با منیش قسەی خۆم بكەم

با منیش قسەی خۆم بكەم
لیستی گۆڕان یەكێكە لەو لیستانەی بەشداری لەهەڵبژاردنە داهاتووەكەی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بەهۆی گۆڤار و رۆژنامەیەكەوە شەڕێكی راگەیاندن دژ بە لیستی كوردستانی بەڕێوەدەبات، كە دەشڵێم لیستی كوردستانی مەبەستم پارتی و یەكێتی یە، چونكە هەرچی تا ئێستا ئەو لیستە بڵاوی كردۆتەوە، نەك هەر تەنیا یەكێتی بەڵكو پارتیشی گرتۆتەوە.
رۆژنامەی(رۆژنامە) كە كۆمپانیای وشە دەری دەكات هەر جارێ بەناونیشانێك هەوڵی شكاندنی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و لیستی كوردستانی دەدات كە بەڕاستی هەر هەموویان ناونیشانی ئیستیفزازین، كەچی هەر بە خۆیشی ئەوە بڵاو دەكاتەوە، كە بەپێی یاسای كۆمسیۆن ئەو لیستەی پێشێلكاری بكات سەرۆكەكەی زیندانی دەكرێت..!!
من ناڵێم لیستی كوردستانی پێشێلكاریی نەكردووە، بەڵام لیستی گۆڕانیش ئەو پێشێلكارییەی كردووە و لەوانەیە لەو رووەوە پشكە زۆرەكەشی بەركەوێت، هەر كەسێك سەیری مانشێت و سەردێڕەكانی ئەو رۆژنامەیە بكات، بۆی بەدیار دەكەوێت كە ئەو رۆژنامەیە بە دەرنەبووە لەو پێشلكارییانەی كە ئەنجام دراون.
نەك هەر ئەمە و بەس، بەڵكو ئەوانەی سەركردایەتی ئەو لیستەش دەكەن بەشدارییان هەبووە لەو پێشێلكارییە، بەتایبەتی لەو چاوپێكەوتنانەی كە لەگەڵ هەندێ میدیادا ئەنجامیان داوە.
خۆ لەو بەرنامە تایبەتیانە هەر مەپرسە كە لە تەلەفزیۆنی KNN پەخشیان دەكات و كەسانی وا دێنێتە سەر شاشە كە ئاستیان نزمە و تەنیا ئەوە دەزانن كە قسەی هەلەق و بەلەق بڵێن و سوكایەتیش بەسەركردەكان بكەن، وەك ئەو بەرنامەیەی كەشەوی 9-10ی هەفتەی رابردوو پەخش كرا كە تایبەت بوو بە هەڵەبجە.
پێشێلكارییەكانی رۆژنامەی(رۆژنامە) و ئەو رۆژنامە وگۆڤارانەی كە لە فەلەكی ئەو رۆژنامەیە دەسوڕێنەوە زۆرن، وەك( لە ژێر گوشاردا كاندیدێكی سەرۆكی هەرێم دەكشێتەوە، درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان پێچەوانەی یاسایە، بێ پسوولەی ناوەندەكانی دەنگدان ئاسایش مووچە بەكارمەندانی نادات، پرسەی خوالێخۆشبوو ماددەی(140)، پارتی و یەكێتی خۆیان مەسەلەی نەتەوەییان لە بیرچۆتەوە، پێمان دەڵێن ئەو قیرە رەش و جوانە.. شەقی لیستی گۆڕانە، خزمەتگوزاریی بەشێكە لە شكستەكانی ئیدارەی كوردستان، لیستی گۆڕان شكات لە تاڵەبانی دەكات بەهۆی بانگشەكردنی بۆ بارزانی، د. كەمال میراودەلی پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەمنستی ئینتەرناشنال رووندەكاتەوە بەتایبەتی سیاسەتی نانبڕین و هەڕەشەكردن دژی كاندیدی هەندێك لە لیستەكان و قەدەغەكردنی لیسی هیوا بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكان و، بەكارهێنانی میدیای حزبی و بەرنامە و پرۆژەكانی حكومەت و پارە و دەمانچە بەخشینەوە بۆ دەنگكڕین، لەسەر بچووكترین خروقات لە هەڵبژاردندا راپۆرت بۆ ئەمەریكا بەرز دەكرێتەوە، نوری مالیكی بۆ رۆژنامە: لە كاتی روودانی ساختەكاری لە هەڵبژاردندا حكومەتی ناوەندی ئاگادار بكەنەوە و شتی تریش).
باشە ئەگەر ئەو سەردێڕانە پێشێلكاری نەبن ئەی دەبێ چی بن؟ ناكرێ تۆ چەپ و راست بەسەر و گوێلاكی یەكێك بكەویت و لێشی قبوڵ نەكەیت پێت بڵێ لەل...!!
باشە كەتۆ دەڵێی ئێمە دژی توندوتیژین، ئایا لە خۆت ناپرسی ئەو جۆرە قسانە لەوانەیە توندوتیژیان لێ بكەوێتەوە؟ من بە قەناعەتەوە دەڵێم ئەوەی ئەو قسانە دەكات و دەیەوێ بەم قسانە بەرامبەر بوروژێنێ حەتمەن حەزی لە توندوتیژییە، باشە ئەگەر وا نەبێ ئەی حیكمەت لە بڵاوكردنەوەی ئەو هەموو سەردێڕە ئیستیفزازیانە چییە؟
بڕوا بكەن من ئەسڵەن نەمدەویست خۆم بخزێنمە ناو ئەو هەڵڵایە، بەڵام هەندێ شتی نا دروست وام لێ دەكات كە وەك نوسەر بێمە وەڵام و بیروبۆچوونی خۆم بەوەی روودەدات بخەمە ڕوو، بۆیە حەز ناكەم هیچ كەس و لایەنێك ئەم نووسینە لەسەر لایەنێكی سیاسی حیساب بكات.
یەكێك لە میدیاكان كە ئای چەند زۆرن و خەریكە بەرە بەرە رووی راستەقینەیان بە دیار دەكەوێت، هۆكاری خۆنەپاڵاوتنی نەوشیروان مستەفا بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە ناوبراو نەیویستووە بەرەی شەڕی لیستەكەی فراوانتر بكات و بارزانی تووڕە بكات و لەمەشدا دوو پاساوی هۆنیووە نەك سێ:
1- لیستەكەی باوەڕی بە سیستەمی سەرۆكایەتی نییە، بۆیە نابێت بچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە بە سیستەمی سەرۆكایەتی بكرێت.
2- بەرەی شەڕی هەڵبژاردن فراوان نەكرێت و پارتی لەو رووەوە نەورووژێنرێ.
سەبارەت بە پاساوی یەكەم، من لەو باوەڕەدا نیم كە ئەمە پاساوی راستەقینە بێ، چونكە هەر كەسێك نەوشیروانی ناسیبێ و ئاگاداری بیروبۆچونەكانی بێ دەزانێ كە ئەمەیان راست نییە، بۆیە خۆ نەپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەو نایەوێ لە دوو تاقیكردنەوە بدات: پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەمەی دوایشیان بۆ كایەكی تری هەڵگرتووە، واتە ئەگەر توانی لەم كایەدا سەركەوتن لە یەكەمیاندا وەدەست بێنێ.
دەربارەی پاساوی دووەمیش، ئەوەی رۆژنامەی(رۆژنامە) یان كەسە دیارەكانی ئەو لیستە بڵاوی دەكەنەوە، خۆی لە خۆیدا پووچەڵكردنەوەیەتی، چونكە ئەوەی دەربارەی پارتی بڵاوی دەكەنەوە هەر زۆر تووندترە لەوەی كە بەرامبەر بە یەكێتی بڵاوی دەكەنەوە.
سالار عەزیز لە چاوپێكەتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری(لڤین) دەڵێ:( پارتی بڕوای بە دیموكراتییەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات نییە، ئەوان پێیان وایە لەم وڵاتەدا هەتا هەتایە دەبێت خۆیان حاكم بن، ئیتر مەلیكی یان وەكو ئیمارەتەكانی خەلیج بێت)..!!
یان كە دەڵێ:(ئەگەر مێژووی ئەو حیزبە (مەبەستی پارتی یە) هەڵبدەینەوە لە كۆنەوە تاوەكو ئێستا هەر باسی نەكەین باشترە)..!!
من لە خودی نەوشیروان مستەفا دەپرسم كە ئایا ئەو قسانەی سالار عەزیز دەبێ بخرێنە چ قاڵبێكەوە؟ ئایا ئەمە فراوانكردنی شەڕی هەڵبژاردن و توندوتیژی نییە؟ كەواتە بۆچی لیستی گۆڕان ئەو بابەتانەی كە لەسەری دەنووسرێ بە پێشێلكاریی لە قەڵەمیان دەدات، كەچی هی خۆی بە شتێكی رەوای خۆی دەزانێ؟
لە یەكێك لە ژمارەكانی رۆژنامەی(رۆژنامە) وا بڵاوكرابۆوە كە لەسەدا ئەوەندەی دەنگدەران دەنگ بە لیستی گۆڕان دەدەن كە رێژەكەش زۆر بوو، بەڵام كە لەلایەن یەكێتییەوە وەڵام درایەوە، گۆڕان وای بڵاوكردەوە كە ئەمە گوزارشت لە بیروبۆچوونی لایەنگرانی دەكات، باشە ئەگەر ئەمە گوزارشت بێ ئەی بۆ ئەوی یەكێتییەكە گوزراشت نەبێ و بە پێشێلكاریی لەقەڵەم بدرێ؟ بۆ ئاگاداری خوێنەران ئەو رێژەیەی كە رۆژنامەكە بڵاوی كردبۆوە تەنیا هی چەند شوێنێك بوو، واتە ئەنجامی ئەو شوێنانەی بڵاونەكردبۆوە كە رێژەكەی كەم بوو، وەك ئەوەی دهۆك و هەندێ شوێنی دیكە.
سەیرترین سەردێڕم خوێندبێتەوە ئەو سەردێڕەیە كە دەڵێ:(نووسینی سەر دیوارەكان حەماسی خەڵكە بۆ گۆڕان) باشە ئەگەر ئەمە حەماس بێ ئەی بۆ هی یەكێتی و پارتی ئەویش حەماسی خەڵك نەبێ؟
من لە دژی كەس نیم و رێزێكی تایبەتیم بۆ كاكە نەوە هەیە، بەڵام پێویستە شتەكان لە چوارچێوەی واقعیەتی خۆیان بخوێنرێنەوە، ناكرێ تۆ هەموو مافێك بەخۆت بدەی و هەوڵیش بدەی ئەو مافە لەبەرامبەر بسێنیەوە یان خۆ پاڵاوتنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەكو ركابەرییەكی مێژوویی لە نێوان بنەماڵەیەك و بنەماڵەیەكی دیكە سەیر بكەیت و هەر خۆشت بێی و بڵێی:(گەورەترین گورز كە بەر ئایندەی ئەو پاڵێوراوە دەكرێ ئەو بێ پشتیوانییە زۆرەیە كە لەلایەن بنەماڵەكەی خۆیەوە لێی دەكرێت))..!! بەڕای من ئەوەی بەو شێوەیە سەیری مەسەلەكە بكات خۆی لە رێڕەوی مێژوو لادەدات، باشە بۆ لە سوچێكی دیكەی واقیعیانە سەیری مەسەلەكە نەكرێ كە مافی هەموو تاكێكی ئەو كوردستانەیە خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵێوێ، هەر چەند من دەربارەی ئەو مەسەلەیە بۆچوونێكی دیكەم هەیە كە پێویستە مەرچی تر بخرێتە سەر ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ پۆستێكی وا هەڵدەبژێرن، بەڵام چی دەكەی ئەمە مەرجەكانە و ئیتر ئاو بێنە و دەستت بشۆ.
با شتێك بۆ خوێنەران بگێڕمەوە، یەكێك لەو كەسانەی كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵبژاردووە سەردانی خانەوادەی ئەنفالەكانی بارزانی و هەروەها مەزاری نەمرانی كردبوو، كەچی رۆژنامەیەك سەردانی ئەو پاڵێوراوەی وا بڵاوكردبۆوە كە گوایە بە ئامانجی نەهێشتنی جیاوازی سەردانی خانەوادەی ئەنفالەكانی بارزانی كردووە، ئەمە لە كاتێكدا بارزانی لە چوار ساڵی رابردوودا سەردانی گەرمیانی نەكردووە...!!
من نازانم بۆ دوو شتی جیاواز بەیەك گرێ دەدرێن، من نامەیەكی ئەو پاڵێوراوەم بینی كە بۆ بارزانی ناردبوو، تیایدا دەڵێ:(بۆ ئاگادری بەڕێزتان من سەردانی خانەوادەی ئەنفالكراوی بارزانی و مەزاری سەركردەی نەمری كورد مەلا مستەفا بارزانیم كرد كە هەموو كورد خۆی بە قەرزاری دەزانێ و هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاو بەرەو یەكێتی ئەوروپا بهاوێژی)..!! و شتی تریش.
خوا شایەدە ئەمە دەقی نامەی ئەو پاڵێوراوەیە كە بۆ بارزانی ناردووە، بەینی خۆمان بێت كە لە خوێندنەوەی نامەكە بوومەوە لەسەر دەستەواژەی هەنگاونان بەرەو یەكێتی ئەوروپا راوەستام و زۆریش پێكەنیم، ئەو پاڵێوراوە كە رێزم هەیە بۆی تا ئێستا پێی وایە كوردستان وەك توركیا هاوسنووری ئەوروپایە، بۆیە پێویستە هەنگاو بەرەو ئەندامبوون لە یەكێتییە دا بهاوێژین..!!
سەیرتر لەوە هەر ئەو پاڵێوراوە و چەند پاڵێوراوێكی دیكەش داوای مێزگرد لە بارزانی دەكەن، خۆ یەكێك لەوانە خۆی بە سیاسەتكار نازانێ و دەڵێ من تەنیا نووسەر و ئەكادیمیم و سەرم لە سیاسەت دەرناچێ و یەكێكی تریشیان پێی وایە ئەنجامدانی مونازەرە كارێكی زۆر پێویستە بەتایبەت بۆ ئەوەی خەڵك ئاشنابێت بە كارو پرۆژەكانی هەرلایەك، تاخەڵك بتوانێت كەسی شایستە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێ..!!
باشە ئەو پاڵێوراوە لە خۆی ناپرسێ كار و پرۆژەكانی ئەو چین تا خەڵك وەكو كەسێكی شایستە دەنگ بەكار و پرۆژەكانی بدات؟ زۆربەی ئەو پاڵێوراوانە بە حەیاتی خۆیان لە پێناو كوردایەتیدا سارد و گەرمیان نەدیتووە و ناشزانن سیاسەت چییە، كەچی داوای مونازەرە دەكەن..!!
گۆڕان بە هەراو هوریا ناكرێ، بەڵكو بە بەرنامە، تا ئێستاش هەر گوێم لە وشە دەبێ بەبێ ئەوەی ئەو لایەنەی كە داوای ئەنجامدانی دەكات، بەرنامەیەكی رێكوپێك و تۆكمەی هەبێ..!!
داخەكەم، سەرەڕای زانینی ئەو راستییە، كەچی تا ئێستا و بە بەردەوامی هەندێ رۆژنامە و گۆڤار خەریكی لێدانی دەهوڵەكەن و كوێرانە كەوتوونەتە دژایەتی كردنی حكومەت و پەرلەمان و لیستی كوردستانی و بەم رەفتارەشیان، ئەو ئیدیعایەی خۆیان رووتاندەوە كە دەیانگوت ئێمە بێ لایەنین..!! بەراستی ئەو ماوەیە هەر وەكو تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ ئەو گۆڤارو رۆژنامانەو لەو تاقیكرنەوەشدا دەرنەچوون و ئیسپاتیش بوو كە میدیای ئەهلی مەرج نییە ئازاد و سەربەخۆبێت.
Top