناغێكی زەحمەت و ترسناك تێدەپەڕێت، هەروەها وەزعی ناوخۆی عێراق تا دێت لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆیە پێویستە كوردستان دەرفەتی سەردانەكەی داوودئۆغلو بقۆزێتەوەو پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا بخاتە سەر سككەی ئاسایی كردنەوە. ئێستا لە هەموو قۆناغێك زیاتر توركیا پێویستیی بە ئێمەیە، هەروەها ئێمەش پێویستیمان بە توركیایە. ئەم ویستو بەرژەوەندییە هاوبەشە، هی ئەوەیە دوارۆژێكی ئاسایی لە سەر بینا بكرێت.
Top